زارا محەممەدی
زارا محەممەدی یان زەھرا محەممەدی (لەدایکبووی ١٩٩٠ لە دێولان) چالاکی فەرھەنگی و مامۆستای زمانی کوردییە. ئەو وەکوو یەکێک لە ١٠٠ ژنی کاریگەر لە ساڵی ٢٠٢٢، لەلایەن بی بی سییەوە دەستنیشان کرا.[٢] زارا محەممەدی بەھۆی فێرکردنی زمانی دایکی بە خەڵک، سزای پێنج ساڵ گرتنی لە بەندیخانەی ژنانی سنەی بەسەردا سەپێنرا کە دوای دوو ساڵ ئازاد کرا. دادگای شۆڕشی سنە زارای بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپ و دەستەی تۆمەتبار کرد. ھەروەھا ئەو ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرھەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژینە.[٣]
زارا محەممەدی | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٩٠ |
نیشتەجێی | سنە |
نەتەوە | کورد |
پەروەردە | ماستەری جوگرافیای سیاسی |
خوێندنگە | زانکۆی سنە |
پیشە | چالاکی فەرھەنگی، مامۆستای زمانی کوردی |
وەکیل | جوامێر عەبدوڵڵاھی |
ناسراوە بە | مامۆستای زمانی دایکی، زارای نیشتمان |
ئایین | ئیسلام (سوننە) |
تۆمەتی تاوانباری | تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ڕێگەی دروستکردنی گرووپ و دەستە |
سزای تاوانباری | ٥ ساڵ گرتن لە بەندیخانە |
دۆخی دادوەری | لە ڕێکەوتی ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە لە لقی ژنانی بەندیخانەی سنە زیندانی کرا. سەرەنجام لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣، بەبێ ئاگاداریی خۆی و پارێزەر و بنەماڵەکەی لە زیندان ئازاد کرا.[١] |
ھاوسەر | سەیوان ئیبراھیمی |
ژیاننامە
دەستکاریزارا محەممەدی لە ساڵی ١٩٩٠ لە گوندی سەراوڵە، دێولان، پارێزگای سنە، ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ئەو ماستەری جوگرافیای سیاسی لە زانکۆی سنە وەرگرت و زیاتر لە ١٠ ساڵان لە سنە و گوندەکانی دەوروبەر زمانی کوردی فێری خەڵک کردووە. زارا ژیانی ھاوژینی لەگەڵ سەیوان ئیبراھیمی پێکھێنا کە ئەویش ئەندامی ئەنجومەنی نۆژینە.[٣]
گرتن و ئازادکردن
دەستکاریگرتن
دەستکاریزارا بە یەکەم جار لە ئایاری ٢٠١٩ دەستبەسەر کرا کە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ھەتا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتاییی دۆسیەکەی ئازاد کرا.[٤][٥] دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی پێکھێنانی گرووپ و دەستە دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.[٦][٧] دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکھێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەممەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە ھەموو تۆمەتەکان بێ بەری کردبوو. ئەم سزایە لە ھەمان ساڵدا لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مستەفا تەیاری بۆ ٥ سال بەندکران کەم کرایەوە.[٨][٩][١٠][١١][١٢]
ئازادکردن
دەستکاریپاش شەش مانگ لە زیندانیکردنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە، ڕۆژی یەکشەمەی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بەھۆی نەخۆشکەوتنی باوکی مۆڵەتی ١٠ ڕۆژ ھاتنە دەرەوەی پێ درا بە مەبەستی چاوپێکەوتنی باوکی، بەسود وەرگرتن لە مافی وەرگرتنی مۆڵەت.[١٣]
لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣، زارا لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە ئینستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆییی بڵاوکردەوە و ڕای گەیاند
« | ئەمڕۆ ھەینی درەنگانی ئێوارە بەبێ ئاگاداریی خۆم، بنەماڵەم، ھاوڕێیان و ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین و پارێزەری بەڕێزم، بە شێوازێکی بەتەواوەتی بەپەلە لە بەندینخانە دەرکرام بەبێ ئەوەی کە داخوازیی لێبووردن لەلایەن خۆم یان پارێزەرەکەمەوە پێشکەش کرابێ. و پێشتر من خۆم بە بەندینخانەم ڕاگەیاندبوو، و لەڕێگەی پارێزەرەکەشم بە دەزگای دادوەری ڕام گەیاندبوو کە بە ھیچ شێوازێک داخوازیی لێبووردن پێشکەش ناکەم. بە ھیچ شێوازێ ئەم داخوازیشمە قەبووڵ نییە. ھەروەھا پێشتر، دەستبەسەرکردنم و سزادانم بە شێوازێکی بەتەواوەتی ناڕەوا، بەبێ بڕیاری خۆم و بەدەستی خۆم نەبوو، ئەمڕۆیش دەرکرانم لە بەندینخانە بە ھیچ شێوازێ بەدەستی خۆم نەبوو چونکە من باوەڕم بە بیروباوەڕ و بە ڕێگاکەی خۆم ھەیە؛ و تا کۆتاییی ژیانم لەسەر بیروڕاکەم ھەم، و تا کۆتاییی ژیانم درێژەدەری بیروڕاکەمم. | » |
لە کۆتاییی گرتەکەدا بە دوو کۆپلە لە دیوانی قانع کۆتاییی بە گرتەکە ھێنا.
گەر چی دوژمن وا ئەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم | باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە | |
بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ | قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی ھیوای بە بەندیخانەیە |
لەگەڵ ئەوەی زارا سزای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرابوو، دوای ساڵ و مانگێک ئازاد کرا، کە ھەفتەیەک بەر لە ئازادکردنەکە، ڕێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی فەرمانی لێبووردنی بۆ ھەزاران کەسی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ئێران دەرکرد.[١]
خەڵاتەکان
دەستکاری٢٠٢٣: یەکەمین خەڵاتی جەماڵ نەبەز[١٤][١٥]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ ئ ا «زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی لە ئێران ئازاد دەکرێت». VOA (بە کوردی). لە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣ ھێنراوە.
- ^ ١٠٠ ژنی ئیلھامبەخش و کاریگەری ساڵی ٢٠٢٢. بی بی سی.
- ^ ئ ا «زارا محەمەدی». کوردیپێدیا.
- ^ «زارا محەممەدی بە بارمتەی قورس ئازاد کرا». کوردستان میدیا.
- ^ «زارا محەممەدی بەدانانی بارمتە ئازاد كرا». خەبات میدیا.
- ^ «زارا محەممەدی حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا». خۆڕاگری.
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ «١٠ ساڵ زیندان بەسەر "زارا محەممەدیـ"ـدا سەپا». کوردپا.
- ^ «زارا محەممەدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا». ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی ھەنگاو.
- ^ «زارا محەممەدی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی بانگ کرا». ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی ھەنگاو.
- ^ «حوکمی زیندانی کردنی زارا محەممەدی پەسەند کرا». ئاسۆی ڕۆژھەڵات.
- ^ «زارا محەممەدی دەچێتە گرتووخانەی سنە». ئێستانیوز.
- ^ «زارا محەممەدی گەیەندرایە گرتووخانەی سنە». تۆڕی میدیاییی خەڵک.
- ^ «زارا محەممەدی دوای ٦ مانگ مافی مرەخەسی پێدرا». Hengaw (بە Kurdish (Arabic script)). لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
- ^ «خەڵاتی جەمال نەبەز». دەزگای جەماڵ نەبەز (بە کوردی).
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر) - ^ «یەکەم خەڵاتی ساڵانەی "جەماڵ نەبەز" لە بەرلین بەخشرایە زارا محەمەدی». iranwire (بە کوردی).
{{cite web}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە زارا محەممەدی تێدایە. |