محەممەد مەکی عەبدوڵڵا مەعرووف (لەدایکبووی ١٩٣٩ لە ئامێدی، عێراق – مردووی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە سلێمانی) ھونەرمەندێکی بەناوبانگی باشووری کوردستان بوو. بە نازناوەکانی حاجی مەکی و عەلییە فەندی ناسراوە. لە زیاتر لە سێ ھەزار و ٣٣٠ بەرھەمی ھونەریدا کاری کردووە.

حاجی مەکی
وێنەیەک تایبەت بە بابەتەکە حاجی مەکی
حاجی مەکی لە بەرنامەی ڕۆژانەی ئێن ئاڕ تی

مێژووی لەدایکبوون ١٩٣٩
شوێنی لەدایکبوون ئامێدی
مردن ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ (٧٦ ساڵ) سلێمانی
ناوی تر عەلییە فەندی
نەتەوە کورد
ھاوسەر شوکریە[١]
مناڵەکان کوڕێک و کچێک

ژیان دەستکاری

لە ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک لەدایکبووە و بەھۆی ئەوەی باوکی فەرمانبەری گومرگ بووە لەوێ ژیاوە. دوو خوشک و دوو برای ھەبووە، بەھۆی خراپی باری گوزەرانی خێزانەکەیەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات.[٢] حاجی مەکی خاوەنی کوڕێک و کچێک بووە، کوڕەکەی لە کاتی بەشداریکردنی فیلمی (باوەژن خوا بناسە)دا ڕۆڵی بینیوە و بەھۆی ڕووداوێکەوە لە کاتی ئامادەکردنی فیلمەکەدا گیانی لەدەستداوە.[٣]

کارە ھونەرییەکان دەستکاری

حاجی مەکی ساڵی ١٩٥٣ لە شاری کەرکووک بە شانۆگەری (پێکەنین بەبێ یاسا) بۆ یەکەمین جار چووەتە سەر شانۆ. ھەر لەو ساڵەدا نواندنی (تەمسیل) «ژن بە ژن»ی پێشکەش کردووە.[٤] لە ساڵی ١٩٥٨دا گرووپی ھونەری خەباتی دامەزراندووە و لە شاری سلێمانیش ھەمان گرووپی دامەزراندووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٤ فیلمێکی سینەمایی کورتی نیو سەعاتی بە ناونیشانی «ڕەھێڵە» بەرھەمھێنا، کە لە نووسینی کامەران موکری و دەرھێنانی یووسف جەرجیسی ھونەرمەند بوو.[٥] لە ساڵی ١٩٩٠ دەبێتە بەرھەمھێنەری فیلمی سینەماییی (نێرگز بووکی کوردستانە)، کە بۆ یەکەمینجار بوو زمانی کوردیی لە فیلمی سینەماییدا بەکاردبێت.[٦] لە ٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ وەکو یەکەمین فیلمی سینەمایی کوردی چووەتە سەر شاشەی سینەماکان و ھەر ئەو ڕۆژەش کرا بە ڕۆژی سینەمایی باشووری کوردستان.[٧] لە ساڵی ١٩٦٤ فیلمێکی لەسەر کارگەی چیمەنتۆ دەرکردووە و تا ئێستاش ماوە.[٨]

بەرھەمەکان دەستکاری

  • پێکەنین بەبێ یاسا (شانۆگەریی)
  • باوەژن خوا بناسە (شانۆگەریی)
  • بەقەد بەڕەی خۆت پێڕاکێشە (شانۆگەریی)
  • جام کە پڕبوو لێی دەڕژێ
  • ژن بە ژن
  • بڕیار
  • نێرگز بووکی کوردستانە (فیلمی سینەمایی)

مردن دەستکاری

دوای بەسەربردنی سێ ساڵ بە ئازاری گورچیلە، لە شەوی ھەینی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ کۆچی دوایی کرد.[٩] لە ڕۆژی شەممە ١٩ی کانوونی یەکەم تەرمەکەی لە ڕێوڕەسمێکدا لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.[١٠]

سەرچاوەکان دەستکاری