مێژووی ئەڵمانیا باسکردنە لە مێژووی وڵاتی ئەڵمانیا و ئەو ڕوودا و و پێشھاتانەی لە سەدەکانی ڕابردوو لەم ناوچەیە ڕوویداوە بەمەبەستی ئاشنا کردنی نەوەکانی ئێستا بە ڕابردووی ئەم وڵاتە. وشەی ئەڵمانی (دۆیتش) (بە ئەڵمانی: Deutsch) لە زمانی کۆنی ئەڵمانی سەرووە ھاتووە و بە واتای تایبەت بە خەڵکە. لە سەدەی پانزدەھەمی زایینی دا ناوی فەرمی حکوومەتی ئەڵمانیا تۆیتۆنیۆم ڕێگنۆم (بە لاتین: Teutonium Regnum) بوو کە بە واتای حکوومەتی وڵاتە ئەڵمانیایییەکانە. ناوی ئێستای ئەڵمانیا واتە "Deutschland" ھەر لەم وشەوە وەرگیراوە.[١]

مێژووی ئەڵمانیا
لقیمێژووی ئەوروپا
بابەتی لاوەکیئەڵمانیا

ھۆزە ئەڵمانییەکان و ئیمپڕاتۆرییەتی فڕانکەکان دەستکاری

 
نەخشەی ئیمپڕاتۆری ڕۆم لەگەڵ ئەڵمانیا

بەپێی زانیارییەکان وا دەرکەوتووە کە ھۆزە ئەڵمانییەکان لە سەردەمی بڕۆنزی نۆردیک یان سەردەمی ئاسنی پێش ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆم پێک ھاتوون. ئەوان لە سەرەتادا لە باشووری سکاندیناڤیا و باکووری ئەڵمانیا بوون و دواتر لە سەدەی یەکەمی بەر لە لەدایک بوونی مەسیح، بەرەو باشوور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا ڕۆیشتوون و لێرەدا، واتە لە ڕۆژھەڵات و ناوەندی ئەورووپا، لەگەڵ ھۆزە کێلتەکان، گوولەکان، ئێرانییەکان، بالتیکییەکان و سلاڤیکەکان ئاشنا بوون. لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریی ئاگۆستووس بە سەر ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمدا، بۆ یەکەم جار لەلایەن ڕۆمییەکانەوە ھێرش کرایە سەر ئەڵمانیا و ھۆزە ئەڵمانییەکان. لە نێوان ئەم ھۆزانەدا، ھۆزی چێرووشان بە سەرکردایەتیی ئارمینیووس توانییان ڕۆمییەکان شکست پێ بێنن. دوای ئەم شەڕە، لە ساڵی ١٠٠ زایینیدا بۆ یەکەم جار ناوی ھۆزە ئەڵمانییەکان بە ناوی ئەو ھۆزانەی کە لە نێوان دوو ڕووباری ڕاین و دانووبدا دەژیێن، ھاتە ناو مێژوونامەی ڕۆمییەکان. ھەر لەم سەردەمەدا بوو کە زۆرینەی ئەو شوێنەی کە ئێستا بە ئەڵمانیا ناوی لێ دەبرێت (وەکوو: ئەڵمانیای ھاوچەرخ، نەمسا، باشووری باڤاریا و ڕۆژاوای ڕینلەند) بوون بە ژێردەستی ھۆزە ئەڵمانییەکان. ئەمانە ھەرکامێکیان دواتر بوون بە یەکێک لە پارێزگاکانی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆم.[٢]

لە سەدەی سێیەمی زایینیدا، ھەندێک لە گەورەترین ھۆزەکانی ڕۆژاوای ئەڵمانیا بەیەکەوە تێکەڵ بوون. لە ساڵی ٢٦٠ی زاییندا ئەردەکانی ئاڵمان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆم. لە دوای ھێرشی ھوونەکان لە ساڵی ٣٧٥ی زایینی و ھەروەھا دابەزینی ھێزی ناوەندی دەستھەڵاتی ئیمپڕاتۆری ڕۆم لە ساڵی ٣٩٥ی زایینیدا ھۆزە ئەڵمانیایییە گەورەکان بەرەو باشووری خۆراوا ڕۆیشتن، جا لەورا بوو کە ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ بە ئەڵمانیا ناوی لێ دەبرێت بۆ یەکەم جار پێک ھات.[٣]

سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی پیرۆزی ڕۆم دەستکاری

 
وێنەی مارتین لوتەر بناغەدانەری ئایینی پرۆتستان

لە ٢٥ی دێسەمبەری ساڵی ٨٠٠ زایینیدا، پاشای فرانکەکان، شارلمان، ئیمپڕاتۆرییەتی جارۆلیژیانی دروست کرد، کە لە ساڵی ٨٤٣ی زایینیدا لەناوچوو و بوو بە دوو ئیمپڕاتۆرییەتی تر. ئیمپڕاتۆرییەتی پیرۆزی ڕۆم لە بەشی ڕۆژاوای ئەم جیابوونەوەیە پێک ھات.[٤] ڕووبەری ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە لە ڕووباری ئیدێرەوە بوو ھەتا قەراخی باکووری دەریای ناوین. لەو سەردەمەدا ئەڵمانیا لەژێر دەسەڵاتی چەند پاشای بچووک و گەورەدا بوو. ھەتا ساڵی ١٥١٧ زایینی و ھاتنی مارتین لوتەر ھەندێک ململانێی زۆر ھەبوو لە نێوان پاشا ئەڵمانییەکان و ئیمپڕاتۆرییەتی پیرۆزی ڕۆمدا. ھاتنی مارتین لووەتەر، دەستپێکردنی ئەو بە بناغەدانانی ئایینی پرۆتستان و بەفەرمیبوونی ئەم ئایینە لە زۆربەی ناوچە ئەڵمانیایییەکان بوو بەھۆی کێشەیەکی زۆر گەورە لە نێوان ئیمپڕاتۆرییەتی پیرۆزی ڕۆم و ئەڵمانیا کە لە کۆتاییدا بوو بەھۆی دەستپێکردنی شەڕی سی ساڵە لە نێوان ئەم دوو ھێزەدا. ئەم شەڕە کە لە نێوان ساڵانی ١٦١٨–١٦٤٨ی زایینیدا بەردەوام بوو، بوو بەھۆی خراپی و ئاڵۆزییەکی زۆر گەورە لە ناوچە ئەڵمانیایییەکان و ھەر بەم ھۆیەوە دانیشتووانی ئەڵمانیا ٣٠٪ دابەزیی. لە کۆتاییی ئەم شەڕەدا ئاشتیی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨ پێک ھات و شەڕی نێوان ناوچە جیاوازەکان لە بواری ئاینییەوە کۆتاییی پێ ھات، بەڵام لەھەمان کاتدا بوو بەھۆی پارچەپارچە بوونی ئەڵمانیا لە نێوان ناوچە دابەشکاراوەکان بەھۆی ئایینەوە. لە ساڵی ١٧٤٠ جیاوازی کەوتە نێوان پاشای نەمسا و پاشای پرۆس و ئیتر لە ساڵی ١٨٠٦ بەھۆی ھێرشی ناپۆلیۆن ئەم دوو وڵاتە ئەڵمانیزمانە بەتەواوی و بۆ ھەمیشە لە یەک جیا بوونەوە.[٥][٦]

کونفێدراسیۆن و ئیمپڕاتۆرییەتی ئەڵمانیا دەستکاری

 
ئیمپڕاتۆری ئەڵمانیا (١٨٧١–١٩١٨)

لە دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەتی ناپۆلیۆن لە فەڕەنسا و کۆبوونەوەی ڤییەنا لە ساڵی ١٨١٤، کۆنفێدراسیۆنی ئەڵمانیا (بە ئەڵمانی: Deutscher Bund) پێک ھات، کە بەرھەمی یەکگرتنی لاوازی ٣٩ پارێزگای ئەڵمانی بوو، بەھۆی ناکۆکیی نێوان ئەم پارێزگا سەربەخۆیانە و دەستدرێژییەکانی دەسەڵاتدارانی نەمسایی و بەھێزبوونی بزووتنەوەی ئازادیخوازی لەناو کۆمەڵگای ئەو دەمی ئەڵمانیادا، ئەم کۆنفێدراسیۆنە تووشی گرفت بوو. لە ھەمان کاتدا سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسا و ئەو ئامانجە ئازادیخوازانە و نیشتمانپەرستانە کە ئەو خستییە بەرچاو کۆمەڵگای ئەڵمانیا لە کۆتاییدا بوو بەھۆی شۆڕشی ئەڵمانیایییەکان لە ساڵی ١٨٤٨دا. لە ئاکامی ئەم شۆڕشەدا نازناوی ئیمپڕاتۆر بەخشرا بە فرێدریک ویڵھێڵمی چوارەم، بەڵام ئەو ئەم نازناوەی قبووڵ نەکرد و داوای بناغەدانانی دەستووری بنەڕەتیی کرد و خۆی بوو بە پێشەوای ئەم بزووتنەوەیە ھەتا ئەو کاتەی کە ئەم دەستوورە جێگیر بوو.[٧]

لە ساڵانی دواییدا، کێشەیەکی گەورە کەوتە نێوان پەرلەمانی ئەڵمانیا و پاشا ویلیامی یەکەم. ئەم کێشانە بوو بەھۆی ململانێی چەکداری و پاشا بەھۆی پێشگرتن لە ئاڵۆزتربوونی باروودۆخەکە، ئۆتۆ ڤۆن بیسمارکی کرد بە سەرۆک وەزیران. بیسمارک لە ساڵی ١٩٦٤ شەڕی بە سەر دانمارکدا سەپاند و لەم شەڕەیشدا سەرکەوتوو بوو، دوای ئەمە بیسمارک ھێرشی کردە سەر نەمسا و ئەو وڵاتەیشی شکاند، لەدوای ئەم شەرە، ئەو فەڕانسەیشی شکست پێ ھێنا و کۆنفێدراسیۆنی وڵاتە ئەڵمانیایییەکانی باکووری دروست کرد. ئەو بەم کارە توانیی دەستی نەمسا لە دەسەڵاتی وڵاتە ئەڵمانیایییەکان کوڵ بکاتەوە. ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە نوێیە ئەڵمانییە، بەرلینی کرد بە پایتەختی خۆی. لە دوای ئەمانە بوو کە ھێزی ئەڵمانیا لە ئاستی جیھانیدا ھەڵکشا و دەستی کرد بە ئیستعمار و داگیرکردنی ھەندێک وڵات لە ئەفریقا و شوێنی تر لە جیھان. بۆ وێنە کامێرۆن و تۆگۆ.[٨]تیرۆری شازادەی نەمسا لە ٢٨ی جوونی ساڵی ١٩١٤ بوو بەھۆی دەستپێکردنی جەنگی جیھانیی یەکەم. لەم جەنگەدا ئەڵمانیا یەکێک بوو لە ئەندامانی ھێزە ناوەندییەکان. لەم جەنگەدا ھێزە ناوەندییەکان دۆڕان و لە ئاکامدا ئەڵمانیا زۆرتر لە ٢ ملیۆن ئەندامی لەشکری لەدەست چوو.[٩] لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ جەنگی جیھانیی یەکەم کۆتاییی ھات. لە ١٨ تشرینی دووەم، ئیمپڕاتۆری ئەڵمانیا، ویلھێڵمی دووەم و دیکەی شازادەکانی ئەڵمانیا سەرۆکایەتییان بەجێ ھێشت. ئەڵمانیا لە جوونی ١٩١٩ پەیمانی ڤێرسای واژوو کرد. ئەم پەیمانە لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە بە سووکایەتی دادەنرا و ڕەنگە یەکێک بێت لە سەرچاوەکانی پێکھاتنی نازیسم.[١٠]

سەردەمی کۆماری وایمار و دەسەڵاتی نازییەکان دەستکاری

 
وێنەی ئادۆڵف ھیتلەر، چانسێلۆری ئەڵمانیا (١٩٣٣–١٩٤٥)

لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەڵمانیا لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨، ئەم وڵاتە دامەزراندنی سیستەمی کۆماریی ڕاگەیاند. بەڵام ململانەی نێوان ھێزە سیاسییەکان بۆ مسۆگرکردنی دەسەڵات بەردەوام بوو. شۆڕشەکە لە ١١ی ئابی ١٩١٩ بە نووسەرانی دەستووری بنەڕەتیی وایمار کۆتاییی ھات.[١١] بەھۆی ئەو ناکۆکییە ئابووریانەی کە لە ساڵی ١٩٢٩ ڕووی دا و لەسەرکاربوونی دەوڵەتە لاوازەکان کە یەک لە دوای یەک بە بێ ئەنجامدانی ھیچ کارێکی بەنرخ دەڕووخان بەرەبەرە پەیوەندیی نێوان گەل و حکوومەت لە یەک پچڕا. لە ١٩٣٢، حکوومەتی وایمار بەھۆی واژووکردنی پەیمانی ڤێرسای بە خیانەت لە ئەڵمانیا تۆمەتبار کرا. لە ھەمان کاتدا پارتی نازی و کومۆنیست زۆربەی پەرلەمانیان لەژێر دەستدا بوو. لە کاتی دەستەڵاتداری پاوڵ ڤۆن ھیندێنبوورگ، ئادۆڵف ھیتلەر بە ڕاوێژکار (بە عەرەبی: صدر اعظم) دەستنیشان کرا. لەم ڕۆژەوە بە دوا (٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٣٣) ھیتلەر دەستی کرد بە دامەزراندنی ڕژیمێکی تۆتالیتێر، لە ھەمان کاتیشدا دەستی کرد بە سەرلەنوێ دروستکردنی ئابووری و بازرگانیی ئەڵمانیا، ھەروەھا ھێزە لەشکرییەکانیشی زۆر لەبەرچاو گرت و بەھێزتریانی کرد.[١٢][١٣][١٤]

لە ١٩٣٥، ئەڵمانیا دەستی بە سەر سار و ڕینلەندا گرت، کە ھەردووی ئەمانە بەپێی پەیمانی ڤێرسای لە ئەڵمانیا سەندرابوون.[١٥] لە ساڵی ١٩٣٨ نەمسا و دواتر لە ساڵی ١٩٣٩ چیکوسڵۆڤاکیا کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەڵمانیا. لە ١ی سێپتەمبری ١٩٣٩ ئەرتەشی ڤێرماخت ھێرشی کردە سەر پۆڵەندا، لە لایەکی دیکەیشەوە سوپای سووریش ھێرشی کردە سەر پۆڵەندا، لە ئاکامدا لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پۆڵەندا بەتەواوی مسۆگەر بوو. دوای ئەم ڕووداوە بە شێوازێکی فەرمی، بەریتانیا و فەڕەنسا دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان خۆیان و ئەڵمانیایان ڕاگەیاند.[١٦] ئەمە بوو بە سەرەتای جەنگی جیھانیی دووەم. لە ماوەیەکی کورتدا، ئەڵمانیا و وڵاتەکانی تەوەر توانییان دەست بە سەر زۆربەی بەشەکانی ئەورووپا و باکووری ئەفریقادا بگرن. دواتر ئەڵمانیا و ھاوپەیمانەکانی تێکۆشان کە بریتانیا لاواز بکەن و بە جۆرێک ڕێکەوتننامەی دڵخوازی خۆیان بە سەری ئەودا بسەپێنن، بەڵام ئەم پلانە سەرنەکەوت. دواتر ئەم ھێزانە ھێرشیان کردە سەر یەکێتیی سۆڤیەت کە ئەمە بەھۆی بوونی ڕێکەوتن نامەیەک لە نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیا چاوەڕوان نەدەکرا. ھاوکات لەگەڵ ئەم ھێرشەی ئەڵمانیا، ئیمپڕاتۆرییەتی ژاپۆنیش ھێرشی کرە سەر پێرل ھاربری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەو جۆرە پەرەی دا بە شەڕی نێوان ھێزەکانی تەوەر و ھاوپەیمانی وڵاتەکان. شەڕی ئەڵمانیا و یەکێتیی سۆڤیەت لە ستالینگراد کە بە شەڕی ستالینگراد ناسرا، بوو بەھۆی دۆڕانی ئەڵمانیا و ناچاری کرد بە پاشەکشان لە بەرە ڕۆژھەڵاتییەکان.[١٦] لە سیپتەمبری ساڵی ١٩٤٣ ئیتاڵیا کە ھاوپەیمانی ئەڵمانیا بوو، لە شەڕەکەدا شکستی ھێنا و کەوتە ژێر دەسەڵاتی ھێزە ھاوپەیمانەکان، ئەمە بەرەیەکی نوێی لە نێوان ئەڵمانیا و ھێزە ھاوپەیمانەکاندا کردەوە. لە ڕۆژی دیدا ھێزە ھاوپەیمانەکان لە ڕۆژاواوە بەرەیەکی تریان بەرەوڕووی ئەڵمانیا کردەوە و دەستیان بە پێشکەوتن بەرەو پایتەخت کرد. لە ٨ی مانگی مەیی ساڵی ١٩٤٥ دوای ڕووخانی بەرلین و بە دەستی سوپای سوور، شەر کۆتاییی ھات.[١٧]

ھەر لە ساڵانی جەنگی جیھانیی دووەمدا بوو کە حکوومەتی نازییەکان دەستی کرد بە کوشتن و لەناوبردنی مینۆریتییەکان، ئەمە دواتر بە ھۆلۆکۆست ناسرا. لەم سەردەمەدا چەندین ملیۆن کەس لە جووەکان، شاھیدانی یەھۆوە، ئسلاڤیکەکان و … بەھۆی ئەوەی کە لە ڕووی نەژادەوە خاوێن نین، بە دەستی چەکدارەکانی سوپای نازی خرانە ناو کوورەوە و سووتان.[١٨] بەپێی ئامارەکان جەنگی جیھانیی دووەم بوو بەھۆی کوژرانی زۆرتر لە ٤٠ ملیۆن مرۆڤ لە سەرانسەری ئەورووپادا.[١٩] لەم شەڕەدا ئەڵمانیا ٥٫٣ ملیۆن سەربازی لە دەستدا.[٢٠] لە دوای کۆتاییی جەنگی جیھانیی دووەم دادگایەک بە ناوی دادگای نۆرێنبێرگ ساز کرا بۆ سزادانی تاوانە جەنگییەکانی نازییەکان.[٢١] ھەروەھا لە ئەم جەنگەدا میلیۆنەھا کەس لە خەڵکی سیڤیلی ئەڵمانیاش کوژران.[٢٢][٢٣][٢٤][٢٥][٢٦] بەھۆی دۆڕاندنی ئەڵمانیا لە جەنگدا سەرزەمینێکی زۆری لە دەست چوو، ھەروەھا نزیکەی ١٥ ملیۆن کەس لە خەڵکە کەمینە ئەڵمانییەکان کە لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەڵمانیادا دەژیان بەرەو ئەڵمانیا ھاتنەوە و دەکرێت بوترێت کە لە وڵاتانی خۆیان دەرکران، زۆرێک لە ژنە ئەڵمانییەکان لە ئەم وڵاتانەدا دەستدرێژیی سێکسی کرایە سەریان و زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیا ڕووخان و وێرانیی زۆریان بەسەردا ھات.[٢٧]

ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات، ئەڵمانیای ڕۆژاوا دەستکاری

 
دابەشبوونی ئەڵمانیا لە نێوان ھێزە گەورەکاندا

لە دوای ڕووخانی ڕژیمی نازی، ئەڵمانیا و شاری بەرلین بوون بە دوو بەشەوە. بەشی ڕۆژاوا کە کەوتە بن دەستی ھاوپەیمانەکان (واتە: فەڕەنسا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بەریتانیا) بۆ خۆی کرا بە چوار بەشی دیکە. ئەم چوار بەشە بوون بە شوێنی جێگیربوونی ئەو ئەڵمانیاییانەی کە لە وڵاتە دراوسێکان بەھۆی دژایەتی دەرکرابوون.[٢٨] ئەم بەشانە لە ٢٣ی مەیی ١٩٤٩ زایینی پێکەوە لکێندران و بوون بە کۆماری فیدرالیی ئەڵمانیا. بەشەکەی دیکە کەوتە بن دەستی یەکێتی سۆڤیەت و لە ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٩دا بوو بە کۆماری دیموکراتیی ئەڵمانیا. ئەم دوو کۆمارە بە شێوەی نافەرمی بە ناوی «ئەڵمانیای ڕۆژاوا» و «ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات» دەناسران. ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات بەرلینی کرد بە پایتەختی خۆی، بەڵام ئەڵمانیای ڕۆژاوا پایتەختی خۆی گواستەوە بۆ شاری بۆن، بەڵام ئەم شارەی بە ناوی پایتەختی کاتی ناساند و بەم جۆرە نواندی کە کۆماری ڕۆژھەڵات دەبێ ڕۆژێک بڕوات و ئەڵمانیا یەک بگرێتەوە.[٢٩]

ئەڵمانیای ڕۆژاوا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا یەکیان گرت. دواتر ئەڵمانیای ڕۆژاوا دەستی کرد بە پرۆژەیەکی گەورە بۆ گەشەپێدانی ئابووری لە ساڵی ١٩٥٠ زایینی و سەرکەوتنی زۆری لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەوە بە دەست ھێنا. لە ساڵی ١٩٥٥دا بوو بە ئەندامی ناتۆ. ھەروەھا لە ساڵی ١٩٥٧ دەستی کرد بە بناغەدانانی کۆمەڵەی ئابووری ئەورووپا. لە ھەمان کاتدا ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات بوو بە یەکێک لە ئەندامانی بلۆکی ڕۆژھەڵات.[٣٠] بەڵام بەھۆی لاوازبوونی سۆڤیەت، بارودۆخی ئابووری لە ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات بەرەو دابەزین چوو و ھیچ کاتێک نەگەیشت بە ئاستی ئەڵمانیای ڕۆژاوا. ئەم بارودۆخە بوو بەھۆی کۆچکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک بۆ ئەڵمانیای ڕۆژاوا. لە ساڵی ١٩٦١، ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات دەستی کرد بە دروستکردنی دیوارێک لە نێوان دوو بەشی بەرلین، بۆ ئەوەی کە پێش بەم کۆچانە بگرێت. ئەم دیوارە (ناسراو بە دیواری بەرلین) بوو بە سیمبۆلێک بۆ شەڕی سارد. ئەم دیوارە لە ساڵی ١٩٨٩ ڕووخا و دیسان بوو بە سیمبۆلێک لە کۆتاییھاتنی شەڕی سارد.[٣١]

یەکگرتنەوەی دوو ئەڵمانیا دەستکاری

لە ڕۆژی ١٠ی مانگی مارسی ساڵی ١٩٩٤ لەسەر ڕێکەوتننامەی بۆن، بەرلین، بەرلین جارێکی تر بوو بە پایتەختی وڵاتی یەکگرتووی ئەڵمانیا.[٣٢] یەکگرتنەوی ئەڵمانیا بوو بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەی ئەو وڵاتە لە نێو یەکێتیی ئەورووپا و ھەروەھا ناتۆ. دواتر ئەڵمانیا وەکوو ئەندامێکی ناتۆ دەستی کرد بۆ ھەناردەکردنی ھێزە چەکدارەکانی خۆی بۆ باڵکان و دواتریش بۆ ئەفغانستان بۆ شەڕ لەگەڵ چەکدارەکانی ڕیکخراوی ئەلقاعیدە.[٣٣]

مێژووی ئەڵمانیا ٢٠٠٠ تا ئێستا دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 13ی Novemberی 2012. Retrieved 12ی Novemberی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  2. ^ Claster, Jill N. (1982). Medieval Experience: 300–1400. New York University Press. p. 35. ISBN 0-8147-1381-5.
  3. ^ Fulbrook 1991, pp. 9–13.
  4. ^ Fulbrook 1991, p. 27.
  5. ^ Philpott, Daniel (January 2000). "The Religious Roots of Modern International Relations". World Politics 52 (2): 206–245. doi:10.1017/S0043887100002604.
  6. ^ Gagliardo, G. , Reich and Nation, The Holy Roman Empire as Idea and Reality, 1763–1806, Indiana University Press, 1980, p. 12-13.
  7. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 29ی Augustی 2017. Retrieved 8ی Novemberی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  8. ^ Fulbrook 1991, pp. 135, 149.
  9. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 16ی Mayی 2012. Retrieved 23ی Novemberی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  10. ^ Lee, Stephen J. (2003). Europe, 1890–1945. Routledge. p. 131. ISBN 978-0-415-25455-7.
  11. ^ Fulbrook 1991, pp. 156–160.
  12. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 3ی Julyی 2014. Retrieved 24ی Novemberی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  13. ^ Stackelberg, Roderick (1999). Hitler's Germany: Origins, interpretations, legacies. Routledge. p. 103. ISBN 978-0-415-20115-5.
  14. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 5ی Julyی 2014. Retrieved 24ی Novemberی 2012. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ٥ی تەممووزی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  15. ^ Fulbrook 1991, pp. 188–189.
  16. ^ ئ ا Fulbrook 1991, pp. 190–195.
  17. ^ Steinberg, Heinz Günter (1991) (in German). Die Bevölkerungsentwicklung in Deutschland im Zweiten Weltkrieg: mit einem Überblick über die Entwicklung von 1945 bis 1990. Kulturstiftung der dt. Vertriebenen. ISBN 978-3-88557-089-9.
  18. ^ Niewyk, Donald L. ; Nicosia, Francis R. (2000). The Columbia Guide to the Holocaust. Columbia University Press. pp. 45–52. ISBN 978-0-231-11200-0.
  19. ^ "Leaders mourn Soviet wartime dead". BBC News. 9 May 2005. Retrieved 18 March 2011.
  20. ^ Rűdiger Overmans. Deutsche militärische Verluste im Zweiten Weltkrieg. Oldenbourg 2000. ISBN 3-486-56531-1
  21. ^ Overy, Richard (17 February 2011). "Nuremberg: Nazis on Trial". BBC History. Retrieved 25 March 2011.
  22. ^ Das Deutsche Reich und der Zweite Weltkrieg, Bd. 9/1, ISBN 3-421-06236-6. Page 460 (This study was prepared by the German Armed Forces Military History Research Office, an agency of the German government)
  23. ^ Peter Antill; Peter Dennis (10 October 2005). Berlin 1945: end of the Thousand Year Reich. Osprey Publishing. p. 85. ISBN 978-1-84176-915-8. Retrieved 24 June 2011.
  24. ^ Bonn: Kulturstiftung der Deutschen Vertriebenen, Vertreibung und Vertreibungsverbrechen, 1945–1948: Bericht des Bundesarchivs vom 28. Mai 1974: Archivalien und ausgewählte Erlebnisberichte / [Redaktion, Silke Spieler]. Bonn :1989 ISBN 3-88557-067-X. (This is a study of German expulsion casualties due to "war crimes" prepared by the German government Archives)
  25. ^ Germany reports. With an introd. by Konrad Adenauer. Germany (West). Presse- und Informationsamt. Wiesbaden, Distribution: F. Steiner, 1961] Page 32
  26. ^ Robert N. Proctor, Racial Hygiene: Medicine under the Nazis, Harvard 1988,
  27. ^ Beevor, Antony (2003) [2002]. Berlin: The downfall 1945. Penguin. pp. 31–32, 409–412. ISBN 978-0-14-028696-0.
  28. ^ Richard J. Evans, "The Other Horror, Review of Orderly and Humane: The Expulsion of the Germans After the Second World War, by R.M. Douglas", The New Republic, 25 June 2012. Retrieved 1 July 2012
  29. ^ Wise, Michael Z. (1998). Capital dilemma: Germany's search for a new architecture of democracy. Princeton Architectural Press. p. 23. ISBN 978-1-56898-134-5.
  30. ^ maw/dpa (11 March 2008). "New Study Finds More Stasi Spooks". Spiegel Online – english site (www.spiegel.de/international). Der Spiegel. Retrieved 30 October 2011. "189,000 people were informers for the Stasi – the former Communist secret police – when East Germany collapsed in 1989 – 15,000 more than previous studies had suggested. [...] about one in 20 members of the former East German Communist party, the SED, was a secret police informant."
  31. ^ "Germany". U.S. Department of State. 10 November 2010. Retrieved 26 March 2011.
  32. ^ "Gesetz zur Umsetzung des Beschlusses des Deutschen Bundestages vom 20. Juni 1991 zur Vollendung der Einheit Deutschlands" (in German). Bundesministerium der Justiz. 26 April 1994. Retrieved 19 April 2011.
  33. ^ Merz, Sebastian (November 2007). "Still on the way to Afghanistan? Germany and its forces in the Hindu Kush" (PDF). Stockholm International Peace Research Institute. pp. 2, 3. Retrieved 16 April 2011.