عومەر سەید عەلی

سیاسەتوانێکی کورد
(لە عومەری سەید عەلیەوە ڕەوانە کراوە)

عومەر سەید عەلی (لەدایکبووی ١ی تەممووزی ١٩٤٥)، سیاسەتوانێکی کوردە. لە ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٧ بوو بە ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان. عومەری سەید عەلی یەکێکبووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ١٩٧٠، ھەروەھا لە ١٩٧٦ بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە ساڵانی ١٩٧٦ تا ١٩٧٩ زیندانیکراوە لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە.[١]

عومەر سەید عەلی

لەدایکبوون١ی تەممووزی ١٩٤٥
نەتەوەکورد
پەروەردەبەشی ڕاھێنانی مامۆستایان لە سلێمانی
پیشەسیاسەتوان
حیزبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (١٩٧٩–٢٠٠٩)
بزووتنەوەی گۆڕان (٢٠٠٩ - ئێستا)
ئایینئیسلام

ژیان دەستکاری

عومەری سەید عەلی، لە ساڵی ١٩٤٥ لە گەڕەکی شێخان لە سلێمانی لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی تەواو کردووە.

ژیانی سیاسی دەستکاری

لە ١٩٧٤ عومەری سەید عەلی بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول تا نسکۆی شۆڕش بەردەوام بووە، لە ١٩٧٥ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە. لە ١٩٧٦ پاش ئاشکرابوونی ڕێکخستنەکەیان، عومەری سەید عەلی لەگەڵ شەش سەرکردەی کۆمەڵە دەچێتە ئێران، لەوێ دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی عێراق دەکرێنەوە. دواتر لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ١١ی تەممووزی ١٩٧٦ شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ساڵی ١٩٧٩ بەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئازاد کرا. دوای ئازادبوونی لەزیندان، عومەری سەید عەلی بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا. لە ١٩٨٠ بەھۆی بۆردومانی فڕۆکە لە بناری کێوەڕەش بریندار بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی سوید کرا، لەوێ سەرپەرشتی ڕێکخستنەکانی یەکێتی کردووە لە ئەورووپا. لە ھەموو کۆنگرەکانی یەکێتیدا، عومەری سەید عەلی بە ئەندامی سەرکردایەتی و پاشان مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردراوە. ھەروەھا ماوەیەک سەرۆکی شاندی یەکێتی بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی بۆ پڕۆسەی ئاشتی. جگە لەکاری حزبی، عومەری سەید عەلی، لە ١٩٩٢ بووەتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. ماوەیەکیش بەرپرسی مەکتەبی دارایی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی بووە. ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، و قادری حاجی عەلی، و عوسمانی حاجی مەحموود، و محەممەد تۆفیق ڕەحیم، دەستی لە ئەندامێتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کێشایەوە، و بۆ ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ لەسەر لیستی گۆڕان خۆی کاندید کرد و دواتر کشایەوە. عومەری سەید عەلی، پێش ئەوەی بە ڕێکخەری گشتیی گۆڕان ھەڵبژێردرێت، سەرپەرشتیاری فراکسیۆنەکانی گۆڕان بووە. ساڵی ٢٠١٦ و پێش کۆچی دواییی نەوشیروان مستەفا کاتێک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بەریتانیا بوو، لەڕێی باڵیۆزخانەی عێراقەوە لە لەندەن بریکارنامەیەکی گشتی بۆ عومەری سەید عەلی کرد، بۆ ئەوەی کارە یاسایییەکانی گۆڕان ڕابپەڕێنێت.[٢]

دەست لەکارکێشانەوە دەستکاری

عومەری سەید عەلی لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەھۆی ئەنجامە خراپەکانی بزووتنەوەی گۆران لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٠٢١ کە نەیتوانی ھیچ کورسییەک بەدەست بھێنێت و لە ھەمان کاتدا وەک ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەو شکستە سیاسییەی گۆڕان، لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە بە شێوەی گشتی دەست لە کارکێشانەوەیان ڕاگەیەندرا.[٣][٤]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ عومەری سەید عەلی ڕێکخەری نوێی گۆڕان بناسە، ئێن ئارتی، ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٧ ١٧ی ئابی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "عومەری سەید عەلی کێیە؟". http://www.xendan.org. خەندان. Archived from the original on 28ی Julyی 2017. Retrieved 26ی Julyی 2017. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archive-date= (help); External link in |website= (help)
  3. ^ "عومەری سەیدعەلی دەستی لەکارکێشایەوە". www.rudaw.net. Retrieved 2021-10-13.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان". gorran.net. Retrieved 2021-10-13.