ڕاسیۆنالیزم

ئەو باوەڕە فەلسەفییە کە ئەقڵ بە سەرچاوەی سەرەکیی مەعریفەت دەزانێ
(لە ئاوەزباوەڕیەوە ڕەوانە کراوە)

لە مەعریفەتناسیدا، ڕاسیۆنالیزم بەو ڕوانگەیە دەوترێ کە ئاوەز یا ئەقڵ لە گوێن سەرچاوە و پێوانەی سەرەکیی مەعریفەت دەبینێ،[١] یا ئاماژە بە ھەر چەشنە بۆچوونێک دەکا کە بۆ بەدەستھێنانی مەعریفەت و پاساوھێنانەوە دەستەودامێنی ئەقڵ ببێ.[٢] بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر، ڕاسیۆنالیزم وەکوو میتۆدۆلۆژییەک یا تیۆرییەک دەناسێنرێ کە تێیدا پێوانەی ھەڵسەنگاندنی ڕاستی، ھەستەکی نییە بەڵکوو ئەقڵانی و ھەڵھێنجانییە.[٣]

لە کۆنەوە، ڕاسیۆنالیزم دژایەتیی ئیمپیریزم دەکا و لە بەرامبەریەوە دادەنرێ. ڕاسیۆنالیستەکان باوەڕیان ئەوەیە کە واقیع لە خۆیدا خاوەن پێکھاتەیەکی لۆژیکییە و، ھەر بەم بۆنەوە، ڕاستیگەلێکی بڕاوە و گومانھەڵنەگر ھەن کە ئاوەز ڕاستەوخۆ دەتوانێ وە چنگیان بخات. ئەوان پێداگرن لەسەر ئەوە کە لۆژیک و ماتماتیک و ئەخلاق و میتافیزیک، پرەنسیپگەلێکی ئەقڵانیی وایان ھەیە ھێندە لە بنی بنەوە ڕاست و دروستن کە حاشاکردنیان مرۆڤ دەخاتە ناو ناتەبایییەوە، واتە وتە و قسەکانی وایان لێ دێ کە خۆیان یەکتری ھەڵدەوەشێننەوە. ڕاسیۆنالیستەکان ئەوەندە متمانەیان بە ئاوەز زۆرە کە ئیمپیریستەکان بە دۆگماتیک ناویان دەبەن. ئەوان (واتە ڕاسیۆنالیستەکان) بوونی بەڵگەی ئەزموونی و فیزیکی بۆ سەلماندنی ھەندێ ڕاستیی تایبەت، بە ناپێویست دەزانن.[٤]

باوەڕە سەرەکییەکان

دەستکاری

زۆرجار ڕاسیۆنالیزم و ئیمپیریزم بە ھاودژی یەکتر دادەنرێن. وشەی ڕاسیۆنالیست (ئاوەزباوەڕ) لە وشەی لاتینیی ratio -ەوە دێ کە وشەی ئینگلیزیی reason -ی لێ گیراوە. بەڵام، وشەی ئیمپیریست (ئەزموونباوەڕ) لە وشەی یۆنانیی emperia -وە دێ کە وشەی ئینگلیزیی experience -ی لێ دروست بووە. پێچەوانەی فەیلەسووفی ئیمپیریست کە متمانەی بە ئاوەز کەمە، ڕاسیۆنالیست بە کەسێک دەڵین کە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان پشت بە ئەقڵ یا ئاوەز دەبەستێ.[٥]

بەشکبوون و بڕوانەکردن بە داتای ھەستەکان

دەستکاری

دێکارت و سپینۆزا و لایبنیتس لە حاند ڕاسیۆنالیستەکانی ترا ناسراوترن. خەتایەک کە زۆر جاران دەکرێ ئەوەیە کە وادەزانرێ ئەم سێ فەیلەسووفە ھەوڵیان داوە بەتەواوی چاو لە ئەزموونی ھەستەکی بقووچێنن. کەچی، ڕاستییەکەی ئەوەیە بە لای ئەوانەوە ناسیارییەک کە ئەقڵ بە مرۆڤی دەبەخشێ سەرترە لە ناسیارییەک کە ھەستەکان پێی دەبەخشن: فتواکانی ئەقڵ سەرترە لە فتواکانی ھەست. دێکارت، بۆ نموونە، دەیوت «ڕووناکیی ئەقڵ ڕێگەمان پێ نیشان دەدا بەرەو ناو داپۆشراوترین نھێنییەکان.» سپینۆزاش جێگای «بەھەڵکەوت ئەزموونکردن»ی لە خوارترین پلەی ناسیاریدا دیاری کردبوو و، بە ئاگایییەکی کەموکووڕ و شێواوی دەزانی کە ناتوانێ ئەو جۆرەی کە شیاوە واقیع نوێنەرایەتی بکا. ئەویش دەیوت ئەقڵ بەتەنیایی دەتوانێ شتەکان بەڕاستی و بەو چەشنە کە لە زاتی خۆیاندا ھەن بناسێ. ھەروەھا، لایبنیتس -یش بیروڕایەکی نزیک بەمانەی بووە و دەیوت «دەبێ بڕۆینە ئەوپەڕی ھەستەکانمانەوە ھەتا لە ڕاستییە تێکڕایی و پێویستەکانی زانست سەر دەر بکەین.»[٥]

تێپەڕین لە تێگەیشتنی باو

دەستکاری

ئەم فەیلەسووفانە ھیی سەردەمێک بوون کە شۆڕشی زانستی تازە دەستی پێ کردبوو. شۆڕشێ کە لێی بڕابوو پشتبەستووییی فەلسەفەی سکۆلاستیکی سەدەکانی ناوین بە ڕوونکردنەوەگەل و گێڕانەوەگەلی چۆنایەتییانە (کەیفی) ڕەت بکاتەوە. حوکمە بەناوبانگەکەی گالیلیۆ ئەم لێبڕاوییە بە کورتی و بە پوختی نیشان دەدا: «ناتوانرێ دەرک بە کتێبی گەورەی جیھان بکرێ مەگەر ئەوەی کە بە ھەمان زمان کە نووسراوە بخوێنرێتەوە، واتە زمانی ماتماتیک.» جیھان بەو شێوەیەی کە فیزیکی سکۆلاستیک تەسەووری دەکرد، ھەتا ڕادەیەکی زۆر، ھەمان جیھانی تێگەیشتنی باو بوو، یانی ھەر ئەو جیھانە کە ھەستەکان بۆ مرۆڤ خولقاندبوویان. شۆڕشی زانستیش خەریک بوو دانەدانە ھەڵەکانی ئەو تێگەیشتنە باوەی دەر دەخست. بۆ وێنە، فیزیکی سکۆلاستیک وای دەزانی خۆر بە دەور زەویدا دەخولێتەو، چونکە خۆری دەدی لە ئاسمانا لە ڕۆژھەڵاتەوە بەرەو ڕۆژاوا دەچێ و ئەقڵی سەلیم حوکمی دەکرد کە خۆر دەگەڕێ و زەوی جێگیرە. یا وای دەزانی قورسی و سووکی تایبەتمەندیی ناوەکی و خۆماکیی تەنە و ھەرگیز لێی دانابڕدرێ، چونکە کاتێ تەنێکی ھەڵدەگرت یا دایدەنا، ھەستەکانی وایان پێ دەوت و، ئەقڵی سەلیمیش ھەمان حوکمی دەکرد. تا ئەوەی کە نیووتن ھات و سەلماندی قورسی و گرانیی تەن، لە ئەسڵا، ھێزی ڕاکێشانی زەوییە کە کار دەکاتە سەر ئەو تەنە. ھەڵەگەلێکی وەکوو ئەمانە کە لە تێگەیشتنی باودا دۆزرانەوە، بوون بە ھۆی ئەوە کە متمانەی زانایان بە ھەستەکان کەمتر و کەمتر بێتەوە.[٥]

جیھان بە سیستمێکی ڕێکوپێک دانان

دەستکاری

ڕاسیۆنالیستەکان باوەڕیان ئەوەیە پێکھاتەی جیھان ڕێکوپێک و لۆژیکییە و، ھیچ شتی وای تیا نییە کە ئەقڵی مرۆڤ نەتوانێ لێی تێ بگات.[٥]

ماتماتیک بە سەرمەشقی خۆ کردن

دەستکاری

ڕاسیۆنالیستەکان بەگشتی ھۆگری ئەوەن خۆیان بخەنە ژێر کاریگەریی ماتماتیکەوە. زاتی ماتماتیک وایە کە زۆر ڕوونە و، دڵنیاییش دەبەخشێ و یەقینییە. ھەمیشە وەکوو نموونە و سەرمەشقێک چاوی لێ دەکرێ بۆ دامەزراندنی سیستمێکی مەعریفیی یەکپارچە و بنەڕەت قایم. دێکارت لە کتێبی پرەنسیپەکانی فەلسەفەدا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: بێجگە ئەو شتەی ئەندازەزانان چەندایەتیی پێ دەڵێن و دەیکەنە بابەتی ئیسپاتەکانیان، کاری بە سەر ھیچێکی ترەوە نییە لە لێکۆڵینەوەی تەنەکاندا. وەکوو دەنگدانەوەی ئەم قسەیەی دێکارت، سپینۆزاش ڕەھەندی بە تایبەتمەندیی ناسێنەری ماددە دەزانی.[٥]

باوەڕ بە پێویستی (زەروورەت)

دەستکاری

باوەڕ بە پێویستی لە ئامۆژگارییەکانی دیتەرمینیزم و ڕاسیۆناڵیزمە کە حاشا لە بوونی ھەر چەشنە ڕێتێچوون و دەستدان و بۆلواوییەک دەکا و دەڵێ پێویستە کە جیھان ھەر ئەمە بێ کە ئێستا ھەیە و نەدەبوو بە شێوەیەکی تر بێ. دەڵێ بۆ ھەر قەزیەیەک کە ڕاستە، دەتوانرێ ئەوە بسەلمێنرێ کە قەزیەکە دەبێ ڕاست بێ (یا پێویستە ڕاست بێ). ئەوە کە شتێ بە ھەڵکەوت بووە بە ڕاست و دەکرا بە شێوەیەکی تر دەرچووبایە، بە تەواوی ڕەت دەکرێتەوە.[٥]

میتافیزیکی ڕاسیۆنالیستی

دەستکاری

جەوھەر

دەستکاری

تێگەیشتەی جەوھەر لە ناوەندی میتافیزیکی ڕاسیۆنالیستدایە. ئەم زاراوەیە گەڕێکی تا ڕادەیەک کۆنی ھەیە. لە بەرھەمە فەلسەفییە نوێکاندا دۆزینەوەی باس و بابەت لەبارەی جەوھەرەوە زۆر دەگمەنە. جەوھەر ئیتر لە زانستیشدا ڕۆڵێکی نەماوە. بەڵام، لە سەدەی حەڤدەیەمدا، پرسیار لە جەوھەر، لە ڕاستیدا، پرسیار لەوە بوو کە واقیع لە بنچینەدا چی شێوەی پێ داوە و چی قایمی کردووە و ڕای گرتووە؟ سێ ڕاسیۆنالیستی ناودار، واتە دێکارت و سپینۆزا و لایبنیتس، ھەر کامەیان، وەڵامێکی جیاوازیان بەم پرسیارە داوەتەوە. دێکارت دەلیل و بەڵگەی دەھێنایەوە کە دوو جەوھەر ھەیە، یا لانی کەم دوو جۆر جەوھەر: زەین و لەش (یا گیان و جەستە). سپینۆزا دەلیل و بەڵگەی دەھێنایەوە کە تەنیا یەک جەوھەر ھەیە: خوا یا سروشت. لایبنیتس -یش دەلیل و بەڵگەی دەھێنایەوە کە ژمارەیەکی بێبڕانەوە جەوھەر ھەیە.[٦][٥]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Rationalism | Definition, Types, History, Examples, & Descartes | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە ١١ی ئایاری ٢٠٢٣ ھێنراوە.
  2. ^ Lacey, A.R. (1996), A Dictionary of Philosophy, 1st edition, Routledge and Kegan Paul, 1976. 2nd edition, 1986. 3rd edition, Routledge, London, 1996. p. 286
  3. ^ Bourke, Vernon J., "Rationalism," p. 263 in Runes (1962).
  4. ^ Markie، Peter (2023)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Rationalism vs. Empiricism»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2023 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2023-05-11 ھێنراوە
  5. ^ ئ ا ب پ ت ج چ Cottingham، John. The Rationalists (بە فارسی). لەلایەن حنایی کاشانی، محمدسعید وەرگێڕدراوە. روزنە.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  6. ^ Robinson، Howard (2021)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Substance»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Fall 2021 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2024-05-01 ھێنراوە