سەلاح پایانیانی

(لە سه‌لاح پایانیانیەوە ڕەوانە کراوە)


سەلاح پایانیانی توێژەر و فەرھەنگنووسی کوردە. ٢٠ی خاکەلێوە (٩ی نیسان) ی ساڵی ١٩٧٨ لە شاری مەھاباد لە دایک بووە و ئێستا بەڕێوەبەری سەرای ھێمنە (بە فارسی: سرای ھیمن) لە مەھاباد.

سەلاح پایانیانی

سەلاح پایانیانی
سەلاح پایانیانی
لەدایکبوون٢٠ی خاکەلێوە (٩ی نیسان) ی ١٩٧٨
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترسیامەند
پیشەتوێژەر و فەرھەنگنووس
کارە ناودارەکان
فەرهەنگی زارەکیی موکریان
ھاوسەرلەیلا نوورانی (نووسەر)
مناڵ(ەکان)باران، ئاران


کار و کردە دەستکاری

پایانیانی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە بێ‌وچان شانی وەبەر توێژینەوە و فەرھەنگ‌نووسیی زمانی کوردی داوە و کۆشێک بەرھەمی بەپێزی پێشکەش کتێبخانە و نەتەوەی کورد کردووە. فەرھەنگی زارەکیی موکریان یەک لەو پڕۆژە بەنرخانەیە کە لە سایەی کاری مەیدانی و کۆکردنەوەی داتا لە ماوەی ئەو بیست وپێنج ساڵەدا سەری گرتووە و زستانی ٢٠٢٤ دواهەمین بەرگی چاپ و بڵاو کراوە. ئەو فەرهەنگە سەرجەم ١٥ بەرگە.

مامۆستا ئەحمەد بەحری (نووسەر و زمانەوان و خاوەنی گۆڤاری مەھاباد) ئاوا باسی کاک سەلاح دەکات: ئەو ئازیزە ئاشقە ھەر بە زمانەوە زیندووە، بەڵام زیندوویەکی سەربزێو و یاغی؛ لەگەڵ وچان و حەسانەوە نەحەجماو. وشە کە دەخزێنە لەپی دەستی، سەرمەست دەبێ؛ بە لای ئەوەوە ژیانی ئاسایی دەمێکە فەرامۆش کراوە!! وەک دەروێشێکی ماڵ بەکۆڵی جارانی موکریانم دێتە بەر چاو کە خرمەی پلپلەی دەفەکەی چەندە لە گوێیان خۆش بوو ئەودەمەی لە بەر ماڵی گونداندا دەنگی دەدایەوە![١]

بەرهەمەکان دەستکاری

فەرهەنگی زارەکیی موکریان دەستکاری

بەپێی ساڵی چاپی یەکەم دانراون:

  1. فەرھەنگی زارەکی موکریان - بەرگی یەکەم (پیتی ئـ)، ٢٠٠٧
  2. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی دووھەم (پیتی ب)، ٢٠١٠
  3. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی سێھەم (پیتی پ)، ٢٠١١
  4. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی چوارەم (پیتی ت)، ٢٠١٢
  5. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی پێنجەم (پیتی ج - چ)، ٢٠١٤
  6. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی شەشەم (پیتی ح، خ)، ٢٠١٦
  7. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی حەوتەم (پیتی د)، ٩٦٦ لاپەڕە، ٢٠١٩
  8. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی ھەشتەم (پیتی ڕ، ز، ژ)، ٨٦١ لاپەڕە، ٢٠١٩
  9. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی نۆهەم (پیتی س)، ٧٩٥ لاپەڕە، ٢٠٢٠[٢]
  10. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی دەیەم (پیتی ش، ع، غ، ف)، ٩٥٦ لاپەڕە، ٢٠٢٠[٣]
  11. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی یازدەهەم (پیتی ق)، ٨٨٢ لاپەڕە، ٢٠٢١[٤]
  12. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی دوازدەهەم (پیتی ک)، ١٣٣٤ لاپەڕە، ٢٠٢١[٥]
  13. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی سێزدەهەم (پیتی گ، ل)، ١٠٣٩ لاپەڕە، ٢٠٢٣
  14. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی چواردەهەم (پیتی م)، ٦٥٢ لاپەڕە، ٢٠٢٣[٦]
  15. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی پازدەهەم (پیتی ن، و، هـ، ی)، ؟ لاپەڕە، ٢٠٢٤
 
بەرگی حەوتەمی فەرهەنگی زارەکیی موکریان
 
بەرگی 11 و 12ی فەرهەنگی زارەکیی موکریان
 
بەرگی 13و 14ی فەرهەنگی زارەکیی موکریان

پێشەکییەکان دەستکاری

"فەرهەنگی زارەکیی موکریان" سەرجەم پازدە بەرگە و بەپێی ئەلف‌وبێی زمانی کوردیی، هەموو پیتەکانی لەخۆ گرتووە. دەستەیەک مامۆستای خاوەن هزر و ڕا پێشەکییان بۆ نووسیوە و قۆڵیان بۆ کێشاوە، کە بریتین لە:

ئەحمەد قازی (نووسەر و وەرگێڕ)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ١: وەک سەرەتا.

دوکتور ئەمیر حەسەن‌پوور (مامۆستای زانستگای تورانتۆی کانادا)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ١: "فەرهەنگی زارەکی" لە خولی تێکنۆلۆژی زمان‌دا.

دوکتور ڕەهبەر مەحموودزادە (ڕەخنەگر و لێ‌کۆڵەر)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ٣: نەریتێکی نوێ لە فەرهەنگ‌نووسیی کوردی‌دا.

دوکتور ئەحمەد ئەحمەدیان (لێ‌کۆڵەر)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ٤: ئینساکلۆپێدیایەکی ناوچەیی تاقانە لەسەر بناغەی زمان‌وێنەی "ئاپۆرەی خەڵک" و "چینی ڕەشۆکی".

یوونس ڕەزایی (شاعیر)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ٥: ڕوانینێک بۆ ڕەخنە و پڕۆسەی فەرهەنگ‌نووسیی لە کوردستان‌دا.

دوکتور مایکل چایلد(کتێب‌خانەی کۆنگرێسی واشنگتۆن)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ٦.

دوکتور هاشم ئەحمەدزادە(نووسەر)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ٧؛ مەتەڵۆکی زمان و پەڕجووی مانەوە.

محەممەد ڕەمەزانی (نووسەر و وەرگێڕ)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ٨: گاشەبەردێکی جوان‌تاشراوی نەخشاو بۆ گرتنی سەتان کەلێنی هەراوی زمانەکەمان.

دوکتور محەممەد خزری‌ئەقدەم؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ٩: گەڕان بە شوێن ڕەسەنایەتی‌دا.

دوکتور حەمید حەسەنی (توێژەری باڵای فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبیاتی فارسی)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ١٠.

دوکتور ئەحمەد محەممەدپوور (مامۆستای مرۆڤ‌ناسی و کۆمەڵ‌ناسی، زانکۆی ماساچۆسێت، ئەمریکا)؛ پێشەکی بۆ بەرگی ١١: هەوڵێکی مرۆڤ‌ناسانە بۆ زیندووکردنەوەی زمان و شوناس.

دوکتور کەماڵ سولەیمانی (مامۆستای مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)؛ پێشەکیی بۆ بەرگی ١٢: دەسەڵات و نەریتی فەرهەنگ‌نووسی.

بەشی منداڵان دەستکاری

  1. ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان - بەشی منداڵان - بەرگی یەکەم، ٢٠١٣
  2. ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان - بەشی منداڵان - بەرگی دووھەم، ٢٠١٣
  3. دەنکە هەنار(کۆمەڵێک چیرۆکی فولکلۆریی منداڵان)، ٢٠٢١
  4. تیتل و بیبل(چوار چیرۆکی فولکلۆریی منداڵان)، ٢٠٢١
  5. مریشکە قوڵە
  6. خەڕەکێ نارنار

داڕشتە دەستکاری

بەرگی یەک و دووی بەشی منداڵان سەرجەم ٣٧٠ لاپەڕەی نووسراو و بە وێنە نەخشاوە، کە چوار بەشی سەرەکی لەخۆ گرتووە: هەقایەت، کایە و داب و نەریت، شانۆ، مەتەڵ.

بەشی ژنان دەستکاری

  1. ئەدەبیاتی زارەکیی موکریان - بەشی ژنان، ٢٠١٤

داڕشتە دەستکاری

یەک بەرگی سەربەخۆی ٣٢٠ لاپەڕەییە. داتاکانی لەسەر بنەمای ئەو وێژەیەی بەسەر زار و زمانی ژنانەوەیە، ڕۆنراوە. ناوئاخنەکە بەسەر ٨ بەشی سەرەکی‌دا پۆلێن کراوە: لایەلایە، منداڵ لاواندنەوە، وردەقام، باللۆرە، مانگالاواندنەوە، مەشکە، حەیران، شین‌گێڕی. پڕۆفیسۆر ئەمیر حەسەن‌پوور پێشەکیی بۆ نووسیوە. لە دوابەشی فەرهەنگەکەدا وێنەی کۆمەڵێک لەو ژنانەی سەرچاوەی ئەو کارەن، دانراوە.

بەشی جل‌وبەرگ دەستکاری

  1. فەرھەنگی جلوبەرگ و خشڵی ژنانی موکریان (بە ھاوکاریی لەیلا نوورانی)، ٢٠١٤

داڕشتە دەستکاری

فەرهەنگێکی قەبارە گەورە (A4)ی ٢٩٠ لاپەڕەییە کە ناوئاخنەکەی سەبارەت بە هەر شتێکەوەیە کە بۆ ڕازاندنەوەی ژنان لە موکریان کەڵکی لێ وەرگیراوە یان وەردەگیرێ. داتاکان بە دوو شێوەی نووسراوەیی و وێنەیی ڕۆنراون. دوابەشی فەرهەنگەکە چاوساغی ئەلف‌وبێیە.

بەشی خورد و خۆراک دەستکاری

  1. فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەشی خورد و خۆراک، ٢٠١٨[٧]

داڕشتە دەستکاری

لە قەبارەی یەک بەرگی سەربەخۆی ٥٢٢ لاپەڕەیی‌دا داڕێژراوە. داتاکانی لە بازنەی ماک و کەرەستەکانی دروست کردن و خودی خواردەمەنییەکان‌دا خول دەخۆن. ناوئاخنی ئەو فەرهەنگە لە ٣ بەشی سەرەکی پێک هاتووە: چێشت، ڕسق، نان. پڕۆفیسۆر جەعفەر شەیخول‌ئیسلامی پێشەکیی بۆ نووسیوە. دوابەشی فەرهەنگەکە چاوساغی ئەلف‌وبێیە.

بەرهەمی تر (کوردی) دەستکاری

  1. کانی مرادان (کۆمەڵێک بەند و باوی فۆلکلۆری کوردەواریی)، ٢٠٠٢

داڕشتە دەستکاری

ئەو کتێبە، یەکەم چاپ‌کراوی سەلاح پایانیانییە. یەک بەرگی سەربەخۆی ٢١٥ لاپەڕەییە، کە ناوئاخنەکەی لە نۆ بەشی هۆنراوەیی پێک هاتووە: لایەلایە، منداڵ لاواندنەوە، کایەی منداڵان، گۆرانیی ژنان، گۆرانیی پیاوان، هەوای هەڵپەڕکێ، گۆرانیی کار، حەیرانی ژنان، شین‌گێڕیی.

بەرهەمی تر (فارسی) دەستکاری

  1. حنجرۀ ترجمە (بە کوردی: قوڕگی وەرگێڕان؛ گردوکۆی کۆمەڵێک وتار و بابەتی فارسییە لەسەر وەرگێڕی کورد محەممەد قازی)، ٢٠١٥

بیر و ڕای بیرمەندان سەبارەت بە فەرھەنگی زارەکیی موکریان دەستکاری

  • پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور (زانستگای تۆرانتۆی کانادا): فەرھەنگی زارەکیی موکریان بەرھەمێکی بەکەڵک و ڕیکوپێکە کە کەلێنێکی گەورە لە زمانی سەرکوتکراوی کوردی پڕ دەکاتەوە. کاک سەلاح لێھاتوویی و چازانیی خۆی ھەم لە زمانی کوردی و ھەم لە ھونەری فەرھەنگنووسیندا، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێبە دەربڕیوە.[٨]
  • مامۆستا ئەحمەد قازی (نووسەر و وەرگێڕی کورد): کاک سەلاح کە پەیوەندییەکی بەھێزی دەگەڵ جەمبوورەی چین و توێژە مامناوەندی و ھەژارەکان و دنیای وەرزێر و ئاژەڵدار و ڕەنجبەراندا ھەیە و خوێندنەوەیەکی بەربڵاویشی لەسەر ئەدەب و فەرھەنگ و بابەتی فۆلکلۆریکی کوردی ڕەچاو کردووە، توانیویەتی دە لێکدانەوە و ماناکردنەوە و شاھیدھێنانەوە بۆ چەسپاندنی لێک-دانەوەکانیدا سەرکەوتوو بێ.[٩]
  • دکتۆر مایکل چایلد (کتێبخانەی کۆنگرێسی واشینگتۆن فەرھەنگنووس): فەرھەنگی زارەکیی موکریان لە فەرھەنگە کوردییەکانی تر جیاوازە. ئەم فەرھەنگە ھەم لە بواری فەرھەنگدانان و ھەم لەسەر کەلەپوور و بنزاراوەیەکی گرینگی سۆرانی زانیاریی زێدەمان پێدەدا، ئەویش بنزاراوەی موکریانی کوردستانی ئێرانە. ئەو فەرھەنگە نەک ھەر زمانەوان، بەڵکوو مێژووناس و وێژەوان و مرۆڤناسیش خێری لێ دەبینن.[١٠]
  • دکتور جەعفەر شێخولیسلامی(پرۆفسۆری ھاوکار، بەشی زمانناسی و خوێندنەوەکانی زمان، زانستگەی کارلتن): زمان تەنیا ساکارترین ئامرازی پێوەندی گرتن نییە؛ زمان ئاڵۆزترین سیستەمی پێوەندی گرتنە، کە دەورێکی سەرەکی دەگێڕێت لە سازکردنی ھەویەتی تاک و دەستەدا، لە چێ کردن و تێکدانی نێوانەکاندا، لە لکاندنی بەرەکانی ڕابردوو و ئەمڕۆ و داھاتوودا، و لە خوێندنەوە و فامکردنی دنیادا. زمان نە تەنیا یەکەم دەزگە و ئەنستیتوویە کە ئەزموونی دەکەین بەڵکوو ئەوەیە کە ھەموو دەزگەکانی تری ئینسانیی پێ ئەزموون دەکەین. فەرھەنگی زارەکیی موکریان گرینگایەتی زمان لە زۆربەی، یان ھەموو، ئەم بوارانەدا زەق دەکاتەوە. بەمجۆرە، لێکۆڵەران داتایەکی زۆروزەوەند و خەزێنەنموونەیەکیان لە بەر دەستە، بۆ ئەوە کە ئەم لایەنانە و ئەرکانەی زمان لە ژینگەی موکریان‌دا بخوێننەوە و شی بکەنەوە.[١١]
  • دکتۆر ڕەھبەر مەحموودزادە (لێکۆڵەر و ڕەخنەگر): فەرھەنگی زارەکیی موکریان لە ڕاستیدا دایرەتولمەعارفێکی فەرھەنگی نەریتیی کوردییە. ئەم فەرھەنگە سەر بە سوننەتێکی فەرھەنگنووسیی کوردییە کە دەکرێ بە نەریتی فەرھەنگنووسیی زارەکی ناودێر بکرێن و ئەگەر لە حەقیش لا نەدەین شان و قەڵافەتی ھێندە بەرزە کە فەرھەنگەکانی دیکە دەشارێتەوە.[١٢]
  • دکتۆر حەمید حەسەنی (فەرھەنگنووس و تۆژەری باڵای فەرھەنگستانی زمان و وێژەی فارسی): کاری وشەناسیی مەیدانیی زۆر سەخت و تاقەتپرووکێنە. لەم بوارەدا تۆژەرانی ئەورووپایی، وەک دەیڤید نیل مەکێنزی، ئۆسکار مان و ویلھێلم ئایلێرس ھەندێک بەرھەمیان لێ کەوتووەتەوە. فەرھەنگی زارەکیی موکریان، نەک ھەر لە ناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرھەمەش لەسەر تۆژینەوەی مەیدانییە. پایانیانی ھەر بەو تاقە بەرھەمە ناوی خۆی لە تۆژینەوەکانی ڕۆژھەڵاتناسییدا بردووەتە ڕیزی نەمران.
  • دکتۆر ھاشم ئەحمەدزادە(لێکۆڵەرەوە و مامۆستای زانکۆ): جانسۆن لە پێشەکیی فەرھەنگەکەی‌دا باس لە سەردەمانی پڕزەحمەتی نووسینی ئەم کارە گەورەیەی دەکات. ئەو پێیوایە شانازیی سەرەکیی ھەر گەلێک لە نووسەرەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو سەدە و نیو لە فەرھەنگەکەی جانسۆن، ھەموو ھاووڵاتێکی بریتانی و ھەموو ھۆگرێکی زمانی ئینگلیسی، بە ڕێزێکی زۆرەوە باسی فەرھەنگی جانسۆن و داھێنەرەکەی دەکەن. بڵاوبوونەوەی نۆ بەرگی فەرھەنگی زارەکیی موکریان (حەوت بەرگی ئەلفوبێیی و دوو بەرگی سەربەخۆ) ھەر لە ئێستاوە ناوبانگی داھێنراو و داھێنەرەکەی لای ھۆگرانی زمانی کوردی کردووەتە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگر. داھاتوو، بێ ھیچ گومانێک، بە سنگ‌فراوانی و پێزانینێکی زیاترەوە دەڕوانێتە ئەم فەرھەنگە و ئەم پیاوە فەرھەنگ‌سازە.[١٣]
  • یوونس ڕەزایی (شاعیر و نووسەر): ئەم فەرھەنگە پاش تەواوبوونی دەبێتە ئینسایکڵۆپیدیایەکی بەنرخ لە فەرھەنگی گشتەکیی نەتەوەی کورد و سەرچاوەیەک بۆ ئاوڕدانەوە لە زمانی زارەکیی گەلەکەمان. بۆ توێژینەوەی کولتووریی و کۆمەڵناسییەکان لەمەڕ بیروباوەڕی ڕەشۆکیی، داب و ڕەسمی کۆمەڵایەتی و تێفکرینی کولتووریش سەرچاوەیەکی زەنگینە.[١٤]
  • دکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان (زمانناس و ڕەخنەگر): بێتوو سەرجەم بەرگەکانی ئەم ئاسەوارە بڵاو بێتەوە ئیتر زمھاڕی تەمەنێکی دوور و درێژی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان دادەخرێ و لە قاتوقڕیی بەرھەمی چڕوپڕ و بەپێزی زمانەوانی کەلتووری کە داگری زۆربەی ھەرە زۆری ڕەھەندەکان و دەڤەرەکانی زمانی ئاخاوتنی جەمبوورەی جەماوەر لەو ناوچەیە بێ، ڕزگار دەبێ.[١٥]
  • عەباس غەزالی (چالاکی فەرهەنگیی هەرێمی کوردستان): فەرهەنگیی زارەکیی موکریان جگە لەوەی لە کاتێکی هەستیاردا زمانی پاراست و فەرهەنگیی شەفاهی ناوچەیەکی دەوڵەمەندی کوردی هێنایە ناو کتێب بە شێوازە زانستییەکەی وای کرد کە لە داهاتوودا ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش بەو ڕێچکەیەدا بڕۆن و فەرهەنگی ڕەسەنی نەتەوەی کورد دەوڵەمەند بکەن.[١٦]

ڕێز گرتن لە سەلاح پایانیانی دەستکاری

ڕۆژی ھەینی ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ بە ئامادەبوونی دەستەیەک لە نووسەران، شاعیران، دڵسۆزانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە شارەکانی مەھاباد، پیرانشار، شنۆ، بۆکان و سەردەشت کۆڕێک ڕێزگرتن لە شاری پیرانشار بۆ توێژەر و فەرھەنگ‌نووس سەلاح پایانیانی و خاتوو لەیلا نوورانی کە کارێکی ھاوبەشیان بەناوی «فەرھەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان» کردووە، بەڕێوەچوو.[١٧]

ڕۆژی پێنج شەممۆ ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ لە شاری بۆکان، بە ئامادە بوونی سەدان کەس لە نووسەران و ھونەرمەندان و ھۆگرانی ئەدەبیاتی کوردی کۆڕێکی ھەڵسەنگاندن و ناساندن، بۆ کتێبی «فەرھەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان» کاری ھاوبەشی دوو نووسەری بە توانای موکریان مامۆستا «سەلاح پایانیانی» و خاتوو «لەیلا نوورانی» بەڕێوە چوو.[١٨]

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ٤ی ٢٠١٨ (٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧) ئاکادیمیای زمانی کوردی لە ھەولێر، پایتەختی ھەرێمی کوردستان، ڕێزی لە چارەگە سەدەیەک ھەوڵ و ماندووبوونی فەرھەنگنووس، سەلاح پایانیانی، دانەری فەرھەنگی زارەکیی موکریان گرت.

ڕۆژی پێنج‌شەممۆ ١٤ی مارسی ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی دەستەیەکی بەرچاو لە نووسەران و لێکۆڵەرانی بواری فەرهەنگ و زانست، لە شاری مەهاباد، وێڕای پەردە لادان لەسەر دواهەمین بەرگی پڕۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان (بەرگی پازدەهەم)، ڕێز لە تەمەنێک تێکۆشانی بێ‌وچانی سەلاح پایانیانی گیرا.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "مردنم بۆیە پێ ناخۆشە دەرفەتی خزمەت بە نیشتمانم لێ دەستێنێ". پایگاە خبری تحلیل ھاژە. ئەحمەد بەحری. ٩٦/٣/١٦. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)
  2. ^ "دوو بەرگیتر لە کتێبی"فەرهەنگی زارەکی موکریان" چاپ کرا". Mehr News Agency. 2021-01-12. Retrieved 2024-05-02.
  3. ^ کُردی, خانه کتاب (۱۳۹۹-۱۱-۰۴T19:38:51+00:00). "به بهانه‌ی انتشارِ هم‌زمان جلدِ نهم و دهمِ "فەرهەنگی زارەکیی موکریان"". خانە کتاب كُردی (بە فارسی). Retrieved 2024-05-02. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)
  4. ^ "بەرگی ۱۱ و ۱۲ی". Kurdistanmedia (kurdistanmedia.com) (بە کوردی). 2022-03-13. Retrieved 2024-05-02.
  5. ^ "بەرگی ۱۱ و ۱۲ی". Kurdistanmedia (kurdistanmedia.com) (بە کوردی). 2022-03-13. Retrieved 2024-05-02.
  6. ^ "بەرگی ١٣ و ١۴ی «فەرهەنگی زارەکیی موکریان» بڵاو کرایەوە". سایت خبری سقز رووداو. 2023-05-15. Retrieved 2024-05-02.
  7. ^ "نوێترین بەرهه‌می فەرهه‌نگ‌نووسی کورد "سەلاح پایانیانی" چاپ و بڵاو بۆوە". haje.ir. Retrieved 2024-05-02.
  8. ^ پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور - فەرھەنگی زارەکیی لە خولی تێکنۆلۆژیی زماندا - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی یەکەم – لاپەڕەی ٧٧–٢٠٠٧
  9. ^ ئەحمەد قازی - وەک سەرەتا – فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی یەکەم – لاپەڕەی ١١–٢٠٠٧
  10. ^ مایکل چایلد - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی شەشەم – لاپەڕەی ١٢ – ٢٠١٦
  11. ^ فەرھەنگی زارەکیی موکریان، بەشی خورد و خۆراک، پشت بەرگ. بڵاوکەرەوەی سەرای ھێمن، مەھاباد: ٢٠١٨
  12. ^ ڕەھبەر مەحموودزادە - نەریتێکی نوێ لە فەرھەنگنووسیی کوردیدا - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی سێھەم – لاپەڕەی ١١–٢٠١١
  13. ^ فەرھەنگی زارەکیی موکریان، پێشەکیی بەرگی 7
  14. ^ یوونس ڕەزایی - ئاوڕێک لە فەرھەنگی زارەکیی موکریان و ڕوانینێک بۆ ڕەخنە و پڕۆسەی فەرھەنگنووسی لە کوردستاندا - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی پێنجەم ٢٠١٤
  15. ^ ئەحمەد ئەحمەدیان - فەرھەنگی زارەکیی موکریان ئینسایکڵۆپیدیایەکی ناوچەیی تاقانە لەسەر بناغەی زمانوێنەی ئاپۆرەی خەڵک و چینی ڕەشۆکی - فەرھەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی چوارەم – لاپەڕەی ٧–٢٠١٢
  16. ^ "نووسین و چاپکردنی "فەرهەنگیی زارەکیی موکریان" شانازییەکی بێ پایانه". kurdpress. 2024-03-29. Retrieved 2024-05-02.
  17. ^ ڕێزگرتن لە شاری پیرانشار (٩٦/١/٢٦). "پایگاە خبری تحلیلی ھاژە". {{cite news}}: Check date values in: |date= (help)
  18. ^ "کۆڕێک بۆ کتێبی "فەرھەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان" لە بۆکان". ھاژە. ٩٦/١٢/٢٧. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)