جەمیل عەلی پیرداود یوسف (ناسراو بە: مامۆستا جەمیل عەلی) بانگخوازو وتارخوێنی دیاری ھەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆلێژی «المعرفة» لە شاری مووسڵ تەواو دەکات و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە و لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەم بنکەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز لە ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێنی و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی اقرٲ بۆ زانستەکانی قورئانی پیرۆز بووە لە ساڵی ٢٠١٤، و مامۆستایی ناوبراو جگە لەزمانی کوردی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و تورکمانی بە ڕەوانی دەزانی، لە ڕێکەوتی ١ی تەممووزی ١٩٤٦ لەگوندی «شاوێس»ی شاری ھەولێر و لە عەشیرەتی میران بەگ لەدایکبووە. لە ڕێکەوتی ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٠ دوای نزیکەی سێ مانگ لە نەخۆشکەوتنی لەنەخۆشخانەی ھەولێری تایبەت بەھۆی ئازاری سوورێنچک کۆچی دوایی دەکات.

مامۆستا جەمیل عەلی

لەدایکبوون (١٩٤٦-١٢-١٢) ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ (تەمەن ٧٨ ساڵ)
مەرگ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٠(٢٠٢٠-٠٧-١٧) (٧٣ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگنەخۆشی سورێنچک
نیشتەجێیھەولێر
نەتەوەکورد
پیشەپێشنوێژ و وتارخوێن و مامۆستایی ئاینی
ڕێکخراواقراء
کارە ناودارەکان
یەکێکە لە دامەزرێنەکانی حزبی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
ئایینئیسلام
ھاوسەرحاجییە سەبیحە
مناڵ(ەکان)٥ کوڕ و ٢ کچ[١]

ژیاننامە

دەستکاری

مامۆستا جەمیل عەلی لەناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ خوێندن دێتە شاری ھەولێر، ھەر لەمنداڵییەوە حاجی عەلی باوکی لەبەر زیرەکیی و دەنگەخۆشەکەی گرنگی زۆر بە مامۆستا جەمیل دەداو ڕاستەوخۆ دەینێرێتە بەر خوێندنی فەقێیاتی و حوجرەی زانایان لە گوندەکەی خۆیان و تەمەننای زۆری کردووە ببێتە چرایەک بۆ گوندی شاوێس، لە دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەگەڵ خوێندنی قۆناغی ناوەندی درێژە بەخوێندنی زانستە ئیسلامییەکان دەدات و لەسەردەستی چەند گەورە زانایەکی شاری ھەولێر زانستە ئیسلامییەکان دەخوێنێت، سەرەتا لای زانایان مامۆستا سەید عەبدوڵڵا توتمەیی و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای سێبەردان لەگوندی شاوێس و پاشان ڕوو لە ھەولێر دەکات و لای زانایان مامۆستا شێخ عەبدوڵڵا زیخان و مامۆستا مەلا عومەری کەوری و مامۆستا عەبدوڵڵا قەڵات لە مزگەوتەکانی سەر قەڵای ھەولێر و مزگەوتی حاجی مراد و مزگەوتی سەید غەریب درێژە بەخوێندنی ئیسلامیی دەدات، پاشان لای ئەو کەڵە زانا بلیمەتانەی شاری ھەولێر ئیجازەی پێدەدرێت و ھەر زوو بۆ بانگەواز و ئاشناکردنی خەڵکان بە ئایینی ئیسلام ڕوو لە گوند و دێھاتەکان دەکات بۆ نموونە دەچێتە گوندەکانی دەوروبەری بەحرکە و بەشێکی زۆر لە گوندەکانی خۆشناوەتی ھەتاکو گوندی ھەرووت و دەوروبەری ھەریر، لەناوەڕاستی شەستەکان ئامادەیی کشتوکاڵ تەواو دەکات و دواتر دەبێت بەمامۆستا لەھەمان ئامادەیی کشتوکاڵ، لەسەرەتای ساڵی ١٩٦٤ی زایینی یەکێک دەبێت لەوکەسانەی ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت لەسەحوەی ئیسلامیی و کۆمەڵی برایانی موسڵمان لە عێراق و بەسەدان قوتابی پێدەگەیەنێت کە ئێستا زۆربەیان کەسایەتی ئیسلامیی و بانگخوازن، ھەر لەوساڵەدا لەگەڵ حاجییە سەبیحەی ئامۆزای ژیانی ھاوسەرگیری پێکدەھێنێ و خوای گەورە پێنج کوڕ و سێ کچی پێدەبەخشێ بەناوەکانی" ئوسامە، بوخاری، موسعەب، بیلال، سوھەیب، مارییە، سومەییە و ئەسما، مامۆستا جەمیل، لەتافی لاوێتی ھەموو قورئانی پیرۆز لەبەردەکات، یەکەم وتاری لە ساڵی ١٩٧٣ بۆ نوێژخوێنان خوێندووەتەوە. لە ساڵی ١٩٧٦ بەنەخۆشییەکی کت و پڕ ھەردوو چاوی لەدەستدەدات و دوای چەندین نەشتەرگەریی نەتوانرا بینایی بۆ چاوەکانی بگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینی لەمزگەوتی ئازادی شاری ھەولێر دادەمەزرێت. پاشان ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ ھەریەک لە مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەھائەدین، مامۆستا ئەحمەد حەمەد ئەمین، زوھێر خۆشناو و شەھید فوئاد چەلەبی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان دامەزراند، بەڵام ھەر زوو دەستبەرداری سیاسەت دەبێت و خۆی بۆ خزمەتی قورئان و پێگەیاندنی سەدان قوتابی بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز یەکلاکردەوە، ھەر لەساڵی ١٩٩٤دا بەپیشەی ئیمام و خەتیب دەگوازرێتەوە بۆ مزگەوتی عەلائەدین سەجادی لەگەڕەکی شۆڕشی شاری ھەولێر و پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ نوێژخوێنان دادەمەزرێنێت کە تەنانەت لەکاتی وتارو نوێژی تەراویح نوێژخوێنن لەگوندەکانی دەرەوەی ھەولێر ڕوویان لەمزگەوتەکە دەکرد. لە ساڵی ٢٠١٧ لەسەر داوای خۆی دەگوازرێتەوە بۆ مزگەوتی زین ستی.

لە ڕێکەوتی ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کرد.[٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «ئوسامە جەمیل: داعش پێیان گوتم زمانت نەگری دەيبڕین». www.rudaw.net. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  2. ^ «مەلا جەمیل شاوێسی کۆچی دواییکرد». rudaw.net. لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ھێنراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری