چیای پیرەمەگروون (بە عەرەبی: جبل بیرة مکرون، بە ئینگلیزی: Piramagrun Mountains) ھەروەھا چیا ئەفسووناوییەکەشی پێ دەوترێت. دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری سلێمانی. ئەم چیایە، لەلایەن کورد بەگشتی و خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی، بە پیرۆز سەیر دەکرێت.

چیای پیرەمەگروون
  • Çiyayê Pyremegrün
  • جبل بیرة مکرون
وێنەی چیای پیرەمەگروون.
بەرزایی٢٦٢٤
بەرزی لە بنکەوە١٤٩٤
بەرزترین لوتکە
(پیرەمەگروونی ١)
شوێن
Map
پۆتانی شوێن35°46′21″N 45°13′47″E / 35.77250°N 45.22972°E / 35.77250; 45.22972پۆتانەکان: 35°46′21″N 45°13′47″E / 35.77250°N 45.22972°E / 35.77250; 45.22972[١]

چەماوەی قۆقزی پیرەمەگروون، لەباکووری رۆژئاواوە درێژدەبێتەوە بەرەو باشووری رۆژھەڵات رێژەی لێژی زۆر زۆرە بەتایبەتی بەرووکاری سەرووی کە دەڕوانێت بەسەر مێرگەپاندا، درێژی ئەم چەماوە قۆقزە دەگاتە (٢٥کم) ئەمە سێیەمین بەرزترین شاخە لەسنووری پارێزگای سلێمانی دوای چیای قەندیل و چیای کونەکۆتر.[٢][٣] ھەروەھا دەیەم چیای بەرزی کوردستانە. چیاکە، لە زنجیرەیەک لووتکە و دۆڵ پێک دێت، لای خوارووی بە دۆڵێکی شێوە سێگۆشەیی کۆتایی دێت کە پێی دەوترێت دۆڵی زێوێ. ئەم دۆڵە لە رووی رۆژئاواوە بەھۆی دەربەندی زێوێوە دەبەسترێتەوە بە رێگەی دووکانەوە و لە خواروویەوە دەبەسترێتەوە بە گوندی یاڵانقۆزەوە. لە باکوور و رۆژھەڵاتیشەوە سنووری چیاکە بریتییە لە دۆڵی قزلەر و مێرگەپان و تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ چیای سورداش. .[٤][٥]

ناو دەستکاری

پیر، لە کوردەواریدا بە کەسێک وتراوە کە وەکوو دەمڕاست یان سەرگەورە و رابەری ئایینی دەوری بینیووە، ئیتر لەسەر ھەر بیروباوەڕێک یان ئایینێک بووبێت. دەوترێت کە (پیر عومەر گورون) پیرێکی یارسانیی بووە و مەزارەکەی لەسەر چیاکەیە نزیک گوندی زێوێ. برای (پیر مەنسورە) کە مەزارەکەی لە گەڕەکی پیرمەسوری سلێمانییە (پیرمەسور لە پیر منصور وەرگیراوە).

کۆنترین ناوی چیای پیرەمەگرون، (کینپە/کینیا)یە، لە بنچینەدا لۆلۆبییەکان خەڵکی رەسەنی ناوچەکە ئەو ناوەیان لێ ناوە. لە (داستانی گلگامێش)دا ئاماژە بۆ چیاکە کراوە، کە لە کاتی لافاوە گەورەکەدا کەشتییەکەی نووح بە ھەموو سەرنشینەکانییەوە بەو چیایەوە گیرساوەتەوە. ھەرچەندە ھەندێک رایان وایە کە کەشتییەکەی نووح لەسەر چیای جودی گیرساوەتەوە نەک پیرەمەگرون. ئەوان بە چیای (نیمۆش) ناویان بردووە، نیمۆش ئەو ناوەیە کە لە بابلیدا بۆ ناوە رەسەنەکەی (کینپە) دانراوە.[٦]

جوگرافیا دەستکاری

چیای پیرەمەگروون دەکەوێتە نێوان ھەردوو بازنەی پانی (35 34) و (35 51) لەباکوور و ھەردوو ھێڵی درێژی (45 04) و ( 45 28) لە رۆژھەڵات. دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری سلێمانییەوە کۆمەڵێک گوند لەدامێنی چیای پیرەمەگروون بەدەوریدا ھەیە وەک گوندەکانی کانی بەردینە، چەقچەق، فەیاڵ، ھەنارانی خواروو و ھەنارانی سەروو و قزلەر و شەدەڵە لەدامێنی سەروو.

لە دامێنی خوارووی سۆتکە، سورگەی سەروو، سورگەی خواروو، قەمەرتلی، دارتووی نەزەر، پیسکەندی و داربەڕولە، یاڵانقۆز، گردەبۆر، زێوێ، قەرەچەتان، سوسێی ئاڵەمەرە، حاجیتانی سەروو، سابوراوا، چاڵاغ، حاجی ئاوا، کانی شۆک.

مێژوو دەستکاری

لە سەرچاوە دێرینەکانی مێزۆپۆتامیادا، ئەو بۆچوونەی ڕوونکراوەتەوە کە زیاتر لە ٢٩٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، پاشای ئاشوور (ناسیرپاڵ) ھێرش دەکاتە سەر ناوچەی شارەزوور، ئاماژە بە چیای پیرەمەگروون دەکات و دەڵێت "چیای (نیمۆش) ئەو چیایەیە کە لۆلۆبییەکان پێی دەڵێن (کینپە)". بینینی چیایەکە گرنگییەکی زۆری ھەبووە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی، لەبەرئەوەی پێگەیەکی ئایینی بەرزی ھەبووە لەو سەردەمەدا، ھەر بۆیە لە نووسینێکدا دەڵێت "من یەکەم پاشای ئاشووریم کە چیای رزگاریی نوح بابل دەبینم کە کەشتییەکەی لێ گیرساوەتەوە".

ئەدمۆنسی حاکمی سەربازیی بەریتانیا، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە بە کوردستاندا گەڕاوە، باسی لەوە کردووە کە چیای پیرەمەگروون لەلایەن خەڵکەکەیەوە بەناوی پیرێکی یارسانییەوە ناونراوە.

لە دیوی قەرەچەتان بۆ سەر چیای پیرەمەگروون، پەرستگایەکی ئایینی زەردەشتی لێیە، لە چیاکەدا وێنەی زەردەشت و ھێماکەی ھەڵکەنراوە. سەرەڕای ئەوەش، ھەندێک بیروبۆچوونی تر ھەیە کە دەڵێن "ئەو پەرستگایە، پەرستگای یارسانییەکانە". مێژووی پەرستگاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی زایینی، کە لە راستیدا وێنەی دوو پاشای ناوچەکە (میر قوڵی، ڕەبەنە)یە و شوێنەوارەکەیان ھەتا ئێستا ماوەتەوە.

بە بەردی ناوچەکە، چەندین شورای بەردین بە پانییەکی زۆر لەسەرەوە بۆ خوارەوەی چیاکە دروست کراون، دەوترێت لە کاتی ھێرشی فتوحاتی ئیسلامدا بۆ سەر ناوچەکە، خەڵک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و دینەکەیان و بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئیسلام دروستیان کردوون.[٧]

پێکھاتەی چیاکە دەستکاری

لووتکەکانی چیای پیرەمەگروون:

  • لووتکەی پیرەمەگرون١(P1): ٢٦٢٤م لە ئاستی دەریاوە و ١٤٩٤م لە ئاستی ناوچەکەوە بەرزە.
  • لووتکەی پیرەمەگرون٢(P2): ٢٥٦٨م لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ئەم لووتکەیە لە ناوچەی زێوێ پێی دەڵێن لووتکەی (گەڕی کڵاو).
  • لووتکەی ڕوومار: ٢٠٧٨م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
  • لووتکەی باوگردان: ٢٠٥٠م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
  • لووتکەی میرکوری: ١٧٣٩م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
  • لووتکەی رەبەنە: ١٦٣٦م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

چیای پیرەمەگروون بەشێوەیەکی قۆقزیی چەماوەتەوە، ئەم قۆقزییە بە درێژایی ٢٥کم لە باشووری رۆژھەڵاتەوە بەرەو باکووری رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە و دەڕوانێت بەسەر ناوچەی مێرگەپاندا.

پیرەمەگروون، چیایەکی بورکانییە. بەھۆی ئەوەی کە بەردەوام پلەکانی گەرما لە چیاکە زۆر نزمە، بەدرێژایی ساڵ بەفری لێ نابڕێت. زۆرێک لە بەردەکانی ڕزیون و لە کاتی سەرکەوتن پیایدا لەژێر قاچ دەردەچن و مەترسی دروست دەکەن.

پیرەمەگروون، بە یەکێک لە چیا گرنگەکان دادەنرێت لە رووی جۆری ڕووەک و گژوگیاوە. بەپێی لێکۆڵینەوە و سەرچاوەکانی زانکۆی سلێمانی، نزیکەی ٥٤٣ جۆر ڕووەک لەو چیایەدا ھەیە، کە چەند جۆرێکیان تەنھا لەوێ ھەن و لە عیراق و ناوچەکەدا بۆ یەکەم جار تۆمار کراون. ھەندێکیشیان لە رووی زانستی و چارەسەری گیاییەوە گرنگیی زۆریان ھەیە.

سەبارەت بە ئاژەڵی کێوی، ژمارەیەکی زۆر کەم ئاژەڵی کێویی لێ دەژی، زۆرێکیان بەھۆی راو و گەیشتنی دەستی مرۆڤ بە ناوچەکە لەناوچوون، ئەمە جگە لە ھۆکاری تێکچوونی ژینگەی ناوچەکە بەھۆی شەڕ و بەکارھێنانی ھەندێک کەرەستەی زیانبەخش لە کاتی شەڕەکاندا.

پیرەمەگروون، چیایەکی بورکانییە، کە لە سلێمانییەوە سەیری دەکەیت؛ شێوەی دەموچاوی کەسێک نیشان دەدات کە رووی بۆ سەرەوە بێت، بەھۆی ئەوەی پلەکانی گەرما لە چیاکەدا زۆر نزمە، بە درێژایی ساڵ بەفری لێ نابڕێت.[٨]

چیای پیرەمەگروون، لە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەتەوە گرنگییەکی زۆری ھەبووە بۆ خەڵکی ناوچەکە. لە دوای ھێرشەکانی فتوحاتی ئیسلام و کوژرانی ئەو کەسایەتییە (پیر عومەر گورون) و ناشتنی تەرمەکەی لەسەر چیاکە؛ ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پیرەمەگروون. بوونی مەزاری ئەو کەسایەتییە لەو شوێنەدا، گرنگیی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە ھەیە، بە چاوێکی پیرۆز سەیری دەکەن و سەردانی دەکەن. مەزارگەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە خزمەت دەکرێت، ھەندێک کەلوپەل و پێداویستیی رۆژانەی تێدا دانراوە بۆ ئەوانەی سەردانی دەکەن دەتوانن بەکاریان بھێنن. سەرگوزشتەیەکی خەیاڵیی ھەیە لەوبارەیەوە؛ گوایە ھەر کەسێک ئەو کەلوپەلانە بەکار بھێنێت و نەیانگەڕێنێتەوە؛ ئەوا بەر نەفرەت دەکەوێت و کەلوپەلەکان خۆیان دەگەڕێنەوە.[٩]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ The WGS84 coordinates given here were calculated using detailed topographic mapping and are in agreement with adventurestats Archived ٢٠١٣٠٦٣٠١٠٠٩١٣ at WebCite. They are unlikely to be in error by more than 2". Coordinates showing Everest to be more than a minute further east that appeared on this page until recently, and still appear in Wikipedia in several other languages, are incorrect.
  2. ^ statement Wikimedia FoundationPowered by MediaWiki Edgell, H. S. 2006. Arabian Deserts: Nature, Origin, and Evolution. Springer, Dordrecht, The Netherlands. 592 pp.
  3. ^ statement Wikimedia FoundationPowered by MediaWiki Numan, N. M. S., and N. K. AI-Azzawi. 2002. Progressive Versus Paroxysmal Alpine Folding in Sinjar Anticline Northwestern Iraq. Iraqi Journal of Earth Science. vol. 2, no.2, pp.59-69.
  4. ^ https://www.huffpost.com/entry/iraqi-kurds-no-friend-but_b_4045389
  5. ^ https://www.rudaw.net/english/middleeast/iraq/20102014
  6. ^ https://web.archive.org/web/20220926114402/https://books.google.iq/books?id=6b1mDwAAQBAJ&pg=PT368&dq=جبل+بیرة+مکرون&hl=ar&sa=X&ved=2ahUKEwiGwZTYqrL6AhX5_7sIHUSIBLoQ6AF6BAgIEAI#v=onepage&q=جبل%20بیرة%20مکرون&f=false
  7. ^ https://books.google.iq/books?id=c8BAEAAAQBAJ&pg=PA247&dq=جبل+بیرة+مکرون&hl=ar&sa=X&ved=2ahUKEwiGwZTYqrL6AhX5_7sIHUSIBLoQ6AF6BAgFEAI#v=onepage&q=جبل%20بیرة%20مکرون&f=false
  8. ^ https://web.archive.org/web/20220926120920/https://www.wikiloc.com/mountaineering-trails/pire-magrun-mount-pyrh-mh-grwn-pyr-mgrwn-2611-mtr-39461187
  9. ^ https://books.google.iq/books?id=GEwgAQAAMAAJ&q=جبل+بیرة+مکرون&dq=جبل+بیرة+مکرون&hl=ar&sa=X&ved=2ahUKEwiOwbacrLL6AhVihv0HHT8EBGI4ChDoAXoECAMQAg