عەلی عەبدولڕەحمان

یەکێک بوو لە ڕۆشنبیر و نووسەرانی کوردی قەفقاسی ڕووسیا

عەلی کوڕی عەبدولڕەحمان کوڕی محەممەد یەکێک بوو لە ڕۆشنبیر و نووسەرانی کوردی قەفقاسی ڕووسیا. دەوری گرنگی بووە لە پەرەپێدان و پێشخستنی خوێندەواری لە کۆمەڵگەی کوردی ئەو وڵاتەدا. مامۆستای قوتابخانە بووە، لە ڕۆژنامەگەری کاری کردووە، کێڵگەی کشتوکاڵی بەڕێوە بردووە، جەنگاوەری سەنگەرەکانی جەنگی ڕووسیا و ئەڵمانیا بووە لە ماوەی پێنج ساڵدا بەڵام پیشەی بنچینەیی ئەدەب بووە. بەرھەمە ئەدەبییە داھێنراوەکانی لە وتار و چیرۆک (کورت و درێژ) و ڕۆمان نموونەیەکی بەرزن لە کولتووری نەتەوەیی کورد.

عەلی عەبدولڕەحمان
Elî Ebdulrehman
لەدایکبوون١٩٢٠
مردن١٩٩٤
پیشەمامۆستا، نووسەر، شاعیر
نەتەوەکورد
سەردەمسەدەی بیستەم

لە ساڵی ١٩٢٠ لە ھەوارگەی گۆلی چلوور لە قەزای وان لە باکووری کوردستان لەدایکبووە. ماڵی باوکی سەر بەلقی برووکی لە عەشیرەتی زیللییە. لە دەوروبەری دامرکاندنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ماڵی عەلی وەکو ھەزارانی دیکەی کورد ئاوارەبوون و لە دواییدا نەخچەوان نیشتنەوە. تا سەردەمی تەمەنی مێردمنداڵی بۆ عەلی ڕێک نەکەوت چاوی بە قوتابخانە بکەوێ. لە ساڵی ١٩٣٣ ماڵیان گوازرایەوە ئەرمەنستان لە گوندی حەسەنلوو لە ناوچەی ئیچمیادزین نیشتەجێ بوون. عەلی خوێندنی سەرەتایی لەو گوندە تەواو کرد و یەکسەر بوو بە قوتابی لە ئامۆژگاری مامۆستایانی زمانی کوردی، لە ساڵی ١٩٣٧ باوەڕنامەی ئەو دەزگایەی وەرگرت. لەو ساڵەوە تا ١٩٤٠ مامۆستا بووە لە قوتابخانەی مووساکەند و عەمۆ بە ھەردوو گوندەوە یەک قوتابخانەیان ھەبووە. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ڕووسیا و ئەڵمانیای نازی لە ساڵی ١٩٤١ عەلی بوو بە پارتیزانی تیپێکی سوپای ڕووسیا. عەلی لە کۆمارەکانی ئوکراینا و بیلاڕووس جەنگاوە، لە ناو شاخ و ھەردەکانی ڕۆمانیا و پۆلۆنیا و چێکۆسلۆڤاکیا و ئەڵمانیا خەباتی کردووە. چوار میدالیای پێ بەخشراوە: نمرە یەکی پارتیزانی، سەرکەوتنی جەنگی نیشتمانی، ڕزگاربوونی قەوقاز و ڕزگاربوونی مۆسکۆ. لە دوای کۆتایی جەنگ لە ئایاری ١٩٤٥ گەڕایەوە ئەرمەنستان و خۆی بە کاروباری ئەدەبییەوە خەریک کرد، دیسانەوە خولیای خوێندنی ھەڵدەستێتەوە و ڕوو دەکاتە ئازەربایجان و بوو بە قوتابی لە ئامۆژگای مامۆستایان لە باکوو و لە ساڵی ١٩٤٩ دیبلۆمی ئەو دەزگایەی وەرگرت. لە دوای ئەمە کرا بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی دە ساڵی سەرەتایی و ناوەندی. لەم کارەیدا زۆر نەمایەوە، لە پاشاندا بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و زانستی پێ سپێردرا. لە ساڵی ١٩٥٣ کرا بە سکرتێری وەزارەتی زانیاری ئەرمەنستان بۆ کاروباری زمانی کوردی و ئازەری.

عەلی لە ساڵی ١٩٥٥ەوە تا ١٩٦١ نووسینی لە ڕۆژنامەی ڕیا تازە بڵاودەکردەوە. لە ساڵی ١٩٦١ بوو بە سەرۆکی سۆفخۆزی کالینین، کە یەکێک لە سۆفخۆزە گەورەکانی ئەرمەنستان.

سۆفخۆز دەزگایەکی ئابووری کشتوکاڵی دەوڵەت بوو لە یەکێتیی سۆڤیەتی کۆندا.

عەلی لەم کارەیدا مایەوە تا سەردەمی خانەنشینی و کۆتایی ژیانی. لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سۆڤیەت لە قەفقاس (١٩٩١) و لە ئەنجامی شەڕی نەتەوەیی و ئایینی لە نێوان ئەرمەن و ئازەرییان بنەماڵەی عەلی ئاوارە بوون.

عەلی لە ساڵی ١٩٩٤ کۆچی دوایی کرد.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٦٧ تا ٣٧٤، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەوڵێر:٢٠٠٦.