مینا قازی
مینا ئەسکەندەری یان مینا قازی (١٩٠٨ لە مەھاباد – ١٨ی شوباتی ١٩٩٨ لە مەھاباد) سیاسەتوانێکی کورد و سەرۆکی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو. مینا ئەسکەندەری ھاوسەری قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بووە و بۆیە بە مینا قازی ناسراوە.[٤]
مینا ئەسکەندەری | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٠٨ |
مەرگ | ١٨ی شوباتی ١٩٩٨ |
ھۆکاری مەرگ | نەخۆشی |
نەتەوە | کورد |
پیشە | سیاسەتوان |
حیزبی سیاسی | سەرۆکی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان |
ئایین | ئیسلام (سوننە) |
ھاوسەر | قازی محەممەد |
مناڵ(ەکان) | عیفەت، عەلی،[١] پەروین، فەوزیە، مونیر، سوھەیلا[٢] و مریەم[٣] |
ژیان
دەستکاریمینا ئەسکەندەری لە ساڵی ١٩٠٨ لە مەھاباد لەدایک بوو. باوکی ناوی ئەحمەد و دایکی ناوی گوڵئەندام بوو. ئەو لە ماڵباتی حاجی حەسەن بوو کە ماڵباتێکی مەزن بوو لە موکریان. بەر لەوەی مینا شوو بە قازی بکات پاشناوی ئەو ئەسکەندەری بووە. ئەو لە تەمنی نۆزدە ساڵیدا بووە خێزانی قازی محەممەد. مینا ئەسکەندەری لە ساڵەکانی ١٩٢٧ - ١٩٢٨ لەگەڵ پێشەوای کورد قازی محەممەد یەکتر دەناسن و پاشان ژیانی ھاوسەری پێک دەھێنن. مینا قازی لەساڵی ١٩٩٨ ھەر لە مەھاباد کۆچی دوایی کرد.
چالاکییە سیاسییەکان
دەستکاریمینا ئەسکەندەری سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە، بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا لە ھەموو بوارەکاندا بووە. مینا ئەسکەندەری ژنێکی لێھاتووی سەردەمی خۆی بووە و توانی لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە ئەو ئاستەی کە رۆڵێکی کارا بگێڕێ لە ھاوکاری کردنی ھاوسەرەکەی و بە فەرمی تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بێ. لە ساڵی ١٩٤٥ یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دامەزراند مینا بووە یەکەم سەرۆکی ئەو ڕێکخستنە.
مینا خانم لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی رێکخراوی "یایا" کە رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ژنان بووە. بەمجۆرە مینا خانم لەو ھەولومەرجەدا و لە کاتێکدا کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداری ژن لە چالاکیی سیاسیدا لەمپەڕ بوون، توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێ لە دەسپێکی ھاتنە مەیدانی ژن بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی. بەمجۆرە لایەنێکی پرشنگداری دیکەی دەوڵەتی کۆماری کوردستان دەبیندرێ کە لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی و خێڵەکیدا، بوار و بەستێنی بۆ بەشداریی سیاسیی ژن دابین کرد. ھەروەھا بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازیی پێشەوا قازی محەممەد دەردەخا، کە ھاوسەرەکەی بۆ گێڕانی ئەو رۆڵە ھانداوە.
ژیانی تاکەکەسی
دەستکاریمینا ئەسکەندەری ٣٨ ساڵی تەمەن بوو کە ھاوسەرەکەی (قازی محەمەد) لە سێدارە درا و ئیتر لەو کاتەوە جگە لە دایکایەتی، ئەرکی باوکایەتیی منداڵەکانیشی کەوتە ئەستۆ. خاتوو مینا ٩ منداڵی لە پێشەوا قازی ھەبوو. یەکێک لە منداڵەکانی ھەر لە ناو لانکەدا گیانی سپارد و ٨ منداڵی بۆ مایەوە کە توانی ھەموویان بنێرێتە قوتابخانە و بەشێکیشیان زانکۆ تەواو بکەن و منداڵەکانی بە بیری کوردایەتی و نەتەوەییەوە گۆش کرد. عیسمەت کچە گەورەی قازی محەممەد و میناخانم، بە لاوێتی جوانەمەرگ بوو، عیفەت لە ساڵی ١٩٨٩دا لە وڵاتی سوید بە پلانێکی تێرۆریستی گیانی لە دەست دا، عەلی، تاقە کوڕەکەی قازی محەممەد و میناخانم بێجگە لەوەی لە ھەڕەتی لاوێتیەوە تووشی تاراوگە و دوورخستنەوە بوو، لە چەند لای دیکەشەوە تووشی دڵرەقی و قینی ناڕەوا و بێ پاساو ھات. سەردەمێک لە زیندانی حیزبی دێموکڕات لە دۆڵەتوو توند کرا و ٥ ساڵانیش خرایە زیندانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقەوە. ئەوەش ھەمووی بارێکی قورس بوون کە دەخرانە سەر شانی ھاوسەری قازی محەممەد.
زیندان
دەستکاریمیناخانم لە ژیانیدا تووشی گەلێک ناخۆشی و ناڕەحەتی ھاتووە. لە لایان رێژیمە داگیرکەرەکانی ئێرانەوە تووشی زیندانیکردن و ئەشکەنجە و ئازار بووە. ئەم ژنە خۆڕاگرە لە ساڵی ١٩٨٤ لە لایان رێژیمی ئاخوندی ئێرانەوە بۆ ماوەی ١١ مانگ زیندانی کرا و کەوتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژییەوە. میناخانم لەو کاتەی کە لە زیندان بوو بە ھۆی ئەشکەنجە و ئازارەوە تووشی نەخۆشی دەبێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی میناخانم بنێرێتە نەخۆشخانەی ئاسایی داوا دەکا کە یەکێک لە کچەکانی بە جێگای ئەو زیندانی بکرێ. بۆیە خاتوو فەوزییەی کچی دەچێتە زیندان و میناخانم بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران بەڕێ دەکرێ. لە نەخۆشخانەی تاران بە ھاوکاری کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە رزگار دەبێ و لە مەشھەد دەشاردرێتەوە.
چوون بۆ ئەوروپا و گەڕانەوە
دەستکاریمیناخانم لە ساڵی ١٩٩١ روو دەکاتە وڵاتی ئاڵمان و پاش ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە مەھاباد. لە ساڵەکانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی روو دەکاتەوە ھەندەران و پاش ئەوەی کە لە چاکبوونەوەی نائومێد دەبێ، دەگەڕێتەوە بۆ مەھاباد.
میناخانم تا دوا ساتەکانی ژیانی، ئاواتی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی لە دڵدا بوو. لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری "وارڤین" دەڵێ:
"ھەرچەند باش دەزانم کە گەلی کورد لە داھاتوویەکی نێزیکدا سەردەکەوێ و دەگاتە ئامانجە مێژووییەکەی خۆی، ئاواتم ئەوەیە کە رۆژێک تەواوی کوردستان ببێتە یەک و کوردیش لەو دونیایەدا دەوڵەتی خۆی ھەبێ...".
کۆچی دوایی
دەستکاریسەرەنجام مینا خانم لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٩ی رێبەندان، رێکەوتی ١٨ی شوباتی ١٩٩٨ بە یەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان دەکا.
منداڵەکان
دەستکاریئەمانەش ببینە
دەستکاریسەرچاوەکان
دەستکاری- ^ «تەرمی عەلی قازی لە گۆڕستانی كەلار بە خاك دەسپێردرێت». www.gksat.tv. لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٢ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ «سوهەیلا قازی محەمەد کۆچی دوایی کرد». jinhaagency.
- ^ «تەرمی مریەم قازی کچی پێشەوا قازی محەممەد لە کەلار بەخاکسپێردرا». rudaw. ١ی نیسانی ٢٠٢٠.
- ^ ئاژانسی ھەواڵی نووژن: ژیاننامەی ئەمڕۆ: دایکی کوردستان (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢١؛ سەردان لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
- ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: کەژار: مریەم قازی میراتگری کۆماری کوردستان بوو (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٠؛ سەردان لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
- ^ کوردستان پۆست: عەلی قازی (کوڕی رەش) کۆچی دوایی کرد (بە سۆرانی)، نووسینی جەعفەر کەریمی، نووسراو لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٢؛ سەردان لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.