کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان

(لە جینۆسایدی ئەرمەنەکانەوە ڕەوانە کراوە)

کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان (بەئەرمەنی: Հայոց ցեղասպանություն) ڕووداوی مێژوویی کوشتنی خەڵکی ئەرمەنی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دەوترێت کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٥–١٩١٧ بۆ مەبەستی لە ناو بردن و سڕینەوەی ئەرمەنییەکان ڕووی دا.[١] بەپێی بەراوەردەکان نزیک یەک تا یەک و نیو میلیۆن کەس لە خەڵکی ئەرمەنی بە دەستی سپای عوسمانی و عەشیرەتە ھاوپەیمانەکانی کوژراون.[٢]

دەستبەسەرکراوانی ئەرمەنی لە لایەن سوپای عوسمانیەوە

شێوەی کۆمەڵکوژی

دەستکاری

لە ساڵی ١٩١٥ دا و لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانییەکاندا و بەپێی پلانەکانی ئەنوەر پاشا، تەلعەت پاشا و جەمال پاشا و تەشیکلاتی مەخسووسەی عوسمانییەکان (دەزگای ھەواڵگریی عوسمانییەکان) و سوپای حەمدییە لە شارەکانی ئیستەنبول، یوزگات، ئەنقەرە، قەیسەری، موغڵا، وان، سێواس، بدلیس، موش، ئەدەنە، ترابزۆن، ھاتای، ئیزمیر، ئەفیون، ئیزمیت، ئەسکی شەھیر، مانیسا، کاستامۆن و زیاتر لە ٥٠ شار و ناوچەی تری ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەک میلیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئەرمەنی کۆمەڵکوژکراون و نزیکەی ٥٠٠ ھەزار ئەرمەنیی تریش لە شوێن و ماڵی حاڵی خۆیان بۆ ناوچە دوورە دەستەکانی وەک دێرزور و بیابانەکانی ناوەڕاستی سوریا ڕاگوێزران.[٣]

بەپێی مێژوونووسان، لێکۆڵەران و ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی توێژینەوە لە بارەی جینۆسایدەوە (IAGS)، زیاتر لە یەک میلیۆن ئەرمەنی بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو کۆمەڵکوژکراون، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، لە ماوەی جەنگی جیھانی یەکەمدا و بەھۆی جەنگەوە ٣٠٠ ھەزار تاوەکو ٥٠٠ ھەزار ئەرمەنی و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار تورکیش ژیانی خۆیان لەدەستداوە. ئەو ئامار و زانیارییانەی حکومەتی تورکیا لەلایەن ناوەندە سەربەخۆ و بێلایەنەکانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، چونکە زۆربەی تورکە کوژراوەکان سەرباز بوون نەک ھاووڵاتیی مەدەن و ژن و منداڵ و ھەروەھا ھیچ ھاووڵاتییەکی تورکیش لە شوێن و ماڵ و حاڵی خۆی ڕانەگوێزرابوو.[٣]

ناساندن وەک جێنۆساید

دەستکاری

بە ئەڵمانیاوە تا ئێستا ٢٤ وڵات کوشتار و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان لەلایەن حکومەتی عوسمانییەوە بە جینۆسیاد ناساندووە. جگە لەو ٢٤ وڵاتە ئەنجومەنی ئەورووپا و پەرلەمانی ئەوروپاش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید قبوڵکردووە.[٣]

جگە لەوەی لە ٤٢ ویلایەتی ئەمریکادا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بە جینۆساید ناسراوە، ئیدارەی ئەمریکاش لە بریی دەستەواژەی جینۆساید، ئەوەی بەسەر ئەرمەنییەکاندا ھاتووە و بە زمانی ئەرمەنی دەڵێت " Meds Yeghern" کە بە مانای کارەساتی گەورەیە.[٣]

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٥ لە ئۆرۆگوای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بە جینۆساید قبوڵ کرا.[٣]

ئەو وڵاتانەی تا ئێستا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید قبوڵکردووە بریتین لە:[٣]

  1. ئۆرۆگوای ساڵی ١٩٦٥
  2. قوبرس ساڵی ١٩٨٢
  3. ئەرجەنتین ساڵی ١٩٩٣
  4. ڕووسیا ساڵی ١٩٩٥
  5. کەنەدا ساڵی ١٩٩٦
  6. یۆنان ساڵی ١٩٩٦
  7. لوبنان ساڵی ١٩٩٧
  8. بەلجیکا ساڵی ١٩٩٨
  9. سوید ٢٠٠٠
  10. ئیتالیا ٢٠٠٠
  11. ڤاتیکان ٢٠٠٠
  12. فەڕەنسا ٢٠٠١
  13. سویسرا ٢٠٠٣
  14. سلۆڤاکیا ٢٠٠٤
  15. ھۆڵەندا ٢٠٠٤
  16. ڤەنزوێلا ٢٠٠٥
  17. لیتڤانیا ٢٠٠٥
  18. پۆلۆنیا ٢٠٠٥
  19. چیلی ٢٠٠٧
  20. بۆلیڤیا ٢٠١٤
  21. کۆماری چیک ٢٠١٥
  22. نەمسا ٢٠١٥
  23. سوریا ٢٠١٥
  24. ئەڵمانیا ٢ی حوزەیرانی ٢٠١٦

سەرچاوەکان

دەستکاری