سەید عەلی ساڵحی لەدایکبووی ١٩٥٥ شاعیرێکی ناوداری بە ڕەچەڵەک لوڕی سەردەمە و بە یەکێک لە کەڵەشاعیرە زیندووەکانی ئێران دەناسرێ. لە شاری ئیزەی پارێزگای خووزستان (باشووری رۆژاوای ئێران) لە دایک بووە. ساڵحی بە چاوێکی نزیکەوە دەڕوانێتە ئەدەبیات و وێژەی کورد و دۆستایەتیی لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، فەرھاد پیرباڵ و بەختیار عەلی و شاعیرانی تری کوردیش ھەبووە. بۆ ڕووداوەکانی کورد بەخەم بووە و وەدەنگ ھاتووە؛ شێعری بۆ کۆبانی و عەفرین نووسیوە. تەڵچنێکی شێعرەکانی شێرکۆ بێکەسیشی لەگەڵ وەرگێڕی کورد حەمەڕەئووف مرادی بە ناوی سلیمانیە و سپیدەدم جھان[١] (واتە: سلێمانی و تاریک و ڕوونی دنیا) کردۆتە فارسی. بانگ کراوەتە فستیواڵی گەلاوێژ و خەڵات کراوە. ١٨ی خاکەلێوەی ٢٠١٨ خەڵاتی زێڕینی فستیواڵی گەلاوێژی پێشکەش بە ئاوارەکانی عەفرین کردووە.[٢] ساڵی ٢٠١٠ لە ئێران دیوانە شێعری "ئەنیس کۆتایی ئەم حەوتووە دێ"ی ساڵحی خەڵاتی "نیما"ی پێ بڕاوە، بەڵام ساڵحی وەخۆی نەگرتووە و لە وەڵامدا کوتوویەتی "بەخەمی برسێتیی خەڵکەوە بن باشترە".[٣] گەلێک کتێب و نووسراوەی بەپێزی ھەن و بە بنیاتنەری بزووتنەوەی شێعری گوتار (گفتار) و شەپۆلی نوێ لە شێعری فارسیدا دەناسرێ، کە لە زمانی دژوار و قورس پارێز دەکا و بەرەو نەرم و نیانیی زمان کل دەبێ.[٤][٥][٦]

بەرھەمەکان دەستکاری

سەرجەم بەرھەمەکانی سەید عەلی بە زمانی فارسی نووسراون و کە ھەزاران لاپەڕە شێعر و نووسراوەن. بەشێک لە دیوانە شێعرەکانی بریتین لە:[٧][٨][٩]

  1. لە گۆرانییەکانی قەرەچیە ئەھوازییەکانەوە
  2. ھەڵبەستەکان
  3. لەیالی... لا
  4. پێشبینیکەر و پیادەی شەتڕەنج
  5. سێگۆشەکان و ڕوون بوونەوەکان
  6. شەیدابوون لە بەفرانبار و مردن لە ساتەوەختی خەرماناندا
  7. درەنگ ھاتی ڕی ڕا
  8. نامەکان و ناونیشانەکان
  9. ئۆغرت خێر بێ
  10. ساویلکە بووم، تۆ نەبووی، باران ھەبوو
  11. دوایین شەیداییەکانی ڕی ڕا
  12. خولیاکانی ئەو باویلکە غەمگینەی لە باشوورەوە ھاتبوو
  13. ئاسمانییەکان
  14. نزای ژنێک بەڕێگاوە
  15. مخابن مەلا عومبەر
  16. دەسکەنەی دڵبەرەکانی شەو
  17. یوومائانادا
  18. سەمفۆنیی بەرەبەیان
  19. ئەنیس کۆتایی ئەم حەوتووە دێ
  20. ئێمە نابێ بمرین، خولیاکان بێ دایک دەبن
  21. کۆترەباریکەی خەمباری سەرلەنگۆرەی خەزان (ھەزار و یەک ھایکۆی فارسی)

ئەو بەرھەمانەی کراونەتە کوردی دەستکاری

  1. خولیاکانی ئەو باویلکە غەمگینەی لە باشوورەوە ھاتبوو[١٠] (وەرگێڕان: ساماڵ ئەحمەدی)
  2. ئەگەر عاشق نەبین ئەمرین (وەرگێڕان: مەریوان ھەڵەبجەیی)

نموونەی شێعر دەستکاری

سەرھەڵگرتوو بە بیابانی بێ ئاو و
مرۆڤدا...
بەشوێن چاڵاوێکی گەرووبڕاودا وێڵم
خەریکە لە چنگ ئەوەی ئێوە دەیڵێن
ماندوو دەبم
دەمەوێ لە داخی ئەم ھەموو ڕازە
گۆرانییەک لە نوێژی نوور بچڕم و
کۆتایی بێنم بە شەو!
ھەتا کەی لە پەنا ئەو چراشکاوەڕ
ھەر باسی دەستی بەسراو و بنبەستی ماڵ و
بێ خەویی ئەم لانکەیە دەکەی؟[١١]

شێعر بۆ کۆبانی و عەفرین دەستکاری

‎لەگەڵ دایکانی کۆبانی

چل مەمکی بڕاو
ھێشتا
لە تاریکی دا
- کۆڵان بەکۆڵان -
ھان بەدەم ساوایانی تینووی کۆبانێ وە.
ئاخ، خونکارانی ھەڵەوێژ!
ئاخ، ڕۆڵە وجاخ کوێرکانی باوەئادەم!
جا تۆ چت داوە
لەم میراتە...
کە تەنانەت وشەکانیش
لەترسی توقینی ویژدانیان
خۆیان لەخەوداوە![١٢]

(وەرگێڕان: ئەیووب گازرانی)

عەفرین

نە دەبینن
نە دەبیستن
دونیا لە خەوایە
لەشکری سوارئاژۆی خواجە سلێمان
-سم کوتی لاشەی منداڵان-
بەسەر خەونەکانی ئێمە تێدەپەڕێ
ھەم دەبینن
ھەم دەبیستن
دونیا خۆی داوەتە دەست “با” خەو
زرێپۆشەکانی خواجە سلێمان

ئاوەارەکانی عەفرینیان

_بە بێ غوسڵ و کەفن-
زیندە بەچاڵ کردووە
بە ھەموو ئەمانەشەوە…
بەھەموو ئەمانەش بە خواجە سلێمان بڵێن:
نە کوشتنی کۆتر و نە کۆمەڵکوژیی کەناریی
ئێمە لە گەیشتن بە خەونی ئازادی
قەت بێ ھیوا نابین.[١٣]

(وەرگێڕان: عادڵ قادری)

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ سلیمانیە و سپیدەدم جھان، شیرکو بیکس، سید علی صالحی و محمدرئوف مرادی (مترجم) و...، انتشارات نگاە، تھران ٢٠٠٦
  2. ^ سید علی صالحی جایزە طلایی اقلیم کردستان را بە آوارگان عفرین تقدیم کرد، خبرگزاری پانا: http://www.pana.ir/news/811679[بەستەری مردوو]
  3. ^ سید علی صالحی: مردم گرسنەاند؛ جایزەھا را بگذارید برای بعد http://aftabnews.ir/vdciq3azqt1au32.cbct.html ٥ی تەممووزی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ شعر در ھر شرایطی، (وتووێژ لەگەڵ سەید عەلی ساڵحی)، نشر نگیما، تھران ٢٠٠٣
  5. ^ ماڵپەڕی تایبەتیی سەید عەلی ساڵحی: http://www.seyedalisalehi.com/ ٩ی ئایاری ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  6. ^ ساڵحی: من و "شێرکۆ بێکەس" ھاوفکرین، سایتی جام کوردی: http://jamekurdi.com/report-and-discussion/ساڵحی-من-و-شێرکۆ-بێکەس-ھاوفکرین.html[بەستەری مردوو]
  7. ^ قمری غمخوار در شامگاە خزانی، سید علی صالحی، موسسە انتشارات نگاە، تھران ٢٠٠٧
  8. ^ مجموعە اشعار، دفتر یکم، سید علی صالحی، چاپ دوم، موسسە انتشارات نگاە، تھران ٢٠٠٦
  9. ^ مجموعە اشعار، دفتر سوم، سید علی صالحی، موسسە انتشارات نگاە، تھران ٢٠١٢
  10. ^ خولیاکانی ئەو باویلکە غەمگینەی لە باشوورەوە ھاتبوو، سەید عەلی ساڵحی، وەرگێڕانی ساماڵ ئەحمەدی، چاپی دووھەم، سەنتەری ڕۆشنبیریی خەون، ھەولێر ٢٠١٣
  11. ^ خولیاکانی ئەو باویلکە غەمگینەی لە باشوورەوە ھاتبوو، سەید عەلی ساڵحی، وەرگێڕانی ساماڵ ئەحمەدی، چاپی دووھەم، ل ٥٨، سەنتەری ڕۆشنبیریی خەون، ھەولێر ٢٠١٣
  12. ^ http://www.cloob.com/u/hedi2012/113432129[بەستەری مردوو]
  13. ^ نوێترین شیعری سەید عەلی ساڵەحی بۆ عەفرین. سایتی ڕوانین: http://rwanin.com/2018/01/نوێترین-شیعری-سەید-عەلی-ساڵەحی-بۆ-عەفر/ ١٨ی شوباتی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.