ھۆرە

شێوازێک لە مۆسیقای کوردیە

ھۆرە (بە کرماشانی: ھوورە) شێوازێک لە مۆسیقای کوردیە کە بێ ئامێر دەخوێندرێت. ھۆرە تایبەت بە ناوچەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان (ناوچەکانی کرماشان و ئیلام)ە. بە بێژەری ھۆرە، «ھۆرەچڕ» یان «ھۆرەبێژ» و بەو شێوازە مۆسیقایییە «ھۆرەچڕین» دەڵێن.[١] ھوورە زۆر بە شێوازەکانی چڕێنی دیکە لە مۆسیقای کوردی وەکوو موور، بالوورە و سیاوچەمانە نزیکە.

ھەندێک لە مێژوونووسان پێیان وایە وشەی ھۆرە ڕەنگە لە ئەھۆراوە گرتبێتەوە و بۆیە ئەگەری ئەوەیان پێش خستووە کە ڕەنگە ھۆرە یەکێکە لە ئاوازە کۆنەکانی سەردەمی زەردەشت بوبێت.[٢] ھاشیم سەلیمی توێژەری چاندی کوردی تەنانەت ئەو باوەرەی پێش خستووە کە تەمەنی ھۆرە بە سەردەمی ئایینی میترا دەگەیێت و لە سەرەتاوە وەکوو لاساییکردنەوەیەک لە دەنگە سرووشتییەکان بۆ پەرەستینی سرووشت خولقێندراوە.[٣] بەڵام بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا لە توێژینەوەی خۆی سەبارەت بە مۆسیقای کوردیدا بەم ئاکامە گەیشتووە کە گەرچە کاریگەریی مۆسیقای بەر لە ئیسلام لە مۆسیقای کوردیی ناوچەی کرماشان دیارە، بەڵام ئەو میلۆدیانە کە ئێستاکە لە مۆسیقای کوردی باون لانیزۆر بە سێ یان چوار سەدەی ڕابردوو دەگەیێن و ناتوانین بە شێوەیەکی تەواو ھی سەردەمی بەر لە ئیسلامیان بزانین. کازمی دەڵێت لە توێژینەوەیەک کە لەسەر مۆسیقای زەردەشتییەکن کردووە کاریگەرییەک لە وەھا مۆسیقایەک لەنێویدا نەبینیوە و بۆیە دەڵێت یەکسان زانینی ھۆرە لەگەڵ مۆسیقای زەردەشتی و ئەھۆراخوانی ھەر بەتەنیا ئاوات و مەیلی ئەو نووسەرانە بۆ گەیشتن بە ڕیشەیەکی کۆن و دڵخوازی خۆیان پێشان دەدات و نیشاندەری ڕاستییەکەی مۆسیقای ھۆرە نییە.[٢] بەڵام ھاوکات دەڵێت ھۆرە وەکوو ھەندێک شێوازی دیکەی مۆسیقای کوردی وەکوو موور، گۆرانی، بەیت و ... و ھەندێک ئامێر وەکوو سوڕنا پاشماوەی مۆسیقای سەردەمی کۆن بە ئەژمار دێت[٤] و کۆن بوونی ئەو شێوازە مۆسیقاییە ڕەت ناکاتەوە.

مەقامەکانی ھۆرە

دەستکاری

ھەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بە بەزم یان مەقامی ھۆرە کردووە کە بریتین لە: دوو دەنگی، پاوەمووری، بانبنەیی، ئەرکەوازیچڕ، سەحەری، سەرسواریچڕ.

بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا ئاماژە بە ٢٢ بەزمی ھۆرە دەکات کە لە لایەن ئیبراھیم حوسێنیەوە کۆکرابوون و لەلای چڕێندراوە: گوڵ وە خاک، گلوەدەرە، باندەسانی، شاحوسێنی، سەحەری، جلەوشایی، تەرز مەجنوونی، باریە، دووباڵا، غەریوی (خەریوی)، بانبنیچڕ، پاوەمووری، سەرکێویچڕ، سارووخانی، نەکیسا، باربەد، مەجنوونی، بەیچڕ، لاچڕ، ئەرکەوازیچڕ، موورچڕ.[٥]

مامۆستاکانی ھۆرە

دەستکاری

مامۆستاکانی گەورەی ئاوازی ھۆرە کەسانێگ وەکوو سەید قوڵی کشاوەرز، عەلینەزەر مەنووچێھری، داراخان، ئیبراھیم حوسێنی، ئەولعەزیز حەیدەری، نەسوور ڕەزایی، عەلی کەرەمینەژاد، ئێڵخان ئەرکەوازی، عەبدەسەمەد عەبدیپوور، بەسات ئووزمانەن، ئیکرام مامەدبەگی.

ناوەڕۆک

دەستکاری

بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا دەڵێت ھۆرە زۆرتر شێوەی خوێندنەوەی چیرۆکەکانی دڵداری یان دەستانی و حیماسە بووە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەستانەکانێک وەکوو ڕووسەم و زۆراو، شەڕی نادرشا لەگەڵ کۆپاڵ پاشای تورک و شەڕەکانی دژ بە عوسمانییەکان بە شێوەی ھۆرە دەخوێندراونەتەوە. بەڵام ھاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ناوچەی ئیلام ھۆرە زۆرتر بۆ وەسفی خەم و پەژارەکانی بێژەرەکە بە کار ھاتووە.[٦] لە ناوچەی سونقور و کولیایی ھۆرە بە شێوەیەلی خەمینانە بۆ خەمی غەریبی یان دوور کەوتن لە دڵدار دەچڕێتەوە.[٧] ھۆرە ھەروەھا لە کاتی کار کردن و پالەکردنی کشتوکاڵیش دەچڕێتەوە و جۆرێک مۆسیقای کاریش بە ئەژمار دێت.[٨]

ھۆرەی خەریویچڕ بەزمێک لە ھۆرەیە کە کەسانێک کە لە غەریبیدان دەیچڕینەوە و شیعرەکانی بریتی لە وەسفی غەریبییە و شێوازی چڕینیش بەھۆی ناوەڕۆکە خەمبارانەکەی لە شێوازەکان و بەزمەکانی دیکە ھێواشترە و بە ھێورییەوە دەچڕێندرێت.[٩]

شێوازی چڕینەوە

دەستکاری

ھۆرە مۆسیقایەک لەبنەمای فۆنێمە کە ڕیتم لەتێدا ئازادە و لە شیعری بڕگەیی لە نێویدا کەڵک وەردەگیرێتەوە[١٠]، بەڵام ھەندێک جار شێوازی شیعری بڕگەییش جێبەجێ ناکرێت و تەنانەت ھەندێک جار بەجیاتی شیعر، ڕستە یان پەخشانێکی زۆر کورت دەچڕێندرێتەوە.[١١] چڕینی ھۆرە لە ناخی گەروو بەشێوەیەکی دابڕدابڕ و پڕ لە وردەکارییەکانی دەنگ جێبەجێ دەکرێت. تایبەتمەندیی دیکەی ئەوەیە لە بێ ئامێر دەچڕێندرێتەوە. نیعمەت زەحمەتکیش توێژەری چاندی کوردی دەڵێت ھۆرە لەگەڵ ئامێری تەموورە دەچڕێندرێت و ئەو تانیا ئامێرێکە کە دەتوانێت ھاوڕێی چڕێنی ھۆرە ببێتەوە.[١٢]

بەھەن کازمی توێژەری مۆسیقا دەڵێت لاسایی کردن لە دەنگی باڵندەکان کاریگەریی لەسەر شێوازی چڕینی ھۆرە بووە. ئەو ئاماژە دەکات کە لە ھۆرەیەک کە لە ناوچەی شێروان و چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام زەبت کردوویەتی، بێژەرەکە لەژێر کاریگەریی سرووشتی ژینگەی خۆی لاسایی لە دەنگی شاقەشاقی کەو کردووە و گوێگرانیش بۆ وەسف کردنی شێوازی چڕینی بێژەرە وتوویانە وەکوو کەو دەچڕێتەوە.[١٣]

شێوازێک لە چڕینەوەی ھۆرە ھەیە کە دوو بێژەر بە نەوبە شیعرەکان دەچڕێنەوە و دوودەنگیی پێ دەڵێن.[١٤]

ھەندێک لە ھۆرەچڕەکان خاوەنی شێوازی تایبەت بەخۆیانن کە بە ناوی خۆیان دەناسرێتەوە. بەسبار شێوازی چڕینی عەلینەزەر مەنووچێھری بە عەلینەزەرچڕ یان شێوازی ئیبراھیم حوسێنی بە برەیچڕ ناسراوە.[٥]

ناوچەی باوبوونی ھۆرە

دەستکاری

ھۆرە تایبەت بە کوردەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام و ھەروەھا ناوچەکانیی خانەقین، مەنەلی، گەرمیان و دەڤەری ڕۆباری سیروان لە باشووری کوردستانە.[١٥] لە پارێزگای کرماشان ھۆرە لە شار و گوندەکانی ناوچەکانی ئارووناوا، سەرپیەڵ، قەسر شیرین، سۆمار، گیەڵان، کرن، گاوارە و داڵاھوو باوە.[١٦] لە پارێزگای ئیلام ھۆرە لە شای ئیلام، ناوچەی ئەیوان و شیروان و چەرداوڵ و ھەروەھا ناوچەکانی خزڵ و ئەرکەوازی دەچڕێندرێتەوە.[١٧]

گوڵبژێری چەند ھەڵبەستێکی ھۆرە

دەستکاری

چەومەس، ئەبروو مەس، مەسانی مل مەس
دڵ وەلیت بنەم، دووس ئەڕام فرەس

ھەر لە گوڵِ سوو تا وە نسمِ شەو
من لە فکرِ لەیل، لەیل لە فکرِ خەو

نەکاغەز دیرِم، نە قەڵەم دەوات
عەرزەی دڵەکەم بنویسم وە لات

ئەر توای بگری دەستت قوڵفِ کاوە
چەترەکەت لە بان گووناکەت لاوە

ساتی سەبر کە، وەماڵەو نەچوو
گیانم وە قوربان بەرزی بالآت بوو

ترویسکەی ئاگر، سیاماڵِ نوو
گڕگڕ مەگڕی لە دامانِ کوو

داوِد بڕمنی چوار دیوار لە بیخ
سیاماڵ خوەشە، تەمەننای سەرچیخ

لە پەنج دەریەکە زوڵف مەکەی شانە
من کردگە وە سەنگ قاپی دەرانە

لە دو دەریەکە سەر بارە وەدەر
خوەت ھەر ئاغا بە و منیچ وە نەوکەر

پیری پیرم کرد، لە گەل مامەوە
خوەشی ڕووزگاران، یەک یەک دامەوە

پیری پیرم کرد، نەمەندەن باوم
ئەسرین سەر کردگە لە ھەردک چاوم

ئەی وەیانەمان، دووس وەیانەمان
لەی غەریبی یە، خەم سزانەمان

من غەریبیکم، دویر لە میلکانم
ھەر شەو یە خەمی بووتە میوانم

خەم خورد و خەم خاو، خەم بی وەبەرگم
خەم بی وە نەشتەر داپاچی جەرگم

نمۆنەیەک لە خەریویچڕ

دەستکاری

یە ئەڕا منیگە ڕێوارێگم، ڕێم کەفتە زەیۊە
یە مەگەر غەریو دە پەڕ ئیلامیش نەیۊە
بەنەی مسەڵمان سڵامەگەی دین پاک
یە لاشەی غەریوە بسپارن وە خاک[١٨]

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوە

دەستکاری
  • ماڵپەڕی کورد مووزیک [١]
  • سادقی، ڕەحمەتوڵڵا، ھاژە (وەتوویژێک لەگەڵ مامۆستای ئاوازی ھوورەی کوردستان سەید قوڵی کشاوەرز) (بە فارسی)، تاران: پەخشانگەی گوفتمان، ١٣٨١.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ سەلیمی، ھاشیم، ترانە و ترانەخوانی در فرھنگ مردم کرد (ستران و سترانبێژی لە چاندی خەڵکی کورددا)، تاران: سرووش (پەخشانگەی ڕێکخراوەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران)، چاپی یەکەم: ١٣٩٢[=٢٠١٣]؛ پ ١٣١.
  2. ^ ئ ا کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٣٥٧.
  3. ^ سەلیمی، ھاشیم، ترانە و ترانەخوانی در فرھنگ مردم کرد (ستران و سترانبێژی لە چاندی خەڵکی کورددا)، تاران: سرووش (پەخشانگەی ڕێکخراوەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران)، چاپی یەکەم: ١٣٩٢[=٢٠١٣]؛ پ ١٢٩.
  4. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٢٩ ، ١٨، ٣٥٧-٣٥٨.
  5. ^ ئ ا کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٣١٧ و ٣٥٩-٣٦٠.
  6. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٣٢.
  7. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ١٥٢.
  8. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٢٤٣ ، ٢٦٥.
  9. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٢٨٥.
  10. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٣٦٢.
  11. ^ سەلیمی، ھاشیم، ترانە و ترانەخوانی در فرھنگ مردم کرد (ستران و سترانبێژی لە چاندی خەڵکی کورددا)، تاران: سرووش (پەخشانگەی ڕێکخراوەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران)، چاپی یەکەم: ١٣٩٢[=٢٠١٣]؛ پ ١٣٥.
  12. ^ سەلیمی، ھاشیم، ترانە و ترانەخوانی در فرھنگ مردم کرد (ستران و سترانبێژی لە چاندی خەڵکی کورددا)، تاران: سرووش (پەخشانگەی ڕێکخراوەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران)، چاپی یەکەم: ١٣٩٢[=٢٠١٣]؛ پ ١٣٣.
  13. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٢٧.
  14. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٢٨٣.
  15. ^ سەلیمی، ھاشیم، ترانە و ترانەخوانی در فرھنگ مردم کرد (ستران و سترانبێژی لە چاندی خەڵکی کورددا)، تاران: سرووش (پەخشانگەی ڕێکخراوەی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران)، چاپی یەکەم: ١٣٩٢[=٢٠١٣]؛ پ ١٣٢.
  16. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٣٤٦-٣٤٧.
  17. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٣٥٣-٣٥٤.
  18. ^ کازمی، بەھمەن، موسیقی قوم کرد (مۆسیقای نەتەوەی کورد)، تاران: فەرھەنگستانی ھونەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاپی یەکەم: ١٣٨٩[=٢٠١٠]؛ پ ٢٨٦.