گۆڤار ئەنوەر

ئەکتەرێکی کورد

گۆڤار ئەنوەر ڕەسووڵ، ناسراو بە شێرۆ (١٩٧٨ لە ھەولێر، عێراق – ٢٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە ھەولێر)[١] ئەکتەر و شانۆکارێکی کۆمێدیی کورد بوو. لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کاری ھونەری کردووە و تاوەکوو دوا ساتەکانی ژیانی لە نواندن لە بواری ھونەری کۆمێدیا بەردەوام بوو.[٢] یەکێک بوو لە ئەکتەرە دیارەکانی بەرنامەی بەزمی بەزم، کە بە شێوەی شانۆگەری لە شاری ھەولێر پێشکەش دەکرا.[٣] لە ڕەمەزانی ٢٠٢٠، لەگەڵ ئەیام ئەکرەم، لە ڕادیۆی ڕووداو بەرنامەیەکی کۆمێدیا و تەنزئامێزیان بە ناوی «١٩ پێکەنین»ەوە پێشکەش کرد کە کاتی بڵاوبوونەوەی یەکەم شەپۆلی سەختی کۆڤید ١٩ بوو. ئەو بەرنامە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە کوردستان و لە نێو کوردانی تاراوگەشدا ھەبوو و ھاونیشتمانییان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستاندا پەیوەندییان پێیانەوە دەکرد.[٤]

گۆڤار ئەنوەر

لەدایکبوون١٩٧٨
مەرگ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٢(٢٠٢٢-٠٥-٢٠) (٤٣–٤٤ ساڵ ژیاوە)
ھەولێر
ھۆکاری مەرگقەڵەوی
شوێنی گۆڕگۆڕستانی کەسنەزان
ناوەکانی ترشێرۆ
پیشەئەکتەر، کۆمیدیاکار
چالاکبوون١٩٩٣–٢٠٢٢
ھاوسەرحەنان
مناڵ(ەکان)٣

ژیانی تایبەتی دەستکاری

گۆڤار لە ١٩٧٨ لە گەڕەکی کورانی شاری ھەولێر لەدایک بووە.[٥] فەرمانبەر بوو لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی بەڕێوەبەرایەتیی ھونەری شانۆ. لە ٢٠٠٧، لەگەڵ حەنان ھاوسەرگیریی کردووە و دوو کچ و کوڕێکی بە ناوەکانی «بارڤین، دووڤیان و وارڤین‌» ھەیە.[٦]

ژیانی ھونەری دەستکاری

لە ١٩٩٣، لە قوتابخانەی خەلەکان بە شانۆگەریی دکتۆر نەخۆشم کە لە نووسین و دەرھێنانی خۆی بوو و، ڕۆڵیشی تێدا بینیوە، دەستی بە کاری ھونەری کردووە. پاشان ھەر لە ئامادەکردن و دەرھێنانی خۆی، شانۆگەریی جەوھەر سەلیم سەرمایەداری نمایش کردووە و ڕۆڵیشی تێدا بینیوە.[٦] بۆ یەکەم جاریش لە ساڵی ١٩٩٧ بەشداریی کورتەفیلمێکی کردووە بە ناوی منم دکتۆر.[٧] گۆڤار بەشداریی لە ٥ فیلمی سکرین، ٢ کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ، ١٧ شانۆ و، ١٩ درامادا کردووە.[٨]

مردن دەستکاری

زۆریی کێش بووبووە کێشەیەکی سەرەکی بۆ تەندروستیی گۆڤار و بەو ھۆیەوە تووشی چەند نەخۆشییەک بوو، ھەر ئەمەش بووە ھۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی. پێشتر گۆڤار لەبارەی نەخۆشییەکانییەوە بە ڕووداوی ڕاگەیاندبوو کە «تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، لەوانە دڵ، کۆبوونەوەی ئاو لەناو سکم، بوورانەوە و ئاوسانی جەستە.»[٤] سەرەنجام شەوی شەممە، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژاوای شاری ھەولێر کۆچی دواییی کرد.[٢] شەوی یەکشەممە ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، لە گۆڕستانی کەسنەزان لە ھەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیریی و ھونەری ھەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی و ھونەرمەندان و ھاوڕێیان و کەسوکاری، تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.[٦]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "گۆڤار ئەنوەر کۆچی دواییکرد". bmctv.krd. 2022-08-21.
  2. ^ ئ ا "ھونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کۆچی دوایی کرد". basnews.com. 2022-08-21.
  3. ^ "ھونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کۆچی دوایی کرد". awene.com. 2022-08-21.
  4. ^ ئ ا "ھونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کۆچی دواییکرد". rudaw.net. 2022-08-21.
  5. ^ "ئەیام ئەکرەم: گۆڤار ئەنوەر لە خەمی کرێی خانوودا مرد". rudaw.net. 2022-08-21.
  6. ^ ئ ا ب "پرسەی ھونەرمەندی خوالێخۆشبوو (گۆڤار ئەنوەر) لەمزگەوتی پێشەوا لەکەسنەزان بەڕێوە دەچێت". kurdistantv.net. 2022-08-21.
  7. ^ "گۆڤار ئەنوەر ٩ ڕۆژ پێش مردنی چی نووسیوە؟". xelk.org. 2022-08-21. ٢١ی ئابی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ "ھونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کۆچی دواییکرد". kurdistan24.net. 2022-08-21.