ھۆش

(لە وشیاریەوە ڕەوانە کراوە)

ھۆش یانی ئاگاداری لە حاڵ و وەزعی خۆ.[١] بە واتایەکی دی، ھۆش حاڵەت یا تواناییی ئاگادار بوونە لەو شتانەی لە دەرەوە یا لە ناو زەیندا ڕوو ئەدات. ھۆش تایبەتمەندیی خاوەنبوونە زیندووکانە و لە مرۆڤدا بە بەرزترین ڕادەی خۆی ئەگات. ھیچ بوونێکی زیندوو بە قەدەر مرۆڤ ئاگای لە خۆی و دەوروبەری نییە. وەکوو حاڵەت، ھۆش ھەمان ئاگایییە، واتە ئەو بارودۆخەی کە خاوەنبوونی زیندوو لە کاتی ھەستپێکردن و دەرکپێکردن و ناسینەوە و جیاکردنەوەدا تێدایە. وەکوو توانایی، ھۆش بەو تایبەتمەندییە لە ھەندێ لە خاوەنبوونە زیندووکاندا ئاماژە ئەکا کە ڕێگەیان بۆ خۆش ئەکا لە «بوون»یان ئاگادار ببنەوە.[٢]

وشەڕەتناسی دەستکاری

وشەی ھۆش لە ڕیشەی ھیندوئەورووپاییی *ōus : əus- : us- و ڕیشەی ھیندوئێرانی و پرۆتۆئێرانیی *auš- : uš- بە مانای گوێ و گوێچکەکانەوە ھاتووە.[١]

دیمەنی لە بوارەکانی زانستدا دەستکاری

 
جۆن لۆک فەیلەسووفی ئینگلیزیی سەدەی حەڤدە ئاوەھا ھۆش ئەناسێنێ: «ئاگادار بوون لەوەی بە زەینی مرۆڤ خۆیدا تێ ئەپەڕێ».[٣]

فەیلەسووفانی ڕۆژاوایی لە دیکارت و لۆک بەم لاوە ھەوڵیان داوە خۆیان لە سروشتی ھۆش و ئەوەی کە جێگەی لە ناو وێنەیەکی گەورەتری جیھان لە کوێیە تێبگەیێنن. بەتایبەت لە دیاردەناسی و لە فەلسەفەی زەیندا زۆربەی پرسیارەکان لە دەور مەسەلەی ھۆشدا ئەسووڕێنەوە. بۆ نموونە: ئاخۆ ھۆش ماددەیە؟ ئاخۆ ئەکرێ کۆمپیوتەر و ڕۆبۆت وشیار بن؟ چۆن ھۆش گرێ ئەخوا بە زمانەوە؟ چۆن ھۆش وەکوو بوون گرێ ئەخوا بە دنیای ئەزموونەوە؟ ڕۆڵی خۆ لە ئەزمووندا چییە؟

لەم دوایییە، لە بوارە جیاجیاکانی زانستی کۆگنیتیڤ وەکوو سایکۆلۆجی و نورۆسایکۆلۆجی و زمانەوانی و مرۆڤناسیدا، ھۆش بووە بە بابەتێکی گرنگی لێکۆڵینەوە. ھەوڵ و تەقالاش لە پلەی یەکەمدا بۆ تێگەیشتنە لەوەی کە لە باری بایۆلۆجی و سایکۆلۆجییەوە بوونی ئاگادارییەکان لە ھۆشدا بە چ مانایە.[٤] یا بە زمانێکی تر، بۆ دەسنیشانکردنی پێکەوەبەستراوییەکانی دەمار و دەروونە لە ھۆشدا. زۆرینەی لێکۆڵینەوەگەلی تەجروبی (ئەوانەی لە تاقیگەدا ئەکرێن) بۆ ھەڵسەنگاندنی ھۆش لە مرۆڤەکاندا داوایان لێ ئەکەن ئەزموونەکانیان بە قسە بۆ بگێڕنەوە (بۆ نموونە: «وەختێ من فڵان کار ئەکەم ئەگەر شتێکت بەدی کرد پێم بڵێ»).

لە پزیشکیدا، وشیاری بە ڕوانین لە وریایی و وەڵامدەریی نەخۆشێک ھەڵدەسەنگێندرێت و دەکرێت وەکوو زنجیرەیەک لە دۆخەکان چاوی لێ بکرێت: وریا، بەئاگا لە کات و شوێن، ڕاگەیێنەر، لە گێژیدا و، پاشان وڕێنە، پاشان لەدەستدان و دۆڕانی ھەر چەشنە ڕاگەیێنییەکی مانادار و، کۆتایی دێت بە جووڵەنەکردن لە وەڵامی ھاندانی بەسوێدا.[٥]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا نانەوازادە, عەلی (2022). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی (بەرگی شەش). p. 457.
  2. ^ Branden, Nathaniel (1969). The Psychology of Self-Esteem. pp. 7, 8.
  3. ^ "Science & Technology: consciousness". Encyclopædia Britannica. Retrieved August 20, 2010.
  4. ^ Cohen A.P. , Rapport N. (1995). Questions of Consciousness. London: Routledge. ISBN 978-1-134-80469-6.
  5. ^ Güven Güzeldere (1997). Ned Block; Owen Flanagan; Güven Güzeldere (eds.). The Nature of Consciousness: Philosophical debates. Cambridge, MA: MIT Press. pp. 1–67.