سێکوچکەی بابان بەو سێ شاعیرە کوردە دەوترێ (نالی، سالم و کوردی)، ئەم سێ شاعیرە ڕێبەری و دامەزرێنەری شیعری کلاسیکی کوردی بوون لە سەردەمی میرنشینی بابان.[١]

نالی ناوی خدرە (١٨٠٠–١٨٥٦)[٢] کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاک و خۆڵ، لە دەشتی شارەزوور ھاتوەتە دنیاوە. ھەر لە تەمەنی منداڵی نراوەتە بەر خوێندن لە حوجرە. لە سەرەتاوە وردەکتێبی فارسی و قورئانی خوێندووە، دواتر زانستەکانی تری قورئان و فەرموودە و سەرف و نەحو و کەلام، بەلاغە، و فەلەک و فیقھ و سیرەی خوێندووە. تا خوێندنی ئەمانەی تەواو کردووە و دواتر ئیجازەی عیلمی وەرگرتوو، لە چەندەھا شوێن وەک سنە و سابڵاخ و ھەڵەبجە و سلێمانی و لای چەندەھا مامۆستای باشی ئەو سەردەمەی خۆی خوێندویەتی. دوای تەواوبوونی خوێندنەکەی، نالی مەلایەکی باش و ڕۆشنبیرێکی گەورەی لێدەردەچێت، بێجگە لە زاراوەی دەیکی کە کوردی بووە فارسی و تورکی و عەرەبیشی بە باشی زانیوە، تەنانەت شیعریشی پێ نووسیوون. دەکرێت بوترێت نالی شاعیر بەردی بناغە و دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعری بابان بووە و یەکێک بووە لە گەوەرەترین شاعیرانی سۆرانی لە سەردەمی خۆی و لە ئێستاشدا.

عەبدوڕەحمان بەگی ساحێبقران (١٨٠٠-١٨٦٦) ناسراو بە سالم ھۆنراوەنووسێکی کلاسیکی زمانی کوردی بووە. سالم و مستەفا بەگی ساحێبقران ناسراو بە کوردی ئامۆزای یەکترن. سالم کوڕی محەممەد بەگی کوڕی ئەحمەد بەگی ساحێبقرانە و لە ساڵی ١٨٠٠دا لە شاری سلێمانی ھاتوەتە دنیا. لە ساڵی ١٨٦٦دا مردووە و لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.

مستەفا بەگی کوڕی مەحموود بەگی ساحێبقڕان، ناسراو بە کوردی، لە ساڵی ١٨١٢ز لە سلێمانی لەدایک بووە، ھەر لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٥٠ز کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. شاعیر وەکو منداڵانی سەردەمەکەی خۆی لە حوجرە فێری خوێندەواری بووە، بەڵام درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە مەلا. مستەفا بەگی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی شیعری بابان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام بەداخەوە بەرھەمێکی کەمی شاعیر کەوتووەتە دەست خوێنەران جگە لەوەش کە ناوی شاعیر لەتەک نالی و سالمەوە دێت، بەڵام وەکو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

نامە گۆڕینەوەکەی نالی و سالم

دەستکاری

نامە گۆڕینەوەکەی نالی و سالم ئاماژەیە بە گۆڕینەوەی نامەی شێعری لە نێوان دوو شاعیری بەناوبانگی کورد، سالم و نالی لە سەدەی نۆزدەیەمدا. جگە لە گرنگیی ئەدەبیی دوو نامەکە یان دوو قەسیدەکە، گرنگییەکی مێژوویی تایبەتیشیان ھەیە و بارودۆخی مێژوویی ئەو کاتەی سلێمانی تا ڕادەیەک پیشان دەدەن.

نالی لە دوای ڕووخانی میرنشینی بابان، سلێمانی بە جێ دەھێڵێ و ڕوو لە شام دەکا. لەوێوە قەسیدەیەکی درێژ وەکو نامەیەک بۆ سالم دەنێرێت و باسی دوورە وڵاتیی خۆی لە شام دەکات و ھەست و تاسەی دووری نیشتمان و شارەزوور و سلێمانی دەردەبڕێت. سلێمانی لەو کاتەدا لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیرکرابوو و میرنشینی بابان ڕووخابوو. سالمیش لە وەڵامدا قەسیدەیەکی درێژی بۆ دەنووسێت و ھەردووکیان بە خەیاڵ و بە بادا، نامەکانیان دەنێرن. نالی بەم شێویە قەسیدەکەی دەست پێ دەکات:


قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور
وەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور
ئەی لوتفەکەت خەفی و ھەوا خواھ و ھەمدەمە!
وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزور!

سالمیش ھەر بەو جۆرە با دەکا بە نامەنێر و وەڵامی نالی دەداتەوە. قەسیدەکەی سالم ئاوھا دەست پێ دەکا:


جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە ھەموو ڕاھی پڕ خەتەر
ئەی میروەحەی جەمالی مەھاسایی دڵبەران
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیمبەر

گرنگیی قەسیدەکان

دەستکاری

دوو قەسیدەکە بە تایبەت قەسیدەکەی نالی لە بواری ئەدەبییەوە زۆر گرنگن. جگە لەمە ناوی زۆرێک جێگە لە شاری سلێمانیی تێدایە کە بۆ ناسینی مێژووی ئەو سەردەمەی سلێمانی گرنگە و دوای ئەوە بار و دۆخی مێژوویی و سیاسیی ئەو کاتەی سلێمانی دەردەخا. ھەروەھا لە چاندی کوردیدا کاریگەرییەکی بەرچاویان بووە. بۆ نموونە عەدنان کەریم گۆرانیبێژی کورد قەسیدەکەی نالیی کردوە بە گۆرانی. شێرکۆ بێکەسیش لە شێعرەکانیدا ئاماژە دەکا بە قەسیدەکەی بادی خۆش مرووری نالی.

دەقی قەسیدەکەی نالی

دەستکاری

قوربانی تۆزی ڕێگاتم، ئەی بادی خۆش مروور!
ئەی پەیکی شارەزا بەھەموو شاری شارەزوور!
ئەی لوتفەکەت خەفی و ھەوا خواەو ھەمدەمە!
وەی سروەکەت بەشارەتی سەر گۆشەیی حوزوور!
ئەی ھەم میزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقا ن!
تۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور!
گاھێ دەبی بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ
گاھێ دەبی بە دەم، دەدەمێنی، دەمی غوروور
مەحوی قەبووڵی خاتری عاتر شەمیمتە
گەردی شیمال و گێژی جەنووب و کزەی دەبوور
سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون
نەیماوە غەیری گۆشەیی، زیکرێکی یا سەبوور
ھەم ھەم عەنانی ئاھم و، ھەم ھەم ڕیکابی ئەشک
ڕەحمێ بەم ئاەو ئەشکەبکە! ھەستەبێ قوسوور!
وەک ئاھەکەم دەوان بە! ھەتا خاکی کۆیی یار
وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە! ھەتا ئاوی (شیوەسوور)
بەو ئاوەخۆت بشۆ، لەکودووراتی سەرزەمین
شاد بن بەوەسڵی یەکدی؛ کەتۆی تاھیر، ئەو تەھوور
ئەمجا مەوەستەتا دەگەیییەعەینی (سەرچنار)
ئاوێکەپڕ لەنار و چنار و گوڵ و چنوور
چەشمێکەمیسلی خۆر کە لەسەد جێ، بەڕۆشنی
فەورانی، نووری سافەلەسەر بەردی وەک بلوور
یا عەکسی ئاسمانەلەئاوێنەدا کەوا
ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەھابی نوور
یا چەشمەساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە
یەنبووعی نوورەدابڕژێنێ لەکێوی توور
دەم وت دوو چاوی خۆمە، ئەگەر (بەکر ەجۆ)یی ئەشک
نەبوایەتیژ و بێ سەمەر و گەرم و سوێر و سوور
داخڵ نەبی بەعەنبەری سارایی (خاک و خۆڵ)
ھەتا نەکەی بەخاکی (سولەیمانی) یا عوبوور
یەعنی ڕیازی ڕەوزە، کەتێیدا بەچەن دەمێ
موشکین دەبی بەکاکۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور
خاکی میزاجی عەنبەر و، داری ڕەواجی عوود
بەردی خەراجی گەوھەر و، جۆباری عەینی نوور
شامی ھەموو نەھار و، فوسوولی ھەموو بەھار
تۆزی ھەموو عەبیر و، بو خاری ھەموو بو خوور
شارێکەعەدل و گەرمە، لەجێگێکەخۆش و نەرم
بۆ دەفعی چاوەزارەدەڵێن: شاری شارەزوور
ئەھلێکی وای ھەیەکە، ھەموو ئە ھلی دانشن
ھەم نازیمی عوقوودن و ھەم نازیری ئوموور
سەیرێ بکەلەبەرد و لەداری مەحەللەکان
دەورێ بدەبەپرسش و تەفتیش و خوار و ژوور
داخۆ دەروونی شەق نەبووە؟ (پردی سەرشەقام)!
پیر و فوتادەتەن نەبووە؟ (داری پیرمەسوور)!
ئێستەش بەبەرگ و بارەعەلەم داری (شێخ ھەباس)!؟
یا بێ نەواوو بەرگەگەڕواەبەشەخسی عوور!؟
ئایا بەجەمع و دائیرەیەدەوری (کانی با)!؟
یاخۆ بووەبەتەفریقەیی شۆڕش و نوشوور!؟
(سەیوان) نەزیری گونبەدی کەیوانەسەبز و ساف!؟
یاخۆ بووەبەدائیرەیی ئەنجومی قوبوور!؟
ئێستەش مەکانی ئاسکەیە (کانی ئاسکان)!؟
یاخۆ بووەبەمەلعەبەیی گورگ و لوورەلوور؟
ئێستەش سوروشکی عیشقی ھەیە (شیوی ئاودار)!؟
یاخۆ بووەبەسۆفیی و شکی لەحەق بەدوور؟
داخو دەروونی سافە، گوڕەی ماوە (تانجەرۆ)!؟
یاخۆ ئەسیری خاکەبەلێڵی دەکا عوبور؟
سەیرێکی خۆش لەچیمەنی ناو (خانەقا) بکە!
ئایا ڕەبیعی ئاھووە، یا چایری ستوور؟
سەبزەلەدەوری گوڵ تەڕە، وەک خەتتی ڕوویی یار!؟
یا پووشی وشک و زوورە، وەکوو ڕیشی (کاکەسوور)؟
قەلبی مونەووەرەلەحەبیبانی نازەنین!؟
یا وەک سەقەر، پڕەلەرەقیبانی لەندەھوور؟
دەس بەندیانەدێن و دەچن، سەرو و نارەوەن!؟
یا حەڵقەیانەسۆفیی مل خوار و مەندەبوور؟
مەیلێ بکەلەسەبزەدرەختانی مەدرەسە!
ئەوراقیان موقەددیمەیی شینەیا نەسوور؟
حەوزی پڕی، کەنائیبی دیدەی منەلەوێ
لێڵاوی دانەھاتووە، وەک سەیلی (شیوەسوور)؟
ئێستەش کەناری حەوشەکە، جێی باز و کەوشەکە؟
یاریی تیایە؟ یا بووەتەمەعرەزی نوفوور؟
چاوێ بخەلەسەبزەو و، سێرابی دائیرە!
جێ جیلوەگاھی چاوەکەمەنەرمەیا نەزوور!
تو خوا فەزایی دەشتی فەقێکان ئەمێستەکەش
مەحشەر میسالە، یا بووەتە (چۆڵی سەلم و توور)؟
واسیل بکەعەبیری سەلامم بەحوجرەکەم!
چی ماوە، چی نەماوە، لەھەیوان و تاق و ژوور؟
ئەو غاری یارەئیستە، پڕ ئەغیارە، یا نەخۆ
ھەر غاری یارە، یا بووەتەغاری مار و موور؟
زارم وەکو ھیلال و نەحیفم وەکو خەیاڵ
ئایا دەکەومەزار و بەدڵدا دەکەم خوتوور!؟
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی ھیجرەتە
دڵ ڕەنگەبێ بەئاو و بەچاوا بکا غوبوور
ئایا مەقامی ڕوخسەتە، لەم بەینەبێمەوە!؟
یا مەسڵەحەت تەوەققوفەتا یەومی نەفخی سوور!؟
حاڵی بکەبەخوفییە: کەئەی یاری سەنگ دڵ!
«نالی» لەشەوقی تۆیەدەنێرێ سەلامی دوور

دەقی قەسیدەکەی سالم

دەستکاری

جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە ھەموو ڕاھی پڕ خەتەر
ئەی میروەحەی جەماڵی مەھاسای دڵبەران
وەی شانەزەن بە کاکۆڵی تورکانی سیمبەر
جاڕووکەشی مەنازیلی جانان لە خەڵوەتا
فەڕڕاشی فەڕشی سەبزە، بەھاران، لە دەشت و دەر
ماڵش دەدەی بە دەم لە دەمی خوابی سوبحدەم
ھەم زوڵفی قیرگوونە و ھەم چیھرەیی قەمەر
باری لە سروەکەت بە شنەی ئەنگەبینی، گەز
کردوویە جونبوشت بە ھەماغووشی نەیشەکەر
وەختی تەوافی عاریزی دڵبەر، شنۆیی تۆ
لەغزش دەخا بە توڕڕە لە سەر تا بە پێی کەمەر
کەی دێتە خەندە غونچە دەمێ بێ وەزیدەنت؟
گەر تۆ نەبی درەختی چەمەن ناگرێ سەمەر
ئەحیاکونی جەمیعی نەباتاتی عالەمی
ڕەعنا کشا لە تەربیەتت قامەتی شەجەر
ئابی حەیاتە ئاتەشی ئەفسوردەیی دەمت
تەحریکی تۆیە گڕ لە تەنوورا کە دێتە دەر
میحنەت ئەوەندە زۆرە، ھێندە دڵم تەنگ بووە
دوودی ھەناسەیی سەحەرم ھەوری گرتە بەر
ھیممەت کە چابوکانە بە ئیجرایی مەتڵەبم
لەم سەر بڕۆ وەکوو بەرید و لەوێ بێ وەکوو تەتەر
بۆ موڵکی شامە نامەیی من سوویی نالییە
ھەر حەرفی ئەو لە وەزعی ویلایەت دەدا خەبەر
پرسیویە زاھیرەن لە ڕەفیقانی یەک جیھەت
ئەحواڵی ئەسڵی شەھر و موقیمانی سەربەسەر
لەوساوە حاکمی بە ستەم دەربەدەر کرا
نەیدیوە کەس لە چیھرەیی کەس جەوھەری ھونەر
تا بوو بە جایی مەتلەعی خورشیدی موڵکی ڕۆم
سووتا گیاھی تیشنە و خوشکیدە بوو شەجەر
ناکەن ھەوایی ھیچ کەبابێ زەلیلی شەھر
بوریانە بەس لە ناری غەما پارەیی جگەر
جوز گاھی ئاھ و گرییە لە ئەییامی ڕۆمییا
نەمدیوە وا ببێ لە فەرەحدا لەبی بەشەر
سەیوان پڕە لە شەخسی ستەمدیدە خوار و ژوور
ھەر قەبری پڕ غەمانە لە ھەر لا دەکەم نەزەر
جێی تورکەکانی ڕۆمە دەر و ژووری خانەقا
غافڵ ھەموو لە جایی موریدانی باخەبەر
ئەو حەوزە پڕ دەبوو کە وەکوو چاوەکانی ئەو
تەغییرە ئاوی وەک دڵی مەردانی پڕ کەدەر
ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو
یەکسەر مەقامی ڕۆمییە ھەروەک تەھی سەقەر
سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری سەرچنار
لێڵاوە چەشمەساری وەکوو چاوی بێ بەسەر
زستانی ئەووەڵین بوو دڕا بەرگی شێخ ھەباس
ڕۆمی ئەوەندە شوومە لە شەخسیش دەخا زەرەر
وەک پیری خوردساڵە خەمی داری پیرمەسوور
مەشغووڵی لەغزشە ھەمەجا پای تا بەسەر
ئەو بەردەکانی ناوی نرا قسنی شەخسەکەی
دایان بە شاخ و دارەکەیا تورکی بێ ھونەر
وەک چاوی بێ غەمانە ھەموو شیوی ئاودار
بەس موشکلە لە چەشمەیی ئەو قەترە بێتە دەر
ئەوسا مەکانی ئاسکە بوو کانی ئاسکان
ئێستە لە دەنگ و ڕەنگی ئەڕۆمی پڕە لە کەر
ئەمڕۆ فەزایی بازیگەھ جایی ڕەھزەنە
لەو دەشتە دێ لە غەیبەوە ئاوازی ئەلحەزەر
تا دوزدجۆیی نیمەشەبن تورکی بێ نیزام
دوزدن ھەموو لە خەرمەنی مونعیم وەکوو شەرەر
شەھرێکە پڕ لە زوڵم و مەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕ لە شۆر و وڵاتێکە پڕ لە شەڕ
سەربانی پڕ لە کەژدوم و دیواری پڕ لە مار
گەودالی پڕ لە ڕەھزەن و سەحرایی پڕ خەتەر
دڵ نایەڵێ بڵێم چییە سامانی حوجرەکەی
ھەر تۆڕی عەنکەبووتە، حیجابی بیرون و دەر
نایێ سەدا لە پەنجەرەکەی جوز فیغانی جوغد
غەیرەز شەقامی مووری نییە شوێن و پێ گوزەر
توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر
ئەم موڵکە نەزمی نابێ بەبێ زەبتی واریسی
بێ ئەو بە قەسدی ئەم تەرەفە با نەکا سەفەر
«سالم» سیفەت لە بێکەسیا با نەبێ ھیلاک
من کردم، ئەو نەکا لە غەما خوێنی خۆی ھەدەر

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ڕەسەنەکە لە ٢٩ی نیسانی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٥ ھێنراوە. ٢٩ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلیە لە گوندی خاک و خۆڵ ڕادیۆ ناوخۆ ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ لە Archive.is، ئەرشیڤ کراوە
  • دیوانی نالی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی مەلا عەبدولکەریم مودەریس و فاتح عەبدولکەریم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد – بەغدا، ١٩٧٦