مردنی ئەدۆڵف ھیتلەر

خۆکوشتنی دیکتاتۆری نازی ئەدۆڵف ھیتلەر (١٩٤٥)

ئەدۆڵف ھیتلەر (١٨٨٩–١٩٤٥ز) پێشەوای پارتی نەتەوەیی سۆسیالیستی ئەڵمانیا ناسراو بە (ئەڵمانیای نازی) و ڕابەری ئەڵمانیا لە سەردەمی دەسەڵاتداری پارتی نازی لە ساڵانی ١٩٣٣ ھەتا ١٩٤٥ بووە.[١] دوای دۆڕانی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە شەری ئەردەنی و ھاتنی ھێزەکانی ئەرتەشی سووری سۆڤیەت بۆ شاری بەرلین لە ٣٠ نیسانی ١٩٤٥ ھیتلەر کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا لەگەڵ ھاوسەرەکەی ئێڤا براون دواتر لاشەکانیان لەلایەن جۆزێف گۆبڵیز یەکێک لە ئەفەسەرکانی سوپای نازی سوتێنران.[٢]ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٢ی نیسان لە وتارێکدا ڕای گەیاندبوو کە ئەو تا کۆتایی لە بەرلین دەمێنێتەوە. لەسەر وەسیەتی خۆی ئەو کارە ئەنجام درا. پاش ئەوەی ھێزەکانی سۆڤیەت گەیشتنە حەشارگاکەی جەستە سوتاوییەکانیان لەگەڵ خۆیان بردەوە بۆ ڕووسیا. مردنی ھیتلەر تا ماوەیەکی زۆر جێگای گومان و مشت و مڕبوو، ساڵی ٢٠١٨ لە ئەنجامی وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی لەلایەن تیمێکی لێکۆلینەوەی بەریتانی لە جەستە سووتاوەکان، ئەو گومانانەی باسیان لە ڕاکردن و زیندوویەتی ھیتلەر دەکرد تا ڕادەیەکی زۆر ڕەوینەوە.[٣]

مردنی ئەدۆڵف ھیتلەر
ھەواڵی مردنی ھیتلەر لە یەکێک لە ڕۆژنامەکان
لەدایکبوون٢٠ی نیسانی ساڵی ١٨٨٩
مەرگ۳۰ نیسانی ۱۹٤٥ (٥٦ ساڵ ژیاوە)
بەرلین، Nazi Germany ئەڵمانیا

پێش مردن دەستکاری

ژیان دەستکاری

 
ئادۆڵف ھیتلەر لە تەمەنی منداڵی (١٨٨٩–٩٠ز)

ھیتلەر لە ٢٠ی نیسانی ساڵی ١٨٨٩ لە گوندی برۆنۆی سەر بە نەمسا کە شارۆچکەیەکی بچووکە و دەکەوێتە بەری ڕووباری ئالان کە لە ئەڵمانیاوە ھەڵدەقوڵێت و لەسەردەمی فرانسۆ جۆزیفدا لە دایک بووە.[٤] باوکی فەرمانبەر بوو لە فەرمانگەی گومرگ و دایکیشی ژنێکی دڵ و دەروون پاک و لە خواترس بووە و خۆشەویسترین کەسی ھیتلەر بووە،[٥] ھیتلەر لە منداڵیدا لە ژیانێکی ناھەموار و چەرمەسەریدا ژیاوە، باوکی زۆر توندووتیژ بووە لە ھەڵسوکەوتیدا و ھیتلەر دانی بەودا ناوە کە لە ھەرزەکاریدا تووشی توندووتیژی بووەتەوە لەلایەن باوکییەوە، دوای چەند ساڵێک ھیتلەر بۆ بەڕێوبەری کارەکانی گێڕایەوە کە بەڵێنی بە خۆی دابوو کە جارێکی تر ناگریێت ئەگەر ھاتوو ڕووبەڕووی توندوو تیژی بۆیەوە لەلایەن باوکییەوە و ئەمەش بەھێزیی ھیتلەر دەردەخات ھەر لە مناڵییەوە. زۆر لە مێژووناسان لەو باوەڕەدان کە ئەو توندو تیژییەی باوکی ھیتلەر دەینواند بەرامبەر ھیتلەر و دایکی کە دواتر ھیتلەر زۆر بە واقیعیانەوە باسی کردووە ئەمانە ھەمووی کاریگەر بوونە بۆ دروستکردنی کەسێتی ھیتلەری توندوتیژ، پاشان خیزانەکەی چوونەتە شاری لینز و لەوێ نیشتەجێ بوون، ھیتلەر خوێندکارێکی سەرکەوتوو بووە لە قوتابخانەکەی، بەڵام لە یەکەم ساڵی ناوەندیدا دەرنەچوە کە لە قوتابخانەی دواناوەندیی ڕیاڵشوڵ کە لەشاری لینز بوە، ھیتلەر لە ھەمان پۆل بووە کە لودڤیگ ڤیتگنشتاینی تێدا بووە کە یەکێک بووە لە فەیلەسوفە بەناوبانگەکانی سەدەی بیستەم کە کاریگەری تەواوی ھەبوو بەسەر ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەدا، و ھیتلەر ھۆکاری دواکەوتنی لە قوتابخانە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە چەندین جار بەرەنگاری باوکی بووەتەوە کە دەیویست بیکات بە فەرمانبەر لە گومرگ بەڵام ھیتلەر ئاواتی ئەوە بووە ببێت بە وێنەکێش. باوکی لە ساڵی ١٩٠٣ کۆچی دوایی کردووە و سەرەڕای مردنی باوکی بەڵام ھیتلەر ھیچ ئاستی بەرز نەبووەتەوە لە قوتابخانەدا و لە تەمەنی شازدە ساڵیدا وازی لە خوێندن ھێناوە بێ ئەوەی ھیچ بڕوا نامەیەک بەدەست بێنێت. لە کتێبی خەباتی من ھیتلەر باوەڕ بوونی بە نەتەوەیی ئەڵمانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی ھەرزەکاری خۆی کە لەو کاتەدا یەکێک لە کتێبەکانی باوکی خوێندبۆوە دەربارەی جەنگی نێوان فەڕەنسا و پرۆسیا کە وای لێکرد بوو پرسیار دەربارەی ئەو ھۆکارانە بکات کە بۆچی باوکی و زۆر لە وانی تر کە ئەڵمانین و لە ڕەچەڵەکدا نەمساوین شکست بێنن لە پاراستنی ئەڵمانیا لە کاتی جەنگدا. لە ساڵی ساڵی ١٩٠٥ ەوە لە ھەتیوخانەدا ژیانی بەسەر بردوە لە ڤییەنا کە لەلایەن حکوومەتەوە سەرپەرشتی کراوە و دوو جار داوای پێشکەش کردوە بۆ وەرگیران لە ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکان لە ساڵانی ١٩٠٧ و ١٩٠٨ بەڵام ڕەت کراوەتەوە بەھۆی ئەوەی بەھرەی وێنەکێشانی تیادا نەبووە و پێیان وتووە کە بەھرەکانی زیاتر لە ئەندازیاری تەلار سازییەوە نزیکە. لە ئابی ساڵی ١٩١٤ کە جەنگی جیھانی یەکەم دەستی پێکرد لەکاتێکدا کە ھەموو جیھان دڵ تەنگ بوون بە ھەڵگیرساندنی جەنگ بەڵام ھیتلەر خۆشحاڵ بوو چونکە بەو ھۆیەوە دەیتوانی خۆی ناونووس بکات لە سوپای ئەڵمانیا دا. ھیتلەر بوو بە سەرباز و لە ھێزی شازدەی یەدەگی باڤاریا کە بە ھێزی لیست ناسرابوو بەھۆی سەرکردەی ھێزەکەوە، و کارەکەی ترسناکترین کار بووە و چەندین جار دوچاری مەترسی کوشتن و لە ناوچوون بووەوە بەھۆی ئەوەی کە پۆستەچی سوپا بووە و لەگەڵ کۆتایی ھاتنی جەنگدا پلەی جیفریتری وەرگرتووە کە دەکاتە جێگری عەریف لە سوپای بەریتانی. ھیتلەر لە زۆربەی شەڕەکانی بەرەی ڕۆژاوادا بەشداری کردوە وەک شەڕی پێرسی یەکەم و سوم و ئاراس و پاسکیندایلی. ھیتلەر دوو مەدالیای ئازایەتی وەرگرتووە کە یەکێکیان مەدالیای خاچی ئاسنی لە پلەی دووەم ساڵی ١٩١٤ و مەدالیای خاچی ئاسنی لە پلەی یەکەم کە لە ساڵی ١٩١٨ دا وەری گرتوە ئەمەش زۆر بەکەمی ڕودەدات کە ئەفسەرێک لە پلەی جیفریتر وەری بگرێت سەرەڕای ئەوەش پلەی بەرزنەکرایەوە بۆ پلەی ئونتیرۆفیزێر کە یەکسانە بە پلەی عەریف لە سوپای بەڕیتانی، و ھۆکاری بەرز نەکردنەوەی دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە سەرکردەکانی ھێزەکەی باوەڕیان وابوو کە سیفاتی سەرکردەیی تێدا بەدی ناکرێت و ھەندێک مێژوونوسان ھۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە ھاووڵاتییەکی ئەڵمانی نەبووە. ھیتلەر بەشداری جەنگی جیھانی یەکەمی کردوە و پاشان لە ساڵی ١٩٢٣دا سەرکردایەتی ٢٠٠٠ سەربازی لە ئەندامانی ھێزی گەردەلوولی کرد بۆ داگیر کردنی ھەرێمی باڤاریا و گۆڕینی حکوومەتی ئەوکاتە بەڵام ھەوڵەکانی سەرکەوتو نەبوو دەستگیرکرا و بە تاوانی ناپاکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ حوکم دراو ھەر لە زینداندا کتێبێکی نووسی بە ناوی (خەباتی من) کە تێیدا ھەموو بیروبۆچوونی خۆی بۆ داھاتوی ئەڵمانیا نووسیوە و پاش نۆ مانگ ئازاد دەکرێت و سەر لە نوێ دەست دەکاتەوە بە دروستکردنەوەی پارتەکەی و درێژە بە خەباتی خۆی دەدات لە پێناو ئەڵمانیادا و تاکو لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٣٤ بووە بە سەرۆکی وڵات و دەسەڵاتی گرتە دەست. دوای ئەمە بووە ھۆی ھەلچگیرسانی جەنگی جیھانی دووەم کە سەرئەنجامی کوشتنی زیاتر لە ٥٠ میلۆن کەسی لێکەوتەوە.

ڕۆڵی هیتلەر لە ئەڵمانیای نازی دەستکاری

لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣٢ دا پارتی نازی وەک پارتێکی بەھێز دەرکەوت لە ئەڵمانیادا و لە ٣٠ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٣ دا ھیتلەر بوە ڕاوێژکار (سەرۆک وەزیران) و بە خێرای ڕووی کردە دیکتاتۆری و ئازادی تاک و ئازادی سیاسی قەدەغە کرد و سەرجەم پارتە سیاسییەکانی داخست جگە لە پارتی نازی نەبێت، ھەروەھا دەستی گرت بەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکان و خوێندندا، و ھەستان بە دروستکردنی سیستەمێکی ئاسایشی بەھێز و دروستکردنی چەندین بەندیخانەی گەورە بۆ ئەو کەسانەی کە دژایەتی پارتی نازیان دەکرد لەو سەردەمەدا.پاش ماوەیەک لە ساڵی ١٩٣٤ بوو بە سەرۆکی ئەڵمانیای نازی، پاش فراوان بوونی جەنگەکان ھیتلەرو دەست و پێوەندەکەی خەونیان بە دروستکردنی ئیمپراتۆرییەتی نازییەوە دەبینی کەدەست بەسەر ھەموو جیھاندا بگرێت، لە ساڵی ١٩٣٨ دا دەستی کرد بە جێ بەجێ کردنی پلانەکەی و ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٣٨ دا نەمسا یان داگیر کرد و و لە ساڵی دواتر چیک و سلۆڤاکیا ی پێشویان داگیر کرد، و ھەروەھا لە ١ی ئەیلولی ١٩٣٩دا پۆڵەندای داگیرکرد پاش ئەوەی بەریتانیا و فەرەنسا لە ٣ی ئەیلولی ١٩٣٩دا لە لە وەڵامی ئەم داگیرکاریە شەڕی لە دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند، جەنگی جیهانی دووەم دەستی پێکرد . لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی هیتلەردا و بەهۆی سیاسەتی نەژادپەرستانەیەوە، بە لایەنی کەم ١١ ملیۆن هاووڵاتی کوژران ، کە لە ناویاندا ٥.٥ بۆ ٦ ملیۆن جولەکە و لە نێوان ٢٠٠ بۆ ١,٥٠٠,٠٠٠ ڕۆمانی هەبوون .

بارودۆخی ئەڵمانیا لە مانگەکانی کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم دەستکاری

لە نێوان حوزەیران و ئابی ١٩٤٤دا، شەڕی نۆرماندی بۆ ڕزگارکردنی فەرەنسا لە داگیرکاریی ئەڵمانیا دەستی پێکرد، ئەمەش دەستپێکی تێکشکاندنی ھێزەکانی ئەڵمانیا بوو.لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٤دا ئەڵمانیا دوایین ھەوڵی خۆی دا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، بەسود وەرگرتن لەو ھێزە زۆرەی لە بەردەستی مابوون لە بەرەی ڕۆژاوا. ھەروەھا لە ئەردەن و سنووری نێوان ئەڵمانیا و فەڕەنسا جێگیرکرد لە پاشاندا شەری کرد بۆ دروستکردنی کەلێنێک لە نێوان ھێزەکانی ھاوپەیمانان، ھەروەھا یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەڵمانییەکان گەمارۆدانی ئەو ھێزانە و دەستگرتن بەسەر بەندەر و بنکەی سەرەکیان لە ئەنتورپی بەلجیکا بوو تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێکەوتنێکی سیاسی.بەڵام بی ئەوەی ھیچ کام لە ئامانجەکانی بەدی بێت ھێرش و شەرەکان تا کانوونی دووەمی ١٩٤٥ بە دۆڕانی ئەڵمانیا کۆتایی ھات. دوای ئەمە ھێزەکانی ئەڵمانیان لە داڕمانی کۆتایی نزیک بوونەوە. پۆڵندا کە پێشتر لەلایەن ھێزەکانی ئەڵمانیاوە داگیرکرابوو لەلایەن سوپای سووری سۆڤیەتی ئازادکرا، پاشان بەمەبەستی دەستگرتن بە سەر بەرلینی پایەتەختی ئەڵمانیا بەرەوە ڕۆژاوا پێشڕەویان کرد. لەلایەکی دیکەوە ھێزەکانی بەریتانیا و کەنەدا لە ڕێگای تێپەڕاندنی ڕاین بوون بۆ گەیشتن بە ناوچەی ڕۆڤەر کە بە دڵی پیشەسازی ئەڵمانیا ناسراو بوو؛ و ھەروەھا ھێزەکانی ئەمریکا لە باشوور دەستیان بەسەر لۆریندا گرت، لە دواتردا بەرەو ماینتس، مانھایم، ڕاین پێشڕەویان کرد.ھێزەکانی ئەڵمانیان لە ئیتاڵیا بەرەو باکوور پاشەکشەیان کرد، ئەمەش بەھۆی فشاری ھێزەکانی ئەمریکا و یەکێتی گەلانی کۆمۆنوێلت لە چوارچێوەی شەری بەھاردا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕووباری پۆ و و چیاکانی ئالیپ. لە ١٨ی نیساندا نزیکەی ٣٢٥ ھەزار سەربازی ئەڵمانی لە کۆمەڵەی بی خۆیان ڕادەستی ھێزەکانی ھاوپەیمان کرد و تەسلیم بوون. ئەمەش ھۆکارێکی باش بوو بۆ ھێزەکانی ئەمریکا تا ئەوەی بگەنە شاری بەرلین. لە لایەکی دیکەوە ھێزەکانی سوپای سۆڤیەت توانیان دوایین ھێلی بەرگری ئەڵمانیان لە بەرزایییەکانی سیلۆس شکاند و پاشان بۆ یەکەم جار لە ڕۆژی ٢٠ی نیساندا شاری بەرلینیان لە ڕۆژی لە دایکبوونی ھیتلەر تۆپبارانکرد. لە ئێوارەی ٢١ی نیساندا تانکەکانی سوپای سۆڤیەت گەیشتنە دەوروبەری شارەکە .

ڕۆژەکانی کۆتایی لە پەناگەی فیرۆبانکەر دەستکاری

 

لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥، ھیتلەر پەنای بۆ ڤۆیربۆنکەر کە حەشارگایەکی تایبەت بوو لە بەرلین برد. بەرپرسانی نازی تا ڕادەیەکی زۆر ئەوەیان بۆ ڕوون بوو لەوانەیە شەڕی بەرلین دوایین شەڕیان بێت لە ئەورووپا دوایین پێگەی بەرگریان بێت. لە ٢٢ی نیسان کاتێک ھیتلەر لە کۆنفرانسێکدا دەربارەی ڕەوشی جەنگ بەشداری کرد و فەرمانی بەرگری دابوو، ھەواڵی ئەوەیان پێڕاگەیاند فلیکس شتاینەر یەکێک لە ژەنەڕاڵەکانی ھێزە تایبەتییەکانی نازی لە بڕیار و فەرمانەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەکانی ھاوپەیمانان شکاندووە، ئەمەش بووە ھۆی توڕەبوونی ھیتلەرلە کاتی درێژەدان بە قسەکانی بە توندی لەبارەی کەمتەرخەمی و خیانەتی فەرماندەکانی نازی قسەی کرد لە دواتردا وتی تا کۆتایی لە بەرلین دەمێنێتەوە و لە ئەگەر شکست گولەیەک بە خۆیەوە دەنێت . چەند سەعاتێک دواتر داوای لە وێرنەر ھاس پزیشکی تایبەتی خۆی کرد کە دڵنیارتین ڕێگای خۆکوشتنی پێبلێت ئەویش لە جوابیدا پێشنیار «شێوازی ژەھر و دەمانچە»ی کرد، واتا بەکارھێنانی دەرمانێکی سیانید و پاشان تەقەکردن لە خۆی.

 
ئیڤا براون و هیتلەر، لەگەڵ بلۆندی؛ (سەگەکەی هیتلەر ) حوزەیرانی ١٩٤٢

مارشاڵ ھێرمان گۆرینگ، لە تەلەگرافێکدا مۆڵەتی ھیتلەری وەرگت بۆ سەرکردایەتی کردنی ڕایش، ئەمەش بەھۆی ئەوەی پێشتر لە ساڵی ١٩٤١ ھیتلەر بە جێگرەوەی خۆی دیاریکردبوو. مارتن بۆرمان سکرتێری تایبەتی ھیتلەر ئەوی لە نیازی ھێرمان گۆرینگ بۆ کودەتا ئاگادارکردەوە و دوای باوەڕپێھێنانی ھیتلەر لە وەلامی گۆرینگ دا وتی ئەگەر دەست لە سەرجەم پلەوپایەکانی ھەڵنەگرێت ئەوە لە سێدارەی دەدات، دوای چەند سەعاتێک لە سەرجەم پلەوپایەکانی کشاندەوە و دواتریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.

لە ٢٧ی نیسان دوای ئەوەی بەرلین دابڕا لە بەشەکانی دیکەی ئەڵمانیا، بەھەمان شێوە پەیوەندییە ڕادیۆیییەکان یاخود بێتەلە پارێزراوەکانیش لەگەڵ ھێزە بەرگریکارەکان پێشەوە پچڕا، بەرپرسانی گەیاندنی فەرمان و ڕاسپاردەکان لە پەناگەکە بەمەبەستی ناردنی فەرمان و ڕاسپاردە و وەرگرتنی ڕێنمایییەکان و ھەواڵەکان بە ناچاری سودیان لە ھێلی ڕادیۆی ئاسایی وەرگرت.

لە ٢٨ی نیسان ھیتلەر لە ھەواڵیکی بی بی سی کە لە بنەڕەتدا لە ڕۆیتەرز وەرگیرابوو ئاگادارکرایەوە بەوەی ھێنریک ھیملەر یەکێک لە فەرماندەکانی ھێزی تایبەتی نازی لەگەڵ ھاوپەیمانان گفتوگۆی کردووە و گەرەنتی ئەوەی داوە توانای خۆبەدەستەوەدانی ھێزەکانی ھەیە. ئەم کارە بووە ھۆی توڕەکردنی ھیتلەر ئەمەی بە خیانەتکردن دانا، فەرمانی دەستگرکردنی دا و ھەروەھا بریکارەکەی ھیملەر، هێرمان فیگلین بە فەرمانی ھیتلەر لە سێدارەدرا .[٦]

دوای ئەمە هێزەکانی سوپای سووری سۆڤیەت گەیشتنە مەیدانی پۆتسدامەر پلاتز لە ناوەڕاستی بەرلین و ئامادەکارییان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر حەشارگاکە . پاشنیوەڕۆی ٢٩ی نیسان زانیاری گەشیت بە هیتلەر کە هاوپەیمانەکەی بێنیتۆ موسۆلینی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لەلایەن پارتیزانەکانی ئیتالیاوە دەستگیرکراوە و پاشان لە سێدارەدراوە و لەگەڵ خۆشەویستەکەی کلارا پێتاچی و چەند کەسێکی دیکە بە سەروخواری لە یەکێک لە مەیدانەکانی ئیتاڵیا هەڵواسراون و جەستەکانیان لە لایەن خەڵکەوە سوکایەتی و گاڵتەیان پێدەکرا . ڕەنگە ئەم ڕووداوە کاریگەری لە سەر هیتلەر دانابێت بۆ ئەوەی ڕێگا نەدات هەمان چارەنووس ڕووبەڕووی خۆی یان هاوسەرەکەی ببێتەوە و سوور بوو لە سەر کۆتایی هێنان بە ژیانی هەروەک لە کۆتا وەسێتی دا ئاماژەی بەوەدابوو .

بەهۆی ئەو گومانانەی لە دەرئەنجامەکانی ئەو مادە ژەهراوییە لەلایەن دکتۆر لەدویگ ستامپفیگەر دروستکرابوو فەرمانی بە دکتۆر هازی کرد یەکێک لەو کەپسولانە لەسەر بلۆندی ( سەگەتایبەتیەکەی هیتلەر ) تاقی بکاتەوە . ئەوەبوو لە ئەنجامدا مرد . دەرئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە و خیانەتەکەی هیملەر وای کرد دواین بڕیارەکانی خۆی لە سەر ژیانی بدات . ٢٩ی نیسان لە  لە یەکێک لە ژوورەکانی حەشارگاکە هیتلەر هاوسەرگیری لەگەڵ ئیڤان براون ئەنجامدا ، ڕێوڕسمێکی سادە بەو بۆنەوە ئەنجامدرا . ڕەوشی جەنگ تا دەهات بە زیانی هێزەکانی ئەڵمنیا تەواو دەبوو هەربۆیە هیتلەر لە دواساتەکانی ژیانیدا بڕیاریدا پێش ئەوەی خۆی بکوژێت وەسێت نامەیەک بنوسێت، بۆ ئەو مەبەستە  ڕاوێژکارەکەی خانمە تراودڵ یونگ بردە ژورێکی دیکە و دواین وەسێت نامە و داواکارییەکانی نوسی . داوای کرد دەستبەجێ دوای مردنی جێبەجێ بکرێت . هەر لەو وەسێتنامەیەدا کاڕڵ دۆنیتزی وەک سەرۆک و جۆزێف گۆبڵزی وەک سەرۆک وەزیرانی حکومەت  دەستنیشان کرد. کاتژمێر ٤:٠٠ ئەو بەڵگەنامەیە ئیمزا کرد پاشان خەوی لێکەوت ، هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن پێش ئەوەی ئاهەنگی هاوسەرگیری پێکبێنێت ئەم وەسێتنامەیەی نوسی بوو . [٧][٨]

خۆکوژی دەستکاری

هیتلەر و براون بۆ ماوەی کەمتر لە ٤٠ کاتژمێر وەک ژن و مێرد ژیان لە پەناگەکە . لە کاتژمێر ٠١:٠٠ ی ٣٠ی نیسان ژەنەڕاڵ ویڵهێم کیتێل ڕاپۆرتێکی دا کە سەرجەم ئەو هێزانەی کە هیتلەر حسابی لە سەرکردبوون بۆ ڕزگارکردن و بەرگری کردن لە بەرلین گەمارۆدراون یاخود لە دۆخێکی خراپ و لاوازدان . لە دەورووبەری کاژمێر ٠٢:٣٠ هیتلەر چووە ناو هۆڵی پەناگاکە ، نزیکەی ٢٠کەس کە زۆربەیان ژن بوون لە هۆڵەکەدا کۆببوونەوە بە نیازی ماڵئاوای ، هیتلەر بە درێژایی ڕیزەکە دەچووە بەردەم کەسەکان تەوقەی لەگەڵیان کرد و ماڵئاوایی لێکردن پاشان چووەوە ژوورەکەی .بۆ بەیانیەکەی لە کاتێکدا سوپایی سووری سۆڤیەت کەمتر لە ٥٠٠ مەتریان مابوو بگەنە پەناگاکە ، هیتلەر لەگەڵ ژەنەڕاڵ هێلموس وایدلینگ فەرماندەی هێزی بەرگری بەرلین کۆدەبێتەوە .وایدلینگ بە هیتلەر ڕادەگەیەنێت لەوانەیە بۆ شەو کەرەستە و چەک و تەقەمەنیان تەواوبێت و ماوەی بەرگریان تەنها بەشی ٢٤ کاتژمێر دەکات و لە دواتر بە ناچاری شەڕەکە تەواو دەبێت هەربۆیە داوای مۆڵەتی لە هیتلەر کرد بۆ ئەوەی هێرشێکی کتوپڕ و یەکلایکەرەوە لە شەوەکەی ئەنجام بدەن ، ئەم داواکارییە لە کاتێکدا بوو پێشتر هیتلەر داوایەکی لەو شێوەیەی ڕەت کردبوو وەوە بۆیە وەڵامی داواکارییەکەی هێلموس وایدلینگ نەدایەوە ، ئەویش گەڕایەوە بارەگاکەی خۆی لە بێندلەر بلاک . لە دەورووبەری کاتژمێر ١٣:٠٠ وایدلینگ مۆڵەتی هیتلەر بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی کتوپڕ لەکاتی شەودا بەدەست دەگات . هیتلەر نانی نێوەڕۆی لەگەڵ دوو سکرێتێرەکەی و شێفەکەی خوارد لە پاشاندا ماڵئاوایی لە ئەندامانی ڤۆیربۆنکەر لەوانە بۆرمان و گۆبڵز و خێزانەکەی و سکرتێرەکان و ڕاوێژکار و ئەفسەرەکانی کرد . لە پاشاندا لاتژمێر ١٤:٣٠ خولەک لەگەڵ ئیڤا براون پێکەوە چوونە ژوورە تایبەتیەکەی خۆی بە ناوی ژووری خوێندنەوەی پێشەوا .

هەندێک لە شایەتحاڵەکان دەڵێن لە دەوروبەری کاتژمێر ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ گوێیان لە تەقە بووە ، کە وادانرا بوو دەنگی بۆردوومانە ،دوای چەند خولەکێک، هاینز لینگ بەردەستی تایبەتی ھیتلەر ھەوڵیدا بچێتە ژووری پێشەوا بەڵام تێبینی کرد دەرگاکە داخراوە ، بەھاوکاری بۆرما دەرگای ژوورە بچووکەکەیان کردەوە.دواتر ھاینز لینگ ڕایگەیاند کاتێک لە ژوورەکەدا بووە دەستبەجێ بۆنی بادەم سووتاوەکەی ھەست پێکردووە، کە ئەمەش تێبینییەکی باو و ئاساییە لەکاتی بوونی هایدرۆجین سیانیددا.ھاینر لە بیرەوەریەکانیدا نوسیوویەتی ،تەرمی ئیڤا و ھیتلەر لەسەر قەنەفەیەک بوون ، ئیڤا لە لای چەپ و هیتلەر لە لای ڕاست. جەستەی ئیڤا لە هیتلەر دوور کەوتبووەوە. ڕوون بوو کە هیتلەر لە لای ڕاستی سەریەوە تەقەی لەسەری خۆی کردووە (برینێکی فیشەک لە لای چەپی سەریەوە دەهاتە دەرەوە کە بەرەو سەرەوە مەیل بوو) دەمانچەیەکی 7.65 ملم واڵتەری لە ژێر قاچەکانی بوو. خوێن لە لای سەر و چەناگەیەوە دەڕژا ئەمەش وایکردبوو ڕاستی قەنەفەکەی خوێناوی بێت وە خوێنی ھیتلەر دڵۆپ دڵۆپ دەهاتە خوارەوە بۆسەر زەوییەکە ئەمەش فەرشەکەی زیاتر خوێناوی کردبوو. ئیڤا هیچ برینێکی بەجەستەوە نەبوو و ھاینز وتبووی کە خۆی ژەهرخوارد کردووە.شایەتحاڵەکان رایانگەیاندووە، ھەردووتەرمەکە لە ژێرزەمینەکەی نهۆمی خوارەوەی پەناگەکە لە ڕێگەی دەرچوونی فریاگوزاریەوە بردراونەتە دەرەوە بۆ ناو باخچەکەی پەناگاکە، لەوێ لەلایەن لینگ و پاسەوانەکانی هیتلەرەوە نەوت ڕشێنکراون سووتێنران. بەڵام بەھۆی بۆردوومانی ھێزەکانی سۆڤیەت تەرمەکان بە تەواوی نەسووتا وە دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکان وایکرد هەوڵەکانیان بۆ تەواو سوتانوونی تەرمەکان مەحاڵ بێت و پاشماوەی دوو تەرمەکە لەناو بۆشایییەکی قووڵدا لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا داپۆشران.

دوای خۆکوژی دەستکاری

یەکەمین هەواڵەکانی تایبەت بە مردنی هیتلەر لەلایەن خودی ئەڵمانەکانەوە بڵاوکرایەوە ، لە یەکی ئەیار دەزگای پەخشی ڕادیۆی ڕایش ئێس ئێس لە هامبۆرگ ، بەرنامە ئاساییەکانی خۆی ڕاگرت بۆ ئەوەی لە دواینیوەڕۆکەی هەواڵی مردنی هیلەر و ناساندنی جێگرەکەی کاڕل هێنتز پەخش بکات . هیتز داوای لە گەلی ئەڵمانیا کرد بۆ سەرکردەکانیان ماتەمینی بکەن و ئاماژەی بەوەدا کە هیتلەر لە کاتی بەرگری کردن لە پایتەختی وڵاتەکەیان وەک قارەمانێک کۆچی دوایی کرد . جێگری هیتلەر بە هیوای پاراستنی وڵات و ئەندامانی سوپا بە واژۆکردنی باری خۆبەدەستەوەدانی مەرجدار لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریکا، ڕێگەی بە ڕۆژئاوا دا پاشەکشە بکات . ئەمە تاکتیکیکی تا ڕادەیەک سەرکەوتووبوو چونکە توانی ١.٨ میلیۆن سەربازی ئەڵمانی لە بەدیل بوون و گیران لەلایەن سوپای سووری سۆڤیەت ڕزگاربکات ، بەلام بەردەوامبوونی شەڕەکان تا ٨ی ئەیار ژمارەیەکی زۆر لە ئەڵمانەکان کوژران . مردنی هیتلەر کۆتایی حکومەتی ڕایشی سێهەم و دەستپێکی شکستی یەکلایکەرەوەی ئەڵمانیای نازی بوو لە جەنگی جیهانی دووەم وە بە یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی پەیوەست بە جەنگ لە کیشووەری ئەورووپا بوو .

هانیس کریبس یەکێک لە ژەنەڕالەکانی ئەڵمانیان لەگەڵ ژەنەڕالی ڕووس ڤاسیلی چوایکۆف لە ١ی ئایار کاتژمێر ٠٤:٠٠ کۆبوونەوە ، لەکاتی کارکردن بۆ ئامادەکردنی ئاگربەست و دەستپێکردنی گفتوگۆ هەوالێ مردنی هیتلەری بەو دا . جۆزێف ستالین لە نزیک کاتژمێر ٠٤:٠٥ بە کاتی بەرلین، ١٣ کاتژمێر دوای ڕووداوی خۆکوشتنی هیتلەر بە هەواڵەکەی زانی .ئەو داوای خۆ بەدەستەوەدانی بێ مەرجی کرد کە ئەمەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی کریبس بوو . ستالین داوای پشتڕاستکردنەوەی مەرگی هیتلەری کرد ، هەربۆیە فەرمانی بە هێزەکانی دەزگای سمێرشی سوپای سۆڤیەت کرد کار بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان بکەن .ستالین داوای پشتڕاستکردنەوەی مردنی هیتلەری کرد و فەرمانی بە هێزەکانی ئەسمورشی سوپای سوور کرد بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان.

لە بەرەبەیانی ٢ی ئەیاردا هێزەکانی سۆڤیەت دەنگە گەورەکەی ڕایشیان گرت ، دواتر ڕوویان لە پەناگاکەی هیتلەر و سەرکردەکانی نازی کرد ، ژەنەڕاڵ کریبس و ژەنەڕاڵ ویلهلم بورگدۆرف بە تەقەکردن بە ئاراستەی سەریان خۆیان کوشت . لە ٤ی ئەیاردا تەرمە سوتاوەکانی هیتلەر و براون و دووسەگ لە لایەن هێزەکانی فەرماندەی سمێرش دۆزرانەوە ، ڕۆژی دواتر بە شێوەیەکی نهێنی ڕادەستی بەشی دژە جاسوسی سمێرش لە سوپای هێرشبەری سێهەم لە ناوچەی (بوچ)بەرلین کرا . ستالین هەواڵی مەرگی هیتلەری بە ئاسانی وەرنەگرت ، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی قەدەغەکرد .تا ١١ی ئایار چەند یارچە ددانێک لە لەلایەن هوگۆ بلاشکێ،هەروەها پزیشکی ددانی تایبەتی هیتلەر کیس هوسێرمان و پسپۆڕێکی ددان بە ناوی فریتز ئیچمان دۆزرایەوە لە جەستەکانیان دۆزرایەوە دوای لێکۆڵینەوە لێیان پشتراستکرایەوە کە ئەمانە جەستەی هیتلەر و براونن . وردەکارییەکانی توێکارییەکە سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٦٨ بڵاوکرایەوە و لە ساڵی ١٩٧٢، بۆ سەلماندنی ناسنامەی تەرمی هیتلەر لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆس سود لە بەڵگەنامەکانی توێکارییەکە وەرگیرا .لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٥ تەرمی هیتلەر، براون، جۆزێف و ماگدا گۆبێلس، شەش منداڵی گوبێلس، بلاندی و سەگێکی تر، لە بۆچەوە گواسترانەوە بۆ فیناو، ناوچەیەک کە تەرمی هیلتلەری تێدا پشتراستکرایەوە .لە ٣ی حوزەیراندا تەرمەکان لە دارستانێک لە براندنبێرگ بەخاک سپێردران بەڵام گواسترانەوە بۆ بارەگای نوێی هێزەکانی ئەسمرش لە ماگدبێرگ .لە ٢١ی شوباتی ١٩٤٦ لە پێنج سندوقی داردا بەخاک سپێردران. تا ساڵی ١٩٧٠ سەنتەرەکە لەژێر کۆنترۆڵی کەی جی بی (دەزگای ھەواڵگری سۆڤیەت) بوو؛ و بڕیار بوو ڕادەستی ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات بکرێت. شوێنی بەخاک سپاردنی تەرمی ھیتلەر نیگەرانی لێکەوتەوە چونکە ترسیان لەوە ھەبوو گۆری ھیتلەر ببێتە مەزارگایەک بۆ لایەنگران و شوێنکەوتوانی نازییەکان. سەرۆیک کەی جی بی یوری ئەندرۆپۆڤ بە لە بەرچاوگرتنی نیگەرانییەکان فەرمانی دا لە ئۆپراسییۆنێکی نھێنیدا تەرمی ھیتلەر و ١٠ کەسی دیکە کە لە ساڵی ١٩٤٦ بەخاک سپێردرابوون لەناوببرێن. گروپێک لە ئەندامانی کەی جی بی وردەکاری شوێنی بەخاک سپاردنەکەیان وەرگرت و لە ٤ی نیسانی ١٩٧٠ بە شێوەیەکی نھێنی تەرمی ھیتلەر و ئێڤا براون و ٨ کەسەکەی دیکەش دەرھێنراوانەوە ھەموویان دووبارە سووتانیانەوە و خۆڵەمێشەکانیان خسە ناو ڕووباری بیدرتز. ئاسەواری قەبرەکانیان تێکدا.

لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٩ دۆسیەیەکی نھێنی پێشکەش بە ستالین کرا، سەبارەت بە لێپێچینەوەکانیان لە نازییەکانی بارەگای حەشارگەی سەرۆک، مێژوونوسانی ڕۆژاوا لە ساڵی ١٩٩١ ئەرشیقی یەکێتی سۆڤیەت پێشوویان بەدەست گەیشت بەڵام ئەم کەیسە تا ١٢ ساڵ دواتر نەدۆرایەوە ،لە ساڵی ٢٠٠٥ دا دۆسیەکە لە کتێبی ھیتلەر بڵاوکرایەوە.

گریمانەکان تایبەت بە مردنی ھیتلەر دەستکاری

سەرەڕای ئەو باوەڕە گشتییەی خەڵک سەبارەت بە خۆکوشتنی ھیتلەر و ئیڤانی ھاوسەری لە بنکەی فۆربانکەر ھەیە، بەڵام چەندین گریمانە و ھەواڵ سەبارەت بە زیندووبون و لە ژیان مانەوەی ھیتلەر و ئیڤان لە چەندین شێوین بڵاوکرانەوە و سەرنجی خەڵکیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشا بەوەی ئەوان لە ئەڵمانیا و ئەورووپان و خۆیان حەشارداوە، ئەمە لە کاتێکدایە مێژوونووسان و زانایان ئەو گریمان و ھەواڵانەیان ڕەتکردووەتەوە و مردنی ھیتلەر و ئیڤانیان لە بنکەی فۆربانکەر پشتراست کردەوە.

ئەم جۆرە ھەواڵ و دەنگۆیانە بە بەشێک لە ھەوڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ چەواشەکردنی مردنی ھیتلەر ناسرا و یەکەم جار لەلایەن ئەوانەوە بڵاوکرایەوە ئەمەش پاش ئەوەی مارشاڵ جۆرجی ژۆکۆڤ لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ٩ی حوزەیرانی ١٩٤٥ بە فەرمانی ستالین باسەکەی بڵاوکردەوە. ستالین لە کۆنگرەی پۆتسدام لە تەممووزی ١٩٤٥ ئاماژەی بەوەدا ھیتلەر یان لە ئیسپانیا یاخود ئەرژەنتین دەژیت. لەگەڵ ئەوەی مێژوو نوسان لەسەر ئەوە ھاوڕان کە خۆکوشتن چارەنووسی کۆتایی ھیتلەر بووە بەلام چەندین تیۆری پلانگێری سەبارەت بە مردنەکەی بڵاوکرایەوە.

بەھۆکاری سیاسی ،یەکێتی سۆڤیەت لە بڵاوکراوەکانی سەبارەت بە مردنی ھیتلەر بەردەوام بوو .کاتێک پرسیاری مردنی ھیتلەر لە ستالینکرا لە تەممووزی ١٩٤٥ دا و لە جوابدا وتی ئەو نەمردووە یان لە ئیسپانیا ، یان لە ئەرژەنتینە لە ژیان ماوە .لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٥ دیک وایت بەرپرسی بەشی دژە جاسووسی بەریتانیان لە بەرلین ، بریکار ھۆف ترێڤۆر ڕۆپەری ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە و بەرپەرچدانەوەی بانگەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت. لێکۆڵینەوەکەی لە ساڵی ١٩٤٧ بەناوی دواین ڕۆژەکانی ھیتلەر بڵاوکرایەوە .لە ساڵەکانی دوای جەنگ یەکێتی سۆڤیەت بانگەشەی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ھیتلەر لەلایەن ھاوپەیمانانەوە پەنادراوە و شاردراوەتەوە .

لە ٣٠ی ئایاری ١٩٤٦ بریکارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیا دوو پارچەی کەللەسەریان دۆزیەوە لە شوێنی تەرمی هیتلەر . ئێسکی جانگ بەهۆی فیشەکێکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتوو بوو. پارچەکە تا ساڵی ١٩٧٥ تۆمار نەکرا و لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئەرشیفی ڕووسیا دۆزرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٩دا پشکنینی بۆماوەیی و یاسایی لەسەر پارچەیەکی بچووکی کەللەسەر ئەنجامدرا کە بەرپرسانی سۆڤیەت بە هی هیتلەریان دەستنیشانکردبوو. بەڵام بە وتەی توێژەرانی ئەمەریكی، لە تاقیكردنەوەكانیان دەركەوتووە كەللەسەرەكە هی ژنێكە، هەروەها پشكنینی جومگەی ڕیشاڵی دەریخستووە كە تەمەنی كەمتر لە ٤٠ ساڵ بووە.لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٤٠ و١٩٥٠ سەدەی ڕابردوودا، FBI و CIA بەڵگەیەکی زۆریان کۆکردەوە لەسەر ئەگەری مانەوەی هیتلەر، بەڵام هیچ کام لەم سەرچاوانە جێی متمانە نەبوون. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠١٠وە ئەم بەڵگەنامانە بە شێوەی ئۆنلاین لە ژێر بەڵگەنامەی ئاشکراکردنی تاوانەکانی جەنگی نازییەکان و ئیمپڕاتۆریەتی ژاپۆن بڵاودەکرانەوە. نهێنی ئەم لێکۆڵینەوەیە چەندین تیۆری پیلانگێڕی دیکەی لێکەوتۆتەوە. بەڵام ئێف بی ئای ئەم بەڵگەنامانەی بە نادڵنیا زانیوە.[٩]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Adolf Hitler | Biography, Rise to Power, & Facts". Encyclopedia Britannica (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-25.
  2. ^ Editors, History com. "Adolf Hitler". HISTORY (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-25. {{cite web}}: |last= has generic name (help)
  3. ^ "ھیتلەر لە لاتێکی شەقامەکانی نەمساوە بۆ خەونی داگیرکردنی جیھان!! – Knwe.org". knwe.org. Retrieved 2021-09-25.
  4. ^ jonasknappitsch. "Home". House Of Responsibility (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-09-26. ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  5. ^ Kershaw, Ian (2008). Hitler: a biography (1st American ed. , [New ed.] ed.). New York: W.W. Norton & Co. ISBN 978-0-393-06757-6. OCLC 227016324.
  6. ^ Kershaw, Ian (2008). Hitler : a biography (1st American ed., [New ed.] ed.). New York: W.W. Norton & Co. ISBN 978-0-393-06757-6. OCLC 227016324.
  7. ^ "1. Lieutenant Colonel John Dalley and the MSS: Early Days", Dalley and the Malayan Security Service, 1945–48, ISEAS Publishing, pp. 1–12, 2018-12-31, retrieved 2021-10-05
  8. ^ Beevor, Antony (2002). The fall of Berlin, 1945. New York. ISBN 0-670-03041-4. OCLC 49704311.
  9. ^ "FBI — Adolf Hitler Part 01 of 04". web.archive.org. 2014-08-23. Retrieved 2023-04-13.