ئیپۆخێ
ئیپۆخێ (ἐποχή) وشەیەکی یۆنانییە بە مانای دەسڕاگرتن و ڕاوەستان، کە لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا بۆ ئاماژە بە پرەنسیپی دواخستنی حوکم بە کار دەھات. پرەنسیپێ کە لە ئەسڵا سکێپتیکەکانی یۆنان، واتە ئەوانەی وا پرسی مەعریفە[١] -یان بە بێچارەسەر دەزانی، پشتیوانییان لێ دەکرد و، دەیانوت کاتێ ناکۆکی و مشتومڕ پێش دێ، باشتر ئەوەیە مرۆڤ ڕێگای خۆ تووش نەکردن و خۆ تێوە نەگلاندن بگرێتە بەر، تا زەینی ئاشتی و ئارامی بە دەست بێنێ بۆ بەسەربردنی ژیانی ڕۆژانەی.
لە سەدەی بیستەما، ئێتمونت ھووسرڵ، دامەزرێنەری دیاردەناسی، ھەمیسان زاراوەکەی بە کار گرتەوە و وەکوو تەکنیکێک دایڕشتەوە بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر خودی وشیاری و ئاگاییی مرۆڤ.[٢] بۆ ھووسرڵ ئیپۆخێ بە مانای لەکەوانەدانان -ی گریمانەکانی ئەقڵی سەلیم بوو، بۆ وێنە، لە بابەت ھەبوونی جیھانی دەرەوەی زەیندا. دوای ئیپۆخێ -یە کە مرۆڤ دەتوانێ تیشکی چاوی زاقی زەینی بە تەواوەتی بخاتە سەر پێکھاتە و کردارەکانی وشیاریی خۆی.[٣]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ مەبەست ئەو پرسەیە کە دەپرسێ ئاخۆ مرۆڤ دەتوانێ مەعریفەی دڵنیاکەرەوەی بێ یان نا؟
- ^ «Epochē | Suspension of Judgement, Skepticism & Doubt | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ Mautner، Thomas. Dictionary of philosophy. Penguin books. p. 196.