نەتەوەکانی ئێران

(لە ئێرانیەوە ڕەوانە کراوە)

نەتەوەکانی ئێران یان گەلانی ئێران زۆرینەی حەشیمەتی نیشتەجێی ئێران (دەوروبەری سەتا ٦٧–٨٠ی ئاپوورەی ئێران) خەڵکی بە ڕەچەڵەک ئێرانین.[٢][٣]گەورەترین گرووپەکانی ئەم پۆلێنبەندییە بریتین لە فارسەکان (کە زۆرینەی ئاپوورەی وڵاتی ئێران پێک دێنن) و کوردەکان؛ و کۆمەڵگا چکۆلەکانی دیکە بریتی لە گیلەکەکان، مازەنییەکان، لوڕەکان، تاتەکان، تالشییەکان و بەلووچەکان.

نەتەوەکانی ئێران بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون
دانیشتووانی ئێران بەپێی نەتەوە (کتێبی ڕاستییەکانی جیھانی)[١]
نەتەوەکان ڕێژە
فارسەکان
  
٥٣%
ئازەرییەکان
  
١٦%
کوردەکان
  
١٠%
گیلەکەکان و تەبەرییەکان
  
٨%
لوڕەکان
  
٦%
تورکمانەکان و قەشقایییەکان
  
٢%
عەرەبەکان
  
٢%
بەلۆچەکان
  
٢%
ئەوانەی تر
  
١%

تورکەکان کە کەمینەیەکی بەرچاو و سەتا ٧–٢٤ ئاپوورەی ئێرانن، گەورەترین گرووپی ئازەربایجانین. تورکەکان دووھەمین گەورە ئەتنیکی نێو ئێران و گەورەترین کەمینەی نیشتەجێی ئێران. گرووپە تورکەکانی دیکە بریتین لە تورکمانەکان و قەشقایییەکان.

عەرەبەکان سەتا ٢ بۆی سێی ئاپوورەی ئێران پێک دێنن. وێڕای ئەمانە پاشماوەی ئاپوورەی ئێران کە نزیکەی سەتا ١ی خەڵکی نیشتەجێی ئێرانە بریتییە لە چەندین گرووپی چکۆلەی دیکە کە دەتوانین ئاماژە بدەینە ئاسوورییەکان، ئەرمەنییەکان، جورجییەکان، چەرکەسەکان و مەندایییەکان.

سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ی زایینی کۆی ئاپوورەی ئێران کەمتر لە دە ملیۆن کەس بوو و گرووپە ئەتنیکییەکان بەم جۆرە ئەو ئاپوورەیان پێک دێنا: شەش ملیۆن فارس (سەتا ٦٠)، دوو و نیو ملیۆن ئازەری (سەتا ٢٥)، ٠٫٢ی ملیۆن مازەنی و گیلەک (ھەر یەکەیان سەتا ٢).

خەڵکی ئێرانی دەستکاری

فارسەکان دەستکاری

CIA World Factbook ساڵی ٢٠٠٧ حەشیمەتی فارسەکانی سەتا ٥١ی کۆی ئاپوورەی ئێران خەمڵاندووە. سەرچاوەیەکی دیکە واتە کتێبخانەی کۆنگرەی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە فارسەکان سەتا ٦٥ی ئاپوورەی ئێران پێک دێنن؛ بەڵام سەرچاوەکانی دیکە ڕێژەی فارسەکانیان سەتا ٥٠٫٥ و سەتا ٥٥٫٣ ڕاگەیاندووە. ھەندێ لەم ئامارانە مازەنی و گیلەکەکانیشی وەک فارس ھەژمار کردووە، بەڵام CIA World Factbook زمانی فارسی لە زمانەکانی مازەنی و گیلەکی جودا کردووەتەوە.

کوردەکان دەستکاری

کوردەکان وەک خەڵکی ئێرانی ھەژمار دەکرێن کە زۆرینەی ئاپوورەی پارێزگاکانی کوردستان، ئیلام، کرماشان پێک دێنن و لەگەڵ ئازەرییەکان یەک لە دوو ئەتنیکی سەرەکی نیشتەجێی پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژاوان. بەشی باکووری پارێزگای لوڕستان لەکە کوردەکانی تێدا نیشتەجێیە. ھەروەھا کوردەکان زۆرینەی ئاپوورەی پارێزگای خوراسانی باکووری دەگرنەوە و لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەویشدا کەمینەن و لە کۆمەڵێکی دیکە لە پارێزگاکانی ئێراندا وەک مازەندەران (شارەکانی کلاردەشت، کجوور و …) بڵاو بوونەتەوە.

لوڕەکان دەستکاری

خەڵکی لوڕ بە زمانی لوڕی ئاخاوتن دەکەن و نیشتەجێی باشوور و باشووری ڕۆژاوای ئێرانن. زۆرینەی لوڕەکان سەر بە ئایینزای شیعەن. لوڕەکان پاش فارسەکان، ئازەرییەکان و کوردەکان چوارەمین گەورە ئەتنیکی نێو ئێرانن. لە پارێزگاکانی لوڕستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، خووزستن، ئەسفەھان، فارس، بووشەر و کوھگیلوویە و بوویەرئەحمەددا دەژین. لە نێو عەشایرەکاندا ھێشتا دەسەڵات و ڕێزی بەساڵاچووان و ڕیش سپییەکان وەک خۆی ماوەتەوە، بەپێچەوانەی شارەکان کە چیدی ئەو دیاردەیە نابینرێت. وەک کوردەکان لە نێو بەختیارییەکانیشدا، ژنانی لوڕ ئازادیی زیاتریان لەچاو گرووپەکانی دیکەی ناوچەکە ھەیە. زمانی لوڕی ھیندوئەورووپییە. خەڵکی لوڕ ڕەنگە بە ڕەچەڵەک بەشێک لە کوردەکان بن کە ڕەنگە لە ھەزار ساڵ پێشەوە بەرەبەرە جودا بوونەتەوە. شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی باسی دوو زنجیرە حکوومەتی لوڕ دەکات کە دەکەونە ڕیزی ئەو پێنج زنجیرە حکوومەتە کوردییە و لە ڕابردوودا بەرزترین ئاستی دەسەڵاتداری و سەربەخۆییان ھەبووە. لە موعجەمولبەلدانی یاقووتی حەمەویدا لوڕەکان وەک گرووپێکی کورد ئاماژەیان پێدراوە کە لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان ئەسفەھان و خووزستاندا ژیاون. وشەی کورد وەک ڕیچارد فرییە دەڵێت بۆ ھەموو عەشایرە ئێرانییەکان دەکار ھێنراوە (بریتی لە لوڕستان و بەلووچەکان لە کرمان)، ئێستا چ ئەم عەشیرەتانە لەباری زمانییەوە پێوەندییان بە کوردەوە ھەبووبێ یان نە، بەڵام سەردەمێک ھەموویان وەک کورد ناسراون.

مازەندەرانییەکان دەستکاری

خەڵکی مازەندەران یان خەڵکی تەبەری بە خەڵکی نیشتەجێی باکووری ئێران دەگوترێ (تەبەرستان). وەک نزیکترین ئەتنیک بە مازەنییەکان واتە گیلەکەکان، مازەندەرانییەکان خەڵکی کاسپییەنن کە لە کەنارەکانی باشووری دەریاچەی کاسپییەندا نیشتەجێن، ئەو بەشە لەباری مێژووییەوە پێشتر وەک تەبەرستان بەناوبانگ بووە و ئێستا یەک لە ئەتنیکە سەرەکییەکانی نیشتەجێی باکووری ئێرانن. ئەو خەڵکە بە زمانی مازەندەرانی ئاخاوتن دەکەن، زمانی خۆماڵی نزیکەی ٤ ملیۆن کەس کە ئەڵبەت ھەموویان دەتوانن بە فارسی ئاخاوتن بکەن. زنجیرەچیای ئەلبورز وەک سنووری باشوورییە بۆ خەڵکی نیشتەجێی مازەندەران. خەڵکی مازەنی ژمارەیان ٣ بۆ ٤ ملیۆن کەس خەمڵێندراوە (ساڵی ٢٠٠٦) و زۆرینەیان یان جووتیارن یان ڕاوەماسی دەکەن.

گیلەکەکان دەستکاری

خەڵکی گیلەک یان گیلەکەکان خەڵکی نیشتەجێی پارێزگای گیلانن لە باکووری ئێران و وەک یەک لە ئەتنیکە سەرەکییەکانی نیشتەجێی باکووری ئێران ھەژمار دەکرێن. وەک نزیکترین ئەتنیک بە گیلەکەکان واتە مازەنییەکان، گیلەکەکان خەڵکی کاسپییەنن کە لە کەنارەکانی باشووری دەریاچەی کاسپییەندا نیشتەجێن، ئەو بەشە لەباری مێژووییەوە پێشتر وەک تەبەرستان بەناوبانگ بووە و ئێستا یەک لە ئەتنیکە سەرەکییەکانی نیشتەجێی باکووری ئێرانن. گیلەکەکان بە زمانی گیلەکی ئاخاوتن دەکەن و ئاپوورەیان ٣ بۆ ٤ ملیۆن کەس خەمڵێندراوە. خەڵکی گیلەک ھەم لە ناوچە شاخاوییەکانی زنجیرەچیای ئەلبورز و ھەمیش لە دەشتەکاندا دەژین؛ بۆیە ئەو گرووپەی کە لە باکووری زنجیرەچیای ئەلبورزدا دەژین ئاژەڵدارییان پێ خۆشە لە حاڵێکدا کە ئەوانەی نیشتەجێی دەشتەکان، جووتیارن و کاری کشتوکاڵ دەکەن. گیلەکەکان دەورێکی گرنگیان لە ئابووری پارێزگا و نەتەوەییدا ھەیە، چونکە بەشێکی زۆری بەرھەمە کشتوکاڵییەکان وەک برینج، دانەوێڵەکان، تەماکۆ و چای دابین دەکەن. پیشەسازییە سەرەکییەکانی دیکە لەو ناوچەیە بریتین لە ڕاوەماسی، ھەناردەکردنی خاویار و وەبەرھێنانی پەموو.

تالشییەکان دەستکاری

تالشییەکان بەشێکن لە خەڵکی ئێرانی. تالشییەکانی ئێران نزیکەی ٤٣٠ ھەزار کەسن و زۆرینەیان لە پارێزگای گیلان و باکووری ئێران دەژین. تالشییەکان خەڵکی نیشتەجێی ناوچەیەکی ھاوبەشن لەنێوان ئێران و کۆماری ئازربایجاندا کە دەکەوێتە ھێڵی باشووری ڕۆژاوای دەریای کاسپییەن و باشووری قەفقاز. کەواتە کۆمەڵێکی زۆری تالشییەکان لە کۆماری ئازربایجاندا دەژین.

تاتەکان دەستکاری

تاتکانیش ئەتنیکێکی دیکەی ئێرانین. تاتەکانی ئێران زیاتر نیشتەجێی ناوچە شاخاوییەکانی نزیکی زنجیرەچیای ئەلبورزن و بەتایبەت لە پارێزگای قەزوین دەژین. تاتەکان بە زمانی تاتی ئاخاوتن دەکەن، کە تێکەڵێکە لە زمانەکانی باکووری ڕۆژاوای ئێران و زۆر لە زمانی تالشی نزیکە. تاتەکان ھەروەھا بە زمانەکانی فارسی و تورکیش ئاخاوتن دەکەن. تاتەکانی ئێران زۆرینەیان سەر بە ئایینزای شیعەن و ئاپوورەیان تا ٣٠٠ ھەزار کەس خەمڵێندراوە.

بەلووچەکان دەستکاری

بەلووچەکان ئەتنیکێکی دیکەی ئێرانین. بەلووچەکانی ئێران لە باشوور و ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا دەژین، کە یەک لە دوورەدەستترین و پەراوێزخراوترین ناوچەکانی ئێرانە. بەشی باکووریی پارێزگا کە وەک سیستان ناسراوە سەتا ٦٣ی حەشیمەتی بەلووچەکانی تێدایە و پاشماوەی فارسی سیستانین. بەلووچەکان موسڵمانی سوننەن، و سیستانییە فارسەکان بەپێچەوانەی بەلووچەکان موسڵمانی شیعەن. ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلووچستان شاری زاھیدانە کە خەڵکی بەلووچی تێدا نیشتەجێیە، پاشان گەورەشاری دیکەی پارێزگا شاری زابولە لە سیستان و زیاتر سیستانییە فارسەکانی تێدا نیشتەجێیە. لە شاری جاسک کە دراوسێی پارێزگای ھورموزگانە، بەلووچەکان نیشتەجێن. بەلووچەکان یەک لە چکۆلەترین ئەتنیکەکانی نێو ئێرانن.

خەڵکی تورک دەستکاری

گەورەترین گرووپی تورک لە ئێران، ئازربایجانییەکانی ئێرانن، کە دووھەمین گەورە ئەتنیکی ئێران پاش زۆرینەی فارس پێک دێنن.

ئازەربایجانییەکان دەستکاری

زۆرێک لە سەرچاوەکان داوای ئەوەیان کردووە کە ئازربایجانییەکانی ئێران کە بە زمانی تورکی ئاخاوتن دەکەن ڕەچەڵەک و ڕیشەی ئێرانییان ھەیە. ڕێژە و ئامارە خەمڵێندراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پێکەوە جیاوازییان ھەیە و پێدەچێ ھەندێکیان مەبەست و ئامانجی سیاسییان لەپشتەوە بێت. ئازەربایجانییەکان زۆر جار وەک دووھەمین ئەتنیکی گەورەی ئێران و گەورەترین ئەتنیکی کەمینە ئاماژەیان پێ دەدرێت. خەمڵاندنە سەرەکییەکان لە ژێرەوە ئاماژەیان پێدراوە:

  • سەتا ١٥
  • سەتا ١٥٫٥
  • سەتا ١٦
  • سەتا ٢٤

تورکمانەکان دەستکاری

تورکمانەکانی ئێران زیاتر نیشتەجێی دوو پارێزگای گوڵستان و خوراسانی باکوورین. گەورەترین شاری تورکماننشینی ئێران گۆنبەدی کاڤووسە و پاشان بەندەری تورکمان. زۆرینەی تورکمانەکانی ئێران سەر بە ئایینزای سوننەن.

گرووپە تورکە عەشیرەیییەکان دەستکاری

خەڵکی قەشقایی زیاتر لە پارێزگاکانی فارس، خووزستان و باشووری ئەسفەھاندا دەژین و بەتایبەت نیشتەجێی شیرازن لە پارێزگای فارس. ئەو تاقمە بە زمانی قەشقای ئاخاوتن دەکەن کە وەک یەکێک لە زمانەکانی بنەماڵەی زمانە تورکییەکانە. قەشقایییەکان لە بنەڕەتدا عەشایرە ئاژەڵدارەکان بوون کە تا ئەوڕۆ ماونەتەوە.

تورکانی خوراسانی خەڵکێکی تورک زمانن کە لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئێران دەژین و دەکەونە ناوچەکانی نزیکی تورکمانستان تا ئەودیوی ڕۆباری ئاموودەریا. ئەو گرووپە بە زمانی تورکیی خوراسانی ئاخاوتن دەکەن و لە پارێزگاکانی خوراسانی باکووری، خوراسانی ڕەزەوی و گوڵستاندا و لەگەڵ تورکمانەکان دەژین.

سامییەکان دەستکاری

عەرەبەکان دەستکاری

سەتا ٢ی ئاپوورەی ئێران عەرەبن.

ئاشوورییەکان دەستکاری

خەڵکی ئاشووری بەشێکن لە خەڵکی سامی کە بە زمانی ئاشووریی نوێ ئاخاوتن دەکەن کە زمانێکی ئارامی نوێیە و لە زمانی سریانی کلاسیکەوە وەرگیراوە.

کۆمەڵگای ئاسوورییەکانی ئێران ساڵی ١٩٧٩ و پێش شۆڕشی گەلانی ئێران ٢٠٠ ھەزار کەسی گرتووەتەوە؛ بەڵام پاش شۆڕش ژمارەیەکی بەرچاوی ئاسوورییەکان ئێرانیان بەجێ ھێشتووە و زۆربەیان نیشتەجێی وڵاتی ئەمریکان، سەرژمێریی ساڵی ١٩٩٦ ئاپوورەی ئاسوورییەکانی ٣٢٠٠٠ کەس ڕاگەیاند کە دیارە دابەزینێکی زۆری بەخۆوە بینیوە.

جووەکان دەستکاری

ئایینی جوو یەک لە کۆنترینی ئەو ئایینانەیە کە لە ئێراندا بوونی ھەبووە و پێشینەی دەگەڕیتەوە بۆ کۆتایییەکانی سەردەمی کتێبی پیرۆز. کتێبە پیرۆزەکانی ئەشعیا، دەنیێل، نەحمیا، عەزرا و ئێستر ھەڵگری کۆمەڵێک ئاماژەن بۆ ئەزموونەکانی ژیانی جووەکان لە ئێران.

مەندایییەکان دەستکاری

مەندایییەکانی ئێران زیاتر لە پارێزگای خووزستان لە باشووری ئێران دەژین.

ئەو گرووپانەی لە قەفقازەوە ھاتوون دەستکاری

ئەرمەنییەکان دەستکاری

پێشینەی نیشتەجێبوونی ئەرمەنییەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ھەزاران ساڵ پێش ئێستا. تەنانەت لە سەردەمی کۆندا ئێرانییەکان و ئەرمەنییەکان دانوستانی بەرچاویان پێکەوە ھەبووە. دانوستانەکان بوارەکانی کەلتوور، زمان، ئابووری و ھتدی گرتووەتەوە.

گورجییەکان دەستکاری

گورجییەکانی ئێران سەر بە ئایینزای شیعەی ١٢ ئیمامین، لە حاڵێکدا بەشێکی ھەرەزۆری گورجییەکانی جیھان مەسیحین.

چرکەسییە دەستکاری

وەک گورجییەکان، کە سەردەمێک کەمینەیەکی گەورە ئێران بوون لە سەردەمی سەفەوییەکان تا قەجەرەکان، زۆرینەی چرکەسییەکانیش ئێستا ئاسیمیلە کراونەتەوە لە نێو خەڵکی دیکە.

کۆچەکانی ئەم دواییانە دەستکاری

زۆرینەی شەپۆلە گەورەکانی کۆچکردنی چرکەسییەکان بۆ وڵاتی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی سەفەوییە و قەجەرەکان، بەڵام بەم حاڵەشەوە بەشێکی ئەم دیاردەیەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆچکردنی چرکەسەکان لە قەفقازەوە بۆ ئێران لە سەدەی نۆزدەیەمدا.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "The World Factbook — Central Intelligence Agency". Cia.gov. Retrieved 2017-01-17.
  2. ^ "Explore All Countries Iran".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ Gheissari, Ali (2015). Contemporary Iran: Economy, Society, Politics. ISBN 978-0-19-970285-5.