زمانی ستاندارد
زمانی ستاندارد، زمانی پێوەر یان پێوانەی بنەڕەت چەشنێکی زمانە کە بە شێوەیەکی بەرچاو و تا ڕادەیەکی زۆر بە ڕەوتی کۆددانانی ڕێزمانی و وشەیی و سیستمی نووسین و تایبەتمەندیییەکانی دیکەیدا تێپەڕیوە و بەم شێوەیەش لە نێو چەشنە پەیوەندیدارەکانی تری کۆمەڵە زمانییەکەیدا وەکوو خاوەن ئاستی بەرز دادەنرێت. زمانی پێوەر زیاتر وەکوو چەشنێکی زمانی خاوەن بایەخ لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا سەیر دەکرێت.[١]
لە زمانناسیدا، ئەو ڕەوتەی کە تێیدا چەشنێکی زمانی بە مەبەستی بەپێوەربوون و لە ڕێگەی جیاوە وەک دانانی زۆرێک کتێب و سەرچاوە لەسەر ڕێزمانەکەی ڕێکدەخرێت، یان ئەو ڕەوتەی کە وا لە ئاڕاستەی زمانی خەڵک دەکات ڕووی لە زمانی پێوەر بێت، بە «پێوەرسازی» ناسراوە. بە شێوەیەکی گشتی، ئەو چەشنە زمانیانەی بە ناو ڕەوتی بەپێوەربووندا تێدەپەڕن ئەوانەن کە زیاتر لە چەشنەکانی تر پەیوەندییان بە ناوەندەکانی بازرگانی و دەسەڵاتەوە ھەیە. زمانی پێوەر لەلایەن توێژی خوێندەوارەوە و لە ڕاگەیاندنەکاندا بەکاردەھێنرێت و لە قوتابخانە و فێرگەکاندا و بۆ فێرخوازانی بیانیش دەوترێتەوە.
لە نێو کۆمەڵێکی زمانیدا، پێوەرسازی زۆربەی کاتەکان بە دەستنیشانکردن و تیشک خستنەسەر چەشنێکی زمانیی دیاریکراو دەست پێدەکات، زیاتر بە مەبەستی یەکدەستکردنەوەی زیاتری زمانناسانە، کە لەلایەن خەڵکی کاریگەرەوە پەسەند دەکرێت و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەوە بڵاودەکرێتەوە و لە ھەمبەر چەشنە زمانییە ڕکابەرەکاندا قوت دەکرێتەوە و بە شێوەیەکی پەرەدەسێنن لە بوارە جیاوازەکاندا بەکاردەھێنرێت و پێگەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتیی پێدەبەخشرێت، ئەمەش وەکوو دەرئەنجامی ئەوەی کە ئەم چەشنە زمانییە گرێدراوی خەڵکانێکی زۆر سەرکەوتوو و بەناوبانگە.[٢]
نموونەکانی زمانی ستاندارد
دەستکاریزۆر لە گەلانی جیھان کە خاوەنی پێشکەتووترین زمانەکانن، بە پڕۆسەی ستانداردیسازی زمانی دا تێپەڕ بوونە و بۆ ئەم مەبەستە شێوەزارێکی دیاریکراویان لە ناو دەیان یان سەدان شێوەزاری تری وڵاتەکەیاندا، وەک بنیاتی زمانی پێوەرکراو دیاری کردووە. بەزۆری شێوەزاری پایتەخت یا ناوچەیەکی تر کە لە بواری کولتوورییەوە بەرچاوە وەک بنیاتی زمانی پێوەرکراو ھەڵدەبژێردرێت. بۆ وێنە شێوەزاری ستانداردیزەی زمانی چینی، زاراوەی شاری پەکینە. یا لە زمانی تورکی دا، زاراوەی شاری ئەستەمبوڵ وەک پێوەر بۆ ئەکسێنت و دەستەواژەی زمانی تورکی دیاری کراوە. لە زمانی عەرەبی دا کە خاوەنی دەیان زاراوەیە کە ئاستی لێکتێگەیشتنیان زۆر دژوارە، زمانی عەرەبیی کلاسیک یا فووسحا، بووە بە پێوەر بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتیکان لە ناو گەلانی عەرەبزمان دا.
لە وڵاتی ئێران دا، زمانی فارسیی شاری تاران وەک پێوەر بۆ زمانی ستانداردی فارسی دیاری کراوە و سیستەمی پەروەردە و ڕاگەنەیەرە گشتییەکان و ئەدەب و ھونەر و چالاکییەکانی تر بە زاراوەی فارسی تارانین. لە زمانی ئیتاڵی دا، بنیاتی شێوەی ستانداردی زمان ھی ناوچەی فلۆرێنسە. ھۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناوچەی فلۆرێنس لە بواری ئەدەب و وێژەوە لە فەرھەنگی ئیتاڵیا دا، ڕۆلێکی بەرچاو و گرنگی ھەبووە. لە سەرزەمینی کوردستاندا، لە وڵاتانی ئێران و عێراق دا، زمانی کوردیی ناوەندی وەک شێوەی پێوەری زمانی کوردی لەم دوو وڵاتە دا دیاری کراوە. زمانی ستاندارد لە کوردستان دا لەسەر دوو شێوەزاری بنەڕەتیی کوردیی ناوەندی و کوردیی کرمانجی (کوردیی بادینی) بنیات نراوە. لە حاڵێک دا دوو شێوەزاری بنەڕەتیی تری زمانی کوردی واتە کوردیی کەڵھووڕی و کوردیی لەکی بە قۆناغی ستانداردسازی نەگەیشتوون. لە زمانی ئینگلیزی دا جۆرە ستانداردەکان بریتین لە ئینگلیزی ئەمریکی و ئینگلیزی بەریتانی کە ھەریەکەیان ڕێکەوتنی تایبەتی خۆیان ھەیە. لەکاتێکدا کە زاراوە ناوچەیییەکان و قسەکردنی نافەرمی لە زمانی ئینگلیزی دا ڕەنگە زۆر جیاواز بن، زمانی ستاندارد زەمینەیەکی ھاوبەش بۆ تێگەیشتن و کارلێککردن لەم زمانە دا دابین دەکات.[٣]
ئەمانەش ببینە
دەستکاریسەرچاوەکان
دەستکاری- ^ «Standard language»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، 2024-09-15، لە 2024-11-28 ھێنراوە
- ^ https://library.fiveable.me/key-terms/introduction-sociolinguistics/standard-language
- ^ https://web.mnstate.edu/houtsli/tesl551/Socio/page2.htm
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە زمانی ستاندارد تێدایە. |