قاچاغی مراد (بە کورمانجی: Qaçaxê Mirad) (١٩١٤ لە قارس، ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی – ١٩٩٢ لە یەریڤان، ئەرمەنستان) شاعیر و نووسەرێکی کوردی سەدەی بیستەمە.

قاچاغی مراد

لەدایکبوون١٩١٨
مەرگ١٩١٨
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، نووسەر
سەردەمسەدەی بیستەم

قاچاغ کوڕی مراد کوڕی شەباب، لە ساڵی ١٩١٤‏ لە شاری قارس لە کوردستانی عوسمانی لە دایک بووە. تەمەنی چوار ساڵان بووە کە سوپای عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٨‏ ھێرشی بردە سەر ناوچەی قارس. ماڵی باوکی ڕوویان کردە ئەرمەنستان و لە ناوچەی ئەلەگەز جێگیر بوون. قاچاغی منداڵ بەختی یار بوو، لەو ناوچەیە زۆر نەمانەوە و باریان کرد بۆ شاری تەبلیسی پایتەختی گورجستان. دە ساڵ خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە قوتابخانەی ڕووسی ژمارە (٤٧)‏ لە تبلیس تەواو کرد. ئینجا بۆ ئەوەی قۆناغەکانی زانکۆ تەواو بکات ڕووی کردە یەریڤان. لە پێشاندا سێ ساڵ بوو بە قوتابی لە قوتابخانەی زمان و ئەدەبی ڕووسی لە یەریڤان، ئەوجا قوتابخانەی ئامادەکردنی مامۆستایانی زمانی کوردی لەو شارەدا تەواو کرد. لە دوای ئەمە دوو ساڵ مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بووە لە شاری لینینەکان لە ئەرمەنستان.

لە ساڵی ١٩٣٩‏ قاچاغ لە ڕێکخراوی لاوانی لینینی بوو. لەو ساڵەدا بوو بە پارتیزان و دەستی کرد بە مەشقی جەنگی پارتیزانی. لە ساڵی ١٩٤١‏ کە ئەڵمانیای نازی ھێرشی بردە سەر ڕووسیا ئەو لە توانایدا بوو لە ھێڵەکانی ئەو جەنگەدا دەوری باڵای ببێت. لە بەشێکی زۆری خاکی چێکۆسلۆڤاکیا لە ڕێزی سوپادا بوو، لە داگیرکردنی شاری بەرلین یەکێک بوو لەو سەربازانەی بەیداغی سڤاستیکای ئەڵمانیای نازییان سەرشۆڕ کرد. لە دوای جەنگ قاچاغ تا ساڵی ١٩٥٨‏ لە سوپای سووری ڕووسیا مایەوە. لەو ساڵەدا بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە بەشی کوردی ڕادیۆی یەریڤان کاری کرد. لە ساڵی ١٩٥٩‏ گوێزرایەوە بۆ ڕۆژنامەی (ڕیا تازە) و بوو بە ئەندامی دەستەی نووسەران. ناوە ناوە دەبوو بە سەرنووسەر، چونکە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەکە یەک لە دوای یەک ھەر یەکەیان بۆ ماوەیەک دەبوون بە سەرنووسەر بەم جۆرە قاچاغ لەو ڕۆژنامەیەدا کاری کرد تا سەردەمی خانەنشینی و کۆتایی ژیانی.

لە دوای ژیانێکی پڕ لە خزمەتی ڕۆشنبیری و داھێنانی ئەدەبی قاچاغ سامانێکی ڕەنگین و بەکەڵکی بۆ نەتەوەکەی بەجێ ھێشت کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان کۆچی دوایی کرد٠‏

سەرچاوەکان

دەستکاری

مێژووی ئەدەبی کوردی، د. مارف خەزنەدار، بەرگی حەوتەم، لاپەڕەکانی ٢٣٩ تا ٢٤٦، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ھەولێر–٢٠٠٦.