ئازاد نەجار

داھێنەرێکی دڵێکی دەستکردی کورد

ئازاد ئیبراھیم نەجار (لەدایکبووی ١٩٦٨) پزیشکێکی کوردی خەڵکی شاری زاخۆیە، دانیشتووی وڵاتی سویدە، لە ساڵی ١٩٦٨ لەشاری بەغدا لەدایک بووە، پزیشکی پسپۆڕی ڕاوێژکاریی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆیە، خاوەنی چەندین داھێنان و توێژینەوەیە لەبواری پزیشکیدا کە گرنگترینیان دڵێکی دەستکردە.[١]لە ساڵی ١٩٩٢ کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی مووسڵ تەواو دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس وەر دەگرێت، بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک پزیشکی گشتی کار دەکات، دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ دەڕوات بۆ وڵاتی سوید و بەشێوەیەکی ھەمیشەیی لەوێ نیشتەجێ دەبێ.[١]خاوەنی ٣٥ داھێناننامەی جیھانییە، و ھەروەھا داھێنەری یەکەمین دڵی دەستکردە لە جیھاندا کە خاوەنی دوو گوێچکەڵە و دوو سکۆڵە بێت و نزیکترین بێت لە دڵی سروشتی مرۆڤەوە.[١][٢][٣][٤][٥][٦][٧]

دکتۆر ئازاد نەجاڕ

ئازاد ئیبراھیم نەجاڕ
ئازاد نەجار.jpeg
دکتۆر ئازاد نەجاڕ دڵە دەستکردەکەی لە دەستدایە.
لەدایکبوون١٩٦٨
بەغدا
نیشتەجێیسوید
نەتەوەکورد
خوێندنگەزانکۆی مووسڵ
پیشەپزیشک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ
کارە ناودارەکان
داھێنەری دڵی دەستکرد
وێبگەماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیاکەی دکتۆر ئازاد

داھێنانی دڵی دەستکرددەستکاری

ئەم داھێنانە بریتییە لە دڵێکی دەستکرد کە بە تەواوی جێگەی دڵی مرۆڤ دەگرێتەوە و زۆر نزیکە لە دڵی مرڤەوە لە ھەردوو لایەنی کارکردن و شێوەوە، دڵەکە دەکرێتە سینەی ئەو نەخۆشانەی کە سستبوونی دڵیان زۆر پێشکەوتووە و نەخۆشەکە حاڵی زۆر خراپە (بە شێوەیەکی گشتی ئەم نەخۆشانە لەماوەی ساڵێکدا گیان لەدەست دەدەن)، پاشان دڵە دەستکردەکە بە تەواوی جێگەی دڵی نەخۆشەکە دەگرێتەوە و بە شێوەیەکی ھەمیشەیی جێگیر دەکرێت.[١][٦]

پێشتر دڵی دەستکردی تر دروست کراوە لە جیھاندا و ئەمە یەکەم دڵی دەستکرد نییە، بەڵام ئەوەی ئەم دڵە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە شێوازی کارکردنی ئەم دڵە نزیکترینە لە دڵی مرۆڤەوە و خاوەنی دوو گوێچکەڵە و دوو سکۆڵەیە.[١][٦]

ھۆکاری داھێنانەکەدەستکاری

چەند ھۆکارێک ھەبوو کە وایان کرد دکتۆر ئازاد بیر لە دروستکردنی دڵێکی دەستکرد بکاتەوە، لەوانەش:

  • ئەو کاتەی لە شاری بەغدا لە سەنتەری نەخۆشییەکانی دڵ وەک پزیشک کاری دەکرد، دەیبینی کە نەخۆشەکان چەند ئازاریان ھەیە و بەشێکیان دەمردن لەبەر ئەوەی چارەسەریان نەبوو.[١]
  • خزمێکی خۆی نەخۆشی بۆماوەیی دڵی ھەبوو کە زۆر ئازاری دەچێشت.[١]
  • دڵ یەکێکە لەو ئەندامانەی کە مرۆڤ تەنھا یەک دانەی ھەیە وەک ئەندامەکانی تر نییە، کاتێک دڵ لەکار دەکەوێت ئیتر مرۆڤ ھیچ ھیوایەکی نامێنێت و گیان لەدەست دەدات[٨]

ساڵانە لە جیھاندا نزیکی یەک ملیۆن کەس پێویستی بە چاندنی دڵە، بەڵام تەنھا نزیک لە ٧٠٠٠ کەسیان دڵیان دەست دەکەوێت و ئەوی دیکەیان دوای ماوەیەک دەمرن، لە وڵاتی سوید لە کۆی ٢٠٠٠ کەس کە پیویستیان بە چاندنی دڵە، تەنھا ٥٠ کەسیان دەستیان دەکەوێت، لە ئەمریکا ساڵانە دووسەد ھەزار کەس پێویستیان بە دڵە و تەنھا ٢٠٠٠ کەسیان دڵیان دەست دەکەوێت.[١][٩]

ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە: «ھیچ کەسێک بە نەخۆشی سستیی دڵ کۆچی دوایی نەکات و ئەم دڵە دەستکردە بیپارێزێت لە مردن بەو نەخۆشییە».[٦]

ئەمانە ھەندێک لەو ھۆکارانە بوون کە بوونە ھۆی ئەوەی دکتۆر ئازاد ھەوڵبدات چارەسەرێک بۆ ئەم نەخۆشانە بدۆزێتەوە و پەرە بەم داھێنانە بدات.[٨]


بیرۆکە و سەرەتای ھەوڵدان بۆ پڕۆژەکەدەستکاری

لە کۆتای ساڵی ١٩٩٩ و سەرەتای ٢٠٠٠ بیرۆکەی دروستکردنی دڵێکی دەستکردی لا دروست بوو،[١٠] بۆ ئەمەش پێویستە بەباشی فیزیۆلۆژی و چۆنییەتی کارکردنی دڵی مرۆڤ بزانێت، بۆیە ماوەی چوار ساڵ بە وردی لە چۆنییەتی ئیشکردنی دڵی کۆڵیوەتەوە لەسەری خوێندوویەتییەوە، ماوەی ساڵ و نیوێک لە قەسابخانە سەیری دڵی ئاژەڵەکانی کردووە.[٦] دواتر لە ساڵی ٢٠٠١ یەکەم داھێناننامەی پێشکەش کردووە، تاوەکو دەست بکات بە دروستکردنی دڵە دەستکردەکە. لە سەرەتادا دوو برای زۆر یارمەتیان داوە و دواتریش کەسانی شارەزای بوارەکە ھاوکاری بوون و تیمێکیان پێک ھێناوە.[١]

لەگەڵ پاڵپشتییەکاندا، لە سەرەتادا زۆرکەس پێیان وابووە کە ئەمە کارێکی ئەستەمە بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٣ لەگەڵ سێ پڕۆفیسۆری نەشتەرگەریی دڵ باسی دروستکردنی دڵی دەستکردی بۆ کردوون، دوان لەوان زۆر دڵخۆش بوون و ھانیان داوە، بەڵام سێیەم پڕفیسۆر پێی وابووە کە ئەمە کارێکی ئەستەمە و کەس سەرکەوتوو نابێت تێیدا و وتوویەتی «ئەم کارە وەک ئەوەیە بەسەر چیایەکی ئەستوونی ٩٠ پلەییدا سەربکەویت و گەیشتن بە لووتکەکەی مەحاڵە»، شایەنی باسە، دواتر ھەمان پزیشک پاش ١٢ ساڵ لەو قسەیە، بەشدارە لە یەکەم نەشتەرگەری دانانی دڵی دەستکرد لەسەر بەراز، و زۆر دڵخۆش بووە کە دکتۆر ئازاد دوازدە ساڵ لەوەو بەر بەگوێی ئەوی نەکردووە و بەردەوام بووە لەسەر پڕۆژەکە.[١٠][١١]

ھەروەھا دایکی دکتۆر ئازادیش پیی وتووە «کوڕم، ئەمە ئەستەمە، تەنھا خوا دەتوانێت دڵ دروست بکات»، بەڵام لەدوای بیست ساڵ، ئێستا دەڵێت: «دەرکەوت کە کوڕەکەم ڕاستی کرد، ئەوەی کرد کە دەیویست ئەنجامی بدات»[١١][١٠]

ھاندان و پاڵپشتەکاندەستکاری

لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە نموونەی دڵە دەستکردەکە لە مۆزەخانەی تەکنەلۆجی ستۆکھۆڵم لە بەشی (Hyper Human) لە وڵاتی سوید دانراوە، و خەڵکی دەتوانن لە نزیکەوە بیبینن.[١٢][١٣][١٤]

سەرۆک وەزیرانی سوید لە ساڵی ٢٠١٩ سەردانی کۆمپانیاکەی دکتۆر ئازادی (Scandinavian Real Heart) کردووە و بە پڕۆژەکە ئاشنا بووە.[٨]

لەلایەن شای سویدەوە دوو جار بۆ ماڵی خۆیان و خوانی شاھانە بانگھێشت کراوە.[٨]

لەسەرەتای پڕۆژەکە دوو برای دکتۆر ئازاد زۆر یارمەتیان داوە، پاشان کەسانی شارەزای بوارەکە ڕوویان لە دکتۆر ئازاد کرد بۆ یارمەتیدانی و ئێستا تیمێکی نزیک لە ٣٧ کەسن کە کار لەسەر پڕۆژەکە دەکەن، بە ھەموو شارەزایییە جیاوازەکانەوە (پزیشکی، ئەندازیاریی، پڕۆگرامسازیی)[١]


دروستکردنی دڵەکەدەستکاری

لەدوای ئەوەی یەکەمجار دکتۆر ئازاد بە تەنھا کاری دەکرد و تەنھا دوو برای یارمەتیان دەدا و بە بوودجەی تەنھا ١٠٠٠ کرۆن نزیکی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی دەستی پێ کرد، دواتر لەگەڵ کەسانی شارەزادا کۆبوونەوە و تیمێکیان دروست کرد، و توانیان لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆمپانیایەک بنیات بنێن بەناوی «Scandinavian Real Heart - دڵی ڕاستەقینەی ئەسکەندەناڤی»،[١٥] لە ساڵی ٢٠١٤ کۆمپانیاکەیان دەناسێنن لە Spotlight Stock Market بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری و بوودجە بۆ پڕۆژەکە، ھەتاوەکو ساڵی ٢٠٢١ نزیکی ١٥٠ ملیۆن کرۆنی سویدیان کۆکردووەتەوە (نزیکی ١٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی)، و بە تیمێکی ٣٧ کەسییەوە (بە ھەموو شارەزایییە جیاوازەکانەوە، پزیشکی، ئەندازیاریی، پڕۆگرامسازیی، دیزاینەر… ھتد) بەردەوامن لە کارکردن لەسەر دڵە دەستکردەکە، ھەتا ئێستا ١١ مۆدێلی دڵی دەستکردیان دروست کردووەو ئێستا خەریکی دوازدەیەمین و کۆتا مۆدێلن.[١٠][١][١١]


دیزاینی دڵەکەدەستکاری

پێکھاتەی دڵەکە:[١][٦][٤][١٦]

  • چوار ژوور (دوو گوێچکەڵە و دوو سکۆڵە)
  • چوار زمانە
  • پشتێنێک کە لە کەمەر دەبەسترێت و ئامێرێکی لەسەرە کە بە سندووقی کۆنتڕۆڵکردن Control box ناسراوە، کۆنتڕۆڵی خێرایی لێدانی دڵ دەکات، بەپێی جووڵەی کەسەکە و ڕاکشان و ھەستانی.
  • باترییەک یان زیاتر کە بەرگەی ١٢ بۆ ١٩ کاژێر کارکردن دەگرێت، ئەمەش بەھۆی ھەماھەنگی لەگەڵ بۆرییەکانی خوێندا، کارەبایەکی کەمی دەوێت دڵەکە کە تەنھا ٧ بۆ ٨ واتی پێویستە بۆ کارکردن.
  • بە ئاسانی جێگەی دەبێتەوە لە سینگی کەسەکدا، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت.
  • لە مادەیەک دروست کراوە کە ھەستیاری دروست ناکات لە لەشی وەرگرەکە و کێشەی ڕەتکردنەوەی نییە.

جیاوازی ئەم دڵە لەگەڵ دڵە دەستکردەکانی دیکەدەستکاری

مێژووی دروستکردنی دڵی دەستکرد دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵەکانی ١٩٤٠، بەڵام گرنگی ئەم دڵە لەوەدایە کە زۆر نزیکە لە شێوازی کارکردنی دڵی مرۆڤەوە، خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی جیاواز و گرنگە، لەوانە:[٦][١]

  • ئەم دڵە پێی دەوترێت Total Artificial Heart واتە دڵی دەستکردی تەواوەتی (بڕوانە دڵی دەستکرد بۆ زانیاری زیاتر)، لە چوار ژوور پێک ھاتووە کە دوو گوێچکەڵە و دوو سکۆڵەیە (بەڵام دڵەکانی دیکە تەنھا دوو سکۆڵەیان ھەیە)، ھەر وەک دڵی ئاسایی مرۆڤ. بەشێکی کەمی گوێچکەڵەی نەخۆشەکە دەھێڵرێتەوە و بەشەکانی تری لێ دەکرێتەوە و دڵە دەستکردەکە دەخرێتە شوێنی.[١]
  • دڵەکە چوار زمانەی ھەیە، کە پەیوەست دەکرێت بە سووڕی خوێنی جەستە و سییەکانەوە لە لای چەپ و ڕاستی دڵەکەوە، ئەمەش ھۆکارێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی ڕوودانی کڵۆبوونی خوێن، کە لە دڵە دەستکردەکان و ئامێرەکانی دیکەدا کێشەیەکی گەورەیە.[١]
  • ھەبوونی گوێچکەڵە لەم دڵەدا یارمەتیدەرێکی زۆر باشە، تاوەکو دڵە دەستکردەکە ھەژماری بڕی ئەو خوێنە بکات کە دێتە دڵەوە و ھەروەھا بوونی ھەستەوەری تایبەت بە پەستان، بۆ دیاریکردنی خێرایی و پێویستییەکانی چۆنییەتی پەمپکردنی خوێن لەلایەن دڵەکە و ئامێری پەیوەستی، کە خۆکارانە کۆنترۆڵی خێرایی و زیادی و کەمی بڕی خوێنەکە دەکات کە پەمپ دەکرێت.[١][٦]
  • ھەبوونی زمانە لەم دڵەدا، گرنگییەکی زۆری ھەیە بەو پێیەی لە سەدا ٧٠ی ھێزی پاڵپێوەنانی خوێن لە دڵدا پشت دەبەستێت بە زمانەکان و لە سەدا ٣٠پشت بە سکۆڵەکان دەبەستێت.[٦]
  • بە پشتبەستن بەو ڕاستییەی کە دڵ بە ھەماھەنگی بۆرییەکانی خوێن دەتوانێت پاڵ بە خوێنەوە بنێت، بۆیە ئەم دڵەش زۆر بەباشی ھەماھەنگی لەگەڵ بۆرییەکانی خوێنی لەشی نەخۆشەکەدا دەکات بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە کار بکات.[٦]
  • دیزاینی دڵەکە بە شێوەیە کە دەتوانرێت بڕی ئەو خوێنەی کە لای چەپی دڵەکە دەنێردرێت جیاواز بێت لە لای ڕاست، وەک لە مرۆڤدا بە شێوەیەکی ئاسایی وایە، تاوەکو ڕێگە بگرێت لە کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکاندا.[٦][١]
  • بۆ ساردکردنەوەی دڵەکە سوود وەردەگرێت لە بەریەککەوتنی خوێنی نەخۆشەکە، کاتێک بەناو دڵەکەدا تێپەڕ دەبێت، گەرمیی ئامێرەکە دەگوێزرێتەوە بۆ خوێن و لەو ڕێگەیەوە ھەر گەرمییەک کە دروست ببێت کەم دەکرێتەوە.[٦]
 
نەشتەرگەریی دانانی دڵە دەستکردەکە بۆ ناو سینگی بەرازێک.

تاقیکردنەوەکانی تا ئێستا کراوەدەستکاری

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر چەندین ئاژەڵی جیاواز (بەراز، گوێرەکە، مەڕ) تاقیکراوەتەوە،[٨][٦] زیاتر لە ٣٥ نەشتەرگەری کورتخایەن کراوە، واتە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاژێر بۆ ئاژەڵەکە دانراوە و سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە، و بە پێشبینی خۆیان ماوەی ٥ ساڵ دڵەکە بەرگەی کارکردن دەگرێت.[١][١٧][١٠]

بەرنامەی داھاتوو بریتییە لە تاقیکردنەوەی لەسەر ئاژەڵان بۆ زیاتر لە ٢٤ کاژێر (نەشتەرگەری درێژخایەن)، و دواتریش وا چاوەڕوانکراوە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا پاش وەرگرتنی مۆڵەت، لەسەر مرۆڤ تاقی بکرێتەوە، ھەرچەندە بەھۆی پەتای کۆڤید کەمێک کارەکانیان دوا کەوت.[١٠][١][١٧][١٨][١٩]

سەردانیکردنی کوردستاندەستکاری

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا دکتۆر ئازاد سەردانی باشووری کوردستانی کردەوە و لە چەندین زانکۆی کوردستان (زانکۆی سلێمانی، زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان… ھتد) سیمیناری لەبارەی داھێنانەکەیەوە پێشکەش کرد و لەگەڵ سەرۆک زانکۆکان و پزیشکان و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم کۆبوونەوە و ھاوکات لە چەند کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیش میوانداری کران و لە نزیکەوە زیادتر بە داھێنانەکەی ئاشنابوون.[٢٠][٨][٦][٢١][٢٢][٢٣]

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ س ش ع غ ف عوسمان, وەرزێر; سالار, عبدالکریم, eds. (2021). "د. ئازاد نەجار باس لە داھێنانی دڵێکی دەستکرد و جیاوازی لەگەڵ دڵە دەستکردەکانی تردا دەکات". مێدسپایەر. University of sulaimany- college of medicine (12): 3.
  2. ^ Dr. Azad Najar, retrieved 2021-09-19
  3. ^ Scandinavian Real Heart, Azad Najar, retrieved 2021-09-19
  4. ^ ئ ا "داھێناننامەی دڵی دەستکرد، لەلایەن دکتۆر ئازاد نەجارەوە".
  5. ^ "Google Patents". patents.google.com. Retrieved 2021-09-19.
  6. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ ز ژ سیمیناری دکتۆر ئازاد نەجار دەرباری دڵی دەستکرد, retrieved 2021-09-19
  7. ^ "Azad Najar, Research gate".
  8. ^ ئ ا ب پ ت ج Pencere – Dr. Azad Necar | پەنجەرە - د. ئازاد نەجار, retrieved 2021-09-19
  9. ^ "Scandinavian real heart".[بەستەری مردوو]
  10. ^ ئ ا ب پ ت ج "Kurdish-Swedish doctor's incredible risk pays off". SBS Your Language. Retrieved 2021-09-19.
  11. ^ ئ ا ب rudaw.net https://rudaw.net/english/people-places/15012019. Retrieved 2021-09-19. Missing or empty |title= (help) ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:5» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  12. ^ Hyper Human, hjärtat, retrieved 2021-09-20
  13. ^ "Hyper Human". Tekniska museet. Retrieved 2021-09-20.
  14. ^ "Realheart on display at the Technical Museum". News Powered by Cision. Retrieved 2021-09-20.
  15. ^ "Realheart". Realheart. Retrieved 2021-09-20.[بەستەری مردوو]
  16. ^ Scandinavian Real Heart, Azad Najar, retrieved 2021-09-20
  17. ^ ئ ا Realheart behind the scenes – The last animal test of the year, retrieved 2021-09-20
  18. ^ "Real Heart". Digital Mechanics. Retrieved 2021-09-20.
  19. ^ "Artificial heart pump with pulsatile flow". liu.se. Retrieved 2021-09-20.
  20. ^ "Kurdish inventor and physician Dr. Azad Najar visited AUK – The American University of Kurdistan". auk.edu.krd. Retrieved 2021-09-20.
  21. ^ "Prime Minister Masrour Barzani receives world class Kurdish Doctor Azad Najar". Kurdistan Regional Government. Retrieved 2021-09-20.
  22. ^ "Deputy Speaker Hawrami welcomes medical inventor Dr. Azad Najar". Kurdistan Parliament. Retrieved 2021-09-20.
  23. ^ "PM Barzani praises Kurdish doctor for innovating artificial heart pump". www.kurdistan24.net. Retrieved 2021-09-20.