محەمەد حەسەن بەرزۆ فەیلی

محەمەد حەسەن بەرزۆ فەیلی :(١٩٢٣-١٩٧٣) نووسەر ، شاعیر ، وتارنوس ، چالاكی سیاسی ، لەنەتەوەی كورد بووە.

محەمەد حەسەن بەرزۆ فەیلی

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

محەمەد کوڕی حەسەن کوڕی بەرزۆ کوڕی بەیرامە، ١٩٢٣ لە بەری ڕەسافە، گەڕٍەکی (سەدرییە) (شەقامی پێشووی مەلیک غازی و شەقامی ئێستای کیفاح)ی شاری بەغدا ھاتووەتە دنیاوە. دایک و باوکی، بە ئەسڵ ھەردوو کوردی وڵاتی ئیلام (پشتکۆە) بوون، ھاتوونەتە بەغدا و لەناو فەیلییەکاندا جێگیر بوون. باوکی بە منداڵی خستوویەتیە حوجرەی مزگەوت بۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین و لەبەرکردنی قورئان. ھێندەی تێدا نەماوەتەوە و چووەتە قوتابخانەی ئێرانی و پاشان خوێندنی عەرەبیی لە قوتابخانەی حکوومەتیدا درێژە پێ داوە و گەیشتووەتە قۆناغی ناوەندی. لە منداڵییەوە، بە حوکمی پێوەندیی بە محەمەد خەسرەو محەمەدی خاڵۆزایەوە، کە -وەک خوێندەوارێکی لێھاتووی ڕۆژگاری خۆی- کتێبخانەیەکی تایبەتی پڕ لە کتێبی مێژوویی و ئەدەبیی بە عەرەبی و فارسی ھەبووە، کەوتووەتە خوێندنەوە و بەدواداچوون.[١][٢]

حیزبی ھیوا دەستکاری

لە لاویشەوە بووە بە ئەندامی حیزبی (ھیوا) و پێوەندیی دۆستانەی لەتەک دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم پتەو بووە. کە تووشی تەنگ پێ ھەڵچنینی حکوومەت ھاتوون، ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٦ ھەڵاتوونە ئێران و ماوەیەک ماونەتەوە، بەڵام محەمەد حەسەن بەرزۆ گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و دەستی کردووەتەوە بە جموجووڵی سیاسیی خۆی لە نێو کودانی فەیلیدا.[١][٢]

پارتی دیموکراتی کورد دەستکاری

ھاوزەمان ژمێریار و حیسابداری کارەکەیشی بووە لە دووکانی بازرگانیی عەبدولڕەحیم فەیلی لە ناوچەی بازرگانیی (شۆڕیجە)ی بەغدا. محەمەد حەسەن، لە ١٦/٨/١٩٤٦دا بەشداری کاروباری کۆنگرەی دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کورد) بووە، کە لە گەڕەکی میللیی (ئەبووسەیفەین- أبو سيفين) (لەسەر شەقامی کیفاح و بەرامبەر بە شۆڕیجە)ی زۆربەی دانیشتووان کوردی فەیلی سازکراوە و دوو خانووی بە تەنیشت یەکەوەی بۆ بەکرێ گیراوە بۆ ئاسانیی ھاتن و چوونی ئەندامانی کۆنگرە.[١][٢]

پشتیوانی چالاکییەکانی بۆ کوردانی فەیلی دەستکاری

ھەروەھا پشتیوانی چالاکییەکانی کوردانی فەیلی بووە بۆ بنیاتنانی مزگەوتێکی گەورە لە (بابولشێخ) و پێکھێنانی دەستەیەکی بەڕێوەبردن بۆ دروستکردنی قوتابخانەی فەیلی و وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندنی یانەیەکی وەرزشی بۆ کوردانی فەیلی ساڵی ١٩٥٩. بۆیە دەستدرێژیی کراوەتە سەر و لێی دراوە، چونکە ھێندێ کوردی سەر بە حیزبی شیوعیی عیراق بەوە نیگەران و تەنگەتیلکە بوون. ١٩٥٢ ھاوکاریی جەلال تاڵەبانیی کردووە بۆ خستنەوەگەڕی ڕێکخستنەکانی پارتی لەناو لاوانی فەیلیدا.[١][٢]

شۆڕشی ئەیلول دەستکاری

محەمەد حەسەن بە کەسێکی ڕاستگۆی سەرڕاست ناسراو بووە، بۆیە کە شۆڕشی ئەیلوول لە ١٩٦١دا ھەڵایساوە و ڕێبەرانی پارتی دوچاری گرتن و ڕاوەدوونان بوون، ئیبراھیم ئەحمەد نزیکەی چوار مانگێک لە ماڵی ئەوان خۆی شاردووەتەوە لە شاری (مدينة الحرية- البستان)، خۆیشی ماوەیەک لای دۆستان و خزمانی خۆی شوێنەون کردووە. کە گفتوگۆی شۆڕش لەگەڵ کودەتاچییە بەعسییەکانی ١٩٦٣ سەری نەگرتووە، لەگەڵ چەند کادیرێکی حیزب ھەڵاتووە و لە پێنجوێن گیرساوەتەوە، کە وەک کادیرێکی سیاسی و بەرپرسێکی بەڕێوەبردن کاری تێدا کردووە.[١][٢]

حیزبی بەعس دەستکاری

لە ناکۆکیی نێوان باڵی مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفا بارزانی دا، لایەنی مەکتەبی سیاسیی گرتووە. کە حکوومەتەکەی بەعس لە تشرینی دووەمی ١٩٦٤دا ڕووخاوە، بە ھەلی زانیوە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا. کاتێک ڕێبەران و بەشێکی پێشمەرگەکانی ئەو باڵە چوونەتە ئێران، لە ڕێی زەڕباتییە- مەھرانەوە چووەتە لایان.[١][٢]

ڕۆژنامەی عەرەبیی النور دەستکاری

پاش ١٩٦٨یش کە مۆڵەتی دەرکردنی ڕۆژنامەی عەرەبیی "النور" وەرگیراوە، ئەم بووەتە ئەندامێکی دەستەی نووسینی. لەپاڵ ئەوەدا، بەردەوام ھاتوچۆی شاری (کووت)ی کردووە بۆ کاری حیزبی. پاش ڕاگەیاندنی بەیاننامەی ١١/٣/١٩٧٠ و ھەڵوەشانەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی و چووەنەوە پاڵ بارزانی و وەستانی ڕۆژنامەی"النور"، ئەم کەناری گرتووە و تێکەڵ بە کاری حیزبی نەبووەتەوە.[١][٢]

بەرھەڵستانی سیاسی ئێران دەستکاری

ئەو سەروبەندە، محەمەد تۆفیق وردیی ھاوڕێی پێشنیای بۆ کردووە بێتە مەیدانی کارکردن لەگەڵ بەرھەڵستانی ئێرانی کە تەیموور بەختیاری بەڕێوەبەری پێشووی ساواک سەرکردایەتیی کردووە، ڕازی بووە؛ لە کاتێکدا حکوومەتی عیراق (بەرەی ڕزگاریی خووزستان) و (بەرەی ڕزگاریی لوڕستان)ی بۆ ئەو مەبەستە پێک ھێناوە و دەزگا ئەمنییەکانی بەعسیش سەرپەرشتییان کردوون. کە تەیموور غافڵکژکراوە و مەحموود پەناھیانی وەزیری پێشووی بەرگریی حکوومەتی ئازەربایجان لە ھەندەرانەوە ھێنراوەتە جێی، (ڕێکخراوەکانی بەرەی نیشتمانیی ئێرانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) پێک ھێنراوە، کە ھەم ڕادیۆی بە فارسی و کوردی و عەرەبی و ئازەری ھەبووە، ھەم ڕۆژنامەی "ڕێگا"ی بەو چوار زمانە دەرکردووە. محەمەد حەسەن و وردی وتاری بەرەنگارییان بۆ ھاندانی گەلانی ئێران دژ بە حکوومەتی شا لەو ڕۆژنامەیەدا و بۆ ڕادیۆکە نووسیوە.[١][٢]

كۆچی دوایی دەستکاری

ئەو ماوەیە زۆر خۆی پاراستووە، چونکە مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانی ھەبووە. تا لە شەوی ٢٢/٧/١٩٧٣دا لە بەراییی شەقامی (الوثبة)دا، نزیک بەو خانووە کە لێی ھاتووەتە دنیاوە، ناخافلڵ شەھیدکراوە.[١][٢]

نوسین و شعرەكانی دەستکاری

محەمەد، ھەم وتارنووس و ھەم شاعیریش بووە و شیعری لە "گەلاوێژ"دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8003-8205
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ئەم ژیاننامەیە بەڕێز سەلام محەمەد حەسەن بەرزۆ ئابی ٢٠١٦ بە عەرەبی نووسیویە و بە ھەوڵی بەڕێز ئیبراھیم باجەڵان، لە ڕێی بەڕێزان "مووەفەق ئەسکەندەر" و "دکتۆر کارزان عەبدوڕڕەحمان بوەی"یەوە بە دەست گەیشتووە.