ئەبووداوود

(لە ئەبوداوودەوە ڕەوانە کراوە)



ئەبوداوود سولەیمان کوڕی ئەشعەس کوری بەشیر ئەزەدی سەسیجستانی، ناسراو بە ئەبوداوود، ژیاوە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢ تا ٢٧٥ک، پێشەوای ئەھلی فەرموودە بووە لە سەردەمی خۆییدا و خاوەنی کتێبی ناوداری سونەنی ئەبوداوودە.

ئیمام ئەبوداوود
ناو: ئیمام ئەبوداوود
ناوی تەواو: سولەیمان کوڕی ئەشعەس
ڕێکەوتی لەدایکبوون: ٢٠٢ی کۆچی
شوێنی لەدایکبوون:  ئێران
ڕێکەوتی مردن: ٢٧٥ی کۆچی
شوێنی مردن: بەسڕە،  عێراق
بیروباوەڕ: سوننە
بواری کردوکۆش: زانستی فەرموودە
شوێنەواگری: بوخاری، ترمزی، نەسائی...
کارتێکەری: ئەحمەد کوڕی حەنبەل، یەحیا کوڕی مەعین...

ئەبوداوود لە نێو چەندین شاری ئیسلامدا گەڕاوە، زانیاری وەرگرتووە و نوسیووە لە عێراقی وخۆراسانی و شامی ومیسرییەکانەوە، کتێبی سونەنی کۆکردۆتەوە و خستویەتە بەردەمی ئیمام ئەحمەد کوڕی حەنبەل، و ئەویش پەسەندی کردووە، کتێبەکەی تەنھا لەسەر فەرموودەی سەحیح نیە، بەڵکو فەرموودە باش و لاوازەکانیش لەخۆ دەگرێت، و ٤٨٠٠ فەرموودەی تیاکۆکردۆتەوە و لە نێو ٥٠٠ ھەزار فەرموودە ھەڵی بژاردوون.

ژیانی دەستکاری

ئەبوداوود سولەیمان کوڕی ئەشعەس کوری بەشیر ئەلئەزەدی سەسیجستانی ناسراو بە ئەبوداوود، لە دایکبووە لە ساڵی ٢٠٢ک لە ھەرێمێکی بچوک کە سەجستان ناودەبرا کە ھەرێمێکە لە ئێران و ئێستا ناودەبرێت بە سیستان و بلوشستان، چەندین وڵات و شارە ئیسلامییەکان گەڕاوە بە دوای زانست و کۆکردنەوەی فەرمودە لەوانە چۆتە عێراق و شام و میسر و خۆراسان و کۆچی دوایی کردووە ساڵی ٢٧٥ک لە بەسڕە و لە تەنیشت گۆڕی سوفیانی سەورییەوە نێژراوە.

پلەی فەرموودەکانی دەستکاری

دەربارەی پلەی ڕاستیەتی فەرموودەکانی سونەنی ئەبوداوود، خۆی لەو بارەیەوە ئەڵێت؛ سەحیحەکانم باسکردووە لەگەڵ ئەوانەی لەوان ئەچن و لێیانەوە نزیکن، و زانایانی ئیسلام لەسەر ئەوەن، کە سەرچاوەکانی فەرموودە لە ڕووی ڕاستی فەرموودەکانییەوە لە دوای ھەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیم سونەنی ئەبووداود دێت.

مامۆستا و خوێندکارەکانی دەستکاری

ئەبوداوود لای ژمارەیەکی زۆر زانا خوێندویەتی و زانیاریی لێ وەرگرتوون، لەوانە ئیمام ئەحمەد کوڕی حەنبەل، و ئیسحاق کوڕی ڕاھەوەی، و عوسمان کوڕی محەمەد ئەبوشەیبە، و یەحیا کوڕی مەعین، و موسلیم کوڕی ئئئیبراھیم ئەزەدی .... و ئەوانی تر.

ئیمام ئەبوداوود چەندین خوێندکاری ھەبووە و بە دەیان ھەزار کەس لە کۆڕەکانییدا ئامادەبوون بە تایبەت ئەو کۆڕانەی باسی لە زانستەکانی فەرموودە کردووە، لەبەر ئەوە زەحمەت بوو لەسەر ئەوانەی ژیانی ئەبوداوودیان نوسیوەتەوە ژمارەی قوتابیەکانی دیاری بکەن، و لە دیارترین خوێندکارەکانی ئەمانە بوون، ئەبوبەکر عەبدوڵڵا کوڕی خۆی و ترمزی و نەسائی و ئەبوبەکر ئەحمەد کوڕی سولەیمان نەجاد ... و زۆری تر.

دەربارەی ئەبووداوود وتراوە دەستکاری

زانایانی ئیسلام ستایشێکی زۆری ڕۆڵ و جێ دەستی ئەبوداوود و سونەنەکەیان کردووە لەسەر فەرموودە، و لەو ووتانەی لە بارەیەوە ھاتووە،

  • ئیبن جەوزی دەڵێت؛ ئەبوداوود شارەزای ھۆکارەکانی لاوازی فەرموودە بوو، زۆر دەم پاک و لەخواترس بوو، و زۆر لە ئەحمەد کوڕی حەنبەل دەچوو.
  • ئیمام زەھەبی دەڵێت؛ ئەبوداوود سەردارێکی فەرموودە بوو، پیشەوایەکی شەرع بوو، کەسایەتییەکی بەسام و ھەیبەت بوو، خواناس و لەخواترس بوو، زۆر لە ئیمام ئەحمەد دەچوو.
  • ئیمام نەوەوی دەڵێت؛ زانایان لەسەر ستایشی ئەبوداوود کۆکن، ھەموویان وەسفی بە حافز و زانا و وردەکار و لە خواترس و باوەڕداری بەھێز و تێگەیشتوو و قوڵ و بیرتیژیی زانستی فەرموودەوانی دەکەن.

پەیڕەوەکەی دەستکاری

ئەبوداوود پابەند بوو بە سوننەتی پێغەمبەری ئیسلامەوە دروودی خوای لێبێت، سووربوو لەسەر جێبەجێکردنیان و باسکردنی گرنگیان بۆ خەڵک تا ھەستان بە ئەنجامدانی، و ئەبووداوود پەیڕەوێکی ھەبوو کە لە پەیڕەوی ھاوەڵەکان دەچوو لە بەدواداچوونی سوننەتی پێغەمبەر و پابەند بوون پێوەی، و وازی لە لێدوان ئەھێنا لەو بابەتانەی ئاژاوەی لە نێو موسڵماناندا دروست ئەکرد، و کوڕێکی لە دوای خۆی بەجێ ھێشت ئەبوبەکر کوری ئەبوداوود کە زۆر لە خۆی دەچوو لە ڕەوشت و ئاکارەکانییدا.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • شەش پێشەواکەی فەرموودە، نووسینی/ نەجمەددین فەرەج ئەحمەد
  • وێکی عەرەبی