سۆلین یووسف خانمە دەرھێنەر و سیناریۆنووسێکی کوردە. یەکەمین خانمە دەرھێنەری کوردە کە لە ڕێگەی کۆمپانیای نێتفلێکسەوە زنجیرە درامایەک بەرھەمبھێنێت.[١]

سۆلین یووسف

لەدایکبوون١٩٨٧
نیشتەجێیبەرلین،  ئەڵمانیا
نەتەوەکورد
پیشەدەرھێنەر، سیناریۆنووس

ژیان دەستکاری

لە ساڵی ١٩٨٧ لە پارێزگای دھۆک لە باشووری کوردستان لە دایک بووە.[٢] نیشتەجێی شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیایە. لە ساڵی ١٩٩٦ لە بەر ھۆکاری سیاسی ناچار وڵات بەجێدەھێڵن، لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوو دەکەنە وڵاتی ئەڵمانیا،[٣] سۆلین لە بنەماڵەیەکی ھونەردۆست و ھونەرمەنددا گەورە بووە. بە دیزانیى جلوبەرگ چووەتە نێو دونیای ھونەر و دواى ئەوەی کە لە زانکۆى "بادن ڤرتمبێرگ" لە وڵاتى ئەڵمانیا خوێندنی تەواو کردووە، پەیوەندى بە کۆمپانیاى مینوس فیلم دەکات و لەوێ وەک یاریدەدەرى دەرھێنەر دەست بەکاردەبێت و بۆ ماوەى چەند ساڵێک لەو کۆمپانیایە کاری کردووە و دواتر ستافێکى تایبەت بە کارە ھونەرییەکانى خۆی دروست کردووە، ئێستا ستافەکە لە نووسەر، بەرھەمھێنەر، ئەکتەران، کامیرامان و دەرھێنەر پێک دێن.[٤]

سۆلین ھاوکات لەگەڵ خوێندنەکەی لە ژمارەیەک کۆمپانیای کوردیدا وەک ئاسیستانی پرۆدیکسیۆن کاری کردووە، میتۆس فیلم لە بەرلین یەکێک لەو کۆمپانییانە بووە کە ئەو تێیدا کاری کردووە. سۆلین یووسف لە ساڵی ٢٠٠٨ بڕیار دەدات بە شێوەیەکی ئەکادیمی سینەما بخوێنێت. لە ماوەی خوێندنەکەی ژمارەیەک کورتە فیلم بەرھەم دەھێنێت کە دەکرێ ئاماژە بکەین بە

( die wippe، nos، cheers to you/2010، trattoria /2012).

کورتە فیلمی "تراتۆریا" ماوەی ٤٠ خولەکە و بە زمانی ئەڵمانییە کە باس لە چیرۆکی کچ و باوکێک دەکات لە ڕێستورانتێک بە ناوی تراتۆریا. کورتە فیلمەکە لە ساڵی ٢٠١٢ لە فیلم فیسیڤاڵی بەرلیندا نمایش کرا.

یەکەمین فیلمی درێژی سۆلین یوسف بە ناوی مالا بێ بانە کە لە ساڵی ٢٠١٥ بەرھەمی ھێنا و ژمارەیەک خەڵاتی نێوەدەوڵەتی مسۆگەر کرد. ماڵی بێ بان  فیلمێکە کە سۆلینی لە سینەمای کوردیدا زیاتر ناساند. بەڵام کارێک کە بووە ھۆی ناوبانگی سۆلین لە ئاستێکی جیھانی، ڕێزە فیلمی Skylines ە کە بۆ نێتفلێکس بەرھەمی ھێنا. ئەم ڕێزە فیلمە یەک وەرزە و لە ساڵی ٢٠١٩ دروست کرا کە باس لە چۆنیەتی دروست بوونی موسیقای ھیپ ھاپ دەکات لە ئەڵمانیا. ئەم خانمە دەرھێنەرە دواتر ڕێزە فیلمێکی بۆ پلەتفۆرمی ئامازۆن بەرھەم ھێنا کە باس لە ڕووخانی دیواری بەرلین دەکات.

سۆلین یوسف ئێستا خەریکی فیلمێکە بە ناوی "کچانی ئاگر" کە بە ھاوکاری دەرھێنەری کورد محەممەد ئاکتاش سێناریۆیان بۆ نووسیوە. ئەم سێناریۆیە لە نێوان چل سێناریۆ لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەڵمانیا بە بڕی ٣٠٠٠٠ یۆرۆ پاڵپشتی دارایی بۆ کرا.

سەرچاوەکان دەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری

سۆلین یووسف لە بنکەدراوەی ئینتەرنێتیی فیلمەکان