مێژووی ئیسلام

مێژووی موسڵمانان

مێژووی ئیسلامی بە ماوەیەکی زۆردا درێژدەبێتەوە بەجۆرێک زۆربەی سەدەکانی ناوەڕاست دەگرێتەوە، خاوەنی جوگرافیایەکی زۆربوو لە چین دەست پێدەکات تاوەکوو ڕۆژاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقا تاوەکوو دەگات بە ئەندەلوس، مێژووی ئیسلام لەسەرەتای دابەزینی سروش بۆ پێغەمبەر محەممەد و دەستپێکردنی بانگەواز لەنیمچە دوورگەی عەرەبی دەست پێ دەکات، بۆ خیلافەتی ڕاشیدین، دواتر دەوڵەتی ئەمەوی کە دەسەڵاتیان لە وڵاتی چین دەستیپێدەکرد تاوەکوو باکووری ئەفریقا و ئەندەلوس، دواتر دەوڵەتی عەبباسی دێت کە چەند میرنشین و دەوڵەتی لەخۆگرتبوو وەک دەوڵەتی سەلجووقی و بوەیھییەکان، و لە مەغریب دەوڵەتی ئەداریسە و موڕابیتین، دواتر دەوڵەتی موەحیدین، لەشام دەوڵەتی حەمدانی و ئەیوبییەکانی لەخۆگرتبوو. لە میسر فاتمییەکان و دواتر لە شام و میسر ئەیوبییەکان. دواتر مەمالیکەکان لەمیسر و حیجاز و باکووری ئەفریقا، لەکۆتاییدا دەوڵەتی عوسمانی. ئەو دەوڵەتانە حوکمیان بەئیسلام کردووە و مێژووەکەیان وەک بەشێک لە مێژووی ئیسلام دادەنرێت، خاوەنی ڕووبەرێکی زۆر جوگرافی بوون، دەسەڵاتیان دەگەیشتە چین لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا بۆ ڕۆژاوای ئاسیا و باکوور و ناوەڕاستی ئەفریقا تاوەکوو فەڕەنسا و ئیسپانیا لە ڕۆژاوا.

ئایین و دەوڵەت لەئیسلامدا

دەستکاری

لەسەرەتاوە ئیسلام بەوە جیاکراوەتەوە کە گرینگییەکی زۆر بە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان خوا وەک بەدیھێنەر و مرۆڤ وەک بەدیھێندراو دەدات وەک زۆربەی ئایییەنەکانی تر. پێغەمبەر محەممەد ھەر لەسەرەتای دابەزینی سروش (قورئان) دەستیکرد بە ڕێکخستنی موسڵمانان لە شێوەی کۆمەڵ لەسەردەمی چەوسانەوەی مەککە، تاوەکوو گەیشت بەشێوەی کۆمەڵگا و نیمچە دەوڵەتێک لە مەدینەدا، لە مەدینەدا بەردەوام سروش دادەبەزی کە بەزۆری بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان موسڵمانان (کۆچکردووان و پشتیوانان) بوو، ھەروەھا ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان موسڵمانان و ئایینەکانی تر بوو (وەک جوولەکەکانی مەدینە). ھەموو ئەمانەش ئایینی ئیسلام دەکەن بە ئایینێکی یەکدەستی و یەکڕیزی، بەجۆرێک زۆربەی پەرستشەکان لەسەر بیرۆکەی یەکڕیزی و پێکەوەیی دامەزراون، لەگەڵ دیاریکردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خوای بەدیھێنەر، ھەموو ئەمانەش ئایینی ئیسلام دەکەن بە ئایینێکی دوو لایەنە: لایەنێکی ڕوحی ئایینی، و لایەنێکی کۆمەڵایەتی سیاسیی.

لێکدانەوەی مێژووی ئیسلام

دەستکاری

ڕاو بۆچوونەکان جیاوازن دەربارەی ڕونکردنەوە و لێکدانەوەی مێژووی ئیسلام، بەھۆی ئاڵۆزی و زۆری ڕووداوەکان و ڕاپەڕین و جەنگەکان، ھەروەھا بەھۆی پاشخانی بیری و فکری لێکۆڵەران و ئامرازەکانی لێکۆڵینەوە. لەسەردەمی نوێدا کە بەسەردەمی ھەستانەوە ناسراوە بۆچوونی جیاواز ھەبوو دەربارەی لێکدانەوەی مێژووی ئیسلام، مێژوونووسە نەتەوەپەرستە عەرەبەکان کۆی مێژووی ئیسلام وەک مێژوویەکی عەرەبی پاڵفتە دەبینن. لەھەمان کاتدا مێژوونووسە مارکسییەکان کێشمەکێشە سیاسی و سەربازییەکان لەکۆی مێژووی ئیسلامدا بە بۆچوونی مارکسییەت دەیبینن، کە تێیدا ھۆکاری ئابووری و ململانێی چینایەتی لەسەروو ھەموو ھۆکارەکانی ترن. ھەرچی مێژوونووسە عەلمانییەکانن ھەوڵیانداوە ھۆکاری ئایینی لەمێژووی ئیسلام دەربھێنن، ھەوڵەکانیان چڕبووبوەوە لە دووبارە لێکۆڵینەوە و ژیاندنەوەی سەردەمی نەفامی، بەبۆچوونی ئەوان ھەستانەوەی عەرەب لەو سەردەمەدا دەستیپێکردووە، و ئیسلام تەنیا ھۆکارێکە لە ھۆکارەکانی پەرەسەندنی فکری عەرەبی. مێژوونووسە موسڵمانەکان ھەوڵی سەلماندنی بیرۆکەی ڕاپەڕینی جەماوەری و شارستانی دەدەن کە لەئاینی ئیسلامەوە ھاتووە، کە دەوڵەت و شارستانییەتی بە عەرەب بەخشیوە، و ھەروەھا جەختدەکەنەوە لەسەر لێبوردەیی ئیسلام و ھاتنە سەر دەسەڵاتی نەتەوەکانی تر جگە لە عەرەب. دەڵێن ناردنی پێغەمبەر محەممەد خاڵی وەرچەرخان بوو و بووە ھۆی گۆڕینی مێژووی ناوچەکە بەتایبەتی و مێژووی جیھان بەگشتی.

ھۆکاری لێکدانەوە جیاوازەکان بۆ مێژووی ئیسلام

دەستکاری
  • ھۆکارە باوەڕییەکان، بەھۆی دین و بیروباوەڕی مسوڵمانان.
  • ھۆکارە کلتورییەکان، داب و نەریتە جیاوازەکانی عەرەب لەپێش ئیسلام و دوای موسڵمانبوون.
  • ھۆکارە ئابوورییەکان، ھۆکاری ئابووری ھەمیشە ھۆی سەرەکی جەنگ و کێشمەکێشەکان بووە بە درێژایی مێژوو.

دەرکەوتنی ئیسلام

دەستکاری

دوورگەی عەرەب پێش دەرکەوتنی ئیسلام چەند تیرە و ھۆزی دەشتەکی بوون، خۆشەویستی ھۆز و ھاوپەیمانەیەکانی ڕێکخەری سەرەکی گۆمەڵگای عەرەبی بوون، زۆربەی دانیشتووانی مەککە ھاوبەشدانەر بوون ھەروەھا ئایینیی جوولەکە لە مەدینە و مەسیحییەت لە نەجران و نەجد بەربڵاو بوو. مەککە ناوەندێکی ئایینی بوو عەرەبەکان لەھەموو لایەکەوە بۆ حەجکردن دەھاتن بۆ مزگەوتی حەرام کە پێغەمبەر ئیبراھیم دووبارە دروستیکردبۆەوە. لەم باردۆخەدا وەحی دابەزی بۆ پێغەمبەر محەممەد و بانگەوازی ئاشکراکرد، گرینگترین گاریگەری دەرکەوتنی ئیسلام دروستکردنی دەوڵەتێک بوو لە مەدینە کە بە ئایینی ئیسلام ھەمووان بەڕێوەدەبران، و مۆرکردنی چەند ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ جوولەکەکانی مەدینە، دواتر موسڵمانان توانیان بەسەر بێباوەڕاندا سەربکەون و مەککە ئازادبکەن و بتەکانی ناو کەعبە بشکێنن و یەکتاپەرستی ڕابگەیەنن. ئەو یەکتاپەرستییەی ئیسلام ھێنابووی تەنیا لایەنی ڕوحی نەبوو بەڵکوو لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی لەخۆگرتبوو، دوورگەی عەرەبی ھەموویان چونە ناو یەک ئایینەوە، و یەک دەسەڵات و یەک ڕوگە و یەک خوایان ھەبوو، لەھەمان کاتدا دەمارگیری خێڵەکی و پارەپەرستی لاوازبوبوو.

خەلافەتی ڕاشیدین

دەستکاری

مردنی پێغەمبەر محەممەد بووە ھۆی حەپەسانێکی گەورە لای موسڵمانان، ھەندێکیان دەیانگووت مردووە و ھەندێکیان دەیانگووت نەمردووە. کاتێک ھەواڵەکە گەیشت بە ئەبووبەکر چوو بۆ ماڵەکەی پێغەمبەر و دەموچاوی دەرخست و ماچی کرد، دواتر ھاتە دەرەوە بۆلای خەڵکی و سوپاس و ستایشی خوای کرد و گووتی أيها الناس، إنه مَن كان يعبد محمدًا فإن محمدًا قد مات، ومَن كان يعبد الله فإن الله حي لا يموت. ثم تلا قول الله تعالى: ﴿وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٌ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ أَفَإِنْ مَاتَ أَوْ قُتِلَ انْقَلَبْتُمْ عَلَى أَعْقَابِكُمْ وَمَنْ يَنْقَلِبْ عَلَى عَقِبَيْهِ فَلَنْ يَضُرَّ اللَّهَ شَيْئًا وَسَيَجْزِي اللَّهُ الشَّاكِرِينَ ۝١٤٤ [ئالی عیمران:١٤٤] واتا: ئەی خەڵکینە کێ محەممەدی دەپەرست ئەوا محەممەد مرد، و کێش خوای دەپەرست ئەوا خوا زیندووە و نامرێت، دواتر ئەو ئایەتەی خوێندەوە محەممەد تەنیا پێغەمبەرێکە کە پێش ئەو پێغەمبەرانی تر ھەبوون، ئەگەر بمرێ یاخود بکوژرێ ئایا لەئیسلام ھەڵدەگەڕێنەوە؟ ھەر کەسێک ھەڵبگەڕێتەوە ھیچ زیانێک بەخوای گەورە ناگەیەنێت، و خوای گەورە پاداشتی سوپاسگوزاران دەداتەوە. خەڵکی لە مزگەوت بەیعتیاندا بە ئەبووبەکر، دوای ئەوەی گەورەکانی موھاجیر و ئەنسارەکان بەیعەتیان پێدا، دواتر ئەبووبەکر وتارێکیدا و گووتی أما بعد، أيها الناس، فإني قد وُلِّيتُ عليكم ولست بخيركم، فإنْ أحسنتُ فأعينوني، وإنْ أسأتُ فقوِّموني، الصدق أمانة، والكذب خيانة، والضعيف فيكم قوي عندي حتى أرجع عليه حقَّه إن شاء الله، والقوي فيكم ضعيف حتى آخذ الحقَّ منه إن شاء الله، لا يدع قوم الجهاد في سبيل الله إلا خذلهم الله بالذل، ولا تشيع الفاحشة في قوم إلا عمَّهم الله بالبلاء، أطيعوني ما أطعت الله ورسوله، فإذا عصيت الله ورسوله فلا طاعة لي عليكم، قوموا إلى صلاتكم يرحمكم الله واتا: ئەی خەڵکینە من کراوم بە گەورەی ئێوە و بشترینتان نیم، ئەگەر چاکەم کرد پشتیوانم بن، خۆئەگەر خراپەم کرد ڕاستم بکەنەوە، ڕاستگۆیی ئەمانەتە و درۆزنی خیانەتە، بێھێزتان لای من بەھێزە تاوەکوو مافەکەی بۆ وەرەدەگرمەوە، و بەھێزتان لای من لاوازە تاوەکوو ئەو مافەی لەلایەتی لێیوەردەگرم، ھەر گەلێک واز لە جیھادکردن بێنن لە پێناوی خوا ئەوا خوا سەرشۆڕیان دەکات، و ھەر گەلێک داوێنپیسییان تێدا بڵابۆوە ئەوا خوای گەورە تووشی بەڵایان دەکات، گوێڕایەڵم بن ئەوەندەی کە گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بم، ئەگەر سەرپێچی خوا و پێغەمبەرم کرد گوێڕایەڵیکردنتان لەسەر نییە، ھەستن بۆ نوێژەکانتان ڕەحمەتتان لێبێت.

خیلافەتی ئەبووبەکری سدیق

دەستکاری

وەرگرتنی خیلافەت لەلایەن ئەبووبەکرەوە کارێکی گرانبوو، بەھۆی ئەوەی مردنی پێغیمبەر محەممەد زۆرێک لە ھۆزە عەرەبەکانی ھاندا بۆ ھەڵگەڕانەوە لە ئیسلام و دەسەڵاتی مەدینە و نەدانی زەکات، و پەیدابوونی ھەندێک کەس کە بانگەشەی پێغەمبەرایەتیان دەکرد لەچەند شوێنێکی جیاواز لە دوورگەی عەرەبی. ئەبووبەکر زانی ئەو ڕووداوانە ڕاستەوخۆ یەکڕیزی دین و ئوممەت دەخاتە مەترسییەوە، کاردانەوەی ڕاستەوخۆی ئەبووبەکر ناردنی چەند ھەڵمەتێکی سەربازی بوو بۆ سەریان.

جەنگی ھەڵگەڕاوەکان

دەستکاری

جەنگی ھەڵگەڕاوەکان (١١ی کۆچی-١٣ی کۆچی/٦٣٢ی زاینی-٦٣٤ی زایینی) ئەو جەنگانەن لەدوای مردنی پێغەمبەر ڕوویدا لەگەڵ ئەوانەی لەئیسلام ھەڵگەڕابونەوە، کە ھەڵگەڕاوەکان بەشێکی گەورەی خەڵکی دوورگەی عەرەبیان پێکدەھێنا، ئەوانەی لەگەڵ ئەبووبەکر مابونەوە تەنیا کەسانی مەدینە و مەککە و تائیف بوون.

سەرچاوەکان

دەستکاری