میر (کتێب)
ئەم وتارە پێویستی بە بەستەرە بۆ وتارەکانی تر بۆ یارمەتیدانی ڕێکخستنی ئینسایکڵۆپیدیا. (شوبات ٢٠٢٠) (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
کتێبی «میر» Il principe شابەرھەمی مەکیاڤێللی (Niccolò Machiavelli (1469-1527 بیرمەند و مێژوونووسی ئیتالییە، ساڵی ١٥١٣ نووسیویەتی بەڵام ١٥٣٢ ئەوجا بڵاو کرایەوە.
لە «میر» دا نووسەر بە وردی خەتوخالی فەرمانڕەوایی دادەڕێژێت، شاڕێی ھەم سەرکەوتن و ھەم شکەستی فەرمانڕەوایەتی پیشان دەدات. لەم بوارەدا «میر» بە شرۆڤەکارییەوە دەربارەی ھێز و ھۆکاری ملکەچبوونی خەلک بۆ دەسەڵات دەدوێ و بۆ دەسەڵاتیشی ڕوون دەکاتەوە چۆن ئەو ملکەچییەی گەل دابین بکەن.
مەکیاڤێللی لەم بەرھەمەدا پەنا دەباتە بەر نموونەی مێژووکرد، ھەم کۆن و ھەم ھاوچەرخ، بۆ نەخشاندنی تابلۆی میری نموونەیی: میر دەبێ دڕندە بێت بەڵام تەنھا ئەو کاتەی ھیچ چارەیەکی دیکەی نییە، بەڵام ھەرگیز نابێت میھرەبانی و بەخشەندەیی خۆی لەدەست بدات.[١]
نموونەی مێژووکرددەستکاری
«میر» لە چاپتەری چوارەمدا، بەدەم ڕوون کردنەوەی ھونەری فەرمانڕەوایی، ئاماژە بە سێ نموونە دەکات دووانیان پەیوەندی بە دونیای کوردستانەوە ھەیە. سەردێڕی چاپتەری چوارەمی «میر» دەڵێ:[٢]
«ھۆکار چییە وەڵاتی داریۆش، کە ئەسکەندەر داگیری کردبوو، پاش مردنی ئەسکەندەر، بەڕووی جێنشینەکانیدا ڕانەپەڕی؟».[٣]
دوو جۆر فەرمانڕەواییدەستکاری
لێرەدا مەکیاڤێللی بۆ شرۆڤەی ئەم دیاردەی نەبزاوتنی میللەتی داگیرکراو، دیدی خۆی بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە: بەگشتی دوو جۆر فەرمانڕەوایی ھەیە:
- جۆری یەکەم: بریتییە لەوەی میر تاکڕەوانە فەرمانڕەوایی میللەتێکی ژێردەستە دەکات و بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکەش میر خۆی چەند وەزیر و فەرمانبەرێک دیاری دەکات.
داگیر کردنی وەڵاتێک خاوەن فەرمانڕەوایی جۆری یەکەم، کارێکی سەختە چونکە گشت پێگەداری ئەو وەڵاتە کەسانی فەرمانبەرن و گوێڕایەڵی میرن. بەڵام پاش لەنێو بردنی ئەو میرە و داگیر کردنی وەڵات، خۆسەپاندن و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی نوێ ئاسانە دیسان چونکە وەڵات کەسی دیکەی تێدا نییە شکۆمەند و سەردار.
- جۆری دووەم: میر لە ڕێی چەند سەردارێکی شکۆمەندەوە فەرمانڕەوایی دەکات کە سەرچاوەی پێگەیان ناگەڕێتەوە بۆ خێری میر بەڵکوو بۆ خودی خۆیان. ئەم سەردارانە خاوەن بنگە و پەیڕەوانی وەھان خۆڕسکانە سەردارەتیان لێ دەسەلمێنن.
جۆری دووەم داگیر کردنی ئاسانە چونکە سەردارانی جودا، خاوەنی بەرژەوەندی و خواستی جودان و دەکرێ دۆست و لایەنگیریان لە نێودا پەیدا بکەیت. بەڵام پاش داگیر کردن، خۆسەپاندن و بەردەوامبوون کارێکی سەختە، چونکە سەرداری خاوەن شکۆ، ھەڵوێست، ویست و خواستی خۆی ھەیە، چ ھاوکار بووبێت لە نەمانی دەسەڵاتی کۆندا، چ نەیار. بنەبڕ کردنی دەسەڵاتداری کۆنیش سوودی نییە، چونکە ھەر سەردارێک بۆ خۆی سەروەرە.
دارای ھەخامەنشیدەستکاری
بۆ باشتر ڕوون کردنەوەی ئەم بۆچوونە، مێکیاڤێللی دێت فەرمانڕەوایی «دارای ھەخامەنشی» دەکاتە سەرەباس. بە کوشتنی دارا، سەرلەبەری وەڵات بۆ ئەسکەندەر و پاشان بۆ جێنشینانی ئەسکەندەر تەخت دەبێت. دارای ھەخامەنشی لە فەرمانڕەوایی خۆیدا کارێکی نەکردبوو میللەت لە داگیرکەری نوێ ڕاپەڕن، پێگەداری سەروەری تێدا نەھێشتبوو.
مەکیاڤێللی بەدەم شرۆڤەکارییەوە دەوڵەتی تورک - مەبەست دەوڵەتی عوسمانییە بەڵام مەکیاڤێللی ھەر بە تورک ناوی دەبات- دەکاتە نموونەیەک لە جۆری یەکەمی فەرمانڕەوایی، واتە خونکاری تاکڕەو و فەرمانبەری نۆکەر. بۆ جۆری دووەم - واتە فەرمانڕەوایی میر و دەستەی سەرداران - پەنا دەباتە بەر وەڵاتی فرانسەی ئەو دەمە.
سوڵتانی عوسمانیدەستکاری
سوڵتانی عوسمانی وەڵاتەکەی کردۆتە چەندین «سەنجەق» و ھەریەکەیانی داوەتە دەست فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵ و خزمەتچیی خۆی. زاڵبوون بەسەر ئەمانەدا سەختە چونکە گشتیان بە یەک فەرمان و یەک ئاڕاستە دەبزوێن. بەڵام پاش بنەبڕ کردنی بنەماڵەی سوڵتان، فەرمانبەری کۆیلە ویست و توانای ڕاپەڕینی نییە. گەر دەسەڵاتی کۆن ڕما، بە ئاسانی جڵەوی دەکێشرێت.
فەرمانڕەوایی فرانسەدەستکاری
وەڵاتانی وەک فرانسە سازمانیان جودایە. بە ئاسانی دەگیرێن، چونکە سەرداری دەسەڵاتداری زۆرن، بەڵام پاش داگیر کردن دەسەڵات جێگیر نابێت چونکە ھەر یەک لەم سەردارانە داکۆکی لە ویست و بەرژەوەندیی خۆی دەکات. ڕاپەڕینی بەردەوامی فرانسە، سپانیا و یۆنان بەرانبەر ڕۆمانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ھەموو ئەو میرنشینانەی لەو وەڵاتانەدا ھەبوون.
پەراوێزدەستکاری
- ^ Nationalencyklopedin[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
- ^ «سازمانگەری» ٢٠٠-٢٠٢
- ^ Machiavelli, Niccolò. Fursten. Natur & Kultur. 2009: 59
سەرچاوەدەستکاری
[Machiavelli, Niccolò. Fursten. Natur & Kultur. 2009]
بەستەری دەرەکیدەستکاری
[The Prince by Niccolò Machiavelli Project Gutenberg]
ئەم کتێب وتارە کۆلکەیەکە. دەتوانیت بە فراوانکردنی یارمەتیی ویکیپیدیا بدەیت. |