ئێرنست ھێمینگوەی

ئێرنست میلنەر ھێمینگوەی (بە ئینگلیزی: Ernest Hemingway؛ لەدایکبووی ٢١ی تەممووزی ١٨٩٩–مردووی ٢ی تەممووزی ١٩٦١) کەسایەتی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەمریکییە و یەکێکە لە باشترین نووسەرانی ڕۆمان و چیڕۆک لە جیھان، لە ساڵی ١٩٥٤ خەڵاتی نۆبێلی لە ئەدەب وەرگرت. یەکێ لە ھۆکارە گرنگەکانی بردنەوەی نۆبڵەکەی نووسینی ڕۆمانی پیرەمێرد و زەریا بوو.

ئێرنست ھێمینگوەی

لە ئەواک پارکی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا لەدایک بووە، باوکی پزیشک بووە و خولیای ڕاوکردنی ھەبووە و لە ساڵی ١٩٠٩ چەکێکی بۆ کڕیوە بۆ ڕاوکردن ھەتاکو دوا تەمەنی ھاوڕێی بووە ھەر بەو چەکەش لە ساڵی ١٩٦١ خۆی کوشتووە.

ھێمینگوەی ھەر لە لاوێتیدا وەکوو پەیامنێر بۆ ڕۆژنامەی کنساس ستار کاری کردووە و لە ساڵی ١٩١٨ لە کۆتایی شەڕی جیھانیی دووەم وەکوو خۆبەخش لەگەڵ مانکی سووری ئیتاڵی کاری کردووە و بەسەختی برینداربووە و چەند مانگێک لە نەخۆشخانە کەوتووە و نەشتەرگەریەکی زۆریشی بۆ کراوە و کە چاک بووەتەوە نیشانەی ئازایەتی وەرگرتووە و پلەی مولازمیشی وەرگرتووە.

لە ساڵی ١٩٢١ ھێمینگوەی وەکوو پەیامنێر بۆ ڕۆژنامەی تورنتو ستار لە شیکاگۆ کاری کردووە و لە ساڵی ١٩٢٢ ڕۆشتووە بۆ پاریس و بەھەمان شێوە کاری پەیامنێری کردووە و سەرەتای ساڵی ١٩٢٣ یش سەرەتای سەرکەوتنی بووە بە بڵاوکردنەوەی ٣ چیرۆک و ١٠ سروود و لە ساڵی ١٩٢٦ بەچیرۆکی خۆڕیش ھەڵدێتەوە ناوبانگی دەرکردووە و لەدوای بڵاوکردنەوەی چەند چیرۆکێک و بەدەستھێنانی چەند سەرکەوتنێکی دیکە لەنێوان ساڵی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٨ وەکو پەیامنێرێکی جەنگی ڕوماڵی جەنکی ناوخۆی ئیسپانیای کردووە و دواتر بەرھەمی بۆکێ زەنگ لێ دەدرێی دەرکردووە و ناوبانگێکی بەرفراوانی دەکردووە.

ھێمینگوەی لە ساڵی ١٩٥٣ خەڵاتی بولیتزری ئەمریکی وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٥٤ خەڵاتی نوبڵی لە وێژەدا پێبەخشراوە و توانیوێتی جێ پەنجەی خۆی لە وێژەی ئەمریکادا دابنێت و بووەتە یەکێک لەپایە گرنگەکانی ئەدەبی ئەمریکی.

لە کۆتایی ژیانیدا ھێمینگوەی لە کوبا جێگیربووە و دووچاری نەخۆشیی دەروونی بووەتەوە و لە ساڵی ١٩٦١ خراوەتە نەخۆشخانەوە و لەدوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەرکراوە لە بەرەبەیانی ٢ ی یۆلیۆی ساڵی ١٩٦١ بەو چەکەی کە باوکی بەدیاری بۆی کڕیبوو بۆ ڕاوکردن خۆی کوشتووە و گیانی لەدەستداوە.

ژیاننامەدەستکاری

لە ٢١ی تەممووزی ١٨٩٩، ئێرنست میلەر ھێمینگوەی لە ماڵی باوانی دایکی لە ئۆوک پارک، ئیلینۆی، لە قەراغ شاری شیکاگۆ لەدایکبوو. باوکی، کلارێنس ئێدمند ھێمینگوەی، پزیشک بوو، دایکیشی، گرێیس ھۆل ھێمنگوەی ھێمینگوەی، مۆسیقاژەن بوو. ھەردووکیان کەسانی ڕۆشنبیر و ڕێزلێگیراوبوون لە ئۆک پارک، کۆمەڵگەیەکی پارێزراو، یەکێک لە نیشتەجێبوان فرانک لۆید ڕایت دەربارەی ئۆک پارک وتی: «کڵێسای زۆری لێیە، بۆ ئەوەی زۆر لە کەسانی باش سەردانیان بکەن». بۆ ماوەیەکی کورت دوای ھاوسەرگیرییان، کلرێنس و گرەیس ھێمنگوەی لەگەڵ باوکی گرێیس، ئێرنست ھۆل، ئەو کەسەی کە ھێمنگوەی بەناوی کراوە، دەژیان. ئێرنست دووەمی شەش منداڵ بوو؛ لە ساڵی ١٨٩٨ خوشکەکەی مارسلین بەر لەو لەدایکبووە، پاشان لە ساڵی ١٩٠٢ ئۆرسیلە لەدایکبووە، مادیلێین لە ساڵی ١٩٠٤ لەدایکبووە، کارۆل لە ساڵی ١٩١١ لەدایکبووە، و لێستەر لە ساڵی ١٩١٥ لەدایکبووە. ئێرنست ھێمنگوەی وتویەتی کەوا ناوی خۆی بە دڵ نەبووە، کە «کە ناوی کارەکتەرێکی ساویلکە و تەنانەت پاڵەوانێکی گەوجی ئۆسکار وایلدە لە شانۆگەری گرنگی ئەوەی کە ئێرنێست بێت». خێزانەکە لە دوایدا نیشتەجێی ماڵێک بوون کە حەوت ژوەری نوستنی لەخۆدەگرت. لە گەڕەکێکی باش لەگەڵ ستۆدیۆیێکی مۆسیقا بۆ گرێیس و نووسینگەیێکی پزیشکی بۆ کلارێنس.[١]

دایکی ھێمنگوەی میوزیکوانێکی بەناوبانگی گوندەکەی بوو، بۆیەش ھێمنگوەی فێری چەلۆ کرد سەرەڕای ئەوەی ھێمنگوەی نەیدەویست فێری ببێت. لە تەمەنی پێگەیشتندا، ھێمنگوەی کە ئەو وانە مۆسیقیانە کاریگەریان ھەبووە لەسەر نووسینەکانی، بۆ نموونە لە پێکھاتەی مۆسیقی لە ڕۆمانی (بۆ ئەو کەسەی زەنگەکە لێدەدا). لە تەمەنی گەورەییدا، ھێمنگوەی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کەوا ڕقی لە دایکی دەبێت، سەرەڕای ئەوەی ژیاننامەنووس مایکل ئێس ڕێنەلدز ئاماژە بەوە دەکات کەوا ھێمنگوەی ھەمان وزە و پەرۆشی دایکی ھەبووە.. خێزانەکەیان ھاوینانی لە ویندێمێرێ بەسەر دەبرد نزیک دەریاچەی والون، نزیک پێتۆسکێی، میشیگەن. لە تەمەنی گەنجیدا، باوکی ئەوی فێری ڕاوکردن، ڕاوە ماسی، و خێوەتکردن کرد لە دارستانەکان و دەریاچەکانی باکوری میشیگەن. ئەو ئەزمونانەی سروشت لە سەرەتای تەمەنی بوونە ھۆی ئەوەی کەوا ئارەزووی ھەبێت بۆ سەرکێشیکردن و ژیان لە دوور یان ناوچەی دابڕاو.[٢]

لە ساڵی ١٩١٣ تا ١٩١٧، ھێمنگوەی لە ئامادەیی ئۆک پارک و ڕیڤەر فۆرست دەیخوێند. ئەو بەشداری چەندین چالاکی وەرزشی دەکرد لەوانە شەڕەمستێن، یاری گۆڕەپان و مەیدان، یاری تۆپی ئاو، ھەروەھا تۆپی پێ. ئەو پلەی نایابی بەدەست ھێنا لە وانەی ئینگلیزی، لەگەڵ خوشکەکەی مارسیلین بەشداریان لە ئۆرکێسترای قوتابخانەکەیاندا کرد. لە قوتابخانەی سەرەتایی بەشداری پۆلی ڕۆژنامەگەریی کردووە، نوسیبووی کە " گەرچی پۆلەکە نووسینگەیەکی ڕۆژنامە بوو، " لەگەڵ نووسەری باشتر کە پارچە نوسینەکانیان پێشکەش بە ڕۆژنامەی قوتابخانە دەکرد، ناوەکەی بریتی بوو لە زە تراپێز. ھێمنگوەی و ماچێلیینی ھەردووکیان پارچە نوسینەکانیان پێشکەش کرد؛ یەکەم پارچە نوسینی ھێمنگوەی، لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٦ بڵاوکرایەوە، دەربارەی کار و چالاکییە ناوخۆیییەکان لەلایەن ئۆرکێسترای سیمفۆنیای شیکاگۆ. ئەو سەرنوسەری ڕۆژنامەی زە تراپێز و تابولا (کتێبی ساڵانە) ی کرد، بە لاسایی کردنەوەی نوسینی نوسەرە وەرزشییەکانی ڕۆژنامە، بە ھەڵگرتنی نازناوی، ڕینگ لاردنەری بچووک. — وەک ڕێزلێنانێک بۆ ڕینگ لاردنەری شیکاگۆ تریبیان کە واژوی ھەواڵنەرەکەی بریتیبوو لە لاین ئۆ تایپ.[٣]

وەک مارک توەین، ستیڤن کرەین، تیۆدۆر درێیسێری و سینکلێیەر لوویس، ھێمنگوەی ڕۆژنامەنووس بوو بەر لەوەی ببێت بە ڕۆماننووس. دوای جێھێشتنی قوتابخانەی ئامادەیی بۆ ئەوەی کار بۆ کێنساس سیتی ستار بکات وەک پەیامنێرێکی گەنج. ھەرچەندە ئەو تەنھا بۆ ماوەی شەش مانگ لەوێ مایەوە، شێوازی نوسینی بڵاوکراوەی ستاری وەک بنچینەی نوسینی بەرھەمەکانی بەکارھێنا: «بە بەکارھێنانی دێری کورت. پارەگرافی کورت. بەکارھێنانی ئێنگلیزییەکی بەھێز. ئەرێنی بە، نەوەک نەرێنی.»

جەنگی جیھانی یەکەمدەستکاری

لە کانونی یەکەمی ساڵی ١٩١٧ ھێمنگوەی وەڵامی پێویستی دامەزراندنێکی خاچی سوری دایەوە بۆ سەربازی و ناوی خۆی تۆمارکرد بۆ ئەوەی ببێت بە شۆفێری ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن لە ئیتالیا، دوای ئەوەی کە بەھۆی لاوازی بینینەوە شکستی ھێنا کە وەک سەرباز ناوی تۆمار بکات. لە ئایاری ساڵی ١٩١٨ لە نیویۆرکەوە بە ڕێگەی دەریایی گەشتی کرد و گەیشتە پاریس، شارەکە لەژێر بۆمب بارانی تۆپخانەکانی ئەڵمانیا بوو. لە حوزەیراندا گەیشتە بەرەی جەنگی ئیتاڵی.

لە یەکەم ڕۆژیدا لە میلان، نێردرا بۆ شوێنێک کە کارگەیەکی چەک و تەقەمەنی بوو تەقێنرابۆوە، کە ڕزگارکەرەکان پاشماوە پارچە پارچە بووەکانی کرێکارە ئافرەتەکانیان کۆکردەوە. کرد لە یەکێک لە کتێبەکانی بەناوی (مردن لە دوای نیوەڕۆ) ئەو باسی لە ڕوداوەکە کرد: " من ئەوەم لەبیرە کە ئەو ڕۆژە دوای ئەوەی بەدوای مردووەکاندا دەگەڕاین پارچەی لاشەی مردووی زۆرمان کۆکردەوە. " دوای چەند ڕۆژێک، ئەو گواسترایەوە بۆ فۆسالتا دی پیاڤێ. لە ٨ی تەممووزدا، دوای ئەوەی تازە گەڕابۆوە لە ھێنانی جگەرە و قاوە بۆ سەربازەکان لە چێشتخانەی سەربازگەکە، بەھۆی گولە ھاوەنەوە بە سەختی برینداربوو.[٤]

سەرەڕای برینەکانی، ھێمنگوەی یارمەتی سەربازی ئیتاڵییەکانی دا بۆ ئەوەی بگەن بە ناوچەی سەلامەتی، بۆ ئەو کارەی مەدالیای سیلڤەری ئیتاڵی بۆ ئازایەتییەکەی وەرگرت. ئەو ئەو کاتە تەمەنی تەنھا ھێشتا ١٨ ساڵ بوو. ھێمنگوەی دواتر دەربارەی ڕوداوەکە وتی: «کاتێک تۆ دەڕۆیت بۆ جەنگ ھەروەک کوڕێک تۆ خەیاڵێکی مەزنت ھەیە بۆ نەمری. خەڵکیتر دەمرن بەڵام تۆ نامریت… دواتر کە بۆ یەکەمجار بە سەختی بریندار دەبی ئەو خەیاڵە لەدەست دەدەیت و بەو باوەڕە دەگەیت کە لەوانەیە ھەمان شت بەسەر تۆشدا بێت.»

توشی چەند برینێکی سەخت بوو لە قاچیدا، ڕاستەوخۆ نەشتەرگەری بۆکرا لە ناوەندی دابەشکردن، ماوەی پێنج ڕۆژی لە نەخۆشخانەیەکی مەیدانی بەسەر برد پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی خاچی سوور لە میلان بەھۆی ئەوەی بەرەو باشبوون دەچوو. ئەو شەش مانگی لە نەخۆشخانە بەسەربرد، ئەو شوێنەی کە ئەو چاوی بە " چینک " دۆمەن-سمیث کەوت وە پەیوەندێکی بەھێزی ھاوڕێیەتیان دروستکرد، تا یەک دەیە ئەو پەیوەندییە بەردەوامبوو. ژوورەکەی لەگەڵ باڵێوز، و نووسەر ھێنری سیرانۆ ڤیلەرد ھاوبەشی پێکرد کە دواتر بووە کاربەدەستی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.[٥]

لەو کاتەدا کە بەرەو چاکبوون دەچوو، کەوتە داوی خۆشەویستی ئاگنیس ڤۆن کورۆوسکی، پەرستار لە خاچی سوور کە حەوت ساڵ لەخۆی گەورەتربوو.

لە کانوونی دووەمی ١٩١٩ کاتی دەرچوونی لە نەخۆشخانە و گەڕانەوەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، باوەڕی وابوو کە لە ماوەی چەند مانگدا ئاگنیس دەگاتە لای و ھاوسەرگیری دەکەن، بەڵام

، لە مانگی ئاداردا، ئاگنیس لە نامەیەکدا بۆی نوسیبوو کەوا بووە بە دەستگیرانی ئەفسەرێکی ئیتاڵی.

ژیاننامەنووس جێفری مەیێرس لە کتێبی (ھێمنگوەی) دا نوسیویەتی کە: بەھۆی ڕەت کردنەوەکەی ئاگنیسەوە، ھێمنگوای بە جۆرێک ڕوخا و ترس دای گرت کە لە پەیوەندییەکانی لە داھاتوودا، شوێن شێوازی واز ھێنان لە ژنەکەی بەر لەوەی ئەو وازی لێبێنێت کەوتبوو.

تۆرەنتۆ و شیکاگۆدەستکاری

لە مانگی ئەیلولدا، بۆ گەشتی ڕاوە ماسی و چادر ھەڵدان لەگەڵ ھاوڕێی قوتابخانەی ئامادەییدا بۆ باک-کۆونتریی میشیگەنی نیمچە دوورگەی سەرەوە ڕۆیشت.

گەشتەکەی بووە ھۆی ئیلھامێک بۆ بیرۆکەی کورتە چیڕۆکی " ڕووباری دوو دڵ "، کە تێیدا ھاو شێوەی ژیاننامەی خۆی نیک ئادەمز کارەکتەری نیمچە تێکشکاو دوای ئەوەی لە جەنگدا دەگەڕێتەوە دەڕوات گەشتێک بە وڵاتدا دەکات بۆ ئەوەیتەنیا بێت.[٦]

ھاوڕێیەکی خێزانیی کارێکی لە تۆرەنتۆ پێشکەش کرد، بەھۆی ئەوەی کەھیچ کارێکیتری نەبوو بیکات، ئەو پێشنیازەکەی قبووڵ کرد. لە کۆتایییەکانی ئەو ساڵەدا، ئەو وەک ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ و کارمەندێکی نوسەر لە تۆرەنتۆ ستاری ھەفتانە دەستی بەکارکرد.

لە حوزەیران گەڕایەوە بۆ میشیگەن و لە ئەیلولی ساڵی ١٩٢٠ ڕۆیشت بۆ شیکاگۆ تا لەگەڵ ھاوڕێیەکی بژی، لەوکاتەی ئەو ھێشتا چیرۆکی بۆ تۆرەنتۆ ستار دەنوسی.

لە شیکاگۆ، وەک یاریدەدەری سەرنوسەری گۆڤار مانگانەی کۆمۆن کۆواپرەیتڤ کۆمۆنوێلس دەستی بەکارکرد، ئەو شوێنەی کە ڕۆماننووس شێروود ئاندەرسەنی تێدا بینی.

کاتێک سەینت لویس ھادلی ڕیچاردسۆن ھات بۆ شیکاگۆ تا سەردانی خوشکی ھاوژووری ھێمینگوەی بکات، ھێمنگوەی شەیدای بوو. ئەو دواتر گوتی، " من زانیم کە ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەدا دەکەم. " ھادلی، قژ-سوور، لەگەڵ "سروشتێکی گرنگیپێدان، " ھەشت ساڵ گەورەتر بوو لە ھێمنگوەی.

سەرەڕای جیاوازیی تەمەن، ھادڵی کە لەگەڵ دایکێکدا گەورە بوو زیادەڕەوی لە پارێزگاری کردن لێی دەکرد، کەم پێگەیشتووتر لە ئافرەتە ھاوتەمەنەکانی دەردەکەوت.

بێرنس کێرت، نووسەری (ژنەکانی ھێمنگوەی)، گوتی کەوا ھادلی «وەک بیرھێنانەوەیەک» ی ئاگنیس بوو، بەڵام ھادلی منداڵانە بوو کە ئاگنیس ئەم خووەی نەبوو.

ئەو دووانە بۆ چەندین مانگ نامەیان دەگۆڕییەوە و دواتر بڕیاریان دا ھاوسەرگیری بکەن وە سەفەر بکەن بۆ ئەورووپا.

ئەوان ویستیان سەردانی ڕۆما بکەن، بەڵام شێروود ئاندەرسەن لە نامەیەکی پێشەکیدا بۆ جووتە گەنجەکە، ئەوانی ڕازیکرد تا سەردانی پاریس بکەن.

لە ٣ی ئەیلولی ١٩٢١ ئەوان ھاوسەرگیریانکرد؛ دوو مانگ دواتر، ھێمنگوەی وەک پەیامنێری بیانی بۆ تۆرەنتۆ ستار دەستی بەکارکرد، و ھەردووکیان ڕۆشتن بۆ پاریس.

دەربارەی ھاوسەرگیریی ھێمنگوەی بۆ ھادلی، مەیێرس گوتی: " لەگەڵ ھادلی، ھێمنگوەی ھەموو شتانەی بەدەست ھێنا کە ھیوای خواستبوو بۆ لەگەڵ ئاگنیس بەدەستی بھێنێت: خۆشەویستیی ئافرەتێکی جوان، داھاتێکی باش، ژیانێک لە ئەوروپا. "

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ Reynolds (2000), 17–18
  2. ^ Beegel (2000), 63–71
  3. ^ "Star style and rules for writing". The Kansas City Star. KansasCity.com. Retrieved November 30, 2011.
  4. ^ Mellow (1992), 57–60
  5. ^ Mellow (1992), 61
  6. ^ Meyers (1985), 37–42

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری