عەبدوڵڵا کوڕی مەلا محەممەدی حوسێنی توتمەییە، (لەدایکبووی ١٩٢٩ – مردووی ١٩٦٧) زانا و شاعیرێکی کورد بووە. وشەی (عاجز)ی وەک نازناو بەکارھێناوە. تەمەنی ژیانی کورت بووە، لەبەرئەوە شیعری کەمە. لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دیوانەکەی بۆ جاری یەکەم چاپ کرا، لە ساڵی ٢٠١٧ چاپی دووەمی دیوانەکەی کرا، جگە لە دیوانەکەی زیاتر لە دە بەرھەمی لە دوای خۆی جێ ھێشتووە و تا ئێستا چاپ نەکراون.

عاجز

وێنەی عاجز
لەدایکبوون١٩٢٩
مەرگ٢ی ئایاری ١٩٦٧
شوێنی گۆڕھەولێر
نەتەوەکورد
پیشەمەلا، شاعیر
ئایینئیسلام

لە ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی (چل ھەوێزە)ی سەر بە شارەدێی کەندێناوەی سەر بە قەزای مەخموور لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە حوجرەی مزگەوت بووە، بایەخی بە تەجویدی قورئان داوە. زۆربەی ماوەی خوێندنی لە گوندی زیخان لە ناوچەی خۆشناوەتی بووە، ماوەیەکیش لە زێوەی خۆشناوەتی خوێندوویەتی، ئینجا ھەر لەو ناوە لە گوندی خەتە بەشێکی دیکەی خوێندنی بردووەتە سەر. لە پاشاندا ھەر بۆ ئەم مەبەستە ڕووی کردووەتە ڕەواندز و لە دواییدا گەڕاوەتەوە ھەولێر و لە مزگەوتی حاجی قادری دەباغ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان مەلایەتیی و پێشنوێژی کردووە. لە گوندەکانی ھەرمەک و دەراش لە ناوچەی خۆشناوەتی مەلا بووە. دواتر بووە بە مەلای گوندی گۆمەشین لە دەشتی قەراج، پاشان گەڕاوەتەوە گوندی کۆتمەی خۆشناوەتی، ئەوجا گوندی شاوێس لە نزیک ھەولێر. دوای ئەمە لەلایەن ئەوقافەوە کراوە بە مەلا لە خورماڵ، پاشان چەمچەماڵ. دواجار گەڕاوەتەوە ھەولێر و بووە بە مامۆستای قوتابخانەی ئەوقاف و لە مزگەوتی حاجی بەکریش بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژ.

عاجز لە ناکاو تووشی نەخۆشییەکی دژوار دەبێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ھەولێر و دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی مووسڵ دەکرێت، بەڵام بێ ئەنجام دەبێت، بۆیە لە ڕۆژی ٢ی ئایاری ١٩٦٧ لە مووسڵ کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەیان ھێناوەتەوە ھەولێر و لە نزیک مزگەوتەکەیەوە بە خاکیان سپاردووە.

نموونەی شیعری

دەستکاری

وەسف و دڵداری

شۆخەکەی بێ ڕەحم و ئینساف قاتیلی جانم وەرەباعیسی گومراھی ڕووح و شێخی سەنعانم وەرە
دڵ ھەمیشە ئینتیزاری لوتف و ئینعامی تووەدەردەمەندی قامەتی تۆم چاو بەگریانم وەرە
دڵ وەکو بولبول دەناڵێ تالیبی ئاوی گوڵەھەر ئەتۆی پرشەنگی ژینم ماھی تابانم وەرە
گیان و دڵ بۆ تۆ نەماوە پڕ لە ئاھ و حەسرەتەسینە پڕ جۆش و خرۆشە جانی جانانم وەرە
دائیمەن وەک سۆفی مەجزوومە بەعیشقی دلبەرانتا نەفەوتاوم عەزیم پێشی فەوتانم وەرە
عاشقی وەک من زەحمەتە لە بۆ تۆ پەیدا ببێچاوەڕێی تۆم زوو لە بۆ باغ و گوڵستانم وەرە
پاییزی ھیجرانی تۆ وا ڕەنگی ڕووی زەرد کردوومھەم لەبەر ساردی فیراقت ڕوو لە کێوانم وەرە
(عاجز)م ڕووحی ڕەوانم پڕ لەئێشە جەرگ و دڵتری تەبیبم زوو لە بۆ دەرمانی دەردانم وەرە

شیعری ئایینی (موناجات و نەعت)
عاجز لە قەسیدەیێکی (بەیتێکی) ئایینی درێژ دەڵێت:[١]

ئەی سەییدی سەرداری من، ئەی مەحڕەمی ئەسڕاری منئەی ئەحمەدی موختاری من، صەڵات لەسەر توو یاری من
موددێکە ھیجر و ماتەمە، تاکەی بمێنێم لەم غەمەھەروەکو جاران کۆڵەمە، با بەس بێ ئینتیزاری من
لوطفێ بفەرموو سەروەرم، شافیعی ڕۆژی مەحشەرمھەر تۆی لە گەرما سێبەرم، شاھی عالەم سوواری من
مەعلوومە قەدری تۆ عەظیم، عیسایی ڕوح، موسای کەلیمڕوتبەی ڕەسوولانی کەریم، سەبەب ئەتۆی نیگاری من
مەلائیکەی موقەڕڕەبین، عالەمی عولوی و سەرزەمینھەتا بە ڕۆژی ئاخەرین، خوددامی تاجی داری من
لە فەوقی ئەو خودایە بەس، ناگاتە جێی ئەو شایە کەسلە عالەمی جودایە بەس، لووئلووئی جەوھەرداری من
نووری بناغەی عالەمە، بۆ ئەنبیایان خاتەمەئادەم لەبەر وی ئادەمە، تەحقیق بکەن گوفتاری من
نائیبی وی بوون موڕسەلین، ھەریەک لە قەومێ داوەرینئەمما ئەوی بۆ عالەمین، بە عام ھەنارد غەففاری من
نووری لە ئادەم پشت بە پشت، ھەتا بە عەبدوڵڵا گەیشتھەم ئامینەی حۆری سروشت، مەحفووظ بوو طوڕڕە داری من
مزگێنی بۆ حەلیمە بێ، شیرخۆری ئەو یەتیمە بێھەرزانی لەو ئیقلیمە بێ، ھەم شیری زۆربێ جاری من
چەند جار مەلائیکەی خودا، شەقیان کرد سینگی بولھوداحەظظی شەیطانیان کرد جودا، کردیانە گوڵ گوڵزاری من
ئەوجا کرا بە پێغەمبەر، بەیانی کرد ڕێی بێ خەتەرچەند موعجیزاتی خستە دەر، قوڕئانی گەوھەر باری من
چەند موشریکان دیتیان بە چاو، لۆی شەق دەبوو مانگی تەواولە موشریکی نەبوون بڵاو، گوێیان نەدا نازداری من
چەند جار دەیانگۆت شاعیری، کاذیب و کاھین ساحیریھەرچەند دەیانکرد ماکیری، حیفظی دەکرد سەتتاری من
ئەمما ڕەسوولی موسطەفا، گوێی خۆی نەدا جەور و جەفادوعای دەکرد ساحێب وەفا، غاضیب نەبێ قەھھاری من
پاشان بە ئەمری موستەعان، ھیجرەتی کرد بە عیزز و شانبۆ لای مەدینە بوو ڕەوان، لەگەڵ ڕەفیقی غاری من
کوففار و شەیطانی لەعین، ھاتن لە دوویان چین بەچینھەتا لە غارێ داوەرین، ئەو غاری پڕ ئەنواری من
کە دیتیان تەونی عەنکەبووت، کۆتر لە ھێلانە بە جووتگەڕانەوە لە فایدە ڕووت، نەیان دەدی سالاری من
کە ھات سوڕاقە زۆر بە تاو، ھەڵیکوتا سەر ھەردوو لاودەیدی وەکی قاڕوون بە چاو، ڕەحمی نەکرد بە یاری من
ئەو مەڕی دایکی مەعبەدی، کە پێشان شیریان لێ نەدیھەر دەستی دایە ئەحمەدی، بوو بە ڕووباری جاری من
حەمزە و ئەبووبەکری صددیق، فاڕووق و عوسمانی حەقیقبە موئمینی دەبوون ڕەفیق، لەگەڵ شێری شکاری من
(عاجز) فەقیری ئوممەتە، سائیلی بابی ڕەحمەتەھەر چاوەنۆڕی ھیممەتە، بۆ دەفعی ناڵە و زاری من

مەلا عەبدوڵڵا ئەم شیعرەی داناوە لە سەفەری حەج، ئەم شیعرە و شیعری (تۆ ئەحمەدی موختاری) چەندین جار لەلایەن فەقێیان و ھونەرمەندان وەک سروود گوترارە و جۆرەھا ئاوازی بۆ دانراوە. دوو دێڕی یەکەم لە دوای ھەموو بەیتێک دەگوترێتەوە وەک سەڵاوات.

دوای تەواوبوونی نەم شیعرە، شاعیر ئاماژە بەوەش دەدا کە ئەو قەسیدەی (بردة المدیح) کە لە کوردیدا یە فەسیدەی بوردییە ناسراوە کردوویەتییە پێنج خشتەکی.[٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ دیوانی عاجز، لاپەڕە ٨١ تا ٨٦.
  2. ^ دیوانی عاجز
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٥٨٧ تا ٥٩٤، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
  • دیوانی عاجز، محەممەد سەید عەبدوڵا بەرزنجەیی، چاپخانەی عەلا بەغدا، ١٩٨٦.

بەستەرە دەرەکییەکان

دەستکاری