دەوڵەتی ئەییووبی

دەوڵەتێکی کوردی بوو
(لە ئەییووبیانەوە ڕەوانە کراوە)

ئەییووبیەکان یان ئەیوبیەکان، دەوڵەتی ئەییووبی، دەوڵەتی ئەیووبیەکان، فەرمانڕەوایەکی کوردی[٦][٧][٨][٩][١٠][١١][٢][١٢] سوننە موسڵمان بوون،[٤] ئەگەڕێنەوە سەر تیرەی ڕەوەندی کە سەر بە ھۆزی ھەزەبانی بوون، لەلایەن سوڵتان سەڵاحەدین ئەییووبی دامەزرێندرا لە میسڕ، ئەییووبیەکان لە کۆتایەکانی سەدەی ١٢ تاکو ناوەڕاستی سەدەی ١٣ فەرمانڕەوایەتی شام و حیجاز و یەمەن و تونس و بەشێکی مەغریب و میسڕو بەشێکی کوردستان و باکووری میزۆپۆتامیایان دەکرد. سەڵاحەدین یەکەمجار بوو بە وەزیری فاتمیەکان لە ١١٦٩، پێش ئەوەی کۆتای بە خەلافەتی فاتمی بێنێ لە ١١٧١. لە دوای تێپەڕ بوونی سێ ساڵ کە گەورەی سەڵاحەدین سوڵتان نورەدین زەنگی فەرمانڕەوای زەنگیەکان لە شام کۆچی دوای کرد لە ١١٧٤ سەڵاحەدین ناسناوی سوڵتانی لەخۆ نا. لە چەند دەساڵانی دواتر ئەییووبیەکان دەسەڵاتیان فراوان دەکەن وە تاکو ١١٨٣، ئەییووبیەکان دەست دەگرن بە نوبیاو(باکووری سودانی ئێستا) حجاز و یەمەن و تاکو تونس وە دەست بەسەر ھەموو ئەو ناوچانە دەگرن کە پێشتر لە ژێر فەرمانڕەوای زەنگیەکان دا بوو کە شام و سوریاو باکووری میزۆپۆتامیاو بەشێکی بەرفراوانی کوردستان. وە لە ١١٨٧ توانیان دەست بەسەر چەند شارێک لە شام بگرن کە لە ژێر دەستی شانشینی و میرنشینە خاچ ھەڵگرەکان دا بوون، بەتایبەتی شانشینی ئوروشەلیم وە کۆتایان بە فەرمانڕەوای خاچدروشمەکان ھێنا لە قودس، بەڵام خاچدروشمەکان توانیان دەست بەسەر چەند شارێک بگرنەوە بەڵام نەیان توانی دەست بەسەر قودسدا بگرنەوە لە ١١٩٠کان.

دولة الأيوبية الکردية
«دەوڵەتی ئەییووبی کوردی»[١][٢]
دولة الأکراد«دەوڵەتی کوردان»[٣][٢]
١١٧١–١٢٦٠/١٣٤٠/١٥٢٤

ئاڵا (دەرفەش) ئەییووبەکان

شوێنی دەوڵەتی ئەییووبی
سوڵتانشینی ئەییووبی (بە ڕەنگی پەمەیی) لە کاتی مردنی سەلاحەدین لە ساڵی ١١٩٣
پایتەخت قاهیرە (١١٧١-١١٧٤؛ ١٢١٨-١٢٥٠)

دیمەشق (١١٧٤-١٢١٨) حەلەب (١٢٥٠-١٢٦٠) حەمە (تا ساڵی ١٣٤١) حەسەنکەیفا (تا ساڵی ١٥٢٣)

زمان(ەکان)
ئایین ئیسلام
حکوومەت شانشینی دەرەبەگایەتی
سوڵتانی میسڕ و شام
 - ١١٧١-١١٩٣ سەڵاحەدینی ئەییووبی(دامەزرێنەر)
 - ١٢٥٠-١٢٦٠ ناسڕ یوسف (کۆتا)
مێژوو
 - دامەزراندن ١١٧١
 - دەستبەسەرداگرتنی ئیمپڕاتۆریەتی مەغۆل ١٢٦٠/١٣٤٠/١٥٢٤
دراو دینار

لەدوای مردنی سەڵاحەدینی ئەییووبی لە ١١٩٣ز، کوڕەکانی و کەس و کاری جەنگیان دژی یەک بەرپا کرد بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی سەنتاسەری. لە کۆتایدا، براکەی سەڵاحەدینی ئەییووبی عادلی یەکەم لە ساڵی ١٢٠٠ز توانی سەرکەوێت. کە هەموو ئەیووبیەکانی سوڵتانی میسڕ نەوەی عادلی یەکەم بوون. لە ساڵانی ١٢٣٠یەکان، میرەکانی ئەییووبی لە شام سەربەخۆی خۆیان بەدەست هێنا لەدەست فەرمانڕەوای ئەییووبیەکانی میسڕ. ئەم دابەش بوونە بەردەوام بوو تا هاتنی سوڵتان ساڵح ئەیوب ناسراو بە ئەبو فتوح بۆ دەسەڵات لە ١٢٣٩ز، کە توانی هەموو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەییووبیەکان بهێنێتەوە ژێر فەرمانڕەوای یەک دەسەڵات. لە ساڵی ١٢٤٩ز، سوڵتان ساڵح دەمرێت وە توڕان شای کوڕی بۆ ماوەی چەند مانگێک دەبێتە سوڵتانی میسڕ کە لە ١٢٥٠ز لەلایەن مەمالیکەکان تیرۆر دەکرێت. کۆتا فەرمانڕەوای ئەییووبیەکان بە ناوی ناسڕ یوسف لە ساڵی ١٢٦٠ بەدەستی مەغۆلەکان دەکوژرێت، بەمەش کۆتای بە دەسەڵاتی ئەیووبیەکان هێنا وەکو هێزی مەزنی ناوچەکە.

ناوی دەوڵەت

دەستکاری

مێژوونووسانی چاخ ناوەڕاستی عەرەبی وەک ئیبن ئیلیاس، خەجرەجی، مەقریزی، ئیبن تەغریبیردی و بن خەلدون ئاماژەیان بە بنەماڵەی ئەیوبیەکان کردووە بە 'دەوڵەتی کورد' یان 'ڕژێمی کورد' 'شا/شانشینی کورد'، یان 'دەوڵەتی ئەیوبی کوردی' لە نووسینی تەقی الدین السبکی (بە عەرەبی: دولة الأکراد، ملوک الأکراد، الدولة الأيوبية الکردية).[١٣][١٤][١٠][٢][١٥][١٦][١٧][١٢]

دامەزرێنەری خێزانی ئەییووبی، نەجمەدین ئەییووب سەرکردەیەکی سەربازی بوو لە ناو زەنگیەکان کە خیزانەکەی لە ئەرمینیاوە ھاتبوون، وسەرەتا بوو بە والی تکریت پاشان والی دیمەشق، لە دواتردا براکەی ئەسەدەدین شێرکۆ و سەڵاحەدینی ئەییووبی کوڕی بوونە سەرکردەی فاتمیەکان.

ئەم خێزانە سەر بە ھۆزێکی کوردە، یەکێکە لە ناودارترینی ھۆزە کوردیەکان لە ڕووی ڕەچەڵەکەوە، ئەم ھۆزەش بە ڕەوادی ناسراون. لە شارۆچکەی دوینی سەر سنوری ئازەربایجان لە نزیک شاری تفلیسی ئەرمەنیەوە ھاتوون و ئەیوبیەکان دەدرێنە پاڵ ئەیوبی کوڕی شادی.

شادی باپیرە گەورەیان ھەندێک پۆستی کارگێڕی لە قەڵای تکریتدا پێ سپێردرا کە لەو کاتەدا موڵکی بەھرۆزی خزمەتگوزاری سوڵتانی سەلجوقی محەمەدی کوڕی مەلیکشاە بوو، شادی لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا نەجمەدین ئەیوب و ئەسەدەدین شێرکۆدا گواستیەوە بۆی و پلە بە پلە بە پۆستە کارگێڕیەکاندا سەرکەوت تا پۆستی شحنە (پۆلیسی) وەرگرت و کاتێک کۆچی دوایی کرد نەجمەدین ئەیوب بووە جێ نشینی و بە ھۆی جوامێری و دەستپاکیەوە سوڵتانی سەلجوقی قەڵای تکریتی پێ سپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. ھەروەک ئەسەدەدین شێرکۆی مامی سەڵاحەدین لە پێشەوەی ئەمیرەکاندا بوو لای سەلجوقیەکان و ناوچەیەکی بەرفراوانیان بۆ تەرخانکردبوو لە تکریت و دەوروبەریدا.

دامەزراندنی دەوڵەت

دەستکاری

مێژووی دامەزراندن

دەستکاری
 
دیواری ئەیووبی لە پارکی ئەزھەر، قاھیرە

مێژوو نوسان جیاوازن لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی، ھەندێک لەو کاتەوە دایدەنێن کە سەلاحەدین وەزارەتی گرتە دەست لە خەلافەتی فاتیمیدا ساڵی ١١٦٩ز و ھەندێک ئەیگەڕێننەوە بۆ گەڕاندنەوەی وتاری ھەینی بۆ خەلیفەی عەبباسی لە قاھیرەدا کە مردنی خەلیفە عازید لیدینڵڵا و کۆتایی دەوڵەتی فاتیمی بە دواداھات لە ساڵی ١١٧١ز، لەگەل ئەوەی دەسەڵاتی سەڵاحەدین لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە وەزارەتی گرتە دەست کە ھەناوێک بوو بۆ دەستگرتن بەسەر فاتیمیەکاندا، بەڵام وەک شەرعیەت ھەر سەر بە دەسەڵاتی نورەدین زەنگی بوو ھەتا نورەدین وەفاتی کرد ساڵی ١١٧٤ز، لەبەر ئەوە ئەم ساڵە بە ساڵی ڕاست دادەنرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی، کە خەلیفەی عەبباسی موستەئزی بیلا دانی پیانا لە ساڵی ١١٧٥ز.

بۆ درێژەی چوونی ناوەوەی ئەیوبیەکان بۆ میسر و دمەزراندنی دەوڵەتەکەیان سەیری وتاری سەڵاحەدینی ئەیوبی بکە.

ناکۆکی و کێشەکان زیادیان کرد لە میسر، و سەرکردەکانی سوپا پلەی وەزیریانیان وەرئەگرت، بۆ وەرگرتنی ئەم پایەیە ڕکەبەر کەوتە نێوان دوو لە سەرکردە فاتیمیەکان (شاور و زڕغام)، شاور پایەکەی وەرگرت و پاشان زڕغام توانی لایبات و خۆی لە شوێنەکەی دابنیشێت، شاور ڕایکرد بۆ دیمەشق پەنای بردە بەر نورەدین زەنگی تا بیگەڕێنێتەوە بۆ پایەکەی، لە ھەمان کاتدا زڕغام داوای یارمەتی لە عەموری خاچھەڵگر کرد لە قودس.

ھەریەک لە نورەدین زەنگی و عەموری بە دەم داواکانەوە ھاتن، نورەدین زەنگی سوپایەکی بە سەرکردایەتی ئەسەدەدین شێرکۆ و سەڵاحەدینی ئەیوبی نارد لە سالی ١١٦٤ز، و خاچھەڵگرەکان بە سەرکردایەتی عەموری ئامادەبوون بۆ چوونە میسر، ودوای چەند ھەڵمەتێک سوپاکەی نورەدین زەنگی خاچھەڵگرەکانیان شکاند، و دەستیان گرت بەسەر ھەردوو وەزیرە ڕکەبەرەکەدا و ئەسەدەدین شێرکۆ پایەی وەزیری وەرگرت لە ساڵی ١١٦٩ز.

ئەسەدەدین وەک فەرمانڕەوایەکی تەواو بوو بەسەر میسرەوە دوای ئەوەی خەلیفەی فاتیمی عازید کردی بە وەزیر، شێرکۆ زۆر لێھاتوو بوو لە فەرمانڕەواییدا، و لە ماوەیەکی کەمدا توانی دەست بەسەر کاروبارەکاندا بگرێت، و نزیکەی سێ مانگ لەو پایەدا بوو کاتێک کۆچی دوایی کرد و سەڵاحەدینی برازای شوێنی گرتەوە.

و سەڵاحەدین سەندنی خەلافەتی لە فاتیمیەکان تەواوکرد کە دەوڵەتەکەیان لە داڕماندا بوو، و سەڵاحەدین سەرکەوتوو بوو لە بەرەنگاربوونەوەی ھەڵمەتی خاچھەڵگرەکان ساڵی ١١٦٩ لە دوای مردنی شێرکۆ، و سەڵاحەدین حاکمی تەواو بوو لە میسر، بەمەش پایەکانی دەوڵەتی ئەیوبی دامەزرا لەگەڵ ئەوەی سەڵاحەدین تا ئەو کاتە لە خزمەتی نورەدین زەنگی ئیشی ئەکرد و سەر بەو بوو.

دیمەشق

دەستکاری

لە دوای مردنی نورەدین زەنگی و ڕاکردنی کوڕەکەی (ساڵح ئیسماعیل) ی مناڵ بۆ حەلەب، سەڵاحەدین گەڕایەوە دیمەشق، و لە سەڵەکانی دواتردا سەڵاحەدین دەسەڵاتی فراوان کرد بەسەر ھەرێمەکانی شامدا، ھاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی خاچھەڵگرەکان، کە بەسەریاندا سەرئەکەوت لە ڕووبەڕوونەوەکاندا.

دوای ئەوەی دەسەڵاتی لە دیمەشق جێگیر بوو، سوڕایەوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی خاچھەڵگرەکان و لە جەنگدا بوو لەگەڵیان تا کۆچی دواای کرد، و گەورەترین سەرکەوتنی بە سەریاندا فەتحی قودس بوو لە ٢ تشرینی دووەمی ١١٨٧ز لە دوای شەڕی حەتین.

کاتێک ئەسەدەدین شێرکۆ دەرچوو بەرەو باشوور بەلای دەریای سووردا دەسەڵاتی خۆی فراوان کرد بەسەر یەمەندا و خستیە ژێر دەسەڵاتیانەوە.

دوای سەڵاحەدین

دەستکاری
 
نەخشەی ئیمپراتۆریەتیی ئەییووبییەکان و ئیمپراتۆریەتەکانی دەوروبەری سەدەی ١٢.

لە پێش وەفاتکردنی سەڵاحەدین ئیمپڕاتۆریەتەکەی بەش کرد لە نێوان کوڕەکانی ھۆزەکەیدا؛ عادلی برای حوکمی جەزیرە و ڕۆژھەڵاتی ئوردنی ئەکرد، و توغتەکینی برای لە یەمەن بوو و کوڕی براکانی لە بەعلبەک و حەما و کوڕەکانی شێرکۆ لە حومس.

و لە دوای وەفاتی سەڵاحەدین شانشینەکەی بەش کرد لە نێوان ھەر سێ کوڕەکەیدا، کوڕە گەورەکەی (ئەفزەڵ) دیمەشقی گرتە دەست کە ئەبوایە سوڵتان بوایە بەسەر ناوچەکانی ترەوە چونکە لە دیمەشق بارەگای سەڵاحەدین و ناوەندی دەوڵەت ھەبوو، و ھەروەھا عەزیز میسری وەرگرت و زاھیر حەلەب. ناکۆکی کەوت نێوان کوڕەکانی سەڵاحەدینەوە عەزیز و زاھیر دانیان نەئەنا بە حوکمی ئەفزەڵی برایاندا، لەم میانەیەشدا والیەکانی باکور وەک زەنگیەکان و ئەرتەقیەکان سەربەخۆیی خۆیان گەڕاندەوە، و عادل توانی ھەوڵەکانیان لەناو بەرێت.

لەم کاتانەدا نێوان ئەفزەڵ و عەزیز گەیشتە داڕوخان، و عادل چەند جارێک ھەوڵیدا ڕیکیان بخات بەڵام لە دوا جاردا عادل لایبردن و خۆی دەسەڵاتی گرتە دەست، و جارێکی تر دەوڵەتی ئەیوبی یەک خستەوە و دیمەشقی کرد بە پایتەختی.

دوای عادل

دەستکاری

لە دوای مردنی عادل لە ساڵی ١٢١٨دا ھەمان ڕووداوەکانی پێشوو دووبارە بوونەوە، و جارێکی تر دووبارەبوویەوە لە دوای مردنی کامل ناسڕەدین کوڕی عادل لە ساڵی ١٢٣٨ز، بەڵام دەوڵەتی ئەیوبی بە گشتی مایەوە تا کوژرانی (توران شا) دوایین سولتانی ئەیوبیەکان لە میسر ساڵی ١٢٥٠ و دەوڵەتی مەمالیکەکان لە جێگەی دامەزرا.

خانەکانی مەغۆل دەستیان گرت بەسەر ئەیوبیەکاندا لە دیمەشق و حەلەب ساڵی ١٢٦٠، بەڵام دوای ئەوەی مەمالیک مەغۆلیان شکاند لە شەڕی عەین جالوتدا و حوکمی ئەیوبیەکانیان وەرگرت لە حومس ساڵی ١٢٦٢ز، و لقی ئەیوبیەکان لە حەمما بەردەوام بوو تا ساڵی ١٣٤٤ز و سوریا و میسر لە ژیر حوکمی مەمالیکدا بوون.

ھەروەک لقێکی سەربەخۆی ئەیوبیەکان ھەبوو لە یەمەن و ھەروەھا لە دیاربەکر.

شێوازی فەرمانڕەوای

دەستکاری
 
پارێزگاری ڕابا (الرحبة). مەقاماتی حەریری بەغدا (١٢٣٧). سمێڵ و ڕیشی سۆر ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو بێگانەیە لەو خاکەی کە فەرمانڕەوای ئەکاتن.[١٨]

سەلاحەدین سیستەمی ئیقتاعی دامەزراند کە تا کۆتایی دەسەڵاتی ئەیوبیەکان و مەمالیکەکان بەکار دەهات. سیستەمی ئیقتاع (بە عەرەبی: إقطاع) ی ئەیوبیەکان لە سیستەمی سەلجوکەکانەوە وەرگیرابوو، بەڵام زیاتر ناوەندی بوو. خاوەن زەوی (بە عەرەبی: صاحب اقطاع) ئەیوبی دوو جۆری جیاوازی زەوی هەبوو: زەویەکی تایبەت (بە عەرەبی: خاصة)، بۆ ئابووری و پێداویستی تایبەت بەخۆی، و یەکێکی دیکە بە ناوی ئیقتاع، بۆ دابینکردنی پێداویستی لەشکرەکانی. دەرەبەگایەتی ئەیوبی لە میسر جیاواز بوو لە سیستەمی دەرەبەگایەتی لە بەشەکانی تری ژێر فەرمانڕەوایی سوڵتانشینی ئەیوبی (شام و جەزیرە و بلاد الأکراد)، چونکە دەرەبەگەکانی ئەیوبی لە سوریا و ناوچەکانی تر، دەسەڵات و سەربەخۆیی زیاتریان هەبوو لە دەرەبەگەکانی میسڕ.[١٩] ئیقتاع بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ئەندامانی خانەدانی ئەیوبی، کورد یان مەملوکەکانەوە بەڕێوەدەبرا. دەرەبەگە کوردەکان لە چوار هۆز پێکهاتبوون، کە بریتی بوون لە هەکاری، حومەیدییە، میهرانییە و زەرزارییە. بەڵام لە سەردەمی ساڵح ئەیوبدا، قەیمەرەکان بوون بە هۆزی باڵادەستی کورد لەناو چینی دەسەڵاتی ئەیوبیدا.[٢٠]

سەربازی

دەستکاری

شێوازی پلەداری

دەستکاری

زۆر شت نازانرێت دەربارەی ئەوەی کە ئەییووبیەکان چۆن پلەبەندی یەکینەی ئەفسەرەکانیان دەکرد. لەوانەیە ئەو نازناوە سوپاییانە وەک ئەمیر، ئەمیر کەبیر، سوپاسالار و ئەمیر سوپاسالار کە لە نووسراوەکانی سەر ھەندێک بینای ئەییووبیدا دەردەکەون، ڕەنگە ئاماژە بە پلەی جیاوازی سوپا بکەن.[٢١]

پێکھاتەی سوپا

دەستکاری

لە بنەڕەتدا، سوپای سەڵاحەدین کە لە سوپای نورەدین پێگەیشت بە شێوەیەکی سەرەکی سەربازانی کوردو تورک پێکھاتبوو، شانبەشانی ھەندێک لە پاشماوەی سوپای فاتمی و یەکینەی ھۆزە عەرەبەکان. کورد یەک لەسەر سێی سوپای سەلاحەدینی پێکدەھێنا، زۆرتر لە یەکەیەکی ھۆز و فەیلەقدا ڕێکخرابوو، وەک ھەکارییە (مەزنترین و بەھێزترین)، مەھرانییە (تیرەیەکی ھۆزی ھەزەبانی)، حومەیدییە و زرزارییە.[٤] لە ساڵی ١١٨١، سوپای میسری سەلاحەدین لە ١١١ ئەمیرو ٦٩٧٦ تەواشی پێکھاتبوو (ئەسپسوار) و ١١٥٣ قەرەغولام (ئەسپسواری پلە دوو). جگە لە بەشداری باڵادەستی میسر، ھەر شارێک لە سوریا و شام و جەزیرە چەند یەکینەیەکی سوپای لەخۆ دەگرت بەپێی داھاتی ناوچەکە، کە لەلایەن سەلاحەدینەوە سوپاکە کۆدەکراوە لەکاتی پێویست. کۆی گشتی مەزەندەکراو ١٦,٠٠٠ سوارەی ئاسایی ڕاستەوخۆ کەوتبوونە ژێر فەرماندەیی سەلاحەدین، جگە لە ٤,٠٠٠ لەشکر کە دەوڵەتی ئەتابەگی موسڵ و میرنشینەکانی تری زەنگی دابینیان دەکرد. ھەر ئەو سوپایە بوو، کە بە ١٢,٠٠٠ ئەسپسوار سەڵاحەدین توانی بەسەر خاچپەرستەکان سەرکەوێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی حەتین و نەبەردیەکانی دواتردا. سوپای ئەیوبیەکان ھێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەربازی لەدایکبووی ئازاد پێکھاتبوو، ھەرچەندە سوڵتان و شازادە و ئەمیرەکان دەستەی تایبەتی مەملوکی (سەربازی بەند) تایبەت بەخۆیان ھەبوو.[٢٢] بۆ نموونە بریتی بوون لە اسدية (سەر بە ئەسەدەدین شێرکۆ بوو)، الصلاحية (سەر بە سەلاحەدین)، العادلية (سەر بە عادلی یەکەم)، الکاملية (سەر بە کاملی یەکەم)، و ئەوانی تر. نەبوونی یەکڕیزی و ڕکابەریی نێوان یەکینەکانی سوپا، وایکرد لە کۆتاییدا سوپای ئەیوبی لاوازبێت.[٢٣] جگە لەوەش، ڕەنگە چەند شوێنەواری دوژمنایەتی نەتەوەیی لە نێوان کورددا ھەبووبێت، کە ئازاد لەدایکبوون، و تورک کە بە گشتی یەکینەی مەملوکیان پێکدەھێنا. ھەرچەندە سوپاکە بە مووچەی مانگانە کە پێی دەگوترا جەمەکییە دەدرا، بەڵام زۆرجار ئەمیرەکان لەلایەن سوڵتان یان فەرمانڕەواکانی دیکەوە ئیقتاعیان پێدەسپێردرا؛ داھاتی ئەم زەویانە پێویست بوو ژمارەیەکی دیاریکراو لە سوارچاکە تەواو ئامێرییەکان و ڕاھێنراوەکان دابین بکەن لەسەر بانگەوازی فەرمانڕەواکان بۆ جەنگ.[٢١]

پێشانگا

دەستکاری

لیستی سوڵتانەکان

دەستکاری
ڕیزبەندی فەرمانڕەوا ماوەی حوکمی
١ سەڵاحەدینی ئەیوبی ١١٧٤–١١٩٢
٢ عەزیز کوڕی سەڵاحەدین ١١٩٢–١١٩٨
٣ مەنسوڕ ناسڕەدین کوری عەزی ١١٩٨–١٢٠٠
٤ عادل سەیفەدین ئەبوبەکر ١٢٠٠–١٢١٨
٥ کامل ناسڕەدین محەممەد ١٢١٨–١٢٣٨
٦ عادل سەیفەدین کوڕی کامل ١٢٣٨–١٢٤٠
٧ ساڵح نەجمەدین ئەیوب ١٢٤٠–١٢٤٩
٨ موعزەم توران شا کوڕی ساڵح ١٢٤٩–١٢٥٠
٩ عیسەت دین ئوم خەلیل (شجرە الدر) ١٢٥٠–١٢٥٠

ئەییوبییەکانی ناوچەکان

دەستکاری

؛ئەیوبیەکانی دیمەشق

  • سەڵاحەدینی ئەیوبی ١١٧٤–١١٩٣
  • ئەفزەڵ ١١٩٣–١١٩٦
  • عادلی یەکەم ١١٩٦–١٢١٨
  • موعزەم ١٢١٨–١٢٢٧
  • ناسڕ داوود ١٢٢٧–١٢٢٩
  • ئەشرەف ١٢٢٩–١٢٣٧
  • ساڵح ئیسماعیل ١٢٣٧–١٢٣٨
  • کامل ١٢٣٨–١٢٣٩
  • عادلی دووەم ١٢٣٨–١٢٣٩
  • ساڵح ئەیوب ١٢٣٩–١٢٤٥
  • ساڵح ئیسماعیل ١٢٣٩–١٢٤٥
  • ساڵح ئەیوب ١٢٤٥–١٢٤٩
  • توران شا ١٢٤٩–١٢٥٠
  • ناسڕ یوسف ١٢٥٠–١٢٥٢

؛ئەیوبیەکانی حەلەب

  • سلاحەدینی ئەیوبی ١١٨٣–١١٩٣
  • زاھیر غازی کوڕی سەلاحەدین ١١٩٣–١٢١٦
  • عەزیز لە حەلەب ١٢١٦–١٢٣٦
  • ناسڕ یوسف ١٢٣٦–١٢٦٠

؛ئەیووبیەکانی حومس

  • قاھر ١١٧٨–١١٨٦
  • موجاھید ١١٨٦–١٢٤٠
  • مەنسوڕ ١٢٤٠–١٢٤٦
  • ئەشرەف ١٢٤٨–١٢٦٣

؛ئەیوبیەکانی سنجار

  • ئەشرەف ١٢٢٠–١٢٢٩

؛ئەیوبیەکانی حەما

  • موزەفەڕی یەکەم ١١٧٨–١١٩١
  • مەنسوڕی یەکەم ١١٩١–١٢٢١
  • ناسڕ ١٢٢١–١٢٢٩
  • موزەفەڕی دووەم ١٢٢٩–١٢٤٤
  • مەنسوری دووەم ١٢٤٤–١٢٨٤
  • موزەفەڕی سێیەم ١٢٨٤–١٣٠٠
  • مووەیەد ١٣١٠–١٣٣١
  • ئەفزەڵ ١٣٣١–١٣٤٢

؛ئەیوبیەکان لە کرک

  • ناسڕ داوود ١٢٢٩–١٢٤٩
  • موغلەب ١٢٤٩–١٢٦٣

؛ئەیوبیەکانی میافارقین

  • سەلاحەدین ١١٨٥–١١٩٣
  • عادل ١١٩٣–١٢٠٠
  • ئەوحەد ١٢٠٠–١٢١٠
  • ئەشرەف ١٢١٠–١٢٢٠
  • موزەفەڕ ١٢٢٠–١٢٤٧
  • کامل ١٢٤٧–١٢٦٠

؛ئەیوبیەکانی یەمەن

  • موعزەم توران شا ١١٧٣–١١٨١
  • عەزیز توغتکین ١١٨١–١١٩٧
  • موعیزەدین ئیسماعیل ١١٩٧–١٢٠٢
  • ناسر ئەیوب ١٢٠٢–١٢١٤
  • موزەفەڕ سولەیمان ١٢١٤–١٢١٥
  • مەسعود سەڵاحەدین ١٢١٥–١٢٢٩

؛ ئەیوبیەکانی دیاربەکر

  • سەڵاحەدینی ئەیوبی ١١٧٤–١١٩٣
  • عادل ١١٩٣–١١٩٩
  • ئەوحەد ١١٩٩–١٢١٠
  • ئەشرەف ١٢١٠–١٢٢١
  • موزەفەر ١٢٢١–١٢٤٤
  • کامل ناسڕەدین ١٢٤٤–١٢٨٤

؛ئەیوبیەکانی حوسن کێیف

  • ساڵح ئەیوب ١٢٣٢–١٢٣٩
  • موعزەم توران شا ١٢٣٩–١٢٤٩
  • ئەوحەد ١٢٤٩–١٢٨٣

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Studies in Kurdish History: Empire, Ethnicity and Identity (بە ئینگلیزی). Taylor & Francis. 2017. pp. 31–32. ISBN 978-1-317-50216-6.
  2. ^ ئ ا ب پ Yosef، Koby. «Dawlat al-Atrāk or Dawlat al-Mamālīk? Ethnic Origin or Slave Origin as the Defining Characteristic of the Ruling Elite in the Mamluk Sultanate». Jerusalem Studies in Arabic and Islam 39 (2012), pp. 387-411. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:1» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  3. ^ Studies in Kurdish History: Empire, Ethnicity and Identity (بە ئینگلیزی). Taylor & Francis. 2017. pp. 31–32. ISBN 978-1-317-50216-6.
  4. ^ ئ ا ب پ Humphreys 1987, p. 164–167.
  5. ^ ئ ا Öpengin 2021, p. 612.
  6. ^ Yosef، Koby. «Dawlat al-Atrāk or Dawlat al-Mamālīk? Ethnic Origin or Slave Origin as the Defining Characteristic of the Ruling Elite in the Mamluk Sultanate». Jerusalem Studies in Arabic and Islam 39 (2012), pp. 387-411.
  7. ^ Jackson، Sherman A. (2023-08-21). Islamic Law and the State: The Constitutional Jurisprudence of Shihāb al-Dīn al-Qarāfī (بە ئینگلیزی). BRILL. p. 36. ISBN 978-90-04-66116-5.
  8. ^ Tibble، Steve (2020-08-04). The Crusader Strategy: Defending the Holy Land (بە ئینگلیزی). Yale University Press. p. 239. ISBN 978-0-300-25629-1.
  9. ^ Tibble، Steve (2018-08-21). The Crusader Armies (بە ئینگلیزی). Yale University Press. ISBN 978-0-300-24114-3.
  10. ^ ئ ا James, Boris (2007-07-23). "Le « territoire tribal des Kurdes » et l'aire iraqienne (xe-xiiie siècles) : Esquisse des recompositions spatiales". Revue des mondes musulmans et de la Méditerranée (in French) (117–118): 101–126. doi:10.4000/remmm.3331. ISSN 0997-1327.
  11. ^ Bozarslan، Hamit (2021-04-22). The Cambridge History of the Kurds (بە ئینگلیزی). Cambridge University Press. pp. 30–31. ISBN 978-1-108-47335-4.
  12. ^ ئ ا Radpey، Loqman (2023-12-05). Towards an Independent Kurdistan: Self-Determination in International Law (بە ئینگلیزی). Taylor & Francis. p. 134. ISBN 978-1-003-82238-7.
  13. ^ Cahen، Claude (1940). La Syrie du nord à l'époque des croisades et la principauté franque d'Antioche (بە فەرەنسی). P. Geuthner. p. 68.
  14. ^ الحنفى، ابن اياس، محمد بن احمد بن اياس (2007). بدائع الزهور فى وقائع الدهور (بە عەرەبی). الهيئة المصرية العامة للكتاب. p. 237. ISBN 978-977-419-623-2.
  15. ^ علي/المقريزي، أبي العباس تقي الدين أحمد بن (2018-01-01). السلوك لمعرفة دول الملوك 1-8 مع الفهارس ج1 (بە عەرەبی). Dar Al Kotob Al Ilmiyah دار الكتب العلمية. p. 103. ISBN 978-2-7451-0933-0.
  16. ^ IslamKotob. رفع الحاجب عن مختصر ابن الحاجب - ج 1 (بە عەرەبی). IslamKotob. p. 29.
  17. ^ «ص10 - كتاب مورد اللطافة في من ولي السلطنة والخلافة - الملك العادل - المكتبة الشاملة». shamela.ws. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  18. ^ Arab painting. New York : Rizzoli. 1977. pp. 114–115. ISBN 978-0-8478-0081-0.
  19. ^ Fage، J. D. (1975). The Cambridge History of Africa (بە ئینگلیزی). Cambridge University Press. p. 28. ISBN 978-0-521-20981-6.
  20. ^ Sato، Tsugitaka (2021-12-06). State and Rural Society in Medieval Islam: Sultans, Muqta‘s and Fallahun (بە ئینگلیزی). BRILL. pp. 51–52. ISBN 978-90-04-49318-6.
  21. ^ ئ ا Humphreys 1977, p. 373.
  22. ^ Humphreys 1977, p. 416.
  23. ^ Humphreys 1977, pp. 29–30.

پەڕتووکەکان

دەستکاری
  • Humphreys، R. S. (1987). «Ayyubids». Encyclopaedia Iranica, Vol. III, Fasc. 2. pp. 164–167.
  • Öpengin، Ergin (2021). «The History of Kurdish and the Development of Literary Kurmanji». The Cambridge History of the Kurds. Cambridge University Press.
  • Humphreys، R. Stephen (1977). From Saladin to the Mongols: The Ayyubids of Damascus, 1193–1260. State University of New York Press.
  • Satō، Tsugitaka (1986). «Iqṭāʿ Policy of Sultan Baybars I». Orient. 22: 85–104. doi:10.5356/orient1960.22.85.