سایکۆلۆجیزم

(لە سایکۆلۆژیزمەوە ڕەوانە کراوە)

سایکۆلۆجیزم، لە فەلسەفەدا، بەو ڕوانگەیە دەوترێ کە پێی وایە پرسەکانی ناسیاریناسی، واتە ئەوانەی لە بابەت بڕستی ناسیاریی مرۆڤەوەن، بە کۆڵینەوە لە چۆنیەتیی گەشەسەندنی پرۆسە زەینییەکان، دێنە سەر ڕێگە و چارەسەر دەبن. بەم واتایە، ڕەنگە کتێبەکەی جۆن لۆک، وتارێ دەرھەق بە تێگەیشتنی مرۆڤ، لە ۱۶۹۰دا، بتوانرێ وەکوو دەقی کلاسیکی سایکۆلۆجیزم لە بەرچاو بگیرێ. فۆرمێکی میانەڕۆتری سایکۆلۆجیزم پارێزگاری ئەو باوەڕەیە کە دەڵێ باشتر وایە سایکۆلۆجی ببێ بە بنچینەی بوارەکانی تر، بە تایبەت لۆژیک. ھەردووی ئەم فۆرمانە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەما، لە لایەن ئێتمونت ھووسرڵەوە، لە کتێبی لێکۆڵینەوە لۆژیکییەکاندا، بەر شاڵاو و پەلاماری توند دران.[١]

بردنەوەی لۆجیک بۆ سەر سایکۆلۆجی

دەستکاری

سایکۆلۆجیزم بەگشتی بریتییە لە گەڕاندنەوەی تێگەیشتەکان و پێشگریمانەکانی بوارێکی تایبەت بۆ سەر تێگەیشتەکان و شرۆڤەکان و ڕوونکردنەوەکانی سایکۆلۆجی. جۆرێک دابەزاندن و داشکاندنە. بەتایبەت دابەزاندنی لۆجیک بۆ سایکۆلۆجی بە مانای ئەوەیە کە ھەوڵ بدرێ یاساکانی لۆجیک بە ھۆی حوکمگەلی گشتی لە بابەت چۆنیەتیی کارکردنی زەینەوە ڕوون بکرێنەوە. وەکوو ئەو کارەی جۆن ستیوارت میل کردی، لە کتێبی «سیستمی لۆژیک»دا. فرێگە و ھووسرڵ بە ڕەخنەگرانی سەرەکیی سایکۆلۆجیزم دەناسرێن. فرێگە لە بنەڕەتەکانی حیساب و ھووسرڵیش لە لێکۆڵینەوە لۆژیکییەکان بە توندی ھێرشیان کردە سەر سایکۆلۆجیزم. ناڕەزایەتیی سەرەکیشیان ئەوە بوو کە دەیانوت قەزیەکانی لۆژیک بەپێویست ڕاستن، لە کاتێکدا کە، ئەو قەزیانەی کارەکانی زەین ڕوون دەکەنەوە، لە باشترین حاڵەتا، ڕێتێچوو -ن.[٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Psychologism | Epistemology, Rationalism & Empiricism | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  2. ^ Mautner، Thomas. The penguin dictionary of Philisophy. p. 505.