دیاردەناسی

میتۆدی فەلسەفی و قوتابخانەکانی فەلسەفە

دیاردەناسی یان فینۆمینۆلۆژی تاوتوێکردنی شتەکانە ئەو جۆرەی کە دیاری دەدەن،[١] واتە ئەو جۆرەی کە خۆیان بۆ ئەزموونی مرۆڤ دەردەخەن. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا ئێدمۆند ھووسێرل وەک بزاڤێکی فەلسەفی دایمەزراند و دواتر کۆڕی شوێنکەوتووانی لە زانستگاکانی گۆتینگن و میونیخدا پەرەیان پێ دا. پاشان بە فەڕانسە و ئەمریکا و شوێنی تردا بڵاو بۆوە، ئەڵبەت زیاتر لە تانوپۆگەلێکدا دوور لە کار و مەبەستە سەرەتایییەکەی ھووسێرل. [٢]

دیاردەناسی بزاڤێکی یەکپارچە و یەکشێوە نییە؛ لە ڕاستیدا، نووسەرانی جیاجیا وێڕای ئەوە کە وەکوو ئەندامانی یەک بنەماڵە لە ڕواڵەتدا ھاوبەشن، گەلێک جیاوازیی بەرچاویشیان ھەیە. گابریێلا فارینا دەڵێ:

لەبەر ئەوەی کە دیاردەناسی لەو کوانووە گەرمە بێبەشە کە گشت باس و بابەتەکانی لە دەور خڕ بێتەوە، پێناسەیەکی تاقانە و یەکلاکەرەوە بۆی، مەترسیدار و ڕەنگە تەنانەت بێمانا و بەکارنەھاتوو بێ. لە واقیعدا، نە دوکتۆرینێکە و نە قوتابخانەیەکی فەلسەفیشە، بەڵکوو زیاتر شێوازێکە بۆ تێفکرین، میتۆدێکە، ئەزموونێکی کراوە و ھەمیشە نوێیە بە ئاکامگەلی جیاجیاوە و، ئەمە لەوانەیە ھەر کەس بیەوێ مانای دیاردەناسی دەسنیشان بکا بە لاڕێدا بەرێ. [٣]

دیاردەناسی،  به بۆچوونی ھووسێرل، پێش ھەموو شتێ دەبێ کەڵکەڵەی ئەوە بێ کە پێکھاتەکانی ھۆش و دیاردەگەلێک کە لە کردارەکانی ھۆشدا[تێبینی ١] خۆ ئاشکرا دەکەن بەرێکوپێکی لێک بداتەوە و تاوتوێ بکات. دەکرێ دیاردەناسی زۆر بەڕوونی لە میتۆدی شیکردنەوەی دێکارتی جیا بکرێتەوە کە جیھانی بە لاوە کۆمەڵێ ئۆبژەی کارلەیەککەرە.

پوختە دەستکاری

لە بنەڕەتیترین شێوەی خۆیدا، دیاردەناسی تێدەکۆشێ ھەلومەرجی پێویست دروست بکا بۆ تاوتوێکردنی ئۆبژەکتیڤی ئەو بابەتانەی کە زۆربەی جار سوبژەکتیڤ لە بەر چاو دەگیردرێن: ھۆش و ناوەرۆکەکانی ئەزموونگەلی وشیارانەمان، وەک حوکم و ئیدراک و ھەستەکانمان. ئەگەرچی تەقالای دیاردەناسی ئەوەیە زانستی بێ، بەڵام نایەوێ لە ڕوانگەی سایکۆلۆژیی کلینیکاڵ یان نۆرۆلۆژییەوە ھۆشیاری تاوتوێ بکا. بەڵکوو وا بە شوێن ئەوەوە کە لە ڕێی تێڕامان و تێفکرینی ڕێکخراو و سیستماتیکەوە پێکھاتەکان و سیفەتە زاتییەکانی ئەزموون بناسێنێ.[٤]

چەند گریمانێک لە پشت دیاردەناسییەوەن کە یارمەتی دەدن بنەڕەتەکانی ڕوون ببێتەوە:

  1. دیاردەناسان لێکۆڵینەوەی ئۆبژەکتیڤ ڕەت دەکەنەوە. وایان پێ باشترە لە ڕێگای پرۆسەیەکەوە کە ئیپۆخێی پێ دەوترێ فەرزەکان گرۆ گرۆ کەنەوە.
  2. باوەڕیان ئەوەیە شیکردنەوەی ئاکارەکانی ھەرڕۆژەی مرۆڤ دەتوانێ تێگەیشتووییمان لە بابەت سروشتەوە زۆرتر بکات.
  3. سوورن لەسەر ئەوە کە دەبێ لە کەسەکان بکۆڵدرێتەوە. ئەمە بۆ ئەوەیە کە کەسەکان بە ھۆی ئەو ڕێگا بێوێنە و بێھاوتایانەوە کە ڕەنگی کۆمەڵگای شوێنی ژیانی خۆیان دەدەڵێننەوە، شیاوی لێحاڵیبوون و لێتێگەیشتن دەبن.
  4. پیان باشترە کاپتا کۆ کەنەوە نەک داتا.
  5. بۆ ئەوان دیاردەناسی ڕۆیشتنە بەرەو خستنەدەرەوە و ئاشکراکردن. بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا میتۆدگەلێک بە کار دێنن کە لە چاو زانستەکانی تر کەمتر بەرتەسک و دەستوپێگرە.[٥]

وتارە پەیوەندیدارەکان دەستکاری

تێبینییەکان دەستکاری

  1. ^ acts of consciousness واتە ئەو ئاکار و ھەڵسوکەوتانەی کە نیشان دەدن کەسێ ئاگادارە لەوەی کە شتێ ئاوەھا و ئاوەھایە و جۆرێ تر نییە.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Phenomenology | Internet Encyclopedia of Philosophy" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-07-10.
  2. ^ Zahavi, Dan (2003), Husserl's Phenomenology, Stanford: Stanford University Press
  3. ^ Farina, Gabriella (2014) Some reflections on the phenomenological method. Dialogues in Philosophy, Mental and Neuro Sciences, 7(2):50-62.http://www.crossingdialogues.com/Ms-A14-07.htm
  4. ^ Menon, Sangeetha; Anindya Sinha; B.V. Sreekantan (2014). Interdisciplinary Perspectives on Consciousness and the Self. New Youk, Dordrecht, London: Springer. p. 172. ISBN 978-81-322-1586-8. Retrieved 17 December 2015.
  5. ^ Orbe, Mark P. (2009). Phenomenology. In S. Littlejohn, & K. Foss (Eds.), Encyclopedia of communication theory. (pp. 750-752). Thousand Oaks, CA: SAGE Publications, Inc.