محەمەد ئەمين غالب :(١٩٢٤-٢٠٠٨) نووسەر ، قازی، ڕاوێژکاری قانوونی ، چالاكی سیاسی ، لە نەتەوەی كورد بووە.

محەمەد ئەمین غالب

پێشینەی خێزانیان

دەستکاری

محەمەد ئەمین، دووەم کوڕی غالب ئاغای عەبدولفەتاح ئاغای چەلەبییە، پاش ئیسماعیل ئاغای براگەورەی (کە گەیشتە پلەی عەمید لە سپادا و ٢٠٠٢ مردووە) و کەمال ئاغای برابچووکیشیی (ئەندازیاری کشتوکاڵ بووە، ٢٠١٦ مردووە) بەدواداھاتووە.[١][٢]

سەرەتای ژیان و خوێندنی

دەستکاری

ساڵی ١٩٢٤ لە سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. منداڵ بووە کە خاتوو حەپسەی کچی حاجی سەعید گورجیی دایکی مردووە. ھەڕەتی منداڵیی لە خانووە گەورەکەیان لە گەڕەکی (دەرگەزێن) بەسەربردووە. قۆناغی سەرەتاییی لە سلێمانی بڕیوە. قوناغی سانەویی لە کەرکووک خوێندووە و لە ماڵی سەعید ئەفەندیی چەلەبیی مامی، کە بەڕێوەبەری ئەوسای دائیرەی مەعاریفی کەرکووک بووە، ماوەتەوە. ١٩٤٣ لە کۆلیجی حقووق وەرگیراوە و ١٩٤٨ تەواوی کردووە.[١][٢]

دادوەری

دەستکاری

ئەمجا چەند ساڵێک لە سلێمانی پارێزەریی کردووە. ئەوەبەدوا دامەزراوە بە یاریدەدەری دائیرەی تەسوییەی زەوی و زار لە شاری تکریت. ھێندەی نەبردووە لە ١٩٥٥دا ، ھەرچەندە تەمەنێکی کەمی ھەبووە، بە ئیرادەی شاھانە کراوە بە دادوەر. سەرەتا لە شاری کۆیە دانراوە. پاشان گواستراوەتەوە بۆ قەڵادزێ، دوایی کەرکووک. ١٩٦٤ بووە بە دادوەری یەکەم لە دادگای سلێمانی. ١٩٦٧ دوابەدوای دەستپێ کردنی ھەڵمەتی دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی کورد، دوورخراوەتەوە بۆ شاری حللە و نزیکەی ١٠ ساڵی تێدا ماوەتەوە. ئەو ماوەیە وەک دادوەر لە دادگای تێھەڵچوونەوەی حللە وەزیفەدار بووە. دواجار لە ١٩٧٧دا گواستراوەتەوە بۆ بەغدا و بووە بە سەرۆکی دادگای جێ بەجێ کردنی کازمییە (الكاظمية) تا ١٩٨٠. ساڵانی ١٩٨١-١٩٨٧ پارێزەریی لە سلێمانی کردووە. پاشتر دیسان چووەتەوە بۆ بەغدا و بووە بە پارێزەری چەند کۆمپانیایەک، تا گەیشتووەتە لای کوڕەکانی لە (ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی).[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی

دەستکاری

لە خاتوو "پەروین کچی میرزا عەبدوڕڕەحمانبازرگانێکی ناسراوی شار، ئەمانەی بووە: دوو کچ (نیاز ١٩٥٧، میدیا ١٩٥٩) و کوڕێک (نەبەز ١٩٦٣)، کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.[١][٢]

چالاكی سیاسی

دەستکاری

محەمەد ئەمین، سەرەتای ساڵانی چل بووە بە ئەندامی حیزبی شیوعیی عیراق و بەشداری چالاکییەکانی بووە. ١٩٤٨ لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ڕاپەڕینی کانووندا، گیراوە و دوچاری ئەشکەنجەدان بووە. مەلیکی عیراق دوو جار (١٩٥٥ و ١٩٥٧) پاداشتی کردووە لەبەر کارھەڵسووڕاندنی بە شێوەیەکی ناوازە و ئیرادەی شاھانەی بۆ دەرچووە. ١٩٥٧، بە ھۆی ھەڵوێستی نیشتمانییەوە، تووشی ھەوڵێکی سەرنەگرتووی غافڵکوژکردن ھاتووە لە شاری کۆیە. دە ساڵیش، لەبەر ھەڵوێستی سیاسیی خۆی، دەردی دوورخستنەوەی چێشتووە.[١][٢]

نووسینەكانی

دەستکاری

محەمەد ئەمین، زۆر حەزی بە خوێندنەوە کردووە و توانیویە لە ماوەی ژیانیدا ژمارەیەکی زۆری کتێب لای خۆی کۆبکاتەوە و کتێبخانەیەکی نایابی لێ پێک بێنێ. کاتی خوێندنی لە بەغدا و پاش گەڕانەوەیشی بۆ سلێمانی، بابەتی بۆ چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیەک نووسیوە، لەوانە "النور".[١][٢]

پەرلەمانی عیراق

دەستکاری

١٩٨٠ پاڵێوراو بووە بۆ سەرۆکی دەستەی بەرزی ھەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی عیراق لە سەردەمی حوکمی بەعس دا. پێش ئەوەیش کە بەر ھەڵمەتی پاککردنەوەی وەزارەتەکان بکەوێ، بە یەکێک لە بیست قازییە ناوازەکانی عیراق دەست نیشان کراوە.[١][٢]

زیندانی كردنی

دەستکاری

ئەو ساڵە تۆمەتی خیانەتکردن و پیلانگێڕیی دژی نیشتمانی بۆ ھەڵبەستراوە و دراوەتە دادگای شۆڕش لە بەغدا، خراوەتە زیندانی دەستەی تایبەت (الهيئة الخاصة)ی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش، کەسانێکی زۆر بۆی تێکەوتوون و پاش ھەشت مانگ لە بەندی ڕزگار کراوە. دواتر دادگای تەمیز بە ئینسافەوە بێتاوانیی سەلماندووە.[١][٢]

ڕاوێژکاری قانوونی

دەستکاری

محەمەد ئەمین، ڕاوێژکاری چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆ بووە و ساڵی ١٩٧٨ بانگ کراوە بۆ وڵاتی سعوودیە تا وەک ڕاوێژکاری قانوونی کاری تێدا بکا، ڕەتی کردووەتەوە. جگە لەوە، عەرەبی و تورکی و ئینگلیزیی زانیون و چەند شیعرێکیشی نووسیوە. ساڵانی دواییی تەمەنیشی، خەریکی نووسینی ژیاننامەی پیاوماقووڵانی سلێمانی بووە و -بە داخەوە- تەواوی نەکردووە.[١][٢]

كۆچی دوایی

دەستکاری

ڕۆژی ٢٥/١٢/٢٠٠٨ لەوێ کۆچی دواییی کردووە و تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لێی بە خاک سپێردراوە.[١][٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8197-8199
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ئەم زانیارییانە ڕۆژی ٩/٩/٢٠١٦ لە بەڕێز نەبەز محەمەدئەمین غالب وەرگیراون.