پیانۆ

ئامێری مۆسیقا
  ئەم وتارە سەبارەت بە ئامێری پیانۆ نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە پیانۆ (ڕوونکردنەوە).

پیانۆ ئامێرێکی بیستۆکی ژێدارە کە لە ١٧٠٠کاندا لە ئیتالیا لە لایەن بارتۆلۆمیۆ کریستۆفۆری داھێنراوە. ئەم ئامێرە چەند چەکوشێکی تایبەتی ھەیە کە دەکێشرێت بە تەلەکاندا بۆ دەرکردنی دەنگ؛ چەکوشەکانیش لە ڕێگەی فشار خستنە سەر کلیلەکانی سەر پیانۆکەوە دەخرێنە جووڵە.[١] ئەم کلیلانە لە چەند دەنگێکی سەرەکی پێکھاتوون بە پەردەی جیاواز (بەرز و نزم)؛ لەکاتی ژەنینی پیانۆدا، پیانۆژەن پەنجەکانی دەنێت بە کلیلە دیاریکراوەکاندا بۆ دەرکردنی دەنگ و مۆسیقا. دروستبوونی پەردە و دەنگی گڕ و بەرز بە ھۆی توندکردن و شلکردنەوەی تەلەکانەوە دروست دەبێت، لەگەڵ ھێزی پیاکێشان بە کلیلەکاندا. وشەی پیانۆ کورتکراوە فۆرتپیانۆیە، کە ناوی ڕەسەنی ئامێرەکە بوو بۆ یەکەمین وەشانەکانی لە ١٧٠٠کاندا، کە فۆرتپیانۆیشی لێوە دروست بووە.[٢] لە زمانی ئیتالیدا، فۆرت و پیانۆ بە واتای «نەرم» و «بەرز» دێن، کە ئاماژەیەکە بۆ ڤۆلیومی ئامێرەکە.[٣] ژمارەیەکی زۆر لە مۆسیقییەکان بۆ فێربوونی ئەم ئامێرە مەشقیان کردووە و یەکێکە لە ناسراوترین ئامێرەکان لە ڕۆژاوا. یەکەمین فۆرتپیانۆکانی ١٧٠٠کان دەنگێکی کزتریان ھەبووە بەراورد بە پیانۆکان لەمڕۆدا.

پیانۆ

پیانۆی مەزن (سەرەوە) لەگەڵ پیانۆی ستوونی (خوارەوە)
ئامێری تەختەکلیل
ھۆرنبۆستێل-ساکس٣١٤٫١٢٢-٤-٨
(کۆردۆفۆن بە تەختەکلیلەوە)
داھێنەربارتۆلۆمیۆ کریستۆفۆری
پەرەپێدراوە لەسەرەتاکانی سەدەی ١٨ھەم
مەودای ژەنین
وتاری زیاتر
ئامێری تەختەکلیلپەیدانەکانی پیانۆپایپ ئۆرگنھارپسیکۆردسینتسایزەرئامێری ژێدارئامێری کوتان
زانیاری زیاتر
کلیلەکانی پیانۆ پێکھاتوون لە: C (دۆ)، D (ڕێ)، E (می)، F (فائـ)، G (سۆڵ)، A (لا)، B (سی). ئەم نۆتانە لەسەر پەردەی جیاواز دووبارە دەبنەوە. دۆ یان سیی ناوەند بەیس و ترێبڵ لە یەک جیا دەکاتەوە. دەستی چەپ بۆ ژەنینی نۆتەکانی بەیس بەکاردێت و دەستی ڕاستیش بۆ ژەنینی نۆتەکانی ترێبل. کلیلە ڕەشەکان بە «ھەڵکەوتییەکان» یان «دێزەکان» ناسراون، و سپییەکانیش بە «سروشتییەکان.»

پیانۆکان بە گشتی زۆرجار بەرگێکی دارییان بەسەرەوەیە کە دەوری تەختەی دەنگ و تەلەکانی داوە بۆ پارستنیان. تەلەکانی پیانۆکە بە بەھێزی پەستانیان دەخرێتە سەر لەسەر چوارچێوەیەکی ئاسنینی قورس. کاتێک پەنجە دەنرێت بە کلیلێک یان زیاتردا لەسەر تەختەکلیلی پیانۆکە، بەو ھێزەی پەنجە نراوە بە کلیلەکاندا، وا لە چەکوشە ناوەکییەکانی پیانۆکە دەکات کە بجوڵێنەوە و لە تەلەکانی ناوی بدەن. کاتێک چەکوشەکان لە تەلەکان جیا دەبنەوە، تەلەکان ھێشتا لە لەرەلەر بەردەوام دەبن بۆ ماوەیەکی دیاری کراو.[٤] دواتر، ئەم لەرینەوانە لە ڕێی پردێکەوە دەگوازرێنەوە بۆ تەختەی دەنگی ئامێرەکە، کە دەبێتە ھۆی دووھێندەکردنی دەنگەکەی و گواستنەوەی بۆ ناو ھەوا، دواتریش ھەوا دەیگوازێتەوە بۆ گوێکان. دوای ئەوەی پەستان لەسەر کلیلەکان لابرا، خامۆشکەرێک لەرەی تەلەکان دەوەستێنێت، کە دەبێتە ھۆی کۆتایی ھاتنی دەنگەکە. بەھەرحاڵ، ڕێگەیەک ھەیە بۆ ڕاگرتنی خامۆشکەرەکە و ڕێپێدان بە تەلەکان بلەرنەوە، ئەویش بە بەکارھێنانی پەیدانەکان کە لە ژێر پیانۆکەدا دیاری کراون. پەیدانەکانی ڕاگرتن یارمەتی پیانۆژەنان دەدەن کە مۆسیقای وا بنووسنەوە یان بژەنن کە بە بێ ئەو پەیدانانە ژەنینیان ئەستەم بێت. بۆ نموونە: کاتێک پیانۆژەنێک پەیدانی ڕاگرتن بەکاردەبا، دەتوانێت ئەو نۆتانەی کە ژەنیوێتی بە پێی بگرێت و بە خێرایی دەستەکانی بگوازێتەوە بۆ ناوچەیەکی تر بۆ ژەنینی ئاوازی تر بەسەر نۆتە ڕاگیراوەکاندا. بە پێچەوانەی ئۆرگنی بۆری و ھارپسیکۆردەوە، کە دوو ئامێری زۆر بەناوبانگ بوون پێش سەرھەڵدانی پیانۆ، پیانۆکان بەپێی ئەو ھێزەی خراوەتە سەر کلیلەکان ڕێگە بە کزی و بەرزی دەنگ دەدەن.[٥]

زۆرینەی پیانۆ ھاوچەرخەکان ڕیزێک لە ٨٨ کلیلی ڕەش و سپییان ھەیە، ٥٢ کلیلی سپی سەر بە پێوەری دۆی گەورە (C, D, E, F, G, A و B) و ٣٦ کلیلی کورتی تریش، کە لە سەروو کلیلە سپییەکانەوە دیاری کراون. ئەمە واتای ئەوە دەدات کە پیانۆیەک لە توانایدا ھەیە ٨٨ پەردە یان نۆتەی جیاواز بژەنێت، کە درێژدەبێتەوە لە قووڵترین مەوداوە کە بەیسە، بەرەو بەرزترین کە ترێبلە. کلیلە ڕەشەکان بەکاردەھێنرێن بۆ ژەنینی «ھەڵکەوتییەکان» (F♯/G♭, G♯/A♭, A♯/B♭, C♯/D♭, و D♯/E♭)، کە پێویستن بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ھەر دوانزە کلیلەکەدا ئاواز دەربکرێت.[٥] لە ھەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا، ھەندێک لە پیانۆکان لەوانەیە کلیلی زیادتریان ھەبێت، کە وا دەکات تەلی زیاتریش دابنرێت. زۆرینەی نۆتەکان ٣ تەلیان ھەیە، جگە لە بەیسەکان کە یەک یان دووانیان ھەیە. ھەرچەندە پیانۆ تەلی ھەیە، زۆرجار بە ئامێرێکی کوتین پۆلێن دەکرێت چونکە تەلەکان لێیان دەدرێت و ڕاناکێشرێن (وەک ھارپسیکۆرد یان سپینێت)؛ لە سیستمی ھۆرنبۆستێل ساخسدا، پیانۆ بە کۆردۆفۆن ژمێردراوە. دوو جۆری سەرەکی پیانۆ ھەن: پیانۆی مەزن و پیانۆی ستوونی. پیانۆی مەزن بە زۆری لە مۆسیقای کلاسیک و چامبەر دا بەکاردێت، زۆرجاریش لە نمایشی جاز و پۆپدا بەکاردێت. پیانۆی ستوونییش، کە بچووکترە، بەناوبانگتر و ھەرزانتریشە. بە ھۆی قەبارەکەیانەوە، خواستی زۆریان لەسەرە لە لایەن ئەو کەسانەی بۆ بەکارھێنانی ماڵەوەی خۆیانیان دەوێت.[٥]

لە ١٨٠٠کاندا، بە ھۆی کاریگەری مۆسیقای ڕۆمانتیکەوە، داھێنانی نوێی وەک چوارچێوەی ئاسنین و تەلی چڕ سەری ھەڵدا بۆ پیانۆکان، کە دەنگێکی بەھێز و دەوڵەمەندتری بەخشی بە پیانۆ مەزنەکان، و ڕاگرتنی نۆتەکانیشی درێژخایەن و باشتر کرد. لە سەدەی ١٩ھەمدا، پیانۆکانی لە ناو ماڵەکاندا ھەبوون، وەک ئەو ڕادیۆ و فۆنۆگرافانە ڕۆڵی دەگێڕا کە لە سەدەی ٢٠ەمدا پەیدابوون. کاتێک خێزانێکی سەدەی ١٩ دەیانویست گوێبیستی پارچەیەک مۆسیقا یان سیمفۆنی نوێ بن، ئەوان لە ڕێگەی پیانۆژەنێکی بە کرێ گیراو یان ئەندامێکی پیانۆژەنی خێزانەکەوە دەیان توانی وا بکەن. ھەر لە سەدەی ١٩دا، بڵاوکەرەوەکانی مۆسیقا زۆرێک لە ئاوازیان دانا بۆ ئامێری پیانۆ و وردە وردە پارچە مۆسیقییەکانی بۆ ئەم ئامێرە دەنووسرانەوە گەورەتر دەبوون. ئەم ئامێرە بە شێوەیەکی زۆرتر لە مۆسیقای کلاسیکی، جاز و سۆلۆدا بەکاردەھێندرێت؛ ھەروەھا بەکاردەھێندرێت بۆ مەشقپێکردنی گۆرانیبێژان و بەشێکی زۆری ئاوازدانەران ئەم ئامێرە بەکاردەھێنن بۆ نووسینەوەی گۆرانی و ئاواز. ھەرچەندە پیانۆ ئامێرێکی گەورە و قورس و گرانە و ناتوانرێت ھەڵبگیرێت وەک ئامێرە سووکەڵەکانی تر، ھێشتا لە زۆربەی قوتابخانە و یانەی کۆنسێرتەکان و ستودیۆکان بەردەستە، ئەمەش بەھۆی توانا بەھێزەکانییەوە لە ژەنینی کۆرد و توانای ھەڵبژاردنی پەردەی زیاتر بەراورد بە ئامێرەکانی تر، و ھەروەھا توانای دەرکردنی نۆتەکان بە نزمی و سافی یاخود بە بەرزی و گڕی، بەپێی خواستی ژەنیار. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیادا، ئامێری پیانۆ توانراوە بە چەندەھا شێوە بەردەست بخرێت، وەک: پیانۆی ئەلیکتریک (١٩٢٩)، پیانۆی ئەلیکترۆنی (١٩٧٠کان)، لەگەڵ پیانۆی دیجیتاڵی (١٩٨٠کان). پیانۆی ئەلیکتریک بووە ئامێرێکی بەناوبانگ بۆ بەکارھێنان لە مۆسیقاکانی وەک جاز و ڕۆک و فەنک.[٥]

مێژوو دەستکاری

 
کۆنترین پیانۆی مەزنی فەڕەنسی کە تاوەکو ئێستا مابێتەوە. دروستکراوی دەستی لوویز باسە لە ساڵی ١٧٦١

پیانۆ لەگەڵ سەرەتاکانی پێشکەوتنی ئامێرە ژێدارەکان و ئامێرە تەختەکلیلدارەکاندا دۆزرایەوە. تا ماوەیەکی زۆر لە مێژوودا، ئۆرگنی بۆری بەکار دەھات، و پێشکەوتنی ئەم ئامێرە وای لە دروستکەرانی ئامێرە مۆسیقییەکان کرد میکانزمی تەختەکلیلیی بەرھەم بھێنن بۆ دەرکردنی دەنگ و پەردە. یەکەم ئامێری ژێدار کە دەنگی دەردەکرد بە کێشان بە تەلەکانیدا، پێکھاتبوو لە دەلسیمەری چەکوشدار،[٦] کە لە سەدەکانی ناویندا لە ئەورووپادا بەکار دەھات. لە سەدەکانی ناویندا، چەند ھەوڵێک درا بۆ دروستکردنی ئامێری تەختەکلیلی ژێدار.[٧] لە سەدەی ١٧دا، میکانزمی ئامێرە تەختەکلیلییەکانی وەک کلاڤیکۆرد و ھارپسیکۆرد بە شێوەیەکی زۆر باش پەرەی سەند. لە ئامێری کلاڤیکۆرددا، تەلەکانی پێیان دەکێشرێت، لە کاتێکدا لە ھارپسیکۆرددا تەلەکان ڕادەکێشرێن کتێک ژەنیارێک پەنجە بە کلیلەکاندا دەنێت. چەند سەدەیەک لە کارکردن و باشترکردنی ئامێری ھارپسیکۆرد یارمەتی دروستکەرانی ئامێری دا کە تێبگەن و باشتر فێرببن چۆن پرد و تەختەی دەنگ و پارچەکانی باشتر دروست بکەن و چۆن ئامێرەکان باشتر بکەن، کە سەرەتایەک بوو بۆ داھێنانی پیانۆ.[٥]

داھێنان دەستکاری

 
لاسایییەکی وەشانی کۆنی پیانۆ، دروستکراوە لە لایەن پۆڵ مکنەڵتی

داھێنانی ئامێری پیانۆ دراوەتە پاڵ بارتۆلۆمیۆ کریستۆفۆری (١٦٥٥–١٧٣١) کە دانیشتووی شاری پادۆڤا بوو لە ئیتالیا.[٥] ئەو بۆ فێردیناندۆ دی مێدشی، شای تۆسکانی، کاری دەکرد. کریستۆفۆری شارەزای دروستکردنی ئامێری ھارپسیکۆرد بوو، و ئەو زۆر بە باشی شارەزای چۆنێتی کارکردنی ئامێرە ژێدار و تەختەکلیلییەکان بوو. ئەو زانیارییەکان و ئەزموونەکانی کە لە میکانزمی ھارپسیکۆردەوە فێری ببوو بەکارھێنا بۆ دروستکردنی یەکەمین ئامێرەکانی پیانۆ. ھەرچۆنێک بێت، ڕێکەوتی چەسپاوی داھێنانی ئامێرەکە نەزانراوە، و نازانرێت ڕێک کەی کریستۆفۆری ئامێرەکەی دروست کردووە. بەڵام ئەوەندە ڕوونە کە لە ساڵی ١٧٠٠کاندا ئامێرەکە بەردەست بووە. چەند بەڵگەنامەیەک ھەن، لە یەکێکیاندا ئاماژەی پێ کراوە کە ئامێرەکە لە ساڵی ١٧٠٠دا ھەبووە. لە بەڵگەنامەیەکدا کە بە تەواوی جێی باوەڕ نییە، ھاتووە کە ئامێرەکە لە ساڵی ١٦٩٨دا دروستکراوە. لەمڕۆدا، تەنیا ٣ پیانۆی کریستۆفۆری ماوەتەوە، کە لە ١٧٢٠ەکاندا دروست کراون.[٨][٩] کریستۆفۆری ئەم ناوەی لە ئامێرەکە نابوو: «تەختەکلیلێکی سایپرێس بە نەرم و بەرزەوە.» دواتر بە تێپەڕبوونی کات، ئەم ناوە کورت کرایەوە بۆ پیانۆفۆرت، فۆرتپیانۆ، دواتریش ھەر بە سادەیی، پیانۆ.

ھەرچەندە ئامێری کلاڤیکۆرد ڕێگەی بە کۆنترۆڵکردنی ڤۆلیووم و ڕاگرتنی نۆتەکان دەدا، دەنگەکەی کز بوو، بۆیە نەدەتوانرا لە ھۆڵی گەورەدا بەکاربێت لەکاتی نماییشدا. بەھەرحاڵ، ھارپسیکۆرد دەنگێکی زۆر بەرزتری ھەبوو لە چاو کلایڤیکۆرددا، بە تایبەتی کاتێک دووھێندەکەر بەکاردەھێندرا بۆ بەرزکردنەوەی دەنگەکەی؛ بەڵام لە توانایدا نەبوو کە وەک کلاڤیکۆرد کۆنترۆڵی کز و بەرزی و ڕاگرتنی نۆتەکان بکات. پیانۆ توانی کوالێتتییە باشەکەی ئەم دوو ئامێرە لە خۆ بگرێت و ببێت بە جێگرەوەیەکی نایاب. ھەر لەبەر ئەوەی پیانۆکان لە توانایاندا بوو سۆزێکی زیاتر دەرببڕن لەکاتی ژەنین، و دەتوانرا بە باشی کۆنترۆڵ بکرێن، بە خێرایی تەشەنەی کرد و لە کنچێرتۆی پیانۆکاندا و لە ھۆڵە گەورەکاندا بەکار دەھات.[٩]

کریستۆفۆری لە دروستکردنی ئامێرەکەدا سەرکەوتوو بوو، و چارەسەرێکی بۆ ئەو کێشەیە دۆزییەوە کە لەو کاتەدا تووشی دروستکەرانی ئامێرەکان دەبوو کە میکانزمی چەکوش و تەلیان بەکاردەھێان، ئەویش خامۆشکردنی دەنگی ئامێرەکە بوو. دەبوایە بۆ خۆ لادان لە کێشەکە دڵنیا بکرایەتەوە کە چەکوشەکان دەکێشرێن بە تەلەکاندا، بەڵام لەسەر تەلەکان نەمێننەوە و بە خێرایی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، تاکو تەلەکان لەرەلەر بکەن و دەنگ بگوازنەوە، و چەکوشەکان ڕێگری لە لەرەلەرەکە نەکەن و دەنگەکە خامۆش نەکەن بە مانەوە لەسەر تەلەکان. واتە دەبوایە چەکوشەکان ڕاستەوخۆ بگەڕانایەتەوە شوێنی خۆیان دوای ئەوەی بە تەلەکەیان دەکێشا، و یەکسەر ئامادەبوونایە تاکو جارێکی تریش بەکاربێنەوە تا ژەنیار بتوانێت بە خێرایی چەند نۆتەیەک بەسەر یەکەوە بژەنێت. دیزاین و داھێنانەکەی کریستۆفۆری چارەسەرێکی درێژخایەن بوو بۆ ئەم کێشەیە، و سەدەیەک دواتر، مۆدێلی ئامێرەکە بووبە ڕێگەیەک بۆ بەرھەمھێنانی ئامێری تۆکمەتر و باشتر بە بەکارھێنانی ھەمان میکانزم. یەکەم وەشانەکانی ئەم ئامێرە بە تەلی باریک دروست کرابوون، و زۆر بێدەنگ تر بوون بەراورد بەو پیانۆیانەی ئەمڕۆ ھەمانن، بەڵام زۆریش بەرزتر بوون بەراورد بە کلاڤیکۆردەکان، کە لەو کاتەدا، پێش پیانۆ، تەنیا ئامێر بوو کە ڕێگەی بە ڕاگرتن و بەرزی و نزمی نۆتەکان دەدا.[٥]

فۆرتپیانۆی کۆن دەستکاری

 
فۆرتپیانۆیەک کە لە لایەن یۆھان ئەندریاس ستاینەوە دروست کراوە. پیانۆکە ڕەنگی کلیلەکانی بە پێچەوانەوەیە، ھەڵکەوتییەکان سپین و سروشتییەکانیش ڕەش

ئامێرە نوێکەی کریستۆفۆری بۆ ماوەیەک بە نە ناسراوی مایەوە ھەتاکو نووسەری ئیتالی، فرانچێسکۆ شیپیۆنێ، وتارێکی پوختی لەبارەیەوە نووسی لە ساڵی ١٧١١، کە باسی دایاگرامی میکانزمەکەشی تێدا کرابوو. دواتر ئەم وتارە وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئەڵمانی و چەند دانەیەکی زۆری لێ بڵاوکرایەوە.[٩] زۆرینەی دروستکەرانی پیانۆی نەوەی دواتر، بە خوێندنەوەی ئەم وتارە دەستیان بە کارەکەیان کرد، یەکێکیش لەو دروستکەرانە گۆتفرید سیلبەرمان بوو، کە باشتر بە دروستکردنی ئۆرگن ناسراوە. پیانۆکانی سیلبەرمان ھەر وەک لەبەرگیراوەیەکی ئەوانەی کریستۆفۆری وابوو، بەڵام زیادەیەکی گرنگیشی لەگەڵ بوو: سیلبەرمان پەیدانی ڕاگرتنی داھێنا، کە ھەموو خامۆشکەرەکان بە یەک جار لە تەلەکان بەرز دەکاتەوە لە کاتی بەکارھێنانیدا. ئەمە ڕێگە بە پیانۆژەنان دەدات ئەو نۆتانە ڕابگرن کە پەنجەیان پیا ناوە دوای ئەوەشی کە پەنجەکانیان لەسەر کلیلەکان لابردووە. ئەم داھێنانە لە زۆر ڕووەوە یارمەتی پیانۆژەنانی دا؛ بۆ نموونە، وای کرد کە پیانۆژەنان بتوانن دوو کۆرد لێ بدەن بە ھەردووک دەستیان و دەنگی ئەو دوو کۆردە ڕابگرن بە پێکانیان لە کاتێکدا دەستیان دەگوازنەوە تا ئاوازێکی تری بەسەردا بژەنن.[٥]

سیلبەرمان یەکێک لە نوێترین ئامێرەکانی پیانۆی کە دروستی کردبوو پیشانی ئاوازدانەری بەناوبانگ یۆھان سباستیان باخ دا لە ١٧٣٠کاندا، بەڵام لەو کاتەدا، باخ ئامێرەکەی بە دڵ نەبوو، بە بیانووی ئەوەی کە نۆتە بەرزترەکان زۆر نەرم بوون. ھەرچەندە سیلبەرمان ڕقی بۆ دروست بوو بەرامبەر باخ بە ھۆی ئەمەوە، بەڵام ئەو ھێشتا گوێی لە ڕەخنەکە گرت و پشتگوێی نەخست. دواتر لە ١٧٤٧دا، باخ یەکێکی تر لە پیانۆکانی سیلبەرمانی چوو بە دڵا، کە باشتر دروست کرابوو. ئەو تەنانەت بوو بە وەکیلیش بۆ فرۆشتنی پیانۆکانی سیلبەرمان. لە کاتی فرۆشتنی پیانۆکاندا، باخ بانگەشەی بۆ توانای ئامێرەکە دەکرد لە ژەنینی نۆتەکان بە کزی و بەرزی، کە یەکێک بوو لە سەرەکی ترین ئەو ھۆکارانەی کە ئامێرەکە دەفرۆشرا.[١٠]

دروستکردنی پیانۆ زۆر بەربڵاوبوو لە سەدەی ١٨دا لە قوتابخانەی ڤیەننا، ھەروەھا بە شێوەیەکی بەرچاویش پەرەی سەندبوو. پیانۆکانی کە لە ڤیەننا دروست دەکران، شێوەیەکی تایبەتتر و جیاوازتریان ھەبوو: ئەوان چوارچێوەی دارییان ھەبوو، ھەر نۆتە و دوو تەلی ھەبوو، و چەکوشەکانیش بە چەرم داپۆشرابوون. ھەندێک لە پیانۆ ڤیەننایییەکان، ڕەنگی کلیلەکانیان بە پێچەوانەوە بوو؛ کلیلە سروشتییەکان ڕەنگیان ڕەش بوو و کلیلە ھەڵکەوتییەکانیش ڕەنگیان سپی.[١١] پیانۆژەن و ئاوازدانەری بەناوبانگ ڤۆڵفگانگ ئەمادیوس مۆتسارت لەسەر ئەم جۆرە پیانۆیانە زۆرینەی کنچێرتۆ و سۆناتاکانی نووسیوەتەوە، و لە سەدەی ٢١دا، پیانۆی ھاوشێوە دروست کراوەتەوە بۆ نمایشکردنی ئاوازەکانی ئەو لەسەریان. پیانۆکانی سەردەمی مۆتسارت دەنگێکی نەرم تر و ناسکتریان ھەبوو بەراورد بە پیانۆکانی سەدەی ٢١. لەم دەمەدا، ناوی فۆرتپیانۆ بەکار دەھێندرێت بۆ جیاکردنەوەی ئامێرە کۆنەکان لە ئامێرە ھاوچەرخەکان.

پیانۆی ھاوچەرخ دەستکاری

لە ساڵەکانی ١٧٩٠–١٨٦٠، پیانۆکانی دەمی مۆتسارت، گۆڕانکارییەکی زۆریان بەسەر ھات، کە بووە ھۆی دروست بوون و سەرھەڵدانی ئەو پیانۆیەی لەمڕۆدا بەکاری دەبەین، کە بە پیانۆی ھاوچەرخ یان مۆدێرن ناسراوە. ئەم شۆڕشە بە داواکاری پیانۆژەنانی ئەو سەردەمە، کە داوای وەشانێکی باشتر و بەھێزتری ئامێرەکەیان دەکرد، دەستی پێ کرد و، بە ھۆی شۆڕشی پیشەسازی بەردەوامی ئەو کاتەوە، توانرا داواکارییەکان بھێندرێنە ژیان. کاتێک کە پارچەی باشتر وەک تەل و چوارچێوە و جۆری دارەکان بەرھەم ھات، بەرەوپێشچوونی پیانۆش لە ڕووی کوالێتییەوە دەستی پێ کرد. لە سەردەمی مۆتسارتدا، پیانۆکان تەنیا پێنج ئۆکتەیڤیان ھەبوو، ئێستاش بە ھۆی پێشکەوتنەوە، ئامێرەکە ٧ ئۆکتەیڤ، یان لە ھەندێک حاڵەتدا زیاتریان ھەیە.[٥]

پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیا لەو دەمەدا، وای کرد کە پیانۆی برادوود دابێت لە درەنگانی ١٧٠٠کاندا. جۆن برادوود تیمێکی پێکھێنا لەگەڵ ڕۆبێرت ستۆدارت و ئەمێریکەز باکەرز بۆ دیزاینکردنی پیانۆیەک لە سەر شێوەی ھارپسیکۆرد؛ مێژووی دەستەواژەی «مەزن» لە «پیانۆی مەزن» دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دەمە. ئەوان ئەم کارەیان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا لە دەورووبەری ساڵی ١٧٧٧دا. ئەوان توانیان بە خێرایی ناوبانگ دەربکەن لەبەر بەھێزی و توند و تۆڵی ئامێرەکانیان، کە گەورەتر و دەنگ بەرزتر و تۆکمەتر بوون. ئەم گرووپە دروستکەرانە، پیانۆیان دەنارد بۆ یۆسێف ھایدن و لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن، و یەکەمین کەسەکان بوون کە پیانۆ دروست بکەن بە زیاتر لە پێنج ئۆکتەیڤەوە. لە دەورووبەری ١٨٠٠ەکاندا، توانیان پیانۆ بە شەش ئۆکتەیڤەوە دروست بکەن، و تا ساڵی ١٨٢٠یش، توانیان پیانۆ دروست بکەن بە حەوت ئۆکتەیڤەوە. بێتھۆڤن ئەم نۆتە زیادانەی لە کارەکانی دواییدا بەکار دەھێنا. دروستکەرە ڤیەننایییەکانیش دوای کارەکانی ئەوان دەکەوتنەوە، بەڵام ھێشتا جیاوازی لە نێوان جۆری پیانۆکان بەرچاو دەکەوت.[٥]

 
بەشی ناوەوەی پیانۆیەکی مەزن

لە ١٨٢٠ەکاند، پاریسی فەڕەنسا بووە سەنتەری داھێنانەکان بۆ ئامێری پیانۆ. ئەو پیانۆیانە فرێدریک شۆپان بە کاری دەھێنان لە لقێکی پیانۆ دروستکردنی فەڕەنساوە بوو بە ناوی پلەیل، و فرانز لیزت پیانۆکانی لقی ئێراردی بەکار دەھێنا. لە ١٨٢١دا، سباستیان ئێرارد جووڵەی کلیلی «جووت دەربازبوون» ی داھێنا، کە پێکھاتبوو لە بالانسەرێک کە ڕێگەی دەدا بەوەی بە خێرایی چەندین جار پەنجە نان بە کلیلێکدا دەنگ دەر بکات، با ئەگەریش چەکوشەکە نەگەڕابێتەوە شوێنی تایبەتی خۆی. کاتێک ئەم داھێنانە بانگەشەی بۆ کرا، ئەم داھێنانە بووە ستانداردێک لە پیانۆ مەزنەکاندا، و تا ئێستاش لە ھەموو پیانۆ مەزنە ھاوچەرخەکاندا کە لە ٢٠٠٠ەکان بەرھەم ھاتوون بە کار دێت. یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی تر کە یارمەتی پێشکەوتنی ئامێری پیانۆی دا، بەکارھێنانی جێگرەوەی تر بوو لە جێی چەرم یان لۆکە بۆ ئاڵاندن لە چەکوشەکان، کە یارمەتی بەرزکردنەوەی دەنگی ئامێرەکەی دا. لە ساڵی ١٨٤٤دا، ژۆن لووی بواسلوی فەڕەنسی پەیدانی سۆستێنوتۆی داھێنا، کە دواتر لە لایەن ستاینوەیەوە لەبەری گیرایەوە بۆ بەکارھێنان لە ١٨٧٤، کە ڕاگرتنی نۆتەکانی ئاسانتر کرد.[٥]

یەکێک لەو داھێنانانەی کە وای کرد پیانۆکان دەنگێکی بەرزتریان ھەبێت، بەکارھێنانی چوارچێوەی ئاسنینی مەزن و بەھێز بوو. ئەم چوارچێوە ئاسنینە، کە بە «قاپ» ـیش ناودەبرێت، لە سەروو تەختەی دەنگەکەوە داندراوە و، ڕۆڵی سەنگەرێک دەبینێت دژی ئەو تەنگشەیەی ھێزی تەلەکان دەینێنەوە، کە ٢٠ تەن (١٨٠ کیلۆنیوتن) تێپەڕ دەکات لە پیانۆیەکی ھاوچەرخدا. بیرۆکەی ئەم چوارچێوە مەزنە لە ساڵی ١٨٢٥دا داھێندراوە لە لایەن ئالفییەس بابکاک لە شاری بۆستن،[١٢] و لە ١٨٢٠–٢١یش خەریکی دروستکردن بوون، مارکەکانی تری وەک برادوود، ئێرارد، و تۆم ئێند ئاڵێنیش بەشداربوون لەم پڕۆسەیەدا. دواتر بابکاک دەستی کرد بە کارکردن بۆ لقی چیکرینگ ئێند ماکەیز، کە یەکەم چوارچێوەی تەواوکراوی بەرھەمھێنا بۆ پیانۆی مەزن لە ساڵی ١٨٤٣. لە ئەورووپادا جۆرێکی تری ئاسنەکان بەکار دەھات، ھەتاکو لە سەدەی بیستەمدا شێوازە ئەمریکییەکە بە تەواوی جێی گرتەوە. بەھێزی و چڕی ئەم چوارچێوەیە وای کرد کە تەلی زیاتر، باشتر، و ئەستوورتر بەکاربێت. لە ١٨٤٠ەکاندا، جۆرە تەلێکی باشتر دروست کرا بۆ پیانۆکان لە ڤیەننا لە لایەن لقی مارتن میڵەر،[١٣] و دوای ئەمە ماوەیەک لە داھێنان و پێشبڕکێ دەستیپێکرد، کە بووە ھۆی پێشکەوتنی ئامێری پیانۆ و سەرھەڵدانی پیانۆی ھاوچەرخ.[١٣]

شێوە و دیزاین دەستکاری

 
پیانۆیەکی چوارگۆشەی ئەمریکی لە مارکەی «چیکرین»

ھەندێک لە پیانۆ کۆنەکان چەند شێوەیەکی جیاجیایان ھەبوو کە ئێستا چی تر بەکارنایەت. لە ڕابردوودا، پیانۆی چوارگۆشە ھەبوو (کە لە ڕاستیدا لاکێشەیییە، بەڵام بە پیانۆی چوارگۆشە ناودارە). چەکوشەکانی ئەم جۆرە پیانۆیە بە زەحمەتی دەیانکێشا بە تەلەکاندا، و تەختەکلیلەکەش لە لا درێژەکەی ئامێرەکە بوو، کە زۆری کلیلەکان وایان کردووە ئامێرەکە لاکێشەیی دەربکەوێت. سەرھەڵدانی ئەم دیزاینە دەدرێتە پاڵ گۆتفرید سیلبەرمان یان کریستیان ئێرنست فریدریکی، دواتریش بیرۆکەی دیزاینەکە تەشەنەی کرد لە ئینگلتەرا و وڵاتانی تری کیشوەری ئەورووپا. ئەم پیانۆیە سەرەتا بیرۆکەی باشترکردنی بۆ پێشنیارکرا لە لایەن گییووم-لبخیشت پیتزۆل لە فەڕەنسا و ئەلفیوس بابکاک لە ئەمریکا. پیانۆ چوارگۆشەکان بە ڕێژەیەکی زۆر بەرھەم دەھاتن لە نێوان ١٨٤٠کان و ١٨٩٠ەکان لە ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. ئەم پیانۆیە زۆرترین گۆڕانکاری و نۆژەنکردنەوەی بە خۆیەوە بینی لە چاو پیانۆکانی سەردەمی خۆی. ئەم پیانۆیە زۆر بەناوبانگ بوو لەو کاتەدا بە ھۆی کەمی تێچوون و ھەرزانییەکەیەوە، بەڵام لە ڕووی باشیشەوە، باش نەبوو، چونکە تەختەی دەنگەکانیان باریک بوون و بۆشایی نێوان تەلەکان و خاویی چەکووشەکان وایان کردبوو کە دەنگی کز بێت و چەکوشەکان بەر تەکە خوازراوەکان نەکەون؛ ئەم ھۆکارانە وای کرد کە ئەم شێوازەی پیانۆ وردە وردە بمرێت و بەرەو نەمان بچێت.[٥]

 
پیانۆی ستوونی بە بێ بەرگە دارییەکەی. تەلەکانی بە ستوونی لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕێکخراون.

پیانۆی «مەزنی ستوونی» پێشەکەی وەک پیانۆیەکی مەزنی ئاسایی وایە، تەختەی دەنگ و پردەکان لە سەروو کلیلەکانەوەن، و تیونەرەکانیش لە خوارییەوەن. دەستەواژەی «مەزنی ستوونی» بەکاردەھێندرا لە لایەن فرۆشیارەکانەوە لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی پیانۆکە بۆ مەبەستی ڕێکلامی. ئەم جۆرە دیزاینە ھانی دەرکەوتنی چەند جۆرێکی جیاوازی تری پیانۆی دا، وەک «پیانۆی لیر» و «پیانۆی ھەرەم.» پیانۆی کابینێتیش، کە زۆر بەرز بوو، سەرەتا لە دەورووبەری ١٨٠٥ ناسێندرا و لە ١٨٤٠کان دەست بە دروستکردنی کرا. تەلەکانی ئەم پیانۆیە بە ستوونی ڕێکخرابوون، و بە درێژایی پیانۆکە چوارچێوەی ناوەکی ھەبوو و پردەکانیشی بە نزیکەیی تا بنی پیانۆکە درێژ دەبوونەوە. پیانۆیەکی ستوونی تریش کە زۆر خنجیلە بوو بەراورد بە پیانۆی مەزن، بە پیانینۆش ناودەبرا، و لە دەورووبەری ١٨١٥دا لە لایەن ڕۆبێرت وارنەمەوە بەناوبانگ کرا؛ لە سەدەی ٢٠ەمەوە بەرەو درەنگتر دروست دەکرا. ئەم جۆرە پیانۆیانە بە نافەرمیی بە قەفەزی باڵندەش ناسراوە بە ھۆی میکانزمی خامۆشکەرە بەناوبانگەکانییەوە. پیانۆی بەرز ناسراو بە پیانۆی ستوونی یان «ئەپڕایت» یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆری پیانۆکان کە ئێستاش ھەیە. ئەو پیانۆ ستوونییە یان ئەپڕایتەی ئەمڕۆ لە بەر دەستی ئێمەیە، لە لایەن مارکەی ڕۆڵەر ئێند بلانکێتەوە بەناوبانگ کرا لە ١٨٢٠کاندا. چەند جۆرێکی تری سپینێتیش لەسەر ھەمان شێوە دروست دەکران بە درێژایی سەدەی ١٩، کە زۆرترین چاکسازی و گۆڕانکاری بۆ ئەم جۆرە پیانۆیانە دەکرا.[٥]

جۆرەکان دەستکاری

پیانۆ ھاوچەرخەکان بە گشتی بە دوو شێواز دروست دەکرێن: مەزن (ئاسۆیی) و ستوونی، و لەوانەشە ھەر یەکەیان شێوەی جیاوازیان ھەبێت. ھەروەھا پیانۆی ڕەسەن و تایبەتیش دروست دەکرێن، پیانۆی ئەلیکتریک ھەیە کە لە سەر شێوەی ئەلیکترۆمیکانیک دروست دەکرێت، پیانۆی ئەلیکترۆنی کە دەنگی ھاوشێوەی پیانۆ دەردەکات بە گواستنەوەی کارەبا بۆ دەنگ، لەگەڵ پیانۆی دیجیتاڵیش، کە دەنگی تۆمارکراوی پیانۆ بەکاردەھێنێت کە پێی دەوترێت سامپڵ.[٥]

مەزن دەستکاری

 
پیانۆی مەزنی بۆوسندۆرفەر

لە پیانۆ مەزنەکاندا، چوارچێوە و تەلەکان ئاسۆیین، تەلەکان لە ڕووی کلیلەکانەوە درێژ دەبنەوە. ئەکشنی ئەم پیانۆیە دەکەوێتە ژێر تەلەکانەوە، و بە سەرەکی ھێزی ڕاکێشان بەکاردەبات بۆ گەڕانەوە بۆ حاڵەتی بنچینەیی خۆی. پیانۆ مەزنەکان بە زۆرێک لە قەبارە دەدۆزرێنەوە و قەبارەیەکی جێگیریان نییە. نزیککردنەوەیەکی گشتی جیاوازی دەکات لە نێوان پیانۆی مەزنی کۆنسێرت (نێوان ٢٫٢ و ٣ مەتر [٧ پێ و ٣ ئینچ–٩ پێ و ١٠ ئینچ]) و پیانۆی مەزنی پارلۆر (١٫٧–٢٫٢ مەتر [٥ پێ و ٧ ئینچ–٧ پێ و ٣ ئینچ]) لەگەڵ پیانۆی مناڵی مەزن (دەورووبەری ١٫٥ مەتر [٤ پێ و ١١ ئینچ])[١٤]

پیانۆ گەورەترەکان کە تەلی درێژتریان ھەیە، دەنگێکی دەوڵەمەندتریان ھەیە و نایەکسانیی تەلەکان کەمترە. نایەکسانی لە تۆندا ئەوەیە کاتێک فریکوێنسییەک تیژترە لە فریکوێنسییە سەرەکییەکە، و دەنگەکان لە تۆنی دروست دەردەچن. ھۆکاری ئەمە درێژی و کورتی و ڕەقی تەلەکەیە. ئەو پیانۆیانەی تەلەکانیان کورتتر و پانترە (وەک ئەوانەی پیانۆ بچووکەکان) نایەکسانییان زیاترە. ھەتا نایەکسانیی زیاتر بێت، گوێکانی مرۆڤ زیاتر بە دەنگێکی تیژ و ناخۆش دەیبیستێت. ئەو جۆرە پیانۆیانە ستانداردەکانی تیوندانی تەلەکان دەشکێنن و دەبێت لە دەرەوەی ستانداردەکە تیون بدرێت.[٥]

ستوونی دەستکاری

 
پیانۆیەکی ستوونی ستاینوەی کە لە نیویۆرک بەرھەمھێنراوە.

پیانۆ ستوونییەکان، کە بە ئەپڕایت ناسراون لە زمانی ئینگلیزیدا، بچووکترن لەبەر ئەوەی چوارچێوە و تەلەکانی بە شێوەیەکی ستوونی داندراون و ڕێکخراون، بۆیە جێگەیەکی کەمتر داگیر دەکەن؛ ھەرچەندە ئەم ئامێرانە بە قەبارە و بەرزی جیا جیاش بەرھەم دەھێندرێن، بەڵام ئەگەر لە ڕوویەکی گشتییەوە سەیر بکرێت، بچووکترن.[١٥] پیانۆ ستوونییەکان بە گشتی ھەرزانترن لە چاو پیانۆ مەزنەکاندا. ئەم جۆرە پیانۆیە بە فراوانی لە قوتابخانەکان، پەرستگاکان، و زانکۆکان بەکاردێن، بە گشتی بۆ ڕاھێنان و وانەکانی مۆسیقا، ھەروەھا ئەم جۆرەیان بۆ ناو ماڵ و بەکارھێنانی تایبەتی شیاوتر و بەناوبانگتریشە. چەکوشەکانی ناو ئامێرەکە بە شێوەیەکی ئاسۆیی دەجووڵێنەوە و بە بەکارھێنانی ئیسپرنگ دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بە پێچەوانەی میکانزمی چەکوشەکانی پیانۆ مەزنەکان کە ھێزی کێشکردن بەکار دەھێنن. ئەو پیانۆ ستوونییانەی کە گەورەتر و درێژترن زۆرجار بە پیانۆی مەزنی ستوونی ناودەبرێن.[٥] ئەم جۆرە پیانۆیانە بە دەگمەن لە ھۆڵی نمایشکردندا دەبیندرێن. پیانۆکان کە لەسەر شێوەی پیانۆی ستوونی دروستکراون، بەڵام بچووکترن، بە سپینێت یان کۆنسۆڵ ناودەبرێن. ئەمانە ناسراون بە کەمی ھێز و دەوڵەمەندی دەنگەکانیان بە ھۆی کورتیی تەل و تەختەی دەنگەکانیانەوە. پیانۆ ستوونییەکان بە شێوەیەکی فراوان لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ بەکار دەھاتن.[١٥] لە دوای ئەم ماوەیەشەوە، ئەم چەشنە پیانۆیە ھەر لە بەرھەمھێنان بەردەوام بوو، بە پێچەوانەی زۆرینەی دیزاینەکانی ترەوە کە زوو مردن.

تەختەکلیل دەستکاری

 
تەختەکلیلی پیانۆیەکی ٨٨ کلیلدار. دۆی ناوەند بە ڕەنگی پیرەۆزەیی دیاریکراوە و لا٤٤٠یش بە زەرد؛ ھەردووکیان لە ئۆکتەیڤی چواردان

لە سەرەتاکانی دروستکردنی ئامێری پیانۆوە، کلیلەکانی بە گشتی لە کاژی شەکر دروست دەکران. لە دەیەی ٢٠١٠کانەوە، کلیلەکان بە سپرووز یان بەیسوود دروست دەکران. سپرووز بە زۆری لە پیانۆی نایابدا بەکاردێ. کلیلە ڕەشەکان سەرەتا بە ئابنووس دروست دەکران.[٥]

تەکنیک و ژەنین دەستکاری

 
پیانۆژەنێکی پراگی

وەک ھەموو ئامێرە مۆسیقییەکانی تر، پیانۆکان لە ڕێگەی مۆسیقای نووسراو یانیش بە گوێ دەژەنرێت. تەکنیکی پیانۆ لەگەڵ ھاتنە ئارای فۆرتپیانۆوە، کە دوای کلاڤیکۆرد و ھارپسیکۆرد ھات، پێشکەوت؛ ھەتاکو ئێستاش لەم پێشکەوتنە ھەر بەردەوامە. گۆڕانی چەشنەکانی مۆسیقا و حەزی خەڵکیی بۆیان بە درێژایی سەدەی ١٩ و ٢٠، لەگەڵ دەرکەوتنی ژەنیار و ھونەرمەندانی داھێنەر کاریگەریی مەزنیان کردۆتە سەر پێشکەوتن و پەرەسەندنی تەکنیکی پیانۆژەنی.[١٦][١٧][١٨][١٩][٢٠] ھەرچەندە زۆرجار تەکنیکی پیانۆژەنێک بۆ دانەیەکی تر جیاوازە و زۆرجار بە ھێنانە ژیانی بیرۆکەیەکی مۆسیقی سەیر دەکرێت، زۆرێک لە ژەنیاران و نماییشکەران ھێزە سۆزی و فیزیکییەکانی مۆسیقاژەنیی دەبەستنەوە بە یەکەوە. تەکنیکی ژەنینی ئامێری پیانۆ لە چەشنێک مۆسیقاوە بۆ دانەیەکی تر جیاوازە. بۆ نموونە، لە مۆسیقای کابەرێیی تاریکدا، پیانۆکان بە خێرایی دەژەنرێن و کەمتر پەیدانی ڕاگرتن بەکاردێت؛ لە کاتێکدا زۆربەی کات لە مۆسیقای وەک سۆڵ یان ھیمندا پیانۆکان خاوتر دەژەنرێن.

دەوری ئامێرەکە لە مۆسیقادا دەستکاری

 
لە سەدەی ١٩دا، پیانۆکان ناوەندی سەرنجی ھەموو کۆمەڵگە ڕۆژاوایییەکان بوو. لەم وێنەیەدا فرانز شوبێرت (١٧٩٧–١٨٢٨) دەبیندرێت لەکاتی پیانۆژەنی.

پیانۆکان ئامێری گرنگن لە مۆسیقا ڕۆژاوایییەکان؛ بۆ نموونە لە مۆسیقای کلاسیک، جاز، بلووز، ڕۆک، کابەرێیی تاریک، و فۆڵک، ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی دەگێڕێت؛ چەندەھا چەشنی مۆسیقای تریش ھەن کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئامێری پیانۆیان تێدا بەکاردێت. بەشێکی زۆری ئاوازدانەران و گۆرانینووسان پیانۆژەنی پێشکەوتوون، لەبەر ئەوەی تەختەکلیکی پیانۆکان ڕێگە بە تاقیکردنەوەی ئاواز و ژەنینی ئاڵۆز دەدەن. پیانۆکان بۆ نووسینەوەی گۆرانی فیلم و زنجیرە دراماکانیش ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، چونکە زۆری ئۆکتەیڤەکان ڕێگە بە گۆرانینووسەکان دەدات کە لەسەر بەیس و ئاوازەکان تاقیکردنەوە بکەن. زۆرینەی ئەو ئاوازانەی کە ئۆرکێسترا پێشکەشی دەکات سەرەتا با ئامێری پیانۆ نووسراونەتەوە، لودڤیگ ڤان بێتھۆڤن و ڤۆڵفگانگ ئەمادیوس مۆتسارتیش بەو شێوازە ئاوازەکانیان بۆ ئۆرکێستراکان نووسیوەتەوە. بەڕێوەبەرانی گرووپە مۆسیقییەکان زۆرجار خۆشیان پیانۆژەنن، چونکە پیانۆ بە ئامرازێکی ناوازە دادەنرێت بۆ فێربوون و نووسینەوەی ئاوازی نوێ، ئەوان ھەندێکجار خۆشیان لەگەڵ گرووپەکانی خۆیان نماییش دەکەن. لە لایەکی ترەوە، ئامێری مۆسیقا بە ئامێرێکی گرنگ دادەنرێت بۆ کڵاسەکانی مۆسیقا لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی تا زانکۆ و کۆلێژیش. ئەو قوتابخانانەی وانەی مۆسیقا دەخوێننەوە ژووری پیانۆ یان ژووری مۆسیقاشیان ھەیە کە بۆ مەشقکردن و نماییشکردنیش بەکاردەبرێت. لەم قوتابخانە و زانکۆیانەی وانەی مۆسیقا دەخوێندرێت، ئامێرەکە بۆ فێرکردنی تیۆری مۆسیقا و مێژووی مۆسیقا بەکاردەھێنن.

ژێدەرەکان دەستکاری

  1. ^ "پێناسەی "پیانۆ فۆرت"". Archived from the original on 27ی Januaryی 2017. Retrieved 26ی Januaryی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  2. ^ Pollens (1995, 238)
  3. ^ Scholes, Percy A.; John Owen Ward (1970). 0-19-311306-6 The Oxford Companion to Music (10th ed.). Oxford and New York: Oxford University Press. pp. lvi. {{cite book}}: Check |url= value (help) ٢٥ی شوباتی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ John Kiehl. "Hammer Time". Wolfram Demonstrations Project. Archived from the original on 10ی Aprilی 2008. Retrieved 25ی Octoberی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  5. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش ع بەشداربووانی ویکیپیدیا، «پیانۆ»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٢٦ی ١٠ی ٢٠١٧.
  6. ^ David R. Peterson (1994), "Acoustics of the hammered dulcimer, its history, and recent developments", Journal of the Acoustical Society of America 95 (5), p. 3002.
  7. ^ Pollens (1995, Ch.1)
  8. ^ Erlich, Cyril (1990). The Piano: A History. Oxford University Press, USA; Revised edition. ISBN 0-19-816171-9.
  9. ^ ئ ا ب Powers, Wendy (2003). "The Piano: The Pianofortes of Bartolomeo Cristofori (1655–1731) | Thematic Essay | Heilbrunn Timeline of Art History | The Metropolitan Museum of Art". New York: The Metropolitan Museum of Art. Archived from the original on 17ی Octoberی 2013. Retrieved 2014-01-27. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  10. ^ Palmieri, Bob & Meg (2003). The Piano: An Encyclopedia. Taylor & Francis. ISBN 978-0-415-93796-2.. "Instrument: piano et forte genandt" [was] an expression Bach also used when acting as Silbermann's agent in 1749."
  11. ^ "The Viennese Piano". Archived from the original on 15ی Novemberی 2007. Retrieved 2007-10-09. {{cite web}}: Check date values in: |archivedate= (help) ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  12. ^ Isacoff (2012, 74)
  13. ^ ئ ا Dolge (1911, 124)
  14. ^ "Different Piano Types: Concert Grand". Archived from the original on 20ی Decemberی 2016. Retrieved 25ی Octoberی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  15. ^ ئ ا "upright piano | musical instrument". Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). Archived from the original on 16ی Aprilی 2017. Retrieved 22ی Septemberی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archive-date= (help)
  16. ^ Edwin M. Ripin; et al. "Pianoforte". Grove Music Online (Oxford University Press). Retrieved 17 November 2014.
  17. ^ Matthay, Tobias (1947). The Visible and Invisible in Pianoforte Technique: Being a Digest of the Author's Technical Teachings Up to Date. London: Oxford University Press. p. 3.
  18. ^ Harrison, Sidney (1953). Piano Technique. London: I. Pitman. p. 57.
  19. ^ Fielden, Thomas (1934). The Science of Pianoforte Technique. London: Macmillan. p. 162.
  20. ^ Boulanger, Nadia. "Sayings of Great Teachers". The Piano Quarterly. Winter 1958–1959: 26.

سەرچاوەکان دەستکاری

زیاتر بخوێنەوە دەستکاری

  • بانۆوێتز, جۆزێف; ئێڵدەر، دین (1985). ڕێنیشاندەری پیانۆژەن بۆ پەیدان بەکارھێنان. بلوومینگتن: دەزگای چاپمەنی زانکۆی ئیندیانا. ISBN 0-253-34494-8.
  • کارھارت, تاد (2002) [٢٠٠١]. دووکانی پیانۆکەی لای چەپی بانکەکەوە. نیویۆرک: ڕاندم ھاوس. ISBN 0-375-75862-3.
  • ئێرلک, سیریل (1990). پیانۆکە: مێژوویەک. ئۆکسفۆرد، شانشینی یەکگرتوو: دەزگای چاپمەنی زانکۆی ئۆکسفۆرد. ISBN 978-0-19-816171-4.
  • گیۆردانۆ, نیکۆلاس جەی. (2010). فیزیکیی پیانۆ. ئۆکسفۆرد، شانشینی یەکگرتوو: دەزگای چاپمەنی زانکۆی ئۆکسفۆرد. ISBN 978-0-19-954602-2.
  • لێلی, کریستۆ (1995). Van Piano tot Forte (مێژووت پیانۆی کۆن) (بە ھۆڵەندی). کامپێن: کۆک-لیرا.{{cite book}}: CS1 maint: Unrecognized language (link)
  • لۆیسەر, ئارتر (1991) [١٩٥٤]. پیاو، ژن، و پیانۆکان: مێژوویەکی کۆمەڵایەتی. نیویۆرک: بڵاوکردنەوەکانی دۆڤەر.
  • پاراکیلاز, جەیمز (1999). ڕۆڵەکانی پیانۆ: ٣٠٠ ساڵ لە ژیان لەگەڵ پیانۆدا. نیو ھێڤن، کۆنێکتیکەت: دەزگای چاپمەنی زانکۆی یەڵ. ISBN 0-300-08055-7.
  • ڕێبلیتز, ئارتر ئەی. (1993). سێرڤسکردن، دروستکردن، و تیونکردنی پیانۆ: بۆ شارەزا، قوتابی، و ھیوایەت. ڤێستال، نیویۆرک: دەزگای چاپمەنی ڤێستال. ISBN 1-879511-03-7.
  • سکیتمەن, ڕاد (2008). پایەکانی مۆسیقا. ئیسنایکلۆپیدیای پیانۆکە. ISBN 978-987-25216-2-2. Archived from the original on 31ی Augustی 2018. Retrieved 29ی Augustی 2018. {{cite book}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  • وایت, ویلیام ئەیچ. (1909). تیۆری و تەمرینی دروستکردنی پیانۆفۆرت. نیویۆرک: ئی. ڵایمان بیڵ.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری