لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا، بەیت چیرۆکێکی زارەکییە کە شێوەی ھۆنراوە یا ئاوێتەیەک لە ھۆنراوە و پەخشانی ھەیە و، لەسەر «ھەوا»ی تایبەتی خۆی، بەیتبێژ یا خۆشخوان لە مەکۆ و کۆڕەکاندا دەیخوێنێ.[١] بەیت دانەرەکەی نادیارە و پشاوپشت ھاتووە. بەڵام بڕێ چیرۆک ھەن کە لەسەر ھەوای بەیت دانراون و ھەمان مەبەستیشیان بە دواوەیە و دانەرەکەیان دیارە کێیە؛ ئەم چیرۆکانەش ھەر بە بەیت دەژمێردرێن، وەک بەیتەکانی عەلی بەردەشانی.[٢] ناواخنی بەیت دەتوانێ ئوستوورە، بەسەرھاتی پاڵەوانان یا دڵداران، ڕووداوەکانی مێژوو، دەرسی ئەخلاقی یا عیرفانی، یا وێکخراوییەک لە دوو یا چەند دانە لەمانە بێت. گێڕانەوەی چیرۆک لە بەیتدا ھێمانێکی بەرچاوە و دەکرێ بوترێ بەیت چیرۆکە شیعرە (narrative verse). پتر وایە کە لە ھەر بەیتێک چەن گێڕانەوەی جیاواز لە ناوچەکانی کوردستاندا بە سەر زارانەوەیە، بەڵام ناوەرۆکیان زۆر جاران ھەر یەکێکە.[١]

ژمارەیەک لە بەیتە بەناوبانگەکان ئەمانەن: دمدم، مەم و زین، زەمبیلفرۆش، خەج و سیامەند، لاس و خەزاڵ، سەیدەوان، ناسر و ماڵماڵ، برایمۆک، کاکە میر و کاکە شێخ، شێخ مەند و شێخ ڕەش، شۆڕ مەحموود و مەرزینگان، شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ، شێخی سەنعان.[١]

وشەی بەیت قسەی زۆر لەسەرە. ھەندێک بردوویانەتەوە سەر بەیتی عەرەبی، ھەندێکیش پێیان وایە لە وشەی بەیات، کە جۆرە ئاوازێکە، کەوتووە. ھەندێکیش دەڵێن لەوانەیە لە وشەی pad -ی ئەوێستایی بە مانای شیعر کەوتبێ.[٢] بڕێ کەسی تریش دەڵێن کە بەیت ھەمان وشەی بەندە، بە مانای پارچە شیعر یا گۆرانی، کە شێوەی گۆڕاوە.[١]

پەراوێزەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا ب پ میکائیلی، حسین (2016-02-20). ««بیت» در ادب فولکلور کردی» (PDF). پژوهشنامه ادبیات کردی. 1 (1): 57–82. ISSN 2645-3657.{{cite journal}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  2. ^ ئ ا نانەوازادە، عەلی. فەرھەنگی ھەرمان. Vol. بەرگی یەکەم (ئا-ب). ٤٦٦.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)