مادام بۆڤاری (بە فەڕەنسی: Madame Bovary) ڕۆمانێکە لە نووسینی گۆستاڤ فلۆبێر کە لە ساڵی ١٨٥٧ لەلایەن میشێل لیڤی فرێس-ەوە بڵاو کراوەتەوە و بەرھەمێکی سەرەکیی ئەدەبیاتی فەڕەنسییە. چیرۆکەکە باس لە ھاوسەری پزیشکێک دەکات بە ناوی ئێما بۆڤاری، کە دەست بە بەستنی پەیوەندیی ناشەرعی دەکات و پێ لە بەڕەکەی خۆی زیاتر ڕادەکێشێ، بەم شێوەیەش ھەوڵ دەدات لە بێتاقەتی، پۆچەڵبوون و، ڕۆتینیبوونی ژیانی لادێ دوور بکەوێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە، لەلایەن داواکاری گشتیی ئیمپراتۆرییەتی دووەمەوە بەھۆی نائەخلاقیبوون و قێزەونیی ڕۆمانەکەوە ھێرشی کرایە سەر. دادگاییکردنی فلۆبێر کە لە کانوونی دووەمی ١٨٥٧ دەستی پێ کرد، چیرۆکەکەی لە فەڕەنسا ناساند. دوای بێتاوان دەرچوونی نووسەر لە ٧ی شوباتی ١٨٥٧، ڕۆمانەکە لە کتێبێکدا، لە دوو بەرگدا، لە ١٥ی نیسانی ١٨٥٧ لەلایەن میشێل لیڤی فرێس-ەوە بڵاو کرایەوە. چاپی یەکەمی پێک ھاتبوو لە ٦٧٥٠ دانە و سەرکەوتنێکی زۆر باشی بەدەست ھێنا: لە ماوەی دوو مانگدا فرۆشرا. ئەم کتێبە بە یەکێک لە نموونە سەرەتایییەکانی ڕۆمانی ڕیالیستی دادەنرێت.

نووسین دەستکاری

دوای شکستی وەسوەسەی سەینت ئەنتوان، لویس بوویێت ئامۆژگاریی فلۆبێری کرد کە ھەواڵێکی وەک خۆکوشتنی دێلفین دێلامار و دواتر ھاوسەرەکەی وەک بابەتی نووسین بەکار بھێنێت. ھەروەھا ماکسیم دوو کامپ نامەیەکی بۆ فلۆبێر نووسی تاکوو ئاگاداری پێشڤەچوونەکانی لە ڕەوتی نووسینی چیرۆکەکەدا بێت.[١][١] فلۆبێر لە ساڵی ١٨٥١ دەستی بە نووسینی ڕۆمانەکە کردووە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ، واتە تا ساڵی ١٨٥٦، کاری لەسەر کردووە.

پوختەی داڕشتە دەستکاری

ڕۆمانی مادام بۆڤاری لە گوندەوارەکانی باکوری فەڕەنسا، نزیک شارۆچکەی ڕووەن لە نۆرماندی ڕوو دەدات. شارڵ بۆڤاری هەرزەکارێکی شەرمنە کە بە جلوبەرگی سەیروسەمەرەوە دەچێتە قوتابخانەیەکی نوێ و لەوێ هاوپۆلە نوێیەکانی گاڵتەی پێ دەکەن. ئەو هەرچۆنێک بێت بڕوانامەیەکی پزیشکیی پلە دوو بەدەست دەهێنێت و دەبێتە لێپرسراوی تەندروستی لە خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی. شارڵ هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنەدا دەکات کە دایکی بۆی هەڵیبژاردووە، واتە بێوەژنێکی ناپەسەند بەڵام گوایە دەوڵەمەند بە ناوی هێلۆییس دوبووک. پاشان لە گوندی تۆت دەستبەکار دەبێت.

ڕۆژێک شارڵ سەردانی کێڵگەیەکی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی قاچی شکاوی خاوەنی کێڵگەکە بگرێتەوە و لەوێ چاوی بە کچی نەخۆشەکەی کە ئیما-ی ناوە، دەکەوێت. ئیما ژنێکی گەنجی جوانە و جلوبەرگێکی جوانی لەبەردایە و لە دەیرێکدا «پەروەردەیەکی باشی» وەرگرتووە. ئێما بەهۆی خوێندنەوەی ڕۆمانە بەناوبانگەکانەوە تامەزرۆیییەکی زۆری بۆ خۆشگوزەرانی و دڵداری پەیدا کردووە. ئەو یەکسەر سەرنجی شارڵ ڕادەکێشێت و شارڵیش زۆر زیاتر لە پێویست سەردانی نەخۆشەکەی دەکات تا دواجار غیرەی هێلۆییس کۆتایی بە سەردانەکان دەهێنێت.

کاتێک هێلۆییس بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەمرێت، شارڵ بۆ ماوەیەکی شایستە چاوەڕێ دەکات و دواتر خۆشەویستیی خۆی بۆ ئێما دەردەبڕێت.دواتر، باوکی ئێما ڕەزامەندیی خۆی دەدات و ئیما و شارڵ هاوسەرگیری دەکەن.

تیشکۆ (تەرکیز) ی ڕۆمانەکە دەچێتە سەر ئێما. دوای ئەوەی شارڵ و ئێما بەشداری لە میوانییەکی کەشخە دەکەن کە لەلایەن مارکیز-ەوە پێشکەش دەکرێت، ئێما ژیانی هاوسەرییەکەی خۆی بە مات و بێڕۆح دێتە بەرچاو و بێتاقەت دەبێت. شارڵ هەست دەکات هاوسەرەکەی پێویستی بە گۆڕینی جەوە و کارەکەی دەگوازێتەوە بۆ شارۆچکەیەکی بازرگانیی گەورەتر بە ناوی یۆنڤیل. لەوێ، ئیما کچێکی بە ناوی بێرت دەبێت، بەڵام دایکایەتی بۆ ئیما دەبێتە مایەی نائومێدی. ئێما عاشقی لیۆن دوپوی دەبێت، کە گەنجێکی زیرەکە و لە یۆنڤیل دەیبینێت. لیۆن خوێندکاری یاسایە و وەک ئێما خولیای ئەدەبیات و مۆسیقای هەیە. ئیما دان بە خۆشەویستیی خۆی بۆ لیۆن نانێت و، لیۆن بێهیوا دەبێت لە بەدەستهێنانی سۆز و خۆشەویستیی ئیما، بۆیە بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن دەچێت بۆ پاریس.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا Winock, Michel (2013). Clemenceau. Éditions Perrin. ISBN 978-2-262-03878-6.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری