ئێتمونت ھووسرڵ

فەیلەسووفی ئەڵمانی (۱۸۵۹-۱۹۳۸)
(لە ھووسرڵەوە ڕەوانە کراوە)

ئێتمونت ھووسرڵ (بە ئەڵمانی: Edmund Husserl؛ [ˈɛtmʊnt ˈhʊsɐl]) (۱۸۵۹ - ۱۹۳۸) ماتماتیکزان و فەیلەسووفی ئاڵمانی بوو کە بناخەی دیاردەناسیی دانا. ناسراوترین کتێبی لێکۆڵینەوە لۆژیکییەکان -ە.[١] ھووسرڵ ساڵی ١٨٥٩ لە خێزانێکی سەر بە ئایینی جوولەکایەتی لە وڵاتی چیک لە دایک بووە. لە ساڵی ١٨٨١، لە زانکۆی ڤیەنا دکتۆرای ماتماتیک دەگرێ و لە کاتی سەربازیدا نووسراوەکانی ئەرەستوو و ھێگڵ دەخوێنێتەوە. گۆڕانی بنەڕەتی لە فکری ھووسرڵدا کە لە زانستەوە بەرەو فەلسەفە پەلکێشی کرد، لە ساڵی ١٨٨٤دا ڕووی دا. لەو ساڵەدا، ھووسرڵ لە لای برێنتانۆ و لە ژێر چاوەدێریی ئەوا فەلسەفەی خوێند و ئامادەی وانەکانی بوو. لە ژێر ئەم کاریگەرییەدا، ھووسرڵ بەو ئاکامە گەیشت کە فەلسەفە نەک تەنیا زانستە، بەڵکوو زانستی زانستەکانە و پێویستە بناغەیەکی پتەوی بۆ دابمەزرێ. ھەر لە ڕێگای برێنتانۆوە بوو کە لەگەڵ تێگەیشتەی مەبەستدارێتیی ھۆشیاریدا ئاشنا بوو. برێنتانۆ سەر بە فێرگەی ئیمپیریزم بوو، بەڵام ھووسرڵ وەکوو نەوکانتییەک سەیری جیھانی دەکرد و، جگە لە کانت، کاریگەرێتیی دێکارت -یشی بە سەرەوە دیار بوو. پاش تەواوکردنی دوکتۆراکەی، لە ساڵی ١٨٨٧ تا ساڵی ١٩٠١ لە زانکۆی ھالە وەکوو مامۆستا دامەزرا. لە سەرەتاوە، ھووسرڵ ھەوڵی دا لە فەلسەفەی ماتماتیک بکۆڵێتەوە. یەکەم نووسراوی لەسەر دیاردەناسی ساڵی ١٩٠١ لە دوو بەرگدا و لە ژێر ناوی لێکۆڵینەوە لۆژیکییەکان بڵاو کردەوە. لەم کتێبەدا ھووسرڵ سایکۆلۆژیزم و ڕێژەییخوازی و گومانکاری ڕەت دەکاتەوە. پاش بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوە لۆژیکییەکان لە زانکۆی گوتینگندا کاری مامۆستایەتیی دەست دەکەوێ و زانکۆی ھالە بەجێ دێڵێ. ساڵی ١٩٢٨ ھووسرڵ لە زانکۆ خانەنشین دەکرێ و داوا دەکا ھایدێگەر لە جێگەی ئەوا دابمەزرێنن.  لەبەر ئەوەی ھووسرڵ بە بنەچە جوو بووە، کاتێ نازییەکان دەسەڵاتی سیاسی دەگرن بە دەستەوە، ڕوخسەتی وانەوتنەوەی لێ دەستێننەوە و ڕیگەشی پێ نادەن کەڵک لە کتێبخانەکان وەرگرێ و نووسراوەکانی بڵاو کاتەوە. ساڵی ١٩٣٨ لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا نەخۆش دەکەوێ و دەمرێ.[٢]

ھووسرڵ لە ١٩١٠کاندا

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Beyer، Christian (2020)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Edmund Husserl»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2020 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2022-02-07 ھێنراوە
  2. ^ کەمال، محەمەد (2019). فینۆمینۆلۆجی. ڕەھەند. pp. 23–30.