جۆن ستیوارت میڵ فەیلەسوف و ئابووری ناسێکی بەڕیتانییە، لە شاری لەندەن لە ساڵی ١٨٠٦ زایینی لەدایکبووە، گەورەترین منداڵ بوو لە خێزانێکی گەورەدا کە خاوەنی نۆ منداڵ بوون. باوکی (جەیمس میڵ) یەکێك بوو لە کەسایەتییە ناودارەکانی جیهانی زانست و زانیاری لە سەدەی هەژدەهەم دا. دوور لە کاریگەری جوڵانەوە رۆمانتیکییە نوێکانی ئەو سەردەمە دەژیا و جێری بنسام و فەیلەسوفە فەڕەنسیەکان کاریگەریەکەی زۆریان لەسەر جێ هێشتبوو. (جۆن ستیوارت)ی کوری دوور لە منداڵەکانی تر پەروەردە دەکرد بۆیە جۆن پەروەردەیەکی ژیرانە و بیربێژیانەی هەبوو.[١] جۆن فێری زمانی یۆنانی بوو لە تەمەنی پێنج ساڵی دا کە بەرهەمەکانی هیرۆدۆیت و ئەفلاتونی پێ دەخوێندەوە، لە تەمەنی نۆ ساڵی دا فێری زمانی لاتینی بوو وە لە تەمەنی دوانزدە ساڵی دا لێکۆڵینەوەی لە بەرهەمەکانی ئەرستۆ و هۆبز دەکرد، لە سیازدە ساڵی دا بنەماکانی ریکاردۆی دەخوێندەوە. کەرەستە سوودبەخشەکانی مێشکی بە وریایەوە لەلایەن باوکییەوە دادەرێژرا و تێکەڵ دەکرا بە زانستی سروشتی و ئەدەبیاتی کلاسیکی. کاتێك تەمەنی بوو بە چواردە ساڵ جۆن خاوەنی زانیاری و وریایی پیاوێکی سی ساڵی بوو، وە باوکی سەرکەوتوو بوو لەوەی بیکاتە بوونەوەرێکی ژیر کە پڕ بێت لە زانیاری فراوان.[٢]

(John Stuart Mill (1806 – 1873

جۆن خۆی کەسێکی شۆرشگێر نەبوو بەڵام بەڕادەیەکی زۆر سەرسامی باوکی بوو وە باوەڕی وابوو بە درووستی بیروبۆچوونە فەلسەفیەکانی بۆیە شانبەشانی بنسام دەوەستایەوە لە دژی (بیروڕای دڵنیا و هەموو ئەو کەسانەی کە مێشك، لێکۆڵینەوە و زانستی تاقیکارییان ڕەت دەکردەوە).[٣]

لە ساڵی ١٨٣٠ دا جۆن خاتوو تایلەری ناسی و هەستێکی خۆشەیستی زۆری بۆی هەبوو وە دەیویست کە پیشانی بات کە ئەم سوارچاکی خەونەکانیەتی بە درێژای بیست ساڵی داهاتوو هەتا لە ساڵی ١٨٥١ دا هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن. ئەم خاتونە زۆر نەرم و نیان بوو وە هەست و سۆزێکی تایبەتی هەبوو کە جۆن بە کاریگەریان لە بابەتە مرۆڤی و کۆمەڵایەتیەکان دەیڕوانی و گرنگیەکی بەردەوامی پێ دەدان. لە کتێبی "دەربارەی ئازادی - On Liberty" داندەنێت بە خۆشەیستەیەکی بۆ تایلەر و لە سەرەتای کتێبەکەی دا پێشەکییەکی تەرخان دەکات بۆ ئەو. بەڵام خۆشبەختیەکەیان بەردەوام نابێت و هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٨٥٨ کۆچی دوای دەکات و میڵ بە دڵتەنگی و بە تەنیا ژیان بەسەر دەبات لە خانوویەکی بچووکی گەڕەکی ئەڤینیۆن.[٤][٥]

بیربۆچوونەکانی دەستکاری

میڵ لە ماوەی چواردە ساڵ دا کۆمەڵێك وتار و کتێبی بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن دەکات لە بابەتە فەلسەفی، سیاسی و ئابوورییەکان و دانانی مەرج بۆیان. هەرچەندە بڕیاری دابوو بچێتە بواری سیاسەت بەڵام هەرگیز بەژداری نەکردووە لە هیچ بانگەشەیەکی دەنگدان وە داواکاری مافی دەنگدانی ئافرەتان بووە. لە ساڵی ١٨٦٥ دا بە جێگری وێستمنیستەر هەڵبژێردرا و بەژدار بوو لە گفتووگۆکان لەسەر بابەتی ئێرلەندا، هاوسۆزی دەردەبڕی بۆ ڕەش پێستەکانی جامایکا و ڕەخنەی لە حیزبەکان دەگرت دواتر هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی کە جارێکی دی هەڵنەبژێردرێتەوە لە ساڵی ١٨٦٨ دا وە ئەمە هیچ جێی سەرسورمان نەبوو بۆ میڵ بۆیە گەڕایەوە بۆ ماڵە بچووکەکەی لە سانت ڤیران کە سەرقاڵ بوو بە خوێندنەوە و نووسین کە هەموو کاتەکەی بۆ ئەوە تەرخان کردبوو.[٦]

جوانترین و دیارترین بنەماکان لای ئەو بریتیی بوون لە ئازادی تاکەکسی، فرەیی، هەمەجۆری و دادپەروەری هەتا دەگاتە دڵخۆشی مرۆڤ.[٧]

جۆن یەکێکە لە پێشەنگەکانی فەلسەفەی ئازادڕەوی (لیبڕالیزم)، پێی وایە کە فەلسەفەی ئازادڕەوی لە ڕاگەیاندن دا هەڵدەستێت بە بەدەست خستنی ڕاستی ڕەها بۆ بینەران بەمەبەستی بنیادنانی وێنەیەکی درووست لە مێشکیان دا. هەروەها ئەو بابەتانەی کە دەزگا ڕاگەیاندنەکان بڵاوی دەکەنەوە دەبێت زۆر بە بابەتیانە ‌هەڵببژێردرێت بۆیە لە دەرئەنجام دا تاکەکەس دەبێتە خاوەنی ئازادیەکی ڕەها و بێ خەوش لەسایەی ئەم فەلسەفەیەی ڕاگەیاندنەوە و دەتوانێت ئەوە بکات کە خۆی ئارەزووی دەکات و بەبێ هەبوونی هیچ دەست تێ وەردانێك لە کارەکانی و لە ژیانی دا. [٨]

لەسەر ئەمە جۆن ستیوارت میڵ دەڵێت " ئەگەر هەموو مرۆڤایەتی کۆك بن لەسەر ڕایەك، تەنها یەك تاك کۆك نەبێت لەسەر هەمان ئەو ڕایە ئەوا بۆیان نییە ئەو تاکە بێ دەنگ بکەن و بەهەمان شێوە ئەو تاکەکەسەش بۆی نییە ئەوانی دیکە بێ دەنگ بکات تەنانەت ئەگەر هێز و دەسەڵاتی ئەو کارەشی هەبێت. "

جۆن ستیوارت میڵ دووپاتی بۆچوونەکەی دەکاتەوە بەوەی کە دەڵێت " ئێمە ئەگەر بیروبۆچوونێك سەرکووت بکەین ئەوا ئەگەری هەیە کە ڕاستیمان سەرکووت کردبێت چونکە ڕای هەڵەش ئەگەری هەیە کە لەژێر باڵی دا تۆوی چەند ڕاستیەکی شاردبێتەوە. بیروبۆچوون و پەسەند کردنی کۆمەڵگە دەربارەی نابێت تەنها بە پێوەری مێشکی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت بەڵکو دەبێت بخرێتە بەر تاقیکردنەوەی ڕاستی و پشکنین لەسەری. "[٩]

سوودخوازەتی دەستکاری

 
Essays on economics and society, 1967

میلل وەک فەیلەسوفێک بە پەیڕەوی سوودخوازەتی Utilitarianism و ئەزموونگەری Empiricism دادەنرێ. بە نۆڕینی میلل ھەموو زانیارێک، تەنانەت ئەوەی سەربە لۆژیک و ماتماتیکە، لە ڕێی ئەزموونەوە پەیدا دەکرێ نەک لە ڕێی تێفکرین و ڕامانەوە.

سوودخوازەتی دەڵێ کردەوەی چاک ئەوەیە خۆشیھێن بێت نەک تەنیا بۆ تاکەکەس، بەڵکوو بۆ ھەموو مرۆڤایەتی. میلل بەوەی خۆشیی بەرز و نزم لە یەک جودا دەکاتەوە خۆی لە سوودخوازانی دیکە دادەبڕێ، لای ئەم: خۆشیی زگتێری لەو خۆشییە نزمترە کە لە کۆپلەیەک شیعر یان مۆسیقا پەیدا دەبێ. ئەم سوودخوازەتییە چاککراوە تاوێکی بنەڕەتیی ھەیە تەنانەت لە تێڕوانینی سیاسیی میلل - دا. لەو بەرھەمانەی میلل کە بۆ ھەڵسەنگاندنی نۆڕینە سیاسییەکەی خۆی بایەخدارە، ئەمانەن:

- «بنەماکانی ئابووریی سیاسی» (Principles of Political Economy (1848

- «دەربارەی ئازادی» (On Liberty (1859 لە ئازادیی سیاسی دەدوێ و برەوی زۆرە.

- «چەند تێبینییەک دەربارەی حوکومڕانیی نوێنەرەکی» (Consideration on Representative Government (1861

- «بیرەوەرییەکانم» (Autobiography (1873.

لیبەڕالیزمی سیاسی و لیبەڕالیزمی ئابووری دەستکاری

لیبەڕالیزم بەگشتی دوو شاڕێبازی ھەیە: لیبەڕالیزمی سیاسی و لیبەڕالیزمی ئابووری (سەرمایەدارەتی - کاپیتالیزم). باوەڕ بەوەی ئازادیی ئابووری پیرۆزە ھەر لە سەردەمی ئادەم سمیتەوە گرێ درابوو بە تیۆرییەکی پێشکەوتووی ئابوورییەوە.

جۆن ستیوارت میلل شانوێنەری لیبەڕالیزمی جڤاکییە. ئەم ڕێبازەی لێبەڕالیزم، بە مەبەستی چارەسەری ھەژاری و نەداریی چینی کرێکاران، چەند جۆرێک دەست تێوەردانی دەوڵەت دەسەلمێنێت، دژ بە پاوان (مۆنۆپۆل) ی ئابووری دەوستێت و ڕێ گرتن لە ڕکابەریی ئازاد ناسەلمێنێت.

میلل لیبەڕالیزمی سیاسی لە لیبەڕالیزمی ئابووری جودا دەکاتەوە. لە On Liberty دا دەڵێ:[١٠]

«ھەر وەک چۆن بنەمای ئازادیی تاک بەشێک نییە لە باوەڕی سەربە بازرگانیی ئازاد، ھەروەھا زۆربەی ئەو دۆزانەی لەوانەیە لە سنووری ئەو باوەڕەدا پەیدا بن، سەربە ئازادیی تاک نین، وەک ئەوەی تا چ ڕادەیەک ڕێگە بدرێ بەوەی چاودێریی دەوڵەتی ھەبێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە ساختەکاری بگیرێ، یان تا چ ڕادەیەک دەبێ کاربەخشان ناچار بکرێن چارە بۆ دۆزی خاوێنی کارگە و سەلامەتی کرێکارانی پیشەی خەتەرناک بدۆزنەوە. ئەم دۆزانە لە سنووری بواری ئازادیی تاک دەخشێن بەڵام تەنیا لەو مەودایەدا کە، وەک لە ھەموو بوارێکی دیکەی ھەلومەرج وێکچوودا، وا چاکترە ڕێگە بدرێ خەڵک خۆی کاری خۆی جێبەجێ بکات نەک زۆریان لێ بکرێ. ئەوجا ئەگەر ھۆی لەباریش ھەبوو بۆ چاودێری کردنیان بۆ مەبەستی لەو بابەتانە، ئەوا لە ڕووی باوەڕەوە کارێکی ناجۆر نییە».


فراژووتنی مێژووکرد دەستکاری

میلل دەربارەی فراژووتنی مێژووکرد سنوورێکی ئاشکرا لە نێوان تێڕوانینی خۆی و بۆچوونەکانی سەدەی ھەژدەیەمدا، دەکێشێ و جەخت لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکات - لە ئەنجامدا ھەموو کارەکە دێتەوە سەر ئەوەی گەشە بە دەروونی مرۆڤ بدرێت – میلل دەڵێ:[١١]

«لە دەروونی مرۆڤدا جۆرە ناڕێکییەک ھەیە لە ئاست بەرەوپێشچوونی شیاو کارێک دەکات چەند بابەتێک پێش بابەتی دیکە بکەون، حکوومەت و ڕێبەرانی فیکری گەل دەتوانن ئەو ناڕێکییە تا ڕادەیەک بگۆڕن بەڵام مەودای گۆڕینەکەیان بێسنوور ئاواڵە نییە».


ئازادی و شێوازەکانی حوکومڕانی دەستکاری

میلل سەنگێکی سەربەخۆ دەدات بە ھەلو‌مەرجی سیاسی. گوتەکانی میلل لەم بوارەدا – بە تایبەتی لە Considerations on Representative Government – تێروتەسەل و پڕ لە ڕا و بۆچوونن و نۆرەیەکی یەکجار گەورەیان لە گفتوگۆی سیاسیی داھاتوودا بینی. میلل کە دێتە سەر باسی ئازادیی سیاسی، بێ پێچوپەنا لە سەنگی فراژووتنی گیانەکی دەدوێ. ئازادیی دەربڕین جێگیر نابێ لە نێو «جڤاتی دواکەوتووی وەھادا کە سەرلەبەری گەل تێیدا ناڕسکاو بێت‌».

بە نۆڕینی میلل، دێمۆکراتیی نوێنەرەکی مەترسیی گەورەی تێدایە. چینی کرێکاران لە نێو ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە دەبنە زۆرینە. ئەمەش گرفتی گەورەی بە دەمەوەیە: دەشێ ڕای گشتی ھەڵبژێر نابەھرەمەند دەرچێ و پاڵێوراوی نابەھرەمەند بۆ پەرلەمان و... ھتد پێشکەش بکات. بەڵام تەگەرەی گەورە لەوەدایە ئەم چینە وەک چین بێتە پێش و بەرژەوەندی چینایەتیی خۆی پێش بەرژەوەندی گشت جڤات بخاتەوە. دوور نییە چینگۆڕکێ ڕوو بدات.

بەرهەمەکانی دەستکاری

  • بنەماکانی ئابووری سیاسی.
  • سیستەمی بیربێژی.
  • دەربارەی ئازادی.
  • بنچینەکانی ئازادڕەوی (لیبڕاڵی) سیاسی.
  • بە کۆیلەکردنی ئافرەت.
  • بەکارهێنان و هەڵە بەکارهێنای دەستەواژە سیاسیەکان.
  • هۆنراوە چییە.
  • شارستانییەت.
  • وتار لەسەر بنسام.
  • پرسیار دەربارەی ڕەش پێستەکان.
  • بۆچوونەکانی چاکسازی لەسەر پەرلەمان.
  • ناوەندی بوون.
  • ئینگلتەرا و ئێرلەندا.

پەراوێز دەستکاری

  1. ^ Macleod, Christopher (14 November 2017). Zalta, Edward N. (ed.). The Stanford Encyclopedia of Philosophy. Metaphysics Research Lab, Stanford University – via Stanford Encyclopedia of Philosophy.
  2. ^ "John Stuart Mill's On Liberty". victorianweb. Retrieved 23 July 2009. On Liberty is a rational justification of the freedom of the individual in opposition to the claims of the state to impose unlimited control and is thus a defense of the rights of the individual against the state.
  3. ^ "John Stuart Mill (Stanford Encyclopedia of Philosophy)". plato.stanford.edu. Retrieved 31 July 2009.
  4. ^ "Orator Hunt and the first suffrage petition 1832". UK Parliament.
  5. ^ "John Stuart Mill and the 1866 petition". UK Parliament.
  6. ^ Halevy, Elie (1966). The Growth of Philosophic Radicalism. Beacon Press. pp. 282–284. ISBN 978-0191010200.
  7. ^ "Cornell University Library Making of America Collection". collections.library.cornell.edu.
  8. ^ Murray N. Rothbard (1 February 2006). An Austrian Perspective on the History of Economic Thought. Ludwig von Mises Institute. p. 105. ISBN 978-0945466482. Retrieved 21 January 2011.
  9. ^ "Cornell University Library Making of America Collection". collections.library.cornell.edu.
  10. ^ «ڕێگوزەری بیری سیاسی»: ١٩٠
  11. ^ «ڕێگوزەری بیری سیاسی»: ١٩١


سەرچاوە دەستکاری

Från Platon till kommunismens fall - De politiska idéernas historia. Sven-Eric Liedman. «ڕێگوزەری بیری سیاسی»


بەستەری دەرەکی‌ دەستکاری

(WorldCat catalog