زەینەب خان ناسراو بە کچەکورد بە ناوی تەواوی زەینەب خانی مەلا ڕەئووف ئەفەندی خادم سوجادەی کۆیی (١٩٠٠ لە کۆیە، باشووری کوردستان - ١٩٦٣ لە ھەولێر) شاعیر، نووسەر، ڕووناکبیر و چالاکوانی کورد بوو. زەینەب خان یەکەم خاتوونی کورد بووە کە نراوەتە بەر خوێندن، ھەروەھا یەکەم ئەندامی ژنی حیزبی ھیوا بووە، لەگەڵ ئەوانەشدا یەکەم ژنەشاعیری کورد بووە کە بۆ ڕۆژی جیھانیی کرێکاران شیعری ھۆنیوەتەوە.

زەینەب خان
لەدایکبوون٢١ی ئازاری ١٩٠٠
مەرگ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩٦٣
ھۆکاری مەرگنەخۆشیی شێرپەنجە
شوێنی گۆڕھەولێر
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر
نووسەر
حیزبی سیاسیخۆیبوون
حیزبی دارکەر
حیزبی ھیوا
ھاوسەرسەعیدئاغا
خزمەکاندڵدار (برا)

ژیان دەستکاری

زەینەب خان کچی مەلا ڕەئووف و زەھوە خان نەورۆزی ساڵی ١٩٠٠ لە گەڕەکی بەفری قەندی کۆیە لەدایک بووە[١]؛ لە بنەماڵەی خادم سوجادە بووە کە بنەماڵەیەکی ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەر و ئایینی بوون. یەک خوشک و حەوت برای ھەبووە کە برا گەورەکەی ھەر لە تەمەنی منداڵیدا کۆچی دوایی کردووە، زەینەب خان خوشکی گەورە، بەخێوکەر، مامۆستا و پاڵپشتی یوونسی برای بووە. تەمەنی شەش ساڵانە بووە (١٩٠٦) کە باوکی بردوویەتی بۆ بەغدا تا لە یەکەم قوتابخانەی تایبەت بە ژنان بە ناوی ڕۆشدییە، دەست بە خوێند بکات؛ شەش ساڵان لەوێ ماوەتەوە (١٩١٢) و قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە و فێری عەرەبیش بووە؛ دواتریش باوکی چووە بەدوایدا و بردوویەتەوە بۆ کۆیە و لەوێش دەستی بە خوێندنی ئایین کردووە و چەندین پەرتووکی ئایینی و گوڵستان و بووستان و وێژەی فارسی خوێندووە و پەرەی بە عەرەبییەکەیشی داوە. زەینەب لەو ماوەیە کە لە بەغدا بووە لە ماڵە خاڵی واتە «عەبدوڵڵای خورشید ئەفەندی» ماوەتەوە. لە ھاوسێ جوویەکانیان لە کۆیە فێرە عیبریش بووە، دواتر کە شووی کردووە لە ماڵە ھاوسەرەکەی تورکیش فێر بووە[٢]؛ کەواتە جگە لە کوردی و فارسی و عیبری، عەرەبی و تورکیشی زانیوە و شارەزای ئەدەبی گەلانی تریش، بەتایبەت ڕووسی بووە. زەینەب خان دایکی چوار منداڵ بووە بە ناوەکانی:عەونی، فازل، ڕەمزی و غازی کە بە شێوەیەکی ڕووناکبیرانە و نیشتمانپەروەرانە پەروەردەی کردوون. توانیویەتی چەک بەکاربێنێت و سوارچاک و زیرەک و بەجەرگیش بووە. لە ڕۆژنامەی گەلاوێژدا لەژێر نازناوی «کچەکورد» بابەتی بڵاو کردووەتەوە. لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری حیزبەکانی دارکەر و ھیوا بووە، لەگەڵ براکەی ئاسەف و ھاوسەرەکەی ئەندامی خۆیبوون بووە. زەینب خان بەھۆی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی ئیمام محەممەد لە ھەولێر بە خاک سپێردراوە.

شیعر دەستکاری

زەینەب خان ساڵی ١٩٢٤ بۆ بۆنەی ١ی ئایار شیعری ھۆنیوەتەوە. لە شیعرەکانیدا گرینگییەکی زۆری بە پەروەردە داوە و ١١ شیعری بۆ منداڵان نووسیوە؛ ھەروەھا گرینگییەکی زۆریشی بە یەکسانی و دەستەبەربوونی مافەکانی ژنان داوە و لەناو ھۆنراوەکانیدا وشەکانی ژن و پیاو - نێر و مێی زۆر دووپات کردووەتەوە. ناوەرۆکی شیعرەکانی زیاتر نیشتمانی، ئایینی، دڵداری، وەسفی سروشت (بەتایبەت سروشتی کۆیە) و ڕەخنەیە و شیعری لەسەر پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، چوار پارچەی کوردستان، بەھار، نەورۆز، سەربەخۆیی، خەیانەت، خودا، پەیغەمبەر، پیرەمێرد، فایەق بێکەس، عەونی، سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی، قازی محەممەد، ھاتنەوەی بارزانییەکان و ھتد ھەیە. زەینەب خان شیعری کلاسیک و نوێی ھەیە و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٠–١٩٦٠ ھەوڵی ئەوەی داوە شیعری ھاوچەرخ بنووسێت. زەینەب خان لە زەمەنی خۆیدا بە شاعیر نەناسراوە و شیعرەکانیشی تا ساڵێکە چاپ بوون و لە وێژەی کوردیدا وەدیار کەوتوون. جگە لە ھۆنراوە خاوەن بەرھەمی تریشە، تەنانەت ویستوویەتی فەرھەنگێک بنووسێت، بەڵام باقیی بەرھەمەکانی ھەتاکوو ئێستا ونن و لەبەر دەستدا نین و ئەگەری ئەوەی ھەیە فەوتابن.[٣]

بەرھەمەکان دەستکاری

چاپکراوەکان دەستکاری

  • دیوانی زەینەب خان کچەکورد لە ئامادەکردنی حیکمەت حەمید مەلا ڕەئووف ئەفەندی خادم سوجادە و پێشەکی و پێداچوونەوەی عەبدوڵڵا زەنگەنە لە ٣٣٦ لاپەڕەدا (چاپخانەی ڕۆژھەڵات- ھەولێر ٢٠١٨)

پەیوەندیدارەکان دەستکاری

  • ژیاننامەی زەینەب خان لە ھۆنراوەکانیدا لە نووسین و لێکۆڵینەوەی کەمال غەمبار (٢٠٢١)
  • زەینەب خان و چەند بیرەوەرییەک لە نووسینی عوسمان ڕەشاد موفتی (چاپەمەنیی موکریان ٢٠٢٠)
  • زەینەب خان (کچەکورد) خانمەشاعیری پێشەنگ لە خەبات و کۆڵنەداندا لە نووسینی شوکرییە ڕەسووڵ (٢٠١٨)
  • زەینەب خان ئەو شاعیرە نیشتمانپەروەرەی مافی خۆی پێ نەدراوە لە نووسینی محەممەد نووری عارف.[٤]

ئەلبومی زەیبەب خان کچەکورد دەستکاری

کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ ئالبومێک کە کۆمەڵیک لە ھۆنراوەکانی دیوانی زەینەب خانی لەخۆ گرتبوو، بڵاو بۆوە. ئەم ئەلبومە ٩ تراکە و عەدنان کەریم ھەموو شیعرەکانی ھەڵبژاردووە و ئاوازی بۆ حەوتیان داناوە (دوو دانەکەی تر چیا محەممەد بۆی داناون). ئەم ئەلبومە پرۆژەیەک بووە کە لەلایەن شیرن سائیبەوە سەرپەرەشتی کراوە (ھیوا فاوندەیشن سپۆنسەری کردووە) و زانا عەزیز بەڕێوەی بردووە. عەدنان کەریم، چیا محەممەد، ڕێناس وریا، کڵپە محەممەد، کەویار ھەورامی، لاڤە واحید گۆرانییەکانیان وتووە.[٥][٦][٧][٨]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ""زەینەب خان" ناسراو بە كچە كورد كێیە؟".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ Muhammad, Shayda. "زەینەب خان – کچە کورد". www.penus.krd.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "زەینەب خان (کچە کورد)".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "زەینەب خان ئەو شاعیرە نیشتمانپەروەرەی مافی خۆی پێ نەدراوە".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)[بەستەری مردوو]
  5. ^ "ئەلبومی زەینەب خان ـ كچەكورد بڵاو كرایەوە". تۆڕی میدیایی خەڵک.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ "دوای نزیكەی 50 ساڵ، هۆنراوەكانی (زەینەب خان) بە گۆرانی بڵاو كرانەوە".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ "ئەلبوومی زەینەب خان کچە کورد بڵاو کرایەوە". www.kurdsatnews.com.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  8. ^ "هۆنراوەکانی زەینەب خان دەدرێنەوە بە گوێی گوێگراندا". JINHAGENCY News (بە سۆمالی). Retrieved 2022-07-23.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)