مەلا مستەفا کوڕی مەلا ڕەسووڵ ناسراو بە عاسی (لەدایکبووی ١٨٨٥ مردووی ١٩٧٥، کۆیە) یەکێکە لە شاعیرانی کلاسیکی کورد، ئەندام بووە لە یەکێتی نووسەرانی کورد و کۆمەڵی ھونەر و ئەدەبی کوردی. خاوەنی چەندین نووسین و وەرگێڕانە بە ھەردووک زمانی کوردی و فارسی.[١]

ژیان دەستکاری

ناوی مەلا مستەفا کوڕی مەلا ڕەسووڵ کوڕی مەلا ئەبوبەکر کوڕی مەلا عەباس کوڕی مەلا محەممەد کوڕی مەلا عوسمان کوڕی مەلا ئەحمەد لە ساڵی ١٨٨٥ لە گوندی خەرابە سەر بە شاری کۆیە لە دایک بووە.[٢] عاسی بە کەسێکی قسە خۆش و نوکتەبێژ و دەم بە خەندە بووە، و پەیوەندی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمی خۆی ھەبووە وەک قانیع، بێخود، عەونی، سافی، و ئاژگەیی.[٣][٤]

خوێندن دەستکاری

دەرسی لەلای باوکی مەلا ڕەسووڵ خوێندووە پاشان چووە بۆ کۆیە و دەرسی لەلای مەلا گەورە و لە سەرگەڵو لەلای مەلا ئەحمەد، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کۆیە، لە مزگەوتی قامیش دەرسی لەلای مەلا ئەحمەد بێڵاوەیی خوێندووە، ماوەیەکیش بۆ دەرس خوێندن سەردانی سلێمانی و بیارەی کردووە. ھەرچەند نەزانراوە عاسی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتبێت بەڵام لە چەند شوێنێک مەلایەتی کردووە وەک گوندەکانی خەرابە، کانی کوردە، کانی بی، شیواشۆک، تەلان، قەمچۆغە، بانەگوڵان، بۆگد، و شاری کۆیە.

کارەکان دەستکاری

عاسی لەگەڵ مەلایەتی دوکانداریشی کردووە، ھەروەھا چالاکانە بەشداری جموجۆڵی ئەدەبی شاری کۆیەی کردووە و ئەندام بووە لە کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی لقی کۆیە و یەکێتی نووسەرانی کورد لقی ھەولێر.

بەرھەمەکان دەستکاری

  • دیوانی عاسی
  • وەرگێڕانی گوڵستانی سەعدی، بەسەرھاتەکانی بە پەخشان و شیعرەکانیشی بە شیعر کردووە بە کوردی.
  • وەرگێڕانی سێ دانە لە مەکتوباتی کاک ئەحمەدی شێخ یەکەمیان دەربارەی دەستنوێژە و دووەمیان دەربارەی موعجیزەکانی پێغەمبەرە صلی اللە علییە وسلم و سێیەمیان دەربارەی ناسینی خوای گەورەیە.[٥]
  • چرای دڵان کە بیست و دوو بابەتی جۆراوجۆری لە خۆگرتووە وەک باسی کۆمەڵێک لە پێغەمبەران و پیاوچاکان و کۆمەڵێک بەسەرھاتی ناو قورئان.
  • ژیاننامەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی ژیاننامەیەکی کوردتە بە فارسی لەگەڵ باسکردنی ھەڵبژاردەیەک لە شیعرە فارسییەکانی مەولانا.
  • چەند پارچە بەخشانێکی ھونەری کە بەشێوازێکی ئەدەبی بەرز و ڕێک و ڕەوان دەربارەی بەھار و نەورۆز نوسیونی.

نموونەی شیعری دەستکاری

فرسەتە ئەی کورد دەخیلە قەت نەکەن بکشێنەوە

ئینتیقامی دین و نامووس زوو بە زوو بستێننەوە

بەو خودایەی لامەکانە بێ خودا ھیچ ناکرێ

ببنە حیزبوڵڵا عەزیزم قەت لەیەک مەپسێنەوە

پشتیوانتان گەر خودا بێ کێ ھەیە خۆی ڕاگرێ

خوا لە قورئان وەعدی داوە ئایەتە بخوێننەوە

ئیشراکی و مارکسی بۆ دینی ئیسلام ئاگرن

بۆ خودا تێکۆشە ئەی کورد ھەردوولا بکوژێننەوە

ئەو کەسەی فەتوای کە داوە پیاو و ژن تێکەڵ ببن

دیارە بێناموسە بۆخۆی زووچنە بیشکێننەوە

ژاری وەی بابی نیفاقە جەرگی کوردی واڕزاند

زوو بە بەردی یەکگرتیتان مێشکی ئەو بپژێننەوە

سەیری تاریخ و کتێب کەن ھەر نیفاقە کوردی کوشت

(عاسی) جارگی پڕ برینە چیتری مەکولێننەوە.[٦]

مردن دەستکاری

لە ٢٣ ی ئەیلوولی ١٩٧٥ لە شاری کۆیە کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شەھیدان بەخاک سپێردراوە.[٧]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ dashti. "(عاصی) شاعیری دەشتی کۆیە". www.hawler.in. Retrieved 2021-03-30. ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "شەش کوچکەی کۆیە و فەرھاد عەونی – Knwe.org". knwe.org. Retrieved 2021-03-30.
  3. ^ کوردیپێدیا, Kurdipedia-. "عاسی". Kurdipedia.org (بە عیبری). Retrieved 2021-03-30.
  4. ^ "کتێبخانە ی کوردی ئە وین". evinebook.blogfa.com. Retrieved 2021-03-30.
  5. ^ "پارێزگای سلێمانی". www.slemani.gov.krd. Retrieved 2021-03-30.
  6. ^ دیوانی عاسی. ئامادەکردنی عەزیز گەردی. نووسینگەی تەفسیر. ٢٠٠٨. لاپەڕە ١٢١
  7. ^ دیوانی عاسی. ئامادەکردنی عەزیز گەردی. نووسینگەی تەفسیر. ٢٠٠٨. لاپەڕە ٧_١٢