مەعرووف ئاغایی ناسراو بە مارف ئاغایی (٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦٦ لە نەغەدە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان - ١٤ی شوباتی ١٩٩٨مەھاباد) لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بووە کە لە ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا دەورێکی گرنگیان گێڕاوە؛ شاعیرێکی ناوەرۆکخواز بووە کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەبووە. ئەم شاعیرە ھەستیارە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٤٤ی ھەتاوی لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدەی ناوچەی سندووس لەدایک بووە و لە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٧٦ بەھۆی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبیل کۆچی دوایی کردووە.

مارف ئاغایی
لەدایکبوون٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٦٦
نەغەدە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
مردن١٤ی شوباتی ١٩٩٨
مەھاباد
شوێنی گۆڕگۆڕستانی بوداغ سوڵتان، مەھاباد
پیشەشاعیر
نەتەوەکورد
کارە دیارەکانزەوی سەخت و ئاسمان دوور
ھاوسەرئازەر سەمسامی
منداڵەکانشەونم، پەیام

ژیان دەستکاری

مارف ئاغایی کوڕی حاجی محەممەدی ئاغایی لە بنەماڵەی "پاشایی" بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کردووە و لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چووەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا ساڵێک زیندانی کراوە و لە خوێندن دابڕاوە.
ساڵی ١٩٨٥ ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگیی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شیعر و بەرھەم کردووە و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بووەتە ئەندامی دەستەی نووسەران. حەولەکانی بوونەتە مایەی بەرفراوان بوونی جوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە. ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ "ئازەر سەمسامی" ژیانی ھاوبەشی دەست پێ کردووە و کچێک و کوڕێک بە ناوەکانی "شەونم" و "پەیام" بەرھەمی ئەم ژیانەیە. لە ساڵانی دواییدا بە تاسەوە ھەوڵی خۆ فێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی داوە و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی بووە و ئاکامی ئەم تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی (ھەستی ناسیۆنالیستی کورد) بۆ سەر زمانی کوردی بووە کە بەداخەوە ئێستاکە دەستنووسی ئەم وەرگێڕانە دیار نییە.[١] کتێبی «ڕازی مانەوەی خاک» لە نووسینی فەتاح ئەمیری و ھادی حەبیبی باسی ژیان و بەرھەمەکانی مارف ئاغایی دەکا.[٢]

کۆچی دوایی دەستکاری

پاش خزمەتێکی زۆر و ئەنجام دانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە وەک ڕێکخستنی کۆنگرە و کۆنفرانسی ئەدەبی و فەرھەنگی ھەر لە ئیلامەوە بگرە ھەتا دەگاتە شاری ورمێ و پێک ھێنانی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری ھاوبەشی فەرھەنگی؛ ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٧٦، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی "مینا خانم"ی خێزانی "پێشەوا قازی" لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە لە مەھابادەوە بەرەو ورمێ لە کاتێکدا لەگەڵ ھاوڕێکانی لە ڕەوتی پەنجا ساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری: (جەعفەر قازی) و (سەرتیپ مەنسووری) دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت و لەسەر وەسیەتی خۆی لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەھاباد لە نزیک گڵکۆی ھەژار و ھێمن بە خاک ئەسپێردرا.

بەرھەم دەستکاری

  • زەوی سەخت و ئاسمان دوور[٣] (کتێبی شیعر و چیرۆکەکانی کە پاش مەرگی بڵاو بۆوە و لەلایەن ڕەخنەگر و شارەزیانی شیعری ھاوچەرخیی کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شیعری جیاواز لە قەڵەم دراوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە).

نموونەی شیعری دەستکاری

  • مانەوە

ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی
نە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و
لە ژێر سایەی زێڕوەشانی تریفەی مانگەشەوێکدا ھەڵێگرم،
نە دەشتوانم ھەرگیز دڵی لێ بەردەم و
خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم
ناوی: خاکە.

ئەم دەریایەی
نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا ڕایگوێزم و
نە دەشتوانم لە دووریی ئەو
لە ئۆقیانووسی ھیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک بخۆمەوە
ناوی: خەڵکە.

من دەزانم دارستانی ھەموو شوێنێک
جریوەی گەرمی چۆلەکە و
ڕووباری ھەموو وڵاتێک
دەنگی تاڤگە و ڕەنگی کەف و پێچ و پەنای ڕێگەی
بەرەو دەریای ھەیە

بەڵام چ بکەم لێرە نەبێ
نە گوێم چاکیان دەبیسێت و
نە چاوم چاکیان دەبینێ و
نە گیانم چاکیان ھەست دەکا.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ڕۆژی کورد: ئاوڕێک لەسەر ژیان و بەرھەمەکانی شاعیری کۆچ کردوو مارف ئاغایی، نووسراو لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٦؛[بەستەری مردوو] سەردان لە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  2. ^ ڕازی مانەوەی خاک، فەتاح ئەمیری، ھادی حەبیبی، چاپی یەکەم ١٣٩٥، چاپەمەنی ئامیار.
  3. ^ زەوی سەخت و ئاسمان دوور، چاپی یەکەم ١٣٩٤، سەقز، فەرھەنگسەرای ھونەر و ئەندیشە.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری