عەلەوی

ئایین لە تورکیا

عەلەوی یان ئالەڤی (بە کوردی و تورکی: Alevi) ڕێبازێکی سۆفیگەریە، کە تێکەڵی بیروباوەڕی جۆراوجۆرە. لە زاراوەی سۆفیگەری ئیسلامیدا بە (غولات: توندڕەوی ئایین) ناودەبرێن، بەڵام لەڕاستیدا پەیوەندیەکی کەمیان بە ئیسلامەوە ھەیە. ئاینەکەیان زیاتر مرۆییە، رەفتارە لیبراڵە کۆمەڵایەتیەکانیان زۆر لە ئیسلامی سەرەتاییەوە دوورە. بۆ نموونە ژن و پیاو لای ئەوان یەک پلەی ھەیە. زۆر گرنگی بە ڕۆژووی ڕەمەزان نادەن. خواردنەوەی مەی قەدەغە ناکەن. بۆنە ئایینەکانیان کە ھەمیشە سەماو ئاھەنگی لەگەڵدایە، لە مزگەوت ناکرێن، لە شوێنی کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن کە بە جەم‌ خانە ناویان لێ دەبرێت واتای کۆبوونەوە و لە لایەن سەرکردە ئایینەکانیانەوە بەڕێوە دەبرێن کە بە دەدە یان پیر یان سەیید دەناسرێن.

دابەشبوونى عەلەوى لەسەر خاکى باکووری کوردستان و ئەنادۆڵ بە ڕەنگى سوور

بنەڕەتی ناو

دەستکاری

سەبارەت بە وشەی عەلەوی (یان ئالەڤی) دوو بۆچوون ھەیە، یەکەم ئەم وشە لە وشەی عەلی گیراوەتەوە و بە واتای پەیرەوی عەلییە. بۆچوونی دووەم پەیرەوانی ئەم ئایینە بە ئایینی خۆیان دەڵێن ئالەڤی (نەک عەلەوی)، ئێستا ئەم وشە لە وشەی ئالەڤ یان ئالۆ بە واتای ئاگر وەرگیراوەتەوە و بە واتای ئاگری یان ئاگرپارێز. وشەی ئالەڤ لە وشەی ئاڵ وەرگیراوەتەوە کە بە مانای سوور دێت، و ھەندێکجار بە پەیرەوانی ئەم ئایینە (قزلباش)یشی پێ دەڵێن کە لە زمانی تورکیدا بە واتای سەرسوورەکانە.

پەرتووکی پیرۆز

دەستکاری

پەرتووکێکی پیرۆزی دیاریکراویان نیە. ڕێز لە قورئان و ئینجیل و تەورات دەگرن. لە نێوان خودا و مرۆڤایەتیدا بڕوایان بە نێوبژیوانی پێنج فریشتە و دوانزە شالیاری خودا و چل پێغەمبەر ھەیە. زۆربەیان لە ئەنادۆڵ و شارەکانی سیواس و ئامەد و خەربووت دا دەژین.

حەشیمەتی پەیڕەوان

دەستکاری

قزڵباشە کوردەکان بە کوردی شێوەزاری کرمانجی-زازاکی قسە دەکەن. لە چیاکانی دێرسم زیاتر لە میلیۆنێکن. خەمڵاندنەکانی ئەم دواییە دانیان بەوەدا ناوە کە لەوانەیە قزڵباشەکان ٢٥٪ لە سەدی دانیشتووانی تورکیا پێک بێنن.

سەرچاوەکان

دەستکاری