دیاردەباوەڕی یا فینۆمیناڵیزم، لە میتافیزیکدا، ئەو ڕوانگە و بۆچوونە فەلسەفییەیە کە دەڵێ ھەبوونی شتە ماددییەکان نەشیاوی سەلماندنە و سروشتی ڕاستەقینەیان نەشیاوی ناسینە. دیاردەباوەڕی گومانی ھەیە لەوە کە شتە فیزیکییەکان بۆ خۆیان بە تەنیایی و بەبێ دەست تێدابوونی ڕوانینی ئێمە و، ھەستپێکرانیان لە لایەن ئێمەوە، خاوەن «بوون» و، ھۆکاری ئەزموونەکانی ئێمە بن.[١]

دیاردەباوەڕی بە تیۆرییەکی ئیمپیریستی دەژمێردرێ کە پێی وایە سەرجەم ماریفەتێ کە مرۆڤ لە جیھانی دەرەکی ھەیەتی، ھیچ نییە جگە لە داتای وەرگیراو لە ئەندامە ھەستییەکانی جەستەی. مرۆڤیش دڵی پێوەیە و پێی خۆشە وای دانێت کە لە پشتەوەی ئەم دراوە کتوپڕانەوە، شتگەلی دیکە ھەڵکەوتوون، بۆ وێنە، ئۆبژەگەلی ماددی. بەڵام، فەیلەسووفی فینۆمیناڵیست دەڵێ، بڕواکان و وتەکانمان لەمەڕ ئەم جۆرە شتانە، تەنیا ئەو کاتە مانادارن کە بتوانین بیانگەڕێنینەوە بۆ داتای ھەستەکی.[٢] دەڵێ ئەوەی کە بوترێ شتە فیزیکییەکان لە زاتی خۆیاندا (یا بە خۆیەتیی خۆیان، یا وەکوو خۆیان، یا لە گوێن خۆیان) ھەن، وتەیەکی بێ پاساوە. شتی فیزیکی بوونی سەربەخۆی نییە. دیاردەیەکی ھەڵکەوتوو لە بۆشایی و کاتە کە ھێزی ھەستپێکردنی ئێمە دەری خستووە، یا ئەوەش نەبێ، لە ورووژانی ھەستەکانی جەستە بەو لاوە زیاتر نییە، وەکوو نەرمی و ڕەقی و تاڵی و سووری.[٣]

مێژوو دەستکاری

دیاردەباوەڕی فۆرمێکی ڕادیکاڵی ئیمپیریزمە. وەکوو بیروباوەڕێکی ئۆنتۆلۆژیک کە قسەی ھەقیقەت و سروشتی ھەبوون دەکات، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆرج بارکلی و ئایدیالیزمە سوبژەکتیڤەکەی، کە دواتر ھیوومیش زۆرتر چووە قووڵایییەوە.[٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Robinson, Dave; Mayblin, Bill (2004). Introducing Empiricism.
  2. ^ Mautner, Thomas. The penguin dictionary of philosophy. p. 463.
  3. ^ "Phenomenalism", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2023-05-09, retrieved 2023-12-12
  4. ^ "Phenomenalism", Catholic Encyclopedia, retrieved 2023-12-27