یاسین بولوت ناسراو بە شوکری سەرحەد (لەدایکبووی ١٩٥٧ لە قەرس – مردووی ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە سلێمانی) سیاسەتوان و ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەھیدانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ پەکەکە ئاشنا بوو. سەرحەد لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە گەڕەکی چوارچرای سلێمانی لەلایەن کەسانێکی سەر بە دەزگای میتی تورکیا بە دەستدرێژی چوار گوللە تیرۆر کرا.[١][٢][٣]

شوکری سەرحەد

لەدایکبوون١٩٥٧
مەرگ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١
گەڕەکی چوارچرا، سلێمانی، ھەرێمی کوردستان
ھۆکاری مەرگتیرۆرکردن لەلایەن کەسانێکی سەر بە میت
شوێنی گۆڕگۆڕستانی محەممەد قەرەسونگوور، قەندیل
نەتەوەکورد
ناوەکانی تریاسین بولوت، یووسف موراد
پیشەسیاسەتوان، گەریلا
چالاکبوون١٩٧٨–٢٠٢١
حیزبی سیاسی پەکەکە
بەرامبەر(ەکان)تورکیا تورکیا

ژیاننامە دەستکاری

شوکری سەرحەد بە ناوی ڕاستەقینەی یاسین بولوت لە شاری قەرس، باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٥٧ لەدایکبوو، ساڵی ١٩٧٨ پەکەکەی ناسی و لە کاتی کوودەتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ لە تورکیا دەستگیرکرا و لە بەندیخانەی ئامەد زیندانی کرا، یاسین بولوت لەوێ لەگەڵ ئەندامان و پێشەنگانی پەکەکە، لە دژی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا چالاکی بەڕێوە دەبرد، دواتر لە ساڵی ١٩٩١ ئازاد دەبێت و ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکات. ئەو بۆ ماوەی ١٥ ساڵان وەک ئەندامی کۆمیتەی شەھیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان کاری کرد.[١][٣]

مردن دەستکاری

شوکری سەرحەد لە کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی ھەینی بەکاتی ھەولێر لە ڕێکەوتی ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١، لە گەڕەکی چوارچرای سلێمانی لەلایەن کەسانی نەناسراو کە دەگوترێت سەر بە میتی تورکیان درایە بەر دەستدرێژی گوللە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.[١][٢][٣] دواتر ھەمان ڕۆژ لە مەراسیمێکدا تەرمی سەرحەد لە گۆڕستانی محەممەد قەرەسونگوور لە قەندیل بەخاک سپێردرا.[٤][٥]

کاردانەوەکان دەستکاری

ئەم تیرۆرە لەلایەن پەکەکە،[٦][٧] ھەدەپە،[٨] بزووتنەوەی گۆڕان،[٩] دەزگای دژەتیرۆر،[١٠] قوباد تاڵەبانی[١١][١٢][١٣] و خەڵکی ھەرێمی کوردستان[٤][٥][١٤][١٥] کاردانەوەی ھەبوو.[١٦]

  •   قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەو بوارەدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕای گەیاند: «بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد دەکەم، کە ئەمڕۆ ھەینی ١٧ی ئەیلوول لە سلێمانی تیرۆرکرا. داوا لە لایەنە ئەمنییەکان دەکەم شەو و ڕۆژ بخەنە سەر یەک لە پێناو دەستگیرکردنی تاوانباران و ڕادەستکردنیان بە دادگا بۆ ئەوەی سزای یاساییی خۆیان وەربگرن.» ئەو ھەروەھا جەختیشی لەوە کردەوە: «سلێمانی شاری ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ھەمووان و ھەموو کەسێکیش دەتوانێت لەژێر سایەی ئارامی و ئاسایشی ئەم شارە ژیانی خۆی گوزەر بکات بێ ھیچ جیاوازییەک.»[١١][١٢][١٣]
  •   کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە ڕای گەیاند: «ڕێکخستنی کۆنترای دەوڵەتی فاشیزمی تورک (میت) و کۆنتراکانی نۆکەری سەر بە میت، ماوەی دوو ڕۆژە لە شاری سلێمانی، باشووری کوردستان ھێرش دەکەنە سەر نیشتمانپەروەرانی باکووری کوردستان و ھەڤاڵانمان. ھاوڕێمان یاسین بولوت (شوکری سەرحەد) بەرەبەیانی ئەمڕۆ (١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١) لە بەردەم ماڵەکەی لە شاری سلێمانی، بە شێوەیەکی دڕندانە شەھیدکرا. ھاوڕێمان یاسین بولوت بەیانی ئەمڕۆ ماڵەکەی بەجێھێشت بۆ ئەوەی بچێتە نەخۆشخانە، لەم کاتەدا کۆنترایەکی تورک لە پشتەوە لێی نزیک بۆوە، تەقەی لێکرد و شەھید بوو. ئەم کوشتارە دڕندانەیە نەک ھەر ھێرشکردنە سەر ئێمە، بەڵکوو ھێرشکردنە بۆ سەر ھەموو خەڵکی باشوور و سەقامگیریی سلێمانی.»[٦] ھەروەھا کۆمیتەی پشتیوانیی خێزانی شەھیدانی پەکەکە لەربارەی تیرۆرکردنی سەرحەد ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوە کە تێیدا ھاتووە: «با ھەموو کەس بزانێت لە کەسایەتیی ھاوڕی شوکریدا تۆڵەی ھەموو شەھیدانی شۆڕش دەکەینەوە، خەوێنیان لە زەوی نامینێتەوە.»[٧]
  •   نوێنەرایەتیی ھەدەپە لە ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: «ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ھێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ھەڵوێست نیشان نەدات ئەوا پیلانەکانی دەوڵەتی فاشیزمی تورک زیاتر دەبن و ڕۆژانە ژیانی ھاووڵاتیان و خاکی کوردستان دەکەوێتە ژێر مەترسی و داواش لە ئاسایشی سلێمانی دەکەین دەستوبرد تاوانبارانی تیرۆرکردنی ھەڤاڵ شوکری سەرحەد بدۆزنەوە و بۆ ڕای گشتی ئاشکرای بکەن.» لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە ھاتووە: «ھێرشکردنە سەر کوردانی باکوور و ئەندامانی ھەدەپە لە باشووری کوردستان و شەھیدکردنی شوکری سەرحەد ڕووداوێکی مەترسیدارە و پێویستە حکوومەتی ھەرێم بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی جێبەجێ بکات و ڕێگە لە ڕووداوی ھاوشێوە بگرێت.» نوێنەرایەتیی ھەدەپە لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕای گەیاندووە: «ھەتا ئەو کەسانە دەستگیر و دادگایی نەکرێن، بە چالاکیی دیموکراتیی و لە ڕێی یاساوە، مافی پاراستنی خۆیان بەکاردێنن و پاش شەرمەزارکردنی بکەرانی ئەو کردەوانە ڕاشیان گەیاندووە ھیچ ھێرشێک ناتوانێت لە ژیانی شەرافەتمەندانە دووریان بخاتەوە و لە خەباتی سیاسی ساردیان بکاتەوە.»[٨]
  •   بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تیرۆری شوکری سەرحەد بڵاوکردەوە کە تێیدا ھاتووە: «بەداخەوە ھەواڵی تیرۆرکردنی چالاکێکی سیاسی، شوکری سەرحەدمان لە شاری سلێمانی پێگەیشت. بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە و ھەر ھەوڵێکی توندوتیژی دەکەین کە ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی بە ئامانج دەگرێ. داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بە زوویی سەرەداوی پشت ئەم تاوانە ئاشکرا بکەن و تاوانکاران بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.»[٩]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سلێمانی شوکری سەرحەدی شەهید کرد. ڕۆژنیوز.
  2. ^ ئ ا شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە لە سلێمانی شەهیدکرا. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  3. ^ ئ ا ب ئەندامێکی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە سلێمانی کوژرا. تۆڕی میدیاییی ڕووداو.
  4. ^ ئ ا بە مەراسیمێکی شکۆدار تەرمی شەھید شوکری لە قەندیل بەخاک سپێردرا. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  5. ^ ئ ا تەرمی شەھید سەرحەد بەڕێدەکرێت. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  6. ^ ئ ا پەکەکە: دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە ھاوڕێمان یاسین بوڵوتی شەھید کرد. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  7. ^ ئ ا کۆمیتەی پشتیوانی خانەوادەی شەھیدانی پەکەکە: تۆڵەی ھاوڕی شوکری دەکەینەوە. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  8. ^ ئ ا هه‌ده‌په ئیدانه‌ی تیرۆرکردنی شوکری سه‌رحه‌د ده‌کات. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  9. ^ ئ ا بزووتنەوەی گۆڕان ئیدانەی تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد دەکات. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  10. ^ دژەتیرۆر لەبارەی تیرۆری شوکری سەرحەد و ھێرشی سەر فەرھاد بارشەوە ڕاگەیەندراوی بڵاوکردەوە. ڕۆژنیوز.
  11. ^ ئ ا قوباد تاڵە‌بانی سەرکۆنەی تیرۆرکردنی شوکری سە‌رحە‌د دەکات. تۆڕی میدیاییی ڕووداو.
  12. ^ ئ ا قوباد تاڵەبانی شەهیدکردنی شوکری سەرحەدی شەرمەزار کرد. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  13. ^ ئ ا قوباد تاڵەبانی ئیدانەی تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد دەکات. کوردسات نیوز.
  14. ^ لە سەنگەسەریش پێشوازیی لە تەرمی شەھید شوکری کرا. ئاژانسی ھەواڵیی فورات.
  15. ^ ھەزاران ھاووڵاتی تەرمی شەھید شوکری سەرحەد بەڕێدەکەن. ڕۆژنیوز.
  16. ^ وردەکاری کوشتنی شوکری سەرحەد لە سلێمانی. سلێمانی نیوز.