ڕێبوار تەھا

پارێزگاری کەرکووک

ڕێبوار تەھا مستەفا (لەدایکبووی ١٩٨٢ لە کەرکووک) سیاسەتوانێکی کوردە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە پارێزگاری کەرکووکە. ئەو لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٤دا، وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک ھەڵبژێردرا[٢] و دوای چوار ڕۆژان لە ١٤ی ئابدا دەستبەکار بوو.[٣] بەھۆیەوە لەدوای ڕووداوەکانی ٢٠١٧ەوە بۆ یەکەمجار کوردەکان توانیان دەست بەسەر ئەو پۆستەدا بگرنەوە. ڕێبوار تەھا پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨، دوو خوولان وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێردرا. ئەو ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ھەروەھا زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت.[١]

ڕێبوار تەھا مستەفا
وێنەیەکی ڕێبوار تەھا لە ساڵی ٢٠٢٢
پارێزگاری کەرکووک
دەستبەکاربوون
١٤ی ئابی ٢٠٢٤
سەرۆک کۆمار لەتیف ڕەشید
سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی
دوابەدوای ڕاکان سەعید جبووی (بەوکالەت)
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
لە پۆستدا بووە
٢٠١٤ – ٢٠٢١
ناوچەی بەربژێری پارێزگای کەرکووک
زۆرینە ٦٣،٧٢١ (١٨٫٣٦٪)
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون ١٩٨٢
گەڕەکی ئازادی، کەرکووک، عێراقی بەعس
پارتی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
خوێندن لە پەیمانگای تەکنیکیی کەرکووک[١]
کار سیاسەتوان

ژیاننامە

دەستکاری

ڕێبوار تەھا مستەفا ئەحمەد لە ساڵی ١٩٨٢ لە گەڕەکی ئازادی لە شاری کەرکووک لەدایک بوو و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە کەرکووک تەواو كرد. ئەو خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی پەروەردەی زمانی ئینگلیزی، بەکالۆریۆسی یاسا و بڕوانامەی دیپلۆمی كارگێڕى و ياسایە لە پەیمانگای تەکنیکیی کەرکووک. لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، ھەتا ساڵی ٢٠١٤ لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کاری کرد. ساڵی ٢٠١٤ بۆ جاری یەکەم بووە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمان. رێبوار تەھا لە لێکەوتەکانی دوای ڕێفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پاراستنی ماڵی کوردانی کەرکووک گێڕا و شارەکەی بەجێ نەھێشت. لە ساڵی ٢٠١٨دا وەک سەرۆکی لیستی یەنەکە بۆ جاری دووەم بووەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەو خوولەدا جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزە و ھەروەھا جێگری نووسینەوەی پەیڕەوەی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق بوو. لە خوولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا، داکۆکیکاری پرس و مافەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک بوو. لە کۆنگرەکانى چوارەم و پێنجەمی یەنەکەدا، وەک ئەندامی ئەنجومەنى سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا. ئەو ھەروەھا لە چەندین کۆڕ و کۆبووبوونەوەی سیاسی، تایبەت بە کارگێری و کاروباری پەرلەمانی لە دەرەوەی وڵات بەشداریی کردووە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، وەک سەرۆکی ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە، بەشداریی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کرد و بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.[١]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا ب «ڕێبوار تەها، کێیە کە بە پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا؟». bwar.news. ١٠ی ئابی ٢٠٢٤. لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  2. ^ «رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا». pukmedia.com. ١٠ی ئابی ٢٠٢٤. لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  3. ^ «ڕێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکووک سوێندی یاسایی دەخوات». ava.news. ١٤ی ئابی ٢٠٢٤. لە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.