ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢٠/تشرینی دووەم

سەددام حوسێن عەبدولمەجید تکریتی (بە عەرەبی: صدام حسين المجيد التكريتي‎؛ ٢٨ی نیسانی ١٩٣٧ – ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦) کەسایەتییەکی سیاسیی عێراقی بوو، لە ماوەی ١٦ی تەممووزی ١٩٧٩ تا ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق بوو. سەددام ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی بەعس بوو، کە دواتر لقی عێراقی لێ جیاکرایەوە. بیروباوەڕی ئەو حیزبە تێکەڵەیەک بوو لە عەرەبیی نەتەوەیی و سۆسیالیزم. سەددام ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو لە کودەتای ١٩٦٨ی عێراق (دواتر ناوی نا شۆڕشی ١٧ی تەممووز)، کە بەھۆی ئەم کودەتایەوە حیزبی بەعس دەسەڵاتی گرتەدەست، و حکوومەتی عەبدولسەلام عارفی لە دەسەڵات ھێنایە خوارەوە.

سەددام وەک جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و ژەنەڕاڵ ئەحمەد حەسەن بەکر کاری دەکرد، لەو کاتەدا چەندین گرووپ وایان دانابوو کە دەست بەسەر حکوومەتدا بگرن، بەڵام سەدام ھێزێکی ئەمنی دروست کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و ھێزەکانی سوپا. لە سەرەتای حەفتاکان، سەددام نەوتی عێراقی بە نیشتمانی کرد و بانکە جیھانییەکان لە عێراق چوونە دەرەوە، ئەمەش دوابەدوای ڕووداوەکانی جەنگی ئێران و عێراق، شەڕی کەنداو و گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەسەر عێراق. سەددام لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سیستمی نەوتی عێراق، ئەو کاتە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی گەشەکردنی ئابووری عێراق بە ماوەیەکی خێرا. لەم کاتەدا پلە و پۆستەکانی وڵات بە سوننەی عەرەب پڕکرانەوە.

دوای ئەوەی چەندین ساڵ بەشێوەی دی فاکتۆ حوکمی عێراقی دەکرد، لە ساڵی ١٩٧٩ بەڕەسمی سەددام بووە سەرۆککۆماری عێراق. ئەو چەندین بزووتنەوەی کوردی و شیعەی سەرکوت کرد کە ھەوڵی خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆییان دەدا. سەدام عێراقی ڕووبەڕووی جەنگی ئێران و عێراق و شەڕی کەنداو کردەوە، شێوازی بەڕێوەبردنەکەی سەددام دیکتاتۆری بوو. ژمارەی عێراقییە کوژراوەکان لە ماوەی خزمەتی سەربازی بۆ حکوومەتەکەی سەددام، جینۆسایدەکان و زەبر و زۆردارییەکانی سەددام بە نزیکەی ٢٥٠ ھەزار کەس دادەنرێت. داگیرکاریی سەدام حووسێن بۆ سەر ئێران و کوێت، بەھەمان شێوە بووە ھۆی مردنی سەدان ھەزار کەس. سەدام لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، بەھاوکاری ھێزە جەنگییەکانی بەڕیتانیا لە ھەڵەبجە بووە ھۆی کۆمەڵکوژییەکی گەورە و بە بۆمبی کیمیایی ٥ ھەزار کوردی بێتاوانی کوشت، جگە لە دەیان و سەدان و ھەزاران برینداری تاوانەکە کە تاوەکو ئێستا بەدەست ئەو دەردەوە دەناڵێنن.
خوێندنەوەی زیاتر...