کردەوەی ماموت (بە ئینگلیزی: Operation Mammoth؛ بە ئەڵمانی: Unternehmen Mammut؛ وەشانی ئەڵمانیی مەحموود، دوای شێخ مەحموودی حەفید). کردەوەیەک بوو کە نەخشەدانەرەکەی لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە داڕێژرابوو بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی وزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەوکات لەژێر ھەژموونی بەریتانیادا بوو، ئەڵمانەکان لە ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا پێشڕەویان کردبوو بۆ بەدەستهێنانی وزە پەلاماری یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکاتیان دابوو و گەیشتبوونە کەنارەکانی دەریای قەزوین و شارەکانی گرۆزنی و مایکۆب و باکۆ بگرێت کە سەرچاوەی وزە بوون، ھەروەھا لە بەرەی باکووری ئەفریقا ژەنەڕاڵ ئێرڤین ڕۆمل تاوەکوو سنووری میسر ڕۆیشتبوو، بۆیە ئەڵمانیا دەیویست لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پەل بکوتێت.[١]

بەڵگەنامەی فەرمی کردەوەی ماموت

کردەوەی ماموت یان ئۆپراسیۆنی ماموت، ناوەکەی لەوەوە ھاتووە کە بە ناوی شێخ مەحموودی حەفید بووە بەڵام بۆ ئەوەی نهێنیی کردەوەکە دەرنەکەوێت چەند پیتێکیان لابردووە و (ماموت) ماوەتەوە.

سەرەتا

دەستکاری

میولەر لە کتێبەکەیدا دەنووسێ کە وەکوو ئەڵمانییەکی بەپەرۆش بۆ نەتەوەکەی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بیر لە پلانێک دەکاتەوە یارمەتیی وڵاتەکەی بدات بەرەو سەرکەوتن. ئەو پێویستییانەی ئەڵمانیا ھەیبوو بۆ نەوت یادی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەچێتەوە کە پێشتر گەشتێکی تێدا کردبوو. میولەر خۆی ساڵی ١٩٣٦ سەردانی کوردستانی کردبوو پێشتر و شێخ مەحموودی ناسیبوو ھەروەھا لەگەڵ شێخ لەتیفدا سەردانی ناوچەی پشدەری کردبوو و ئاغاکانی ئەو ناوەی دەناسی، ئەمە وای لێکرد خۆی وەک شارەزا لە کاروباری کورد خۆی بە مخابراتی ئەڵمانی بناسێنێت، ساڵێک دوای ھاتنەوەشی کتێبێکی بڵاو کردەوە بە ناونیشانی “خۆکوتانە ناو کوردستانی داخراو”، لە ساڵی ١٩٤٣دا نەخشەی پلانێک بۆ سەرکردایەتیی جەنگی ڕایخی سێیەم دەنێرێت لە بارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە نەوتی عێراق بەھۆی کوردەکانەوە، وەک خۆی دەگێڕێتەوە پاش ھەفتەیەک فەرمان لە سەرکردایەتی سوپا دەردەچێت بۆ جێبەجێکردنی کردەوەکە.[٢]

میولەر تەواوی ئەندامانی کردەوەکە پێک دێنێت بەڵام پێویستی بە کوردێکی ئازا و شارەزا دەبێت، بۆیە بیری دەکەوێتەوە کە لە ساڵی ١٩٤٢ لە ئەستەمبوڵ کەسێکی وەھای ناسیوە و دژی سیاسەتەکانی ئینگلیز بووە کە ئەویش ڕەمزی نافیعە، ھەر زوو دەچێتە ئەستەمبوڵ و ڕەمزی دەدۆزێتەوە و لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ دەکات و ڕەمزی ڕازی دەبیت بەوەی کە نەوتی کوردستان بۆ ئەڵمانیا و لە سایەی ئەڵمانیاوە سەربەخۆیی بۆ کورد دەستەبەر بێت، بیری سەربەخۆیی وای لە ڕەمزی کرد کە ببێتە یاریدەدەری ئەڵمانەکان، دواتر بۆ خولی فێربوونی پەڕەشوتەوانی و بەکارهێنانی چەکی تازە دەچێتە ئەڵمانیا.

دەستپێکردن

دەستکاری

پاش ئەوەی تیمەکە پێک دێت و مەشقی سەربازی و پەڕەشوتەوانی و بەکارھێنانی چەک تەواو دەکەن ئامادە دەبن بۆ ئۆپراسیۆنەکە، تیمەکە لەمانە پێک ھاتبوون، ڕەمزی نافیع ڕەشید ئاغا کەوەک شارەزای ناوچەی جوگرافی و ناسراوی ناوچەکە و وەک کوردێک، فەرماندەری دەستەکە میولەری ئەفسەر بوو کە بەدەر لە پلەی سەربازی ئەفسەر و سەرباز لەو ماوەیەی کە لە ئەڵمانیا خەریکی ڕاهێنان بوون، ببوو بە ھاوڕییەکی نزیکی ڕەمزی نافع ڕەشید، جگە لە میولەر و ڕەمزی کەسێکی دیکەش بە ناوی ھۆفمان کە سەربازێکی سەرسەختی نازی بوو، ئاگای لە ورد و درشتی ڕۆژھەڵاتی ناوین بوو، ماوەیەک لە تاران وەکوو مامۆستا وانەی بە خوێندکارانی ئێران دەگووتەوە. کەسی چوارەمیش ناوی کانێچین بوو، بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی بووە.[٣]

تیمەکە لە ئەڵمانیاوە بەڕێ دەکەون بۆ ئوکراینا و پاشان بۆ نیمچەدوورگەی کریمیا(قرم) لە ڕێکەوتی ١٧ حوزەیرانی ١٩٤٣ دەگەنە سەر ئاسمانی ھەرێمی کوردستان کەوا بڕیاریان داوە لە ناوچەی پشدەر داببەزن و پەیوەندی بکەن بە (سوارەئاغا)ی سەرۆک ھۆزی بڵباس کە خۆی پەیوەندی بە ئەڵمانەکانەوە ھەبوو، بەڵام فڕۆکەوانەکە لە شوێنێکی کە دایان دەبەزێنێت، کە ڕۆژئاوای شاری مووسڵە و ناوچەی عەرەبنشینە. کە بەدووری (٢٠٠کم) لە ناوچەی بتوێن بە پەڕەشوت دابەزیون، لەو شوێنەدا چی کەرەستە و پارەی زیاد و چەکێک کە ھێنابوویان بەجێی دەھێڵن خۆیان دێن تا لە قەیاغی گوێر بەرە و قەزای مەخموور، لیوای ھەولێر دەپەڕنەوە، شەو لە دێی تەرجان دەبن، لەوێوە بە سواری وڵاغ دێن تاکوو لە دەمەوبەیانیدا دەگەنە ھەولێر، لە باغەکەی پشت ماڵی (عەتائوڵا ئاغا)ی مامی ڕەمزی خۆیان پنهان دەکەن بۆ جلگۆڕین و لەوێوە بە ھاوڕێیەتی ئامۆزایەکی (خورشید) دەچنە دێی بنەسڵاوە کە لە دوورایی سێ سەعات ڕێ بە سواری لە ڕۆژھەڵاتی ھەولێر کەوتووە. ڕۆژی دیکە دەچن بۆ دێی بیۆکە بەنیازی ئەوەی بچن بۆ تورکیا و بەوێدا بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا لەبەر ئەوەی ئاشکرابوونیان ھەموو ڕێگەیەکی سەرکەوتنی پلانەکەیان لێ دەبەستێت، بەتایبەتی کە ھەرچی کەرەستە و پارە و چەکێکی بۆ شۆڕش پێویست بوو لەکیسیان چووبوو. ڕێکەوت وەھا دەبێ قاچاخچییەکی ئەو دەوروبەرەی بیۆکە دەیانبینێت کە خۆی کونەفلوسەیی بووە، حکومەتیش (١٠٠٠) دیناری پاداشت دانابوو بۆ کەسێک ھەواڵ لەو کۆمەڵە بدات، کابرای کونەفلوسەییش خەبەرەکەی لە ڕێی جوولەکەیەکەوە بە حکومەت ڕاگەیاند. لە ڕێکەوتی ٢٩ حوزەیرانی ١٩٤٣ لە پێشەوە سێ ئەڵمانییەکە دەگیرێن. ڕەمزی لەو دەمەدا لەگەڵیان نابێت. حکومەت باوک و مامەکانی ڕەمزی دەگرێت. مامێکی (نورالدین ئاغا) بە ئیزنی حکومەت دەچێ بە سۆراغیەوە، داوا دەکا خۆی ڕادەست بکات و خزمەکانی پێوە ڕزگار بن ڕەمزی ویستبووی خۆی بکوژێت بەڵام مامی تەمای ژیانی لەبەر دەنێت و دەیهێنێتە سەر ئەوەی کە خۆی بەدەستەوە بدات، لەوە بەولاوە دەیاننێرن بۆ مووسڵ و بەغدا و قاھیرە بە مەبەستی دادگاییکردن و سەرەتا بە حوکمی لەسێدارەدان و دواتر حوکمەکەیان بۆ دەگۆڕن بە بیست ساڵ زیندانی، پاش کۆتاییی جەنگ، میولەر و ھاوڕێکانی ئازاد دەکرێن و دەچنەوە ئەڵمانیا و ڕەمزیش ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و پاش تێکچوونی باری دەروونی ئازاد دەکرێت و لە ساڵی ١٩٤٩ کۆچی دوایی دەکات.[٤]

ھۆکاری شکستی کردەوەکە

دەستکاری

وەک میولەر لە کتێبەکەیدا باسی دەکات ئاوھا بووە:

کاتێک لە نیمچەدوورگەی کریمیاوە بەڕێی ئاسماندا دەکەونە ڕێ بەرەو ئامانج. ھەر لەو دەمەدا کە بەئاشکرا نزیکی شوێنی ئامانج دەبنەوە و فڕۆکەوانەکە چەند سووڕێک بە دەوری شارێکی کارەبا گەشدا دەدات، میولەر دەکەوێتە گومانەوە، فڕۆکەوان لەجیاتی شوێنی ئامانج لە ڕۆژاوای مووسڵ ھەڵیان دەدات. ڕەمزی نافیع بە پرسین دەزانێ جێی دابەزینیان کوێیە و ھیچ لەگەڵ شوێنی ئامانج یەک ناگرێتەوە. میولەر ڕوونی دەکاتەوە کە ھەموو کارەکە لە ئەڵمانیاوە بە ئینگلیزەکان فرۆشرابوو. بۆی دەردەکەوێت کە ناحەزەکانی لە ئەڵمانیادا ھەروەکوو لە سەرەتاوە ویستیان تەگەرە بخەنە پلانەکەیەوە، دواتریش کە نەیتوانی بیوەستێنن بە دوژمنیان فرۆشت.[٥]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ https://de.wikipedia.org/wiki/Unternehmen_Mammut
  2. ^ http://www.historyofkurd.com/2017/02/12
  3. ^ https://web.archive.org/web/20160304201714/http://www.lemkegeschichte.de/downloads/lemkeunternehmenmammut1943.pdf
  4. ^ https://edoc.hu-berlin.de/handle/18452/17192
  5. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٤ی ئازاری ٢٠١٩ ھێنراوە.