سیمین چایچی (لەدایکبووی ١٩٥٢ لە سنە، ئێران) شاعیر، نووسەر و چالاکێکی کوردە.

ژیان دەستکاری

سیمین چایچی ساڵی ١٩٥٢ لە گەڕەکی قەتارچییانی شاری سنە لە دایک بووە. ساڵەکانی ١٩٦٧ تا ١٩٦٩ پلەی یەکەمی وەرزشی ڕاکردنی لە پارێزگا وەدەست ھێناوە. ساڵی ١٩٦٩ وەک ئەکتەر لە شانۆیەک لە دەرھێنانی سدیق تەعریفدا بەشداری کردووە. لە شانزدە ساڵیدا دەستی بە شیعر وتن کردووە و یەکەم شیعری کلاسیکی خۆی لەو تەمەنەدا ھۆنیوەتەوە. ساڵی ١٩٩٩ تا ساڵی ٢٠٠٢ ئەندامی دامەزرێنەری ڕێکخراوەی پێشگیری کردن لە مادە ھۆشبەرەکان بووە. ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٣ سەرۆکی ئەنجومەنی ئەدەبی شاری سنە بووە. ساڵی ٢٠٠٣ بووەتە ئەندامی لیژنەی (ماڵی ئومێد) کە بەرپرسیارەتی منداڵە بێ سەرپەرەشتەکانی لە ئەستۆ دەگرت. ھەروەھا سیمین چایچی بەرپرسی کۆمیتەی ژنانی کورد لە ڕێکخراوەی جیھانیی پێنووس و دامەزرێنەری کەمپەین بۆ ڕزگار کردنی ئەو کەسانە بووە کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. چایچی لە بواری مافی منداڵان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش چالاکی نواندووە. خاتوو سیمین خاوەنی دوو کچ و سێ کوڕە بە ناوەکانی ستارە، بەھارە، ڕوزبە، ئاڕەش و ئاریەن کە ئەوانیش لە بواری ھونەریدا چالاکن. سیمین چایچی ھەنووکەش دانیشتووی شاری سنەیە.[١][٢][٣]

ژیانی ھونەری دەستکاری

نووسینی شانۆ دەستکاری

چایچی سەرەتا بە شانۆی موزیکاڵی مناڵان دەستی بە شانۆنامە نووسین کردووە، بەڵام لەم ساڵانەدا شێوەیەکی تری تاقی کردووەتەوە و شانۆی (ھەنارێ)ی پێشکەش کردووە کە باس لە دەست درێژی بۆ سەر کچێکی کەم تەمەن دەکا و بە گشتی بەسەرھاتی ئەم کچە تا کۆتایی ژیانی دەگێڕێتەوە. ئەم شانۆیە لە ڕووی ژیانی ڕاستەقینەی خاتوونێکەوە نووسراوە.[٤]

ئەدەبیانی مناڵان دەستکاری

سیمین چایچی لە ساڵەکانی ١٩٩١–١٩٩٣وە لە بواری ئەدەبیانی منداڵاندا چالاکی خۆی دەست پێ کردووە. گەلێک بەرھەمی بە شێوەی شیعر و چیرۆک ھەیە کە لە چاپ دراون. ساڵی ٢٠٠٠ شانۆی موزیکاڵی (خاڵخاڵۆکە و شاری مشکان)ی نووسیوە کە لە سنە و لەندەن و چەندین فێستیڤاڵی تر پێشکەش کراوە.[٥]

شیعر دەستکاری

خاتوو سیمین بە کۆڵەکەی شیعری گۆرانی کوردی لە ئەژمار دێ. تاوەکوو ئێستا پتر لە سێسەد بەرھەمی ئەم شاعیرە لەلایەن گۆرانیبێژانێکی وەکوو ھانی، شەھێن تاڵەبانی، ئیسماعیل سابووری، نەوید زەردی و ھتد کراونەتە گۆرانی. ھەروەھا ڕۆزبە موسلحی کوڕیشی لە ھەندێک لە گۆرانییەکانیدا لە شیعری سیمین چایچی (دایکی) کەڵکی وەرگرتووە.[٦]

بەرھەمەکان[٧] دەستکاری

  • قومار (کۆمەڵە شیعری گۆرانی)
  • بەیانی باش (دووھەمین کۆمەڵە شیعری گۆرانی، کە جگە لە بەرھەمە نوێیەکانی شاعیر؛ ھەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی قوماریشی لەخۆ گرتووە)
  • تیتیل و بیبیل
  • جووجەڵە زەردە
  • نوقڵ و نەوات

سەرچاوەکان دەستکاری