عەونی ناوی تەواوی عوسمان کوڕی حەبیب عەبدوڵڵایە و یەکێکە لە شاعیرەکانی نەتەوەی کورد. لە ساڵی ١٩١٤ لە گەڕەکی بەفریقەندی شاری کۆیە لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کردووە.

عوسمان عەونی

Kurdish Poet Osman Auni and Hezhar Mukryani in 1971 in Hawler .jpg
عوسمان عەونی و ھەژار موکریانی لە شاری ھەولێر لە ساڵی ١٩٧١
لەدایکبوون١٩١٤
مەرگ٢٠ی تەمووزی ١٩٩٢
شوێنی گۆڕباسکی عارەبیان
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر
ئایینئیسلام
باوان
  • حەبیب عەبدوڵڵا (باوک)

سەرەتای ژیاندەستکاری

عەونی شاعیر درەنگ چووەتە بەر خوێندن، لە ساڵی ١٩٢٧ دەستی بە خوێندن کردووە. تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە. لەو کاتەدا باوکی کۆچی دوایی کردووە لەبەر ئەرکی بەخێوکردنی خێزانەکەی ناچار بووە قوتابخانە بەجێ بھێڵێ و خەریکی بەڕێوەبردنی دوکانی باوکی و خێزانەکەی بێ. سەرەڕای ئەمەش وازی لە خۆ پێگەیاندن نەھێناوە و ھاتوچۆی حوجرەی فەقێیانی کردووە و لە مزگەوتی حەتک لە لای مەلا محەممەدی مەلا برایمی عەوداڵانی ناسراو بە "دلاوەر"ی شاعیر ھەندێ دەرسی ئایینی وەک (العقائد) و (الشرع)ی خوێندووە لەگەڵ ڕێزمانی عەرەبیدا. دوای ئەمەش بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک زمانی فارسی لەلای مەلا ئەحمەدی ڕەش خوێندووە و بە چاکی فێری زمان و ئەدەبیاتی بووە.

دوای دەست ھەڵگرتنی لە خوێندنی مزگەوتیشی ھەندێ لە برادەرە دڵسۆزەکانی وەک (میرزا عەبدولکەریم) و (محەممەد حەوێز)ی ناسراو بە حەمەڕەش کتێبەکانی خوێندنی پۆلی شەشەمیان پێ تەواو کردووە. لە ڕێگەی خۆ پێگەیاندنیشەوە جگە لە زمانی کوردی کە زمانی خۆیەتی، بە چاکی فێری زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئەدەبیاتەکەیان بووە بەھۆی چەند مامۆستایەکی کورد پەروەر و ڕۆشنبیری وەک ساڵح قەفتان و عەلی ئاگا و و عەبدوڵڵا عەزیز و ڕەمزی ڕەحیمی ناودار بە (مامەند کەرکووکی) و خالید سەعید، توانیویەتی ھەست بە مانای کوردایەتی و گیانی نەتەوایەتی بکات چونکە ئەو کوردپەروەرە بەڕێزانە دەورێکی باڵایان ھەبووە لە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی نەتەوایەتی کورد لە ناو قوتابیانی شاریی کۆیە و ھەر شارێکی دیکەی کوردستان کە مامۆستاییان تێدا کردبێت.

خەباتی ڕامیاریدەستکاری

ھەر لە سەردەمە زووەوە واتە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠کاندا عەونی چووەتە ڕیزی ھەڵگرانی مەشخەڵی کوردایەتی و چالاکانە بۆ ئەم مەبەستە تێکۆشاوە و دوای دامەزراندنی حیزبی ھیوا، لە سەرەتای ١٩٤٠کاندا بووەتە ئەندامێکی چالاکی ئەو حیزبە کوردییە تاکو زۆرتر خزمەتی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەی بکات. تا ئەو حیزبەی ھیوا لە تێکۆشاندا بووە عەونی وەک ئەندامێکی چالاک و دڵسۆز ئیشی تێداکردووە، تا لە ساڵی ١٩٤٦دا پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراوە. ئینجا کەوتووەتە پاڵی و بووەتە ئەندامێکی کارای ئەو حیزبە. لە شوباتی ١٩٦٣ عەونی وەکو زۆربەی خوێندەوار و ڕۆشنبیری کورد تووشی بەندیخانە بوو، ھەروەھا لە ساڵی ١٩٦٥ ماوەی حەوت مانگ لە گرتووخانەی ھەولێر دەستبەسەر بوو.

ھۆنراوەکاندەستکاری

عەونی لە ھۆنراوەکانی جوان دەردەکەوێت کە باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان ھەبووە:

ھەر لە ڕێبازی خەباتا پیری ئیرشادم دەوێ من گەلێکی سەربەخۆ و سەربەست و ئازادم دەوێ
سەرگوزەشتەی قەیس و لەیلا باس مەکە بۆ من ڕەقیب داستانی زین و مەم، شیرین و فەرھادم دەوێ
شۆڕشی شێخی حەفید و شێخی پیران شێخ سەعید بارەگای سمکۆی شکاک، قازی مەھابادم دەوێ

لە ھۆنراوەیەکی دیکە دا دەڵێت:

ئەسلەحەی جەنگی دەبەستم پاسی کوردستان دەکەم قەتلووعامی حاکمانی تورکیە و ئیران دەکەم
من لە ڕێگای سەربەخۆیی خاک و ڕزگاری گەلم گیانی خۆم و قەوم و خوێشانم ھەموو قوربان دەکەم

عەونی لە ھۆنراوەیەکدا شین بۆ قازی محەممەد دەگێڕێت و دەڵێ:

شەوێکی پڕ تاسە و خەم بوو
لە کوردستانا ماتەم بوو
شین بوو ڕۆڕۆ بوو فریاد بوو
بۆ پێشەوای مەھاباد بوو
لە مێژووی کورد دا ئەو شەوە
ھەتا ئەبەد ناسڕێتەوە
کورد ناترسێنێ سێدارە
کرداری دەستی زۆردارە

ھەروەھا لە ھۆنراوەیەکدا باس لە خەباتی کوردایەتی دەکات و دەڵێ:

دوژمنی بەدکاری من ھەرچی بکەی لێت ناگرم پێت دەڵێم من تاکوو ئێستا ماوم و قەت نامرم
ھەرچی پێت دەکرێ لەگەڵ من بیکە ھیچ سوودی نییە ئەو پڕۆژەی خۆم مەبەستمە دەستی لێ ھەڵناگرم
وەک ھەڵۆ لانەم لە کێوێکی بڵند ھەڵبەستوە چەندی بەردم تێگرن تازە بەکەس ھەڵنافرم
تێگەیشتم چەند ھەڵەم کرد و فریم خواردبوو تۆبە بێ تۆبە ئیتر دەستی برای خۆم نابڕم

معەونی لەم ھۆنراوەیەدا، بە زمانی شاعیرانە قسەی دڵی خۆی دەکا و قامک لەسەر چەند شتی بنەڕەتیی دادەنێت: پشت بە دوژمن نەبەستن، دەست لە ئامانجی سەرەکی میللەتەکەی واتە سەربەخۆیی و ئیستقلال ھەڵنەگرتن بەجێنەھێشتنی خاک و نیشتمان و درێژەدانی خەبات و ھەروەھا یەکیەتیی و تەبایی لەگەڵ یەکتر و پشتی یەکگرتن و تۆبە لە شەڕی براکوژی.

بەرھەمەکاندەستکاری

  • دیوانی عەونی (بەرگی یەکەم)
  • دیوانی عەونی (بەرگی دووەم)

مردندەستکاری

عەونی دوا ساڵانی ژیانی بەنەخۆشی بردووەتە سەر، تا لە ڕۆژی ٢٠ی تەمووزی ١٩٩٢ لە کۆیە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی باسکی عارەبیان بەخاک سپێردراوە.

سەرچاوەکاندەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری