دڵنیا بە کەسێک دەڵێن کە لە بابەت مەسەلەیەکەوە شک و گومانی نەبێ.[١] دڵنیایی پێچەوانەی شکە. وەکوو زانایی، دڵنیاییش یەکێک لە تایبەتمەندییە ئێپیستیمیکەکانی سووژەیە: کە دەوترێ سووژەی S دڵنیایە کە قەزیەی p ڕاستە، ڕێک بە مانای ئەوەیە کە S لەو باوەڕەدایە کە p جێگای دڵنیایی و متمانەیە. کەوایە، «جێی دڵنیایی بوون» تایبەتمەندیی مەعریفەتیی ھەندێ لە باوەڕەکانە کە وایان لێ دەکات ئەقڵ نەتوانێ شک لە ڕاستییان بکات. دەڵێن باوەڕێک جێی دڵنیایییە ئەگەر و تەنیا ئەگەر ئەو کەسەی باوەڕەکە چووەتە دڵیەوە، بە ھیچ شێوەیەک لێی تێک نەچووبێت و ھەڵەی نەکردبێت. ئەوەش وتراوە کە ئەو باوەڕە جێی دڵنیایییە کە باشترین پاساوی بێت.

دڵنیایی، یا ھەوڵ بۆ بەدەستھێنانی دڵنیایی، ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە مێژووی فەلسەفە. ھەندێ لە فەیلەسووفان دەڵێن فەلسەفە دەبێ ماتماتیک بکات بە سەرمەشقی خۆی و، دەبێ ئامانجی گەیشتن بەو دڵنیایییە بێ کە لە ماتماتیکدا ھەیە. ئەوەی کە ئاخۆ ئینسان قەت دەتوانێ بەڕاستی لە بابەت شتێکەوە دڵنیا بێ یا نە، چەندین و چەند سەدەیە بووە بە یەکێ لە پرسیارە سەرەکییەکانی فەلسەفە و، بە بەربڵاوی قسە و باسی جۆراوجۆری لەسەر کراوە. ئەو ڕوانگەیە کە پێی وایە ئینسان ھیچ شتێ بە دڵنیایییەوە نازانێت، «سکێپتیزم»ی پێ دەڵێن.[٢]

لە عیرفان و سۆفییایەتیدا دەستکاری

لە عیرفان و سۆفییایەتیدا، بە دڵنیایی دەڵێن یەقین. مەبەست لە یەقینیش ئاشکرا دیتنی ڕاستییەکان بە ھێزی ئیمانە، نەک بە بەڵگە و ئیسپات. ئەگەر کەسێک بزانێ کە خوا ھەیە و یەک دانەیە و بەڵگەشی بۆ بێنێتەوە، دەڵێن ئەو کەسە علم‌الیقین -ی ھەیە. ھەرکاتیش توانی لەم ڕێگەیەدا ببێ بە خاوەنی کەشف و شوھوود و نزیکی درگانەی ھەق بێتەوە، دەڵێن بە عین‌الیقین گەییوە. بەڵام، لەمە سەرتر، ئەوەیە کە بتوانێ ھەق بەئاشکرا ببینێ و لەگەڵیا تێکەڵ بێ و خۆی و زاتی ھەق بە یەکێک بزانێ. بەم قۆناغە دەڵێن حق‌الیقین.[٣]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "دڵنیا | فەرھەنگی خاڵ | ڤەژینلێکس". VejinLex (بە کوردی). Retrieved 2024-04-21.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ Reed, Baron (2022), Zalta, Edward N. (ed.), "Certainty", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2022 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2024-04-22
  3. ^ سعیدی, گل بابا (1392). فرھنگ جامع اصطلاحات عرفانی (بە فارسی). انتشارات زوار. p. 1250.